سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » ئەمریکا دێتە عیراق

ئەمریکا دێتە عیراق

ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغداوە دەباتە بنکەی عەین ئەلئەسەد لە سنووری پارێزگای ئەنبار و داوا لە دیپلۆماتکارەکانی جیهانیش لە بەغداد دەکات، یان بچنە ئەنبار، یاخود جێگاکانیان بگوازنەوە بۆ شارۆچکەی بەغدادیە.
ئەم دەرچوونەی ئەمریکا لە بەغدا هاتنی راستەقینەی ئەمریکایە بۆ عیراق کە لە پرۆسەی ئازادیدا هەڵەیەکی گەورەی کردووە و دەبێت ئێستا چاکی بکاتەوە.

ئەوەی ئەمریکا ویستی لە هاتنیدا بۆ عیراق لە ساڵی 2003 دەستی بکەوێت، بەو شێوەیە دەرنەچوو. ئەمریکا ١٧ ساڵ پێش ئێستا بەو خەونەوە گەیشتە عیراق کە وڵاتێکی نوێ بنیات بنێت سەربە هێڵی ئەمریکا و لەژێر فرمانەکانی ئەمریکادا بجووڵێتەوە و گەشەبکات.

هەر ئەوکات زۆرێک لە سیناتۆر و کەسە پلە باڵاکانی ئەمریکا بەئاشکرا رایانگەیاند کە خەونەکەی ئەمریکا لە پرسی ئازادیی لە عیراق و دروستکردنەوەی عیراقێکی نوێ لەدوای پرۆسەی ئازادی مایەپوچ بوو. کۆندۆلیزا رایس و کۆڵن پاوڵ دیارترین دوو کارەکتەری دیاری ئەمریکا بوون کە لە وتاری جیاوازدا رایانگەیاند کە ئەمریکا جەنگی عیراقی نەبردۆتەوە.
ئەگەرچی ئەم وتارانە بۆ ئەوکاتی ئەمریکا سوودێکی نەبوو و ئەمریکا لەسەر کەڵکەڵەی خەونی عیراقێکی دیموکرات و فرە پێکهاتە و پێکەوەیی مەزهەبەکان هەنگاوی دەنا.

دوای ١٧ساڵ، ئێستا ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ پێ لەو راستییە دەنێت کە جەنگی پرۆسەی ئازادکردنی عیراقی نەبردۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەکاتێکدا نەیارێکی لاوازی وەک سەدام حسێن-ی لەناوبردووە، لەبەرامبەردا نەیاری توندڕەوتر و بەهێزتر و رێکخراوی جیهادی و ئیرهابی سەربە وڵاتانی ناوچەکەی لەعیراقدا بۆ دروست بووە. بەم لۆژیکەش عیراق هێشتا عیراقی ئەمریکا نییە و ئەمریکا ناتوانێت، یان راستتریشە بڵێین سەربازەکانی ئەمریکا ناوێرن بەتەواوەتی تێیدا بجووڵێنەوە.

دوای دەرکەوتنی ئەم راستییە بۆ ئەمریکا، ئێستا سیاسەتی ئەمریکا لە عیراقدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
لەدوای توندبوونەوەی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەلایەک و ئەم و حەشد لەوە ریکاو چەند گروپێکی سەربە حەشدی شەعبی ئیتر لەوە تێدەگەین کە ئەمریکا لەڕێگەی سیاسەتی بەڕێوەبەریی و دپلۆماسیی و راکێشانی پێکهاتە جیاجیاکانی عیراقەوە بۆ خۆی، ناتوانێت پێگەی خۆی بەهێزبکات و عیراقی ئەمڕۆ بە عیراقی خۆی بزانێت کە لە واقیعیشدا عیراقی ئەمڕۆ عیراقی ئەمریکا نییە بەڵکو لە گۆمێکی شڵەقاو دەچێت کە هەرجارەی چەند شەپۆلێک دێت و دەڕوات و بەریەکتر دەکەون و زۆریشی پێدەچێت تاکو ئەم گۆمە شڵەقاوە هێورببێتەوە.

گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئەنبار و داواکاریی ئەمریکا لە باڵیۆزان و نوێنەرانی وڵاتان لەوەی کە بەغدا بەجێ بهێڵن و بچنە شارۆچکەی بەغدادییە یان ئەنبار، مەسجێکی نوێیە کە بەغدا وەک دەسەڵات لە ئایندەدا لاوازدەکات، ئەم لاوازکردنەش بەڕێگای هێزی سەربازیی بێت یان دیپلۆماسی دەبێت رووبدات و جارێکیتر ئەمریکا بەپرۆسێسێکی تر هەندێک لەو بەچکە نەیارانە لەناو ببات کە بەرهەمی هەڵەکانی ئەمریکایە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە هەتا دەگاتە ئەمڕۆی عیراق .

بەدەربڕینێکی تر، دوای ١٧ ساڵ ئەمریکا دەیەوێت بێتە عیراق، چونکە هاتنی 2003 هاتنی تەواوەتی ئەمریکای دەرنەخست، لەبەرئەوەی لێکەوتەکانی پرۆسەی ئازادیی ئەو راستییەی سەلماندووە کە ئەمریکا تەنها ئەوەندە لەعیراقدا وجودی هەبوو کە دافع بوو بۆ رووخاندنی رژێمی سەدام حسێن، ئەگەرنا ئەوەی هاتە عیراقەوە بەشێکی هێزی سەربازیی ئەمریکا و سەرباز و هەواڵگریی وڵاتانی تر و هێزی دیکەبوو. بۆیە ئێستا ئەمریکا بە هەموو رێگایەک دەیەوێت ئەو هێزانەی تر لەعیراقدا نەهێڵێت.

ئەمجارە ئەمریکا واخۆی نیشان بدات بەهێز و قووەتی نوێوە دێتەوە عیراق، لەڕاستیشدا بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی “فریشتەی ئاگر” جووڵەیەکی ئاسایی نییەو خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت.

print

 197 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*