سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئۆشۆ: دەروونشیكاریی زانستێك نییە، بەڵكو تەنیا هەستی روودانی شتێكە لە ئایندەدا

ئۆشۆ: دەروونشیكاریی زانستێك نییە، بەڵكو تەنیا هەستی روودانی شتێكە لە ئایندەدا

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

ئۆشۆی ئازیز:

دوێنێ شەو ئەم رستەیەی كریشنا مۆرتیم خوێندەوە:

“دەروونشیكاریی ناتوانێت بگاتە تێگەیشتن یان بەرچاوڕوونیی، شتەكان دەبینێت بەڵام شرۆڤەیان ناكات!”

ساڵانی سەرەتای دەستپێكردنی گروپەكەمان لێرە لە “پونا” شێوازی ئێمە بە شێوەیەكی سەرەكی پڕ كێشە بوو. هەست دەكرا پاكسازییەكی گەورە كراوە. لە كێڵگەی راجنیش لە ئەمریكا من بە شێوەیەك دەمزانی تیماركردن بەڕاستی تەواو بووە. بەڵام نەمدەزانی چۆنچۆنی مەدیتەیشن بیهێنمە ناو ژووری گروپەكەوە. من هێشتا تەركیزم لەسەر بەشی تاریك بوو، زۆر دەترسام بەڕاستی بچمە ناو نەزانراوەوە. ئێستا بەوەی كە لێرەم، بۆ یەكەم جار دەبینم كە بەهۆی مەدیتەیشن و بینین و ئاسانكارییەوە، بە رێگەدان بەوەی رووناكی ناخ بدرەوشێتەوە، هەر كۆسپێك كە لە رێگەدایە بەرە بەرە لەناودەچێت. بەبێ ئەوەی هیچ بكرێت، لەناكاو ئەو شتە روودەدات. هەموو شتێك سووك و ئاسان و خێرایە و لەگەڵ ئەوەشدا، هەستێكی سەیری بەهاداریی و سوپاسگوزاری دێت كە هەموومان دەتوانین لەم زەمەنەدا لەگەڵ تۆدا لێرەبین.

ئۆشۆ: پریم توریا، كریشنا مۆرتی راست دەكات. دەروونشیكاریی ناتوانێت بگاتە تێگەیشتن یان بەرچاوڕوونیی.

یەكەم: ئەوەیە دەروونشیكاریی وەكو ئەوە وایە ئاوێنەیەك بكەیت بە هەزاران پارچەوە، بەڵام هەر پارچەیەكی بچووك لەو ئاوێنەیە رێك هەمان شت عەكس دەكاتەوە، رێك وەكو ئەوەی ئاوێنە گەورەكە عەكسی دەكردەوە. لەجیاتی یەك عەكسكردنەوە هەزاران عەكسكردنەوەت هەیە.

هەر بۆیە حەزدەكەم پێتان بڵێم كریشنا مۆرتی نەك هەر راست دەكات، بەڵكو ئەو نیوەی راستییەكەی وتوە. دەروونشیكاریی ناتوانێت بگاتە تێگەیشتن یان بەرچاوڕوونیی، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەوونشیكاریی بۆ هەزاران عەكسكردنەوە یان رەنگدانەوە لەو كێشەیەی هەتانە رێنماییت دەكات. لەو شوێنەدا كە تەنیا یەك كێشە هەبوو، ئێستا ئیتر هەزاران كێشە دەبێت. تۆ ئەو ئاوێنەیەت شكاندووە. زیاتر لە هەر شتێكی دیكە سەرت لێ تێكدەچێت.

دووەم: ئەوەیە كە دەروونشیكاریی لەلایەن كەسێكی دیكەوە دەكرێت. دەروونشیكاریی زانستێك نییە، بەڵكو تەنیا هەستی روودانی شتێكە لە ئایندەدا. كێشەكە یەك كێشەیە… بەڵام تۆ دەچیت بۆ لای سیگمۆند فرۆید: ئەمما ئەنجامی دەروونشیكارییەكە هەمان ئەو شتە نییە كە كارل گۆستاڤ یۆنگ یان ئەلفرید ئەدلەر یان ئەساگیولی لێكیان دەدایەوە و پێی دەگەیشتن. ئێستا ئیدی هەزاران قوتابخانەی دەروونشیكاریی هەیە و هەریەكەیان وای نیشان دەدەن كە حەقیقەتی بنەڕەتییان دۆزیوەتەوە. كەچی هەریەكە لەوانە لەتێكی ئاوێنەكەیان دۆزیوەتەوە.

دەروونشیكاریی تەنیا ئاوێنەكە دەكات بە چەندین پارچەوە. هەتا ئەو شوێنەی كە پەیوەندی بە شتەكانەوە هەیە، دەروونشیكاریی میتۆدێكی كامڵە. شرۆڤە و دەروونشیكاریی، ئەمە تەنیا رێگایەكە بۆ ناسینی ماهیەتی شتەكان. بەڵام تۆ شت نیت. من بەبێ هۆ ئاوێنەم بەكارنەهێناوە. هۆشیاریی ئێوە ئاوێنەیەكە. هەموو دنیا عەكس دەكاتەوە، رێك بە هەمان شێوەش چاوانی تۆ ئاوێنەیەكن و دنیا عەكس دەكەنەوە. چاوانی تۆ كاریگەرییەكانی دنیای دەرەوە دەگوێزنەوە بۆ دنیای ناوەوە و هۆشیاریی تۆ هەموو ئەوانەی چاوانی تۆ دەیهێننە ناوەوە عەكس دەكاتەوە. هۆشیاریی تۆ بینینی قووڵتری تۆیە. هیچ پسپۆڕێكی چاو رێنماییت ناكات بۆ ناسین چاو بكەیت بە چەندین پارچەوە. چونكە بەوە چاوانت لەناودەبەیت.

جی سینگ و جەیپور
لە “جەیپور”ی هیندستان، جێگایەك هەیە لە لایەن “مەهاراج جی سینگ”ەوە دروست كراوە كە شاری جەیپوری بنیات ناوە. لەوانەیە جەیپور تاكە شار بێت لە هیندستان كە بە نەخشە و بەرنامە بینیات نراوە. هەموو بیر و خەیاڵی جی سینگ ئەوەبوو كە شارێكی جوانتر لە پاریس دروست بكات. جی سینگ تەقریبەن سەركەوتنی بەدەستهێنابوو بەڵام لە كاتی بنیاتنانی شارەكەدا مرد، تەنیا نیوەی شارەكەی بنیاتنا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕاستی ئەوە نیشان دەدات كە ئەگەر نەمردایە جەیپوری لە پاریس جوانتر بنیات دەنا. جەیپور گەلێ جوانی تایبەتی خۆی هەیە: شەقامی فراوان كە هیچ شارێكی كۆن نییەتی: نە پاریس، نە لەندەن، نە نیویۆرك، جادەكانی ساف و رێكن كە دەتوانی چەندان كیلۆمەتر پێش خۆت ببینی كە درێژ دەبنەوە و لە هەردوولای جادەكانەوە خانوو دروستكراون بە هەمان بەردی سوور، هیچ خانوویەكی لەگەڵ خانوویەكی تردا جیاوازیی نییە. هەستێكی جیاوازت دەدەنێ كە دەڵێی هەموو خانووەكان یەك خانوون. سەروەختێ كە جی سینگ لە ژیاندا بوو، دەتوانرا تەنیا یەك رەنگ بۆ شارەكە بەكاربهێنرێت، رەنگەكەش بەردی سوور بوو. وادیارە شاری جەیپور تەنیا شارە كە لە ناو باقی شارەكاندا دەتوانرێت بە “سانیاس-sanyas “ێك لەقەڵەم بدرێت! لە هەردووی لای جادەكانەوە، شۆستەكان… چەندان كیلۆمەتر شۆستە هەموویان وەكو یەكن. هەمووشیان سەریان گیراوە: بەم پێیە لە هاوینی گەرمدا یان لە كاتی باراندا پێویست ناكات چەترت پێبێت.

بیناسازییەكی زۆر سادەیە، بەڵام تەواویی بەشەكانی شارەكە بە رەهایی لە یەك دەچن. جێگای داخە كە جی سینگ مرد و میراتگرانی نیگەرانی ئەوەبوون كە پارەیەكی زۆری بۆ بنیاتنانی ئەم شارە خەرج كردووە. خەزێنەی پاشایەتی تەقریبەن بەتاڵ ببوو. بەڵام جی سینگ پیاوێكی زۆر لووتبەرز بوو. لە بانكە گەورەكانی هەموو دنیا داوای قەرزی كردبوو، لەوەدابوو كە بنیاتنانی هەموو شارەكە تەواو بكات. لەناو كۆشكەكەی جی سینگدا پەرستگایەكی بچووك هەیە. ئەوە تاكە شوێنێكە كە وەكو باقی شارەكە دروستی نەكردووە، چونكە پەرستگایە و پەرستگای خودا نابێت وەكو ماڵی خەڵكی بێت. ئەو پەرستگایە لە پارچەی بچووكی ئاوێنە دروستكراوە.

بەسەرهاتی سەگە بەسەزمانەكە
ئەوەبوو عەسری رۆژێك كاتێ قەشەی پەرستگاكە دەرگاكانی داخست، سەگێك لە پەرستگاكەدا مابۆوە و نەیتوانیبوو پێش داخستن بڕواتە دەرەوە. هەموو ئیماندارەكان رۆیشتبوون و ئەو سەگە سەری لێ تێكچوو بوو چونكە سەگی زۆری لە دەوری خۆی دەبینی كە لە هەزاران پارچە ئاوێنەدا دیاربوون. قەشە دەرگای داخست و رۆیشتەوە بۆ ماڵەوە. سەگی تاین دەوەڕی و سەری دەكێشا بە دیوارەكاندا و وای دەزانی لەگەڵ كۆمەڵێ سەگی تردا شەڕ دەكات. ئاسایی كاتێ سەگەكە دەوەڕی سەگەكانی تری ناو ئاوێنەكانیش كە وێنەی خۆی بوون دەوەڕین. كاتێ سەگەكە لە وێنەكانی خۆی نزیك دەكەوتەوە، ئەوانیش لێی نزیك دەكەوتنەوە. بەڵام سەگەكە تەنیا بوو و بە هەزاران سەگ دەورە درابوو. لەگەڵ ئەوەشدا شەڕی دەكرد، بەیانی سەگەكەیان بە تۆپیوی دۆزییەوە.

باخەوان دەیوت: “سەراپای شەو سەگەكە لەناو پەرستگاكەدا شەڕی دەكرد، بەڵام ئێمە كلیلمان پێ نەبوو. كلیلەكە لای قەشە بوو، ئێمە دەمانزانی چ باسە: سەگەكە بە ئاوێنە دەورە درابوو، وایدەزانی وێنەكانی خۆی سەگی راستەقینەن.”
دەروونشیكاریی هیچ گۆڕان و تێگەیشتنێك لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت. تەنیا مێشكی تۆ شیكاریی دەكات كە جگە لە عەسكردنەوە شتێكی دیكە نییە. لە جیاتی كێشەیەك هەزاران كێشەت بۆ دەدۆزێتەوە. هەرچەندە دەروونشیكاریی تۆ زیاتر بچێتە پێشەوە، كێشەكانت زیاتر و زیاتر دەبن.

خەڵكانێك هەن پانزە ساڵە بەردەوام لەژێر چارەسەری دەروونشیكارییدان، بەڵام لە سەراپای دنیادا تەنانەت یەك كەسیش نادۆزیتەوە كە بەتەواویی چارەسەر كرابێت. لە راستیدا هەرگیز كەسێكی وا نابینیت كە بە تەواویی چارەسەر بكرێت. دەتوانی بەردەوام بیت و بەردەوام بیت، بەڵام ئیتر مێشك عەكسكەرەوەیەكە. دەروونشیكاریی تۆ لە جیاتی ئەوەی تێگەیشتنت بە دیاریی بۆ بهێنێت تەنیا كێشەی زیاترت بۆ دەدۆزێتەوە.

بەڕێكەوت نییە كە دەروونشیكارەكان زیاتر لە هەموو پیشەكانی دیكە شێت دەبن و خۆكوشتن لەناویاندا لە هەموو پیشەكانی تر زیاترە. هەر دەروونشیكارێك درەنگ یان زوو بۆ دەروونشیكاریی خۆی دەچێت بۆ لای دەروونشیكارێكی دیكە، ئەو خەڵكە وا دەزانن دەروونشیكاریی تێگەیشتن بە دیاری بۆ مرۆڤ دەهێنێت!

كریشنا مۆرتی راست كە دەروونشیكاریی ناتوانێت بگاتە تێگەیشتن یان بەرچاوڕوونیی. دەچیتە لای دەروونشیكار و ئەو وێناكردنێكی تایبەت بە خۆی هەیە و كە بەسەر مێشكی تۆدا دەیسەپێنێت. گرنگ نییە كە خەونی تۆ چی بێت: سیگمۆند فرۆید ئەو خەونەی لە سێكسدا كورت دەكردەوە. لە راستیدا، فرۆید كەڵكەڵەی سێكسی هەبوو و نەخۆش بوو. ئەو تەقریبەن خۆی دەخستە شوێنی نەخۆشەكەی.

بیستوومە: پیاوێك كە شێت بووە خراوەتە ژێر چارەسەری دەروونشیكارییەوە. دەروونشیكار تەنیا بۆ ئەوەی ببینێ كابرا چۆن جۆرە پیاوێكە، وێنەیەكی لەسەر كاغەز كێشا و نیشانی پیاوەكەی دا. بەڵام كابرا چاوانی داخست و وتی: ” لێم دوور بخەرەوە، نامەوێ وێنەی ناشیرین ببینم.” دەروونشیكار وتی: “وێنەی ناشیرین؟ ئایا ئەم وێنەیە سێكست بیر دەخاتەوە؟” پیاوەكە وتی: “بەڵێ، ئەی چی ترم بیر بخاتەوە؟ بیركردنەوەی ئێوە بۆگەنە. من هاتووم بۆ ئێرە یارمەتیم بدەن، ئەمەیە یارمەتییەكەتان؟”
دەروونشیكار وتی: “بوەستە.” پاشان وێنەی سێگۆشەیەكی لەسەر كاغەز كێشا و پیاوەكە كورسییەكەی وەرگێڕا و پشتی تێكرد و وتی: “بەسە، ئەگەر بەردەوام بیت لەسەر ئەم شتانە لێت دەدەم. تۆ خۆت شێتی تۆ لە من زیاتر كەڵكەڵەی سێكست هەیە. وێنەی یەكەم ئەندامی سێكسی پیاو بوو، ئەمەشیان هی ژنە. تۆ گەمژەیت! پێت وایە دەروونشیكاریت!” دەروونشیكاری نەگبەت تەواو گێژ ببوو. وتی: “باشە ئەمانە لەبیركە، تەنیا لە پەنجەرەكەوە سەیری دەرەوە بكە و پێم بڵێ چی دەبینی.” حوشترێك بە شەقامەكەدا دەڕۆیشت و دەروونشیكار پرسی: “ئەو حوشترە چیت بیر دەخاتەوە؟”

نەخۆش وتی: “ئەشكەنجەم دەدەیت؟ حوشتر هەمیشە سێكسم بیردەخاتەوە، نەك شتێكی دیكە.” دەروونشیكار وتی: “ئەمە شتێكی سەیرە!”

پیاوەكە وتی: “هیچ شتێكی سەیر لە ئارادا نییە. چونكە هەموو شتێك سێكسم بیردەخاتەوە. مەسەلەكە حوشتر یان فیل یان ژن یان پیاو یان درەخت نییە، ئەمانە هیچیان گرنگ نین. هەموو شتێك سێكسم بیردەخاتەوە.”

ئەم دەروونشیكارە خودی سیگمۆند فرۆید بوو، كە بناغەدانەری دەروونشیكارییە. هەر خەونێكت بۆ دەگێڕایەوە بۆ ئەوەی بۆت شیبكاتەوە، بەشێوەیەك رێكی دەخستەوە كە لە سەرتكوتكردنی سێكسدا كورتی بكاتەوە یان بچووكی بكاتەوە.

بەڵام ئەگەر بچوویتایە بۆ لای ئەلفرید ئەدلەر، ئەو هەرگیز هیچ ئاماژەیەكی بۆ سێكس نەدەكرد، هەمان خەون و هەمان كێشە لای ئەلفرید ئەدلەر نیگەرانییەكی دیكەی دروست دەكرد. ئەو هەموو شتێك، تەنانەت سێكیسشی بەشێوەیەكی دیكە شیدەكردەوە. ئاسایی بوو خەونێكی تەواو سێكسیی بۆ بگێڕیتەوە، پێویستی بە هیچ شیكەرەوە و شرۆڤەكارێك نەبوو: بۆ نموونە خەونەكە ئەوەیە سێكس لەگەڵ ژنێك دەكەیت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەلفرێد ئەدلەر دەیگوت: “ئیرادەیە بۆ هێز-will to pawer” ئەمە “ئیرادەیە بۆ هێز” چونكە پیاوەكە لەسەرەوەیە و ژنەكە لە ژێرەوەیە. ئەمەش شتێكە كە هەموو پیاوێك دەیەوێت.
ئەگەر بچیت بۆ لای كارل گۆستاڤ یۆنگ، ئەو باسی “ئیرادە بۆ هێز” ناكات، باسی سێكس ناكات، بەڵكو سەبارەت بە ژیانی رابردووی تۆ قسە دەكات، پێت دەڵێت ئەو خەونە لە ئەزموونی پێشووی تۆدا هاتووە.

دەروونشیكاریی زانست نییە

دەروونشیكاریی زانستێك نییە. ئەم كەسانە رۆشنبیرانێكی زۆر زرنگ و لۆجیكی و عاقڵ بوون. دەیانتوانی هەموو شتێك بسەلمێنن، ئەو نەخۆشە داماوە نەچووبووە لایان بۆ ئەوەی قسە و باسی فەلسەفی بكات یان ئەنجامی عەقڵانی ببیستێت، ئەو چووبوو بۆ ئەوەی چاك بێتەوە. نەخۆشەكە حەزی لە ئەنجامی لۆجیكی نییە: “تەنیا دەیەویست چارەسەری نیشان بدرێت.”
بەڵام دەروونشیكاریی رێگەی چارەسەری نییە، پێت دەڵێن: “خەونی زیاتر و زیاترمان بۆ بگێڕەرەوە و ئێمە بۆت شیدەكەینەوە.” ئاخری كە شیكردنەوە تەواو بوو. لای هیچ كەسێكیش خەون و شیكردنەوەی تەواو نەبووە. هەرگیز تەواویش نابێت چونكە مێشك شتێك نییە كە بەجێگیری و یەكسانی بمێنێتەوە. تۆ دووجار خەونێك نابینیت. هەموو رۆژێ خەونێكی تازە دەبینیت و هەموو رۆژێ خواست و ویستی تازە سەركوت دەكەیت. هەموو رۆژێ بەخیلی بەم و بەو دەبەیت، هەموو رۆژێ پڕی لە خواست و ویست بۆ هێز و پارە و متمانە و پیرۆزیی و خواوەند، لیستی خواست و ویستەكانی مێشك بێكۆتاییە. دەستپێدەكات بەڵام هەرگیز كۆتایی نایەت. تۆ لەبەردەستی كەسانێكدایت كە چەمكەكانی خۆیانت بەسەردا دەسەپێنن.

بەم پێیە تەنیا ئیشێك كە دەروونشیكاریی دەیكات ئەوەیە كە تەواو نابێت. ئەگەر چەند ساڵێك بكەویتە ژێر دەروونشیكارییەوە، خۆشت دەبیتە دەروونشیكارێك! دەستدەكەیت بە دەروونشیكاریی كەسانی دیكە. تۆ چاك نەبووی، نەخۆشییەكەی تۆ هێشتا ماوە بەڵام ئێستا ئیتر نەخۆشییەكەت پەردەی پسۆڕیی دەروونشیكاریی داوە بە خۆیدا. لە ماوەی سێ چوار ساڵدا بۆ خۆت دەبیتە پسپۆڕ!

پێت سەیرە ئەگەر بزانێت سیگمۆند فرۆید بناغەدانەری دەروونشیكاریی هەرگیز رێگەی نەدا بخرێتە ژێر دەروونشیكارییەوە- لەبەر ئەو هۆكارە سادەیەی كە لە ئاشكراكردنی خەونەكانی و دنیای ناخی خۆی دەترسا، چونكە خەونەكانی لەگەڵ خەونی خەڵكانی دیكەدا هیچ جیاوازییەكیان نەبوو، لەوانەیە خراپتریش بووبن. ئەو پیاوەی كە رۆژ هەتا ئێوارە هەموو شتێكی لە سێكسدا كورت دەكردەوە و دەیبردەوە سەر سێكس، دەتوانیت وێنای ئەوە بكەیت شەو جگە لەو شتانە ناتوانێت خەونی تر ببینێت.
شەوی تۆ جگە لە بەرهەمی لاوەكی شتەكانی رۆژانەت شتێكی دیكە نییە. بەم پێیە، چەندان جار هاوڕێیان و خوێندكارەكانی داوایان لێ كرد و پێیان وت: “بەلای ئێمەوە ئەزموونێكی زۆر گرانبەها دەبێت ئەگەر لەسەر ئەو سیسەمە رابكشێیت و دەستبكەیت بە گێڕانەوەی خەونەكانت و ئێمە دەتوانین خەونەكانت شیبكەینەوە.”

فرۆید هەرگیز بەمە رازی نەبوو. رازی نەبوونی نیشانەی ئەوەیە كە ترساوە.

دەروونشیكاریی بازرگانییەكی گەورەیە

كاتێ ناخی بناغەدانەری دەروونشیكاریی پڕە لە گەندو گوو و لە ئاشكراكردنی دەترسێت، ئیتر ئەو قوتابخانەیە چۆن دەتوانێت بگاتە تێگەیشتن؟ تەواوی پیشەكەی فرۆید هەر ئەوەیە، دیارە پیشەیەكی گەورەی دامەزراند، هەتا دەگاتە ئەوەی وەكو بازرگانی حسابی بۆ بكرێت. دیارە جولەكەكان زۆر زیرەكن. پیشە و كاسپی بچووك دانامەزرێنن. یەكێك لەو جولەكانە مەسیح بوو كە بازرگانیی مەسیحیەتی دامەزراند. جولەكەیەكی تر كارل ماركس بوو كە بازرگانییەكی هاوشێوەی مەسیحیەتی دامەزراند: ئەویش كۆمۆنیزم بوو. سێیەمیشیان سیگمۆند فرۆید بوو كە دەروونشیكاریی دامەزراند.

ئەمڕۆ دەروونشیكارەكان گرانترین پیشەی دنیایان هەیە و ئەمانە هیچ ناكەن. بە بینین یان تێبینی (observation) دەتوانیت بگەیتە تێگەیشتن، نەك بە شیكردنەوە. لە دەروونشیكارییدا تۆ پشت بە كەسێكی دیكە دەبەستیت. خەڵك ئالوودەی دەروونشیكارێكی تایبەت دەبن و ناچارن بچن بۆ لای. رێك وەكو چۆن مەشروب خۆران یان ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر دەچن بۆ لای مەعمیلەكانی خۆیان. خەڵكانێكیش هەن دەچن بۆ لای دەروونشیكارەكان و دوای دوو سێ حەفتە هەست بە نائارامیی دەكەن: گوایە پێویستیان بە دەروونشیكاریی هەیە! دەبێت كەسێك گوێ لە قسە قۆڕەكانیان بگرێت. هەڵبەتە كاتێك یەكێك یەك سەعاتی تەواو گوێ لە قسە قۆڕەكانت بگرێت دەبێت پارەی بدەیتێ!
بینین یان تێبینی دیاردەیەكی تەواو جیاوازە، ئەو شتەی كە من بە هۆشیاریی لە قەڵەمی دەدەم تێبینیكردنە “witnessing” ئەمە

بەشێوەیەك راتناهێنێت كە پشت بە كەسێكی دیكە ببەتستیت، ئەمە گەشەكردنی خۆتە لە هۆشیاربووندا. سەیر لەوەدایە لە كاتێكدا تێبینیكردنی تۆ زیاتر و زیاتر شەفاف دەبێت، خەونەكانت دەستدەكەن بە دیار نەمان، هەروەكو چۆن لەگەڵ خۆرهەڵهاتندا ئەستێرەكان دیار نامێنن. كاتێ كە خۆری بینین و تەماشاكردن لە ناخی تۆدا هەڵدێت، هەموو خەونەكان و كێشەكان بە ئاسانی لەناودەچن و سەراپای ئاسمان پاك دەكەنەوە.

تۆریا دەڵێی: ” ساڵانی سەرەتای دەستپێكی گروپەكەمان لێرە لە “پونا” شێوازی ئێمە بە شێوەیەكی سەرەكی پڕ كێشە بوو.” دەبوو وابێت، چونكە ئەو خەڵكەی دەهاتن بۆ ئێرە بۆ خۆناسینی خۆیان نەدەهاتن، تەنیا بۆ ئەوە هاتبوون لە كێشەكانیان رزگاریان بێت: لە پەرێشانیی و خەم و داماوییان رزگاریان بێت. “هەست دەكرا پاكسازییەكی گەورە كراوە.” رێك بە هەمان شێوە بوو. ” لە كێڵگەی راجنیش لە ئەمریكا من بە شێوەیەك دەمزانی تیماركردن بەڕاستی تەواو بووە.” لەو كۆمەڵەدا من سەدان تیماركەرم هەبوو كە لە نووسینگە جیاوازەكانی تیماركردندا ئیشیان دەكرد، بەڵام خۆم ئیشم بۆ ئەوە دەكرد كە تەواوی تیمارخانەكان لەناوبەرم. تیماركەران بۆ لەناوبردنی كێشەكانی ئێوە ئیشیان دەكرد و منیش سەرقاڵی لەناوبردنی تیماركردن و تیماركەران بووم، چونكە تیماركردن تەنیا دەتوانێت چاكبوونەوەیەكی كاتیی بێت و تیماركردن تەنیا دەتوانێت یارمەتییەكی رووكەش بێت.
دەڵێیت: ” بەڵام نەمدەزانی چۆنچۆنی مەدیتەیشن بێهێنمە ناو ژووری گروپەكەوە. من هێشتا تەركیزم لەسەر بەشی تاریك بوو، زۆر دەترسام بچمە بەڕاستی بچمە ناو نەزانراوەوە. ئێستا بەوەی كە لێرەم، بۆ یەكەم جار دەبینم كە بەهۆی مەدیتەیشن و بینین و ئاسانكارییەوە، بە رێگەدان بەوەی رووناكی ناخ بدرەوشێتەوە، هەر كۆسپێك كە لە رێگەدایە بەرە بەرە لەناودەچێت. بەبێ ئەوەی هیچ بكرێت، لەناكاو ئەو شتە روودەدات. هەموو شتێك سووك و ئاسان و خێرایە و لەگەڵ ئەوەشدا، هەستێكی سەیری بەهاداریی و سوپاسگوزاری دێت كە هەموومان دەتوانین لەم زەمەنەدا لەگەڵ تۆدا لێرەبین.”

كوڕێژگە یەك چاوەكە
ئێستا ئیتر ئەو خەڵكەی لێرە لەگەڵ منن بۆ چارەسەری كێشەكانیان لێرە نین، هاتوون بۆ ئەوەی خۆیان بناسن. دەتوانی بۆ ژیانی داهاتووش كێشە چارەسەر بكەیت، كێشەكان كەم نابنەوە! هەر كە چاو دەكەیتەوە كێشەكان قوت دەبنەوە. مێشكی ئێوە وەها راهاتووە كە گەلێ شتی زۆر گەمژانە دەتوانن ببن بە كێشەی زۆر گەورە: كەسێك بە عەكسەوە پێی داناوە و لە سیسەمەكەی هاتۆتە خوارەوە و سەراپای رۆژەكەی لێی دەبێت بە كێشە و هەمیشە دەڵێت: “من ئەمڕۆ بە عەكسەوە قاچم دانا كاتێ لە سیسەمەكەم هاتمە خوارەوە.” بەڵام یەكەمجار چ پێی راستت دانابێ چ پێی چەپ، هیچ گرنگ نییە، بەڵام شتی پڕوپووچ نایەڵێ بژیت.

كە دەچیت بۆ پیاسەی بەیانیان پیاوێكی یەك چاو دەبینیت، ئیتر وا دەزانی كۆتاییتە! كوڕێژگەیەكی دراوسێمان هەبوو یەك چاوی هەبوو. من بمویستایە ئەشكەنجەی هەر كەسێك بدەم. بەیانی زوو ئەو كوڕێژگەیەم لەگەڵ خۆم دەبرد و شوكولاتەم دەدایە و ئەویش ئامادەبوو. من لە دوورەوە تەماشام دەكرد. پێم دەوت: “لەبەر دەرگا بوەستە و چاوەڕێ بكە ئەو گەمژەیە لە ماڵەوە بێتە دەرەوە و دەرگاكە بكاتەوە.” كاتێ كەسەكە دەرگاكەی دەكردەوە و ئەو كوڕێژگە یەك چاوەی بەرامبەر خۆی دەبینی دەیوت: “ئەی خوایە! دیسان تۆی؟ بەڵام بۆچی تۆ هەموو بەیانییەك لێرەدا قوت دەبیتەوە؟” رۆژێك كابرا وەها تووڕە ببوو دەیەویست لە كوڕێژگەكە بدات، من ناچار بووم لەو شوێنەی خۆم شاردبۆوە بێمە دەرەوە و پێی بڵێم: “ناتوانی لێی بدەی. ئەمە رێگایەكی گشتییە و مافی خۆیەتی هەموو رۆژێك لێرەدا بوەستێت. ئێمە پێشان جاربەجارێ دەهاتین، بەڵام ئێستا ئیتر هەموو رۆژێك دێین. ئارەزووی خۆتە دەتوانی دەرگاكە بكەیتەوە یان نەیكەیتەوە.” وتی: “بەڵام ئەگەر دەرگای ماڵەكەم نەكەمەوە چۆن بڕۆم بۆ دوكانەكەم.” وتم: “ئەوە كێشەی خۆتە و كێشەی ئێمە نییە، بەڵام ئەم كوڕێژگەیە لێرەدا دەوەستێت.” كابرا وتی: “ئەمە سەیرە. بەڵام بۆ هەر ئەم كوڕە؟ ناتوانی بیبەی بۆ لای كەسێكی دیكە؟ دراوسێكەم ركابەری بازرگانی منە و لەبەر ئەم كوڕە خەریكە من دەدۆڕێم لە بەرامبەر ئەودا.” وتم: “ئارەزووی خۆتە. بەخشیشی بدەرێ! ئەگەر یەك روپیە بدەی بەم كوڕە لەبەر دەرگای ماڵی دراوسێكەت دەوەستێت” “وشەی بەخشیش لە هیندستان بە مانای بەرتیلیش دێت- وەرگێڕ.”

وتی: “یەك روپیە؟” ئەو رۆژگارە یەك روپیە بەهای زۆر بوو. بەڵام وتی: “دەیدەمێ.” پێم وت: “بیرت نەچێت ئەگەر دراوسێكەت دوو روپیەی بداتێ ئەوسا ئەم كوڕە دیسان لەبەر دەرگاكەی تۆ دەوەستێت. مەسەلەكە تەنیا بازرگانییە.” وتی: “من پۆلیس ئاگادار دەكەمەوە، دەتوانم…” وتم: “دەتوانی بڕۆی شكات بكەیت. بەڵام تەنانەت بەڕێوەبەری پۆلیسیش لەم كوڕە دەترسێت. دەتوانیت ناچاری بكەیت راپۆرتێك بنووسێت، بەڵام ئەم كوڕە نابەن بۆ پۆلیسخانە. چونكە هەمووان لێی دەترسن، تەنانەت مامۆستاكانی قوتابخانەش لێی دەترسن و ئەم كوڕە زۆر بەهادارە… هەر كەسێك لەم شارەدا كێشە دروست بكات من ئەم كوڕەی بۆ دەبەم… پێویست ناكات هیچ بكەم! تەنیا لەبەر دەرگاكەیدا دەیوەستێنم.”

كێشەكانی دەوروبەرتان زۆرن. بەم پێیە تەنانەت كێشەیەك چارەسەر بكەیت، كێشەیەكی دیكە سەرهەڵدەدات. هەتا ئەو كاتەی دەگەیتە تێگەیشتنێكی قووڵی بینین یان تێبینی، كێشەكان هەر دەبن. ئەمە تەنیا كلیلی ئاڵتوونییە كە لە رێگەی چەندان سەدە كەشفكردنەوە لە خۆرهەڵات دۆزراوەتەوە: پێویست ناكات كێشەكان چارەسەر بكەیت. تەنیا تەماشایان بكە و هەر ئەم تەماشاكردنە بەسە: كێشەكان خۆیان دەبن بە هەڵم.

ئێستا ئیتر ئەو خەڵكەی لێرەن نەهاتوون بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكەن. هاتوون بۆ ئەوەی كێشەكانیان ببێت بەهەڵم. هاتوون بۆ ئەوەی خۆیان لە رازی ژیان تێبگەن. هەر بۆیە پێویست بە چارەسەر ناكات. چارەسەر تەنیا مەدیتەیشنە و تەنیا مەدیتەیشن، تاكە رێگایە.

سەرچاوە: اشو، روح عصانگر ل80-87

print

 267 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*