سەرەکی » وتار » بێستون سابوراوایی » لە یادی 32 یەمین ساڵڕۆژی کارەساتی نەتەوەیی ئەنفالدا

لە یادی 32 یەمین ساڵڕۆژی کارەساتی نەتەوەیی ئەنفالدا

هەموو ساڵێک یادی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران و مەرگی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و داخ و رقی پیرۆز گەروومان پڕدەکات لە نەعرەتەی ئاسمان هەژێن.
هەقیش وایە لەهەموو ئەو بۆنانەدا پرسیارێکی جددی لە خۆمان بکەین کە ئایا دەبێ بۆچی ئەو یادانە بکەینەوە و مەراسیمیان بۆ بگێڕین؟
چەندی بۆم کرابێت لەو یادکردنەوانەدا وەکو ئیلتیزامی ئەخلاقی ئەندامێکی ئەم میللەتە بەشداریم کردووە و گوێم هەڵخستووە بزانم هەر بەڕاست مەبەست لە یادکردنەوەکان چیە؟
ئەنجام، ئەوە بووە کە بووە بە عادەت و ئەگەر ئەو یادانە بەڕێوە نەچن، دەبێتە عەیبە و ناکرێت ئامادەسازییان بۆ نەکرێت.
من زۆر لەگەڵ ئەوەدام کە ئەگەر عادەتیش بێت، هەرگیز واز لەو نەریتە نەهێنین و بەردەوام لە زیهنییەت و نەستی نەوە یەک لەدوایەکەکاندا بە زیندوێتی بیهێڵینەوە بە مەبەستی ئەوەی کەس نەتوانێت خۆی لە لێپرسراوێتی ئەخلاقی لە ئێستا و داهاتووشدا بەرامبەر داهاتوو و رابردووی میللەتەکەی بدزێتەوە.
تا ئێرە ئاساییە و بەجێیە، بەڵام لە هیچ یەکێک لەو بۆنە ناخ سووتێنانەدا نەمبیست و نەمبینی باس لەوە بکرێت.

1-ئەم یادانە بکرێنە وانە و پەندی پەروەردەیی لە خوێندنگە و زانکۆکاندا و بەکردەوە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە وەکو وانەی خوێندن بچێتە پرۆگرامی خوێندنگە و زانستگەکاندا بەگشتی لەم هەرێمە.

2-ناوی هەموو ئەوانەی لە ئەنفالدا بەشدارییان کردووە لە لەوحەی نەفرەتدا لە ناوەندی شارەکانی کوردستان هەڵبواسرێت و ئەو لەوحەی نەفرەتەش بکرێتە پەیکەرێکی شەیتانی و ناوەکان لەوێدا جێگایان بۆ تەرخان بکرێت.

3-بە شێوازی زانستییانە ئەنجامگیریی دەرس و پەندەکانی لێ بکرێت کە هەندێک لەو ئەنجامگیرییانە بەڕووی خۆماندا بدرێتەوە و دەسەڵاتدارانی هەرێم ئاگادار بکرێنەوە کە پرۆسەی ئەنفال هەر غەیرە کوردەکان نەیانکردووە، بەڵکو کورد خۆشی دەستی تیایدا بووە.
هەر کارێکی تریش کە ببێتە رێگر لەبەردەم یەکبوونی کوردان و پەرتەوازەییان و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ دوژمنانی کورد بەکارێکی رەفتار ئەنفالی دێتە حسابکردن.

4-ئیتر نابێت هیچ لایەنێکی دەسەڵاتدار لە کوردستان مامەڵەی ئیداریی و سیاسی لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆیدا لەسەر پرەنسیپی(شێری ماڵێ و ، ڕێویی دەرێ) پەیڕەو بکات، بەڵکو دەسەڵاتداری نیشتیمانپەروەر و میللەتپەروەر بە پێچەوانەی ئەو پرینسیپەوە مامەڵە دەکات.

5-ئایا لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی و دەستوورییش لە عیراقدا چی کراوە و دەبێ چی بکرێت بۆ ئەوەی لە دەروازەکانی پرۆسەکانی ئەنفالەوە بۆ هەموو دنیای ئیسپات بکەین کە گەلی کورد جینۆسایدی سیستماتیک کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی پێدا بنێت.
لە کڕنووشبردن زیاترم پێ نییە لەبەردەم گیانی شەهیدانی ئەنفال و کیماباران و جینۆساید و تەواوی شەهیدانی رێگەی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی کورد و رزگاریی و ئازادیی و دیموکراسی.

print

 129 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*