سەرەکی » ئابووری » ماندووی رۆژگارەو هێشتا ناوەستێ‌ بۆ بژێوی كاردەكات

دایە شەمسە

ماندووی رۆژگارەو هێشتا ناوەستێ‌ بۆ بژێوی كاردەكات

لۆڤە محەمەد

لە ناوەندی بازاڕی شارۆچکەی چەمچەماڵ ژنێکی بە تەمەن دەبینرێت، کە ماوەی ٢٨ ساڵە لە دوکانێکی بچکۆلەدا سەرقاڵی وشکە فرۆشیە و بژێوی ژیانی پێ دابین دەکات.
ئەو ژنە بەتەمەنە شەمسە محەمەد سلێمانە کە لە ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، لە دوای مردنی هاوسەرەکەی و بێ کەسی دوکانێکی بچووکی داناوە و سەرقاڵی وشکە فرۆشیە.
دایە شەمسە ڕۆژانە لە بەرەبەیانەوە لە خەو رادەبێت و بەرەو دوکانە بچوکەکەی ملی رێگە دەگرێتەبەر، پاش گەیشتنی بە دوکانەکەی بە عەشقەوە کەلوپەلەکانی دەهێنێتە دەرەوەی دوکانەکە و لەسەر رەفە و مێزەکان رێكی دەخات تا هاوڵاتیان سەرجەم کەلوپەلەکان ببینن و لە دوکان دەبێت تاوەکو ئاوابوونی خۆر.
٢٨ ساڵە دوکانێکی بچووکی لە ناوەندی بازاڕی چەمچەماڵدا بەکرێ گرتووە، دایە شەمسە بۆ ژنۆرناڵ وتی: دوکانەکەم موڵکی خۆم نیە و کرێچیم و مانگانە بڕی ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی دەدەم و وشکەی تێدا دەفرۆشم.
ئەو کەلوپەلانەی کە لە دوکانەکەیدا دەیفرۆشێت بریتیە لە: وشکەی بەهارات و ئاڵەت و زەیت و دۆشاو و چا و شەعریە و خواردنە فەلەکانی وەک نیسک و نۆک و فاسۆلیا و برنج و دەیان جۆر خواردەمەنی و کەلوپەلی دیکە، سەرجەمی ئەو کەلوپەلانەی کە لە دوکانەکەیدا دەیفرۆشێت لە کەرکوک و چەمچەماڵەوە دەیهێنێت.
دایە شەمسە لە خانوویەکی بچووکدا لەگەڵ برازایەکی ژیان بەسەر دەبات و هیچ منداڵ و کەسێکی دیکەی نیە، دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی کە لە فرۆشتنی کەلوپەلەکان دەستم دەکەوێت ئەوەندە کەمە کە تەنها بەشی کرێی دوکانەکەم و بژێوی ژیانم دەکات، ناتوانم لەو پارەیە هیچ بڕە پارەیەک پاشەوکەوت بکەم.
ماندوێتی دایە شەمسە و ئارەقی نێوچاوانی بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی خۆی و برازاکەی تەواو دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەدەب نوسان و شاعیران لە پەندی پێشیناندا وتویانە» دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە» کە دەستی ماندووی دایە شەمسە لەسەر سکی تێری خۆی و برازاکەیەتی و ڕۆژانە بەهۆی ئارەقی نێوچاوانی خۆی بژێوی ژیانی لەسەر فرۆشتنی کەلوپەلەکانی دابین دەکات.

print

 77 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*