سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » د. یوسف گۆران: لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بۆ بەستنی كۆنگرە ئامادە دەبینپەڕە 2

د. یوسف گۆران: لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بۆ بەستنی كۆنگرە ئامادە دەبین

د. یوسف گۆران وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەدیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی كوردسات نیوز، باسی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەكات‌و بۆ ئەو مەبەستەش 14 لیژنەیان پێكهێناوە. ئەمەش بەشێكی دیدارەكەیە.
١٤ لیژنە
سەبارەت بەئامادەكارییەكانی بەستنی کۆنگرە، د. یوسف گۆران وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەڵێت: لەساڵی 2013 وە ئەم كۆمسیۆنە دەستی بەكارەكانی كرد‌و ویستمان كۆنگرەی چوارەم ببەستین، ئەم كۆمسیۆنە بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیی دروست بووە، 14 لیژنەمان پێكهێنابوو كە بەشی هەرەزۆری كارەكانیان تەواوكردووە، تەنها یەكێكیان كە لیژنەی پەیڕەوو پرۆگرامە، كارەكانی ماوەتەوە. دەتوانین بڵێین بەشی هەرەزۆری ئەو كارانەی بەئێمە راسپێردرابوو بەوەی لیژنە پێكبهێنین‌و لیژنەكان راپۆرتیان هەبێ‌و دوایی راپۆرتەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ كۆمسیۆن، تەواوبووە‌و لەماوەیەكی زۆر كورتدا بۆ بەستنی كۆنگرە ئامادە دەبین.
دەربارەی ماوەی لیژنەی پەیڕەوو پرۆگرام بۆ تەواوكردنی كارەكانیان، روونیكردەوە: بەشی هەرەزۆری كارەكانی لیژنەكە تەواوبووە، دەتوانم بڵێم 80%ی تەواو بووە، بەڵام مەسەلەی پێداچوونەوە بەپەیڕەوو پرۆگرام زۆر گرنگە، چونكە ئەم قۆناغەی ئێستای یەكێتیی تێدایە قۆناغێكی نوێیە، ئەو ئامانجانەی پێشتر هەمان بوو، جیاوازن‌و گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە پێشتر سەركردەی گەورەمان مام جەلال لە ژیاندا مابوو، یەكێتیی ئێستا یەكێتیی دوای ماڵئاواییكردنی مام جەلال-ە، هەروەها بیروبۆچوونی تازە هاتۆنەتە كایەوە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك بمانەوێ بیكەین لە یەكێتیدا، پێویستە لە پەیڕەوو پرۆگرامدا جێی بكەینەوە، ئێستا پێویستمان بەوە هەیە وردەكاریی زیاتر بكەین، یەكێتی بەو شێوەیە بونیات بنێینەوە كە بتوانێت نوێگەریی زیاتر بكات‌و رێگە زیاتر بەنەوەی نوێ بدات. وتیشی: ئەو كۆمسیۆنەی دامانمەزراندووە‌و ئەو 14 لیژنەیەی كە هەیە، بەشی هەرە زۆری مەكتەبەكان‌و ئەنجومەنی ناوەندی تێدایە‌و بیروبۆچوونی ئەوانیش وەرگیراوە، بۆیە ئێستە ئەگەر بڕیار لەكاتی ئەنجامدانی كۆنگرە بدرێت، ئەتوانین لەماوەیەكی زۆر كورتدا كارەكان تەواو بكەین.

لیژنەكان ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیان تێدایە
سەبارەت بەچۆنێتیی پێكهاتەی ئەو 14 لیژنەیە‌و بنەمای دەست بەكاربوون‌و كارەكانیان، ئاشكرایكرد: ئێمە چەند مەكتەبمان هەیە، ئەوەندە لیژنەی تێدایە، هەروەها هەندێ لیژنەی وەكو لیژنەی سكاڵامان هەیە، لیژنەی حكومەت‌و پەرلەمانمان هەیە، پێكهاتەكەی پێكهاتەیەكی جیاوازە، زیاتر هەوڵمانداوە هەمە چەشن بێت، هەم خەڵكی تایبەتمەند هەم كادری نوێی تێدا بێت، هەروەها هەوڵمانداوە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی لەهەموو لیژنەكاندا هەبێت، دەتوانین بڵێین هەموو لیژنەكان ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیان تێدایە.
دەربارەی گرنگیدان بەئەنجومەنی ناوەندی د.یوسف گۆران وتی: لەڕاستیدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، پەرلەمانی یەكێتییە، بۆیە دەتوانین بڵێین دەنگی كادرە ناوەندەكانیشە، ئەركی ئەنجومەنی ناوەندی لەبنەڕەتدا وەكو رەقیبێك بوو بەسەر دەزگاكانی تری یەكێتییەوە، بۆیە ئەوكاتەش ئێمە بەلامانەوە زۆر گرنگ بوو كە ئەنجومەنی ناوەندی لەسەرجەم لیژنەكاندا نوێنەری هەبێت.

یەكێتی جارێكی تر بێتەوە گۆڕەپانی سیاسیی
دەربارەی گرنگیی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی بۆ قۆناغی ئێستا، وتی: لەو كاتەوە تا ئێستا گۆڕانكاریی گەورە لەناوچەكە‌و لەناو یەكێتی‌و لەكوردستان‌و عیراقدا روویداوە، ئەو گۆڕاكارییانە هەندێكیان ناوخۆیین، وەكو ماڵئاواییكردنی سەرۆك مام جەلال، هەندێكیان دەرەكین وەكو ئەو گۆڕانكارییانەی لەعیراق‌و تەواوبوونی شەڕی داعش‌و هەندێكی پەیوەستە بەوەی ئێمە چۆن خۆمان ئامادە بكەین بۆ قۆناغی دوای مام جەلال؟ چۆن ئەم یەكێتییە لەسەر بیر‌و بنەمای مام جەلال نوێ بكەینەوە؟ چۆن وابكەین ئەو ئاستەنگانەی تازە دێنە پێشەوە بۆ نوێكردنەوەی یەكێتی، بۆ بونیاتنانەوەی یەكێتی، بۆئەوەی یەكێتی جارێكی تر بتوانێت هەستانەوەیەكی گەورەتر بەخۆیەوە ببینێت، چونكە ئەو ئەركانەی ئێستا لە یەكێتی چاوەڕوان دەكرێت، چ لەناوخۆی یەكێتی، چ لەكوردستان‌و عیراق زۆر گەورەیە، بۆیە پێویستمان بەوەیە یەكێتی جارێكی تر وەكو جاران بێتەوە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە‌و رۆڵێكی كارا‌و سەرەكییش ببینێت.

بواری زیاتر بۆ نەوەی نوێ بكاتەوە
سەبارەت بەكاریگەریی چوارەم كۆنگرەی یەكێتی لەسەر ناوخۆی یەكێتی‌و پێكهێنانەوەی پەیكەری یەكێتی‌و داڕشتنەوەی سیاسەتی یەكێتی، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی روونیكردەوە: پێموایە هیچ حزبێك هێندەی یەكێتی كادری ناوەندی چالاك‌و بەهێزی نییە، جاران بەڕێز مام جەلال زۆرجار ئاماژەی بەوە ئەدا كە بەشی چەند حزبێكی تریش كادرمان هەیە، بۆیە ئەتوانم بڵێم ئێستاش ئەوەندە كادری ناوەندی دڵسۆز لەناو یەكێتیدا هەیە، ئەگەر رێی پێبدرێت، ئەگەر بواری پێبدرێت، بێگومان جارێكی تر یەكێتی ئەتوانێت بەڕۆحیەتی جاران، بەڕۆحیەتی حەفتاكان‌و هەشتاكان بێتە كۆڕی خەباتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە لەكۆنگرەدا ئەتوانین هەموو شتێك بكەین، ئەوە ناگەیەنێت هەموو كێشەكان بەیەك كۆنگرە چارەسەر ئەكەین، بەڵام رەنگە بتوانین بەشێكی زۆر بەتایبەتی بتوانین بونیات‌و ستراكچەری یەكێتی بگۆڕین‌و بیكەینە حزبێك كە بتوانێت زیاتر لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بێ‌و زیاتر سەردەمیانە بێت‌و بواری زیاتر بۆ نەوەی نوێ بكاتەوە.

تێكەڵییەك ئەبێت لە نێوان نەوەی كۆن‌و نوێدا
دەربارەی ئەوەی كە چەند دەتوانن ئەو گۆڕانكارییە لەكۆنگرەدا بەدیبهێنن‌و كادرانی ناوەند‌و گەنج‌و دڵسۆز لەناو یەكێتیدا بهێننە پێشەوە؟ ئاشكرایكرد: ئەوەی ئێستا قسەی لەسەر دەكرێت، ئەم كۆنگرەیە كۆنگرەیەك نابێت لە شێوەی كودەتایەك یان بۆ تەسفیەكردنی لایەنێك یان چەند كەس‌و لایەنێكی دیاریكراو، بەڵكو لەم كۆنگرەیەدا خوێنی تازە تێكەڵ ئەكەینەوە لەگەڵ خوێنی ئەو كەسانەی پێشتر لەگۆڕەپانەكەدا بوون‌و سەركردایەتییان كردووە‌و هەبوون، كەواتە تێكەڵییەك ئەبێت لە نێوان نەوەی كۆن‌و نەوەی نوێدا، ئەوە ئامانجمانە، چونكە ئەمانەوێت چاكسازیی لەیەكێتیدا بكەین، ئەو چاكسازییەش بەتێكەڵكردنی ئەزموون بەخوێنی گەرم‌و گەنج ئەكرێت، بۆیە ئەتوانین ئەوە بكەین.

ئێستا باشترین كاتە بۆ بەستنی كۆنگرە
دەربارەی ئەوەی ئێستا چ بەربەستێك هەیە ئەگەر لەمەودواش بڕیار بدرێت كۆنگرە نەبەسترێت، لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكی زۆرە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دواكەوتووە‌؟ روونیكردەوە: پێشتر لە 2013 بۆ 2014 بڕیار درابوو، مەسەلەی داعش هاتە پێشەوە، ئەوەش رۆڵی سەرەكیی هەبوو لەدواخستنی كۆنگرە بۆ ماوەی چەند ساڵێ، ئێستا شەڕی داعش تەواو بووە‌و رووداوێكی تازە هاتۆتە پێش، ئەویش ناوخۆی یەكێتییە. بۆیە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش‌و دوای ئەوەی سەركردەیەكی مێژووییمان كۆچی دوایی كردووە، هیچ بیانوویەك نییە بۆ دواخستنی كۆنگرە.
سەبارەت بەگونجاویی كاتی كۆنگرە، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی وتی: ئێستا باشترین كاتە بۆ بەستنی كۆنگرە، چونكە ناوچەكە‌و كوردستان‌و عیراق لەبەردەم روبەڕوبونەوەیەكی گەورەدان، یەكێتی دەبێت خۆی ئامادە بكات بۆ ئەو روبەڕوبونەوانە، یەكێتی دەبێ بتوانێت وەكو جاران رۆڵی سەركردە ببینێت لەسەركردایەتیكردنی كوردستان‌و رۆڵیشی هەبێت لەعیراقدا، بەبێ بەستنی كۆنگرە، بەبێ یەكدەنگی ناوماڵی یەكێتیی خۆی‌و بەبێ نوێكردنەوەی یەكێتی، ئەستەمە بتوانین جارێكی تر كاریگەریمان هەبێ لەگۆڕەپانی سیاسیی عیراق‌و كوردستانیشدا.

ئەبێ كۆنگرەی دوورخستنەوە نەبێ
سەبارەت بەبوونی هیچ سازانێك لەناوخۆی یەكێتیدا، وتی: ئەقڵیەتی تەوافوق یەكێك بووە لەو هۆكارانەی بۆتە مایەی كێشە لەناو یەكێتیدا، هێندەی ئەوەی چارەسەری كێشە بكات. دواخستنی كێشەكان هیچ چارەسەری كێشەكان ناكات، بەڵكو پێموایە دەبێت ئەم كۆنگرەیە كۆنگرەیەكی تەوافوقی نەبێ، بەڵكو كۆنگرەیەك بێ لەسەر بنەمای جۆریی ئیش بكات نەك لەسەر بنەمای ئەوەی كێ ئەبێتە سەركردایەتی‌و كێ نابێتە سەركردایەتی، بەڵكو دەبێ حزبێكی سەركردە دروست بكەین، حزبێكی نوێ دروست بكەین، بیر لەوە بكەینەوە ئەم حزبەمان لەڕووی جۆرایەتییەوە گەشە پێبدەین، دەبێ هەموومان بیر لەوە بكەینەوە یەكێتی بكەینە سەركردە، یەكێتیی بكەینە ئەو یەكێتییەی بتوانێت سەركردایەتیی كوردستان‌و ناوچەكەش بكات.
دەربارەی ئەوەش كە چارەسەركردنی كێشەكانی ناو یەكێتی لەپێش كۆنگرەدا‌و ئەگەر چارەسەر نەكرێن، كاریگەریی چییان لەسەر كۆنگرە دەبێت؟ د.یوسف گۆران وتی: پێموایە ئەتوانین بەشێكی زۆری ئەو كێشانە لەكۆنگرەدا چارەسەر بكەین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە بزانین كۆنگرە عەسای سیحرییە‌و ئەتوانێ هەموو كێشەكان چارەسەر بكات، ئاساییشە بەكۆنگرەیەك هەموو كێشەكان چارەسەر نەكرێن، بەڵام ئەبێ ئەم كۆنگرەیە كۆنگرەی دوورخستنەوە نەبێ، كۆنگرەی تۆڵەسەندنەوە نەبێ، نەئێمە‌و نەزۆربەی ئەوانی من بینیومن، بەو نەفەسە كار ناكەن، چونكە ئەگەر بەو نەفەسە كار بكەین، ناتوانین یەكێتییەكی نوێ بونیات بنێین، یەكێتییەك كە بتوانێ جارێكی تر ئەرك‌و بەرپرسیارێتی خۆی لە سەركردایەتییكردنی كوردستان هەڵبگرێت.

پڕۆژەی گشتگیر
سەبارەت بەبەردەستبوونی هیچ پڕۆژەیەك بۆ نوێبوونەوەی یەكێتی. د.یوسف گۆران روونیكردەوە: زیاتر لەپڕۆژەیەك هەیە، لەڕووی فەرمییەوە ئەنجومەنی ناوەندی بەپرسە لەسەر ئەوەی پەیڕەوی یەكێتی بۆ كۆنگرە ئامادە بكات‌و ئێستا خەریكی تەواوكردنین، هەروەها دامودەزگاكانی تری یەكێتی كە پێشنیاریان هەیە وەكو مەكتەبی رێكخستن پڕۆژەیەكی هەیە، بەشێكیش لەكادران بەتایبەتی كادرانی ناوەند بۆچوونی خۆیان هەیەو رەنگە پڕۆژەشیان هەبێت، ئەمانە ئەكرێت لەكۆتاییدا تێكەڵ بكرێن‌و ببنە ئەو پڕۆژە گشتگیرەی كە شێوەی نوێكردنەوەی یەكێتی‌و هەستانەوەی یەكێتی بخاتە بەردەم كرنگرە‌و بڕیاری لەسەر بدرێت. بەڵام ئەمە كاری 14 لیژنەكە نابێت، ئەوە زیاتر كاری پڕۆژەی پەیڕەو ئەبێ‌و لەكۆتاییدا رەنگە لەكۆنگرە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێ، ئەكرێ لەكۆنگرەشدا پڕۆژەی تازە بێتە پێشەوە بۆ شێوەی بەڕێوەبردن‌و نوێكردنەوەی یەكێتی.
سەبارەت بەچۆنێتی گەیاندنی پڕۆژەی كادرانی ناوەند، روونیكردەوە: ئەوە بە دوو شێوەیە، یەكەم ئەتوانن پڕۆژەی خۆیان بنووسن‌و بینێرن بۆ ئەنجومەنی ناوەندی، چونكە ئەنجومەنی ناوەندی هەموو ئەو پێشنیارانە وەرئەگرێت، دووەمیش ئەتوانن خۆیان پڕۆژەیان هەبێت‌و لەكاتی كۆنگرەدا پێشكەشی بكەن، ئەو كاتە كۆنگرە ئەتوانێ لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی هەیانە، پڕۆژەیەكی گشتگیری لێ دروست بكەن.

یەكێتی ئامادەیە
سەبارەت بەئامادەیی فیعلیی یەكێتیی بۆ بەستنی كۆنگرە، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی باسی لەوەكرد: وەكو ئیرادە یەكێتی ئامادەیە، بەڵام تائێستا رێكەوتن لەسەر كاتەكەی نەكراوە، ئەتوانم بڵێم زۆربەی زۆری ئاڕاستەكان ئەوەیە كە نابێ بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەمانگی دووی ساڵی داهاتوو تێبپەڕێت.
سەبارەت بەدروشمی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، د. یوسف روونیكردەوە: ناتوانم خۆم تەنها لەسەر ئەوە قسە بكەم، بەڵام رەنگە نوێبوونەوە، هەستانەوە، هێنانەوەی نەوەی نوێ، بنیاتنانەوە، چەندین دروشمی جیاجیا هەبێ كە ناوەرۆكەكەیان ئەوەبێ كە ئەبێ یەكێتی بەناوەرۆكێكی تر دروست بكەینەوە، بۆئەوەی بتوانێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانە‌و لەگەڵ ئەو بەرپرسیارێتییانەی ئێستا لەناوچەكە رووبەڕووی یەكێتی ئەبنەوە، خۆی بگونجێنێت.

لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم‌و ناوچەكەدا خۆی بگونجێنێ
سەبارەت بەبەستنی كۆنگرە‌و كاریگەریی لەسەر رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، وتی: بەحوكمی ئەوەی یەكێتی هێزێكی گەورەی ناوچەكەیە‌و یەكێتی شوێن پەنجەی لەعیراق‌و كوردستان هەیە‌و وەكو لایەنی سەرەكیی دامەزرێنەری ئەم حكومەتەی هەرێمی كوردستان لە 1992 ‌و ئەو حكومەتەی عیراق لە 2003 بووە، پێموایە هەر گۆڕانكارییەك لەدۆخی یەكێتیدا، كاریگەریی ئەبێ لەسەر ئایندەی كوردستان‌و عیراقیش، ئەگەر ئەم كۆنگرەیە بتوانێت یەكێتییەكی نوێ، یەكێتییەك كە بتوانێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم‌و ناوچەكەدا خۆی بگونجێنێ، بێگومان كاریگەریی زۆری دەبێ لەسەر چاككردنی بارودۆخی عیراق‌و كوردستان، یەكێتی رۆڵێكی یەكجار گەورەی هەبوو لەبونیاتنانەوەی عیراقدا، بەتایبەتی بوونی سەرۆك مام جەلال لەو كاتەدا‌و ئەقڵیەتی مام جەلال‌و ئەقڵیەتی فرەیی مام جەلال‌و پێكەوەژیان، كە ئەو كاتە بەردی بناغەی پێكەوەژیانی لەعیراقی نوێ دامەزراند.
سەبارەت بەكاریگەریی دەرەنجامەكانی كۆنگرە جگە لەناوخۆی یەكێتی، د.یوسف گۆران وتی: پێموایە دەتوانێت كاریگەرییەكی گەورەی هەبێت، چونكە خودی یەكێتی هێزێكی گەورەیە، هێزێكە هەموو لایەنەكان حسابی بۆ ئەكەن، نەك هەر لایەنە ناوخۆیی‌و عیراقییەكان، بەڵكو لایەنە ئیقلیمییەكانیش، ئەوە بۆ دەرەوەش هەر راستە. وتیشی: چاوەڕێ ئەكەین ئەنجومەنی سەركردایەتیی كۆببێتەوە‌و كاتێك بۆ كۆنگرە دیاری بكات. وەكو كۆمسیۆن‌و ئەنجومەنی ناوەندی‌و زۆر شوێنی تریش داوایانكردووە كاتێك بۆ بەستنی كۆنگرە دیاری بكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ژنێک لە سلێمانی و ناو دڵی رێکخستنەکانەوە بۆ لۆس ئەنجلۆس

چەند ژنە کەسایەتییەکی ناسراو لە مێژووی کورددا هەن کە لەبواری ...