سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » داعش لە بەردەرگای ماڵەكانمانەوە بۆ سەربانی…

داعش لە بەردەرگای ماڵەكانمانەوە بۆ سەربانی…

داعش لە بەردەرگای ماڵەكانمانەوە بۆ سەربانی ماڵەكان

ساڵی 2014 ئەو كاتەی داعش موسڵیان داگیر كرد و دواتر سێ‌ یەكی خاكی عێراقیشیان بەهەمان دەرد برد , هێشتا پەلاماری مەخموریان نەدابوو من هەرزوو هەستم بە مەترسیەكە كرد وتارێكی خێرام نووسی و ئەو كات لە ماڵپەڕی ئاوێنە بڵاوكرایەوە بە ناونیشانی داعش لە بەردەرگای ماڵەكانمان , وائێستاش جارێكی دی داعش جموجووڵەكانیان بە ئاشكرا دەبینرێت بۆیە ئەگەر جاری پێشوو هاتنە بەر دەرگای ماڵمان ئەمجارە ئەگەر هەنگاوی خێرا نەنرێت دوورنیە هەڵنەكوتنە سەر سەربانی ماڵەكانمان .

مەترسیەكە لە چیەوە سەرچاوە ی گرتووە ؟
1. هاتنەوەی ئەمیرەتازەكەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (ئەبو ئیبراهیم قرشی ) و زۆرێك لە سەركردە مەیدانیەكانی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستیە بۆ عێراق و نیشتەجێ‌ بوونیان لەم وڵاتە .
2. هێرش و پەلامارەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی داعش بۆ سەر هێزە ئەمنیەكانی عێراق و بە ئامانج گرتنی ئەفسەرو پلەدارەكان ئاماژەی مەترسیدارن و شەقام و خەڵكی عێراقیان نیگەران كردووە .
3. كەڵك وەرگرتن بە سەرقاڵی دەوڵەت و هێزە ئەمنیەكان بە بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەلاماردانی دامودەزگاكانی حكومەت بە تایبەتی لە پارێزگاكانی دیالەو سەلاحەدین و كەركوك .
4. سەرچاوە هەواڵگرییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەبو ئیبراهیم قرشی و سەركردە پلە یەكەكانی داعش لە عێراق خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەو كۆكردنەوە و هەموو شانە نووستووەكان و ئەوانەی كە دابڕاون و شیرازەی ڕێكخستنیان تێكچووە و گرێدانەوەیان بەیەكەوە بۆ هێرش و پەلاماری نوێ‌ .

ستراتیجیەتی نوێ‌ ی داعش
سەرچاوە كانی هەواڵی نزیك لەو ڕەوتە تیرۆریستیە باس لەوە دەكەن كە دەوڵەتی ئیسلامی كە بە قورسایی خۆی گواستۆتەوە بۆ عێراق و بە تایبەتی ناوچە جێناكۆكەكانی كوردستان هەر لە ئەبو ئیبراهیم قرشی كە ئەمیری دەوڵەتەكەیە دوای كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی موبایەعەیان كردووە و عەبدوڵا قەرداش كە توركمانەو خەڵكی تەلعەفەرەو موحومەد سەعید مەولا كە لە سەر لیستی تیرۆری ئەمریكا داواكراوە ستراتیجیەتیەكی نوێ‌ یان داڕشتووە بۆ تێكدانی بارودۆخی عێراق بە هەرێمیشەوە كە خۆی لە چوار خاڵدا دەبینێتەوە :
1. شەڕو ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ لە گەڵ سوپاو هێزە ئەمنیەكان
2. كشانەوەی هێزەكان بۆ شوێنی شەڕەكان .
3. دانانی بۆسە .
4. شەڕ لە دوورەوە .
هەربۆیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو پلانەیان جێ بەجێكردووە لە چەند شوێنێكی جیاوزدا زیانیان بە هێزەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش گەیاندووە .

چیای قەرەچووغ و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم
ئەو مەترسیەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە ئەوەیە كە هێزەكانی داعش لەو ناوچانە جێگیر بوون و لاوازی سوپای عێراق و هێزە ئەمنیەكان و نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە هەڕەشەی جدی وگەورەن بۆ سەر ئایندەی هەرێم و هەموو خەڵكی كورد لەو ناوچانە كە بەر شاڵاوی جینۆسایدی وەكو ئەوەی شەنگال و ئێزدیەكان بكەون .
ئەوەی زۆر مەترسیدارە چیای قەرەچووغە كە ناوچەیەكی دوورە دەست و سەخت و عاسیە و پڕییەتی لە كون و ئەشكەوت و تونێلی جۆراو جۆر كە بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت .
لە لایەكی ترەوە هەرچەندە گەیاندنی كۆمەك و خواردەمەنی لە ڕووی لۆجستیەوە كارێكی ئاسان نیە بۆ داعش بەڵام لە ڕێگەی قاچاغ و پێدانی پارەو دارایی زۆر دەتوانێت پێداویستیەكانی دابین بكات .

چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش
بۆ كۆتایی هێنان بە پاشماوەكانی داعش پێویستە پلانێكی سەربازی و سیاسی پتەو و هاوبەش لە نێوان سوپاو هێزە ئەمنیەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە دابنرێت بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژی داعش كە ئێستا چالاكیەكانیان هەڵپەساردووە , جگە لە پلانێكی سیاسی كە چارەسەری هەموو كیچشەكانی عێراق بكات لە لایەن كابینەی نویوە ئەگەر پێكهێنرا بە سەرۆكایەتی كازمی بۆ ناوچە سوننییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ حاڵی خۆیان و جێبەجێ‌ كردنی مادەی 140 ی دەستوور و گێڕانەوی هاوسەنگی بۆ وڵات و دووركەوتنەوە لە حوكمی تائیفی .

لە كۆتایدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئەم كێشەو قەیرانانەی عێراق هێندەی سیاسیین سەربازی نین و پێویستیان بە چارەسەری یەكجاری و حەكیمانە هەیە و هەموو ئەزموونەكان ئەوەیان بۆ سەلماندین بە سڕینەوەو پەراوێزخستن هیچ پێكهاتەو نەتەوەو ئتنیكێك كۆتایی نایەت .

print

 295 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*