سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » كابینەی چارەسەر نەك قەیران

دەر و دراوسێ

كابینەی چارەسەر نەك قەیران

دواجار درەنگانێكی شەوی 6 لەسەر 7 ی ئەم مانگی مایسە، مستەفا كازمی بوو بە سەرۆك وەزیرانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و كۆتایی بەو ململانێ توند و سەختە هێنا كە لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی هاتبووە گۆڕێ، كە لە 10 هەفتەی رابردوودا سێ كەسایەتیی كاندید كران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ بۆ سەركردایەتیكردنی عیراق بۆ قۆناغی راگوزەر و هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە محەمەد تۆفیق عەللاوی و دوای ئەویش عەدنان زورفی شكستیانهێنا لە پێكهێنانی حكومەت و دواجار كازمی بە پشتیوانییەكی بەهێزی كورد و سوننە و بەشێك لە شیعە، كابینەكەی پێكهێنا.

لە یەكەم لێدوانیدا، كازمی ئەوەی بەگوێی عیراقییەكاندا دا كە كابینەكەی كابینەی چارەسەری كێشە و قەیرانە قورسەكانی وڵاتە نەك كابینەی قەیران و ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخی چەقبەستووی وڵات.

ئەوەی بەدی كرا لە كاتی وتوێژەكانی پێكهێنانی كابینەكەدا، قەبارەی گەورەی ئەو ململانێ و دەستوەردانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە بوو كە لەسەر گۆڕەپانی عیراق بوونی هەیە، جگە لەململانێی ناوخۆیی ناو هەناوی حزبە دەسەڵاتدارەكانی 17 ساڵی رابردوو.

كازمی و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی

ئەوەی نها پێویستی بەچارەی راستەوخۆ هەیە و قەیرانی تازەیە بۆ عیراق، جگە لە قەیرانە كەڵەكەبووەكانی رابردوو، ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا و دابەزین و داڕمانی نرخی نەوتە كە تاكە سەرچاوەی داهاتی بودجەی عیراقە.

جگە لەوانەش داخوازییەكانی شەقام و خۆپیشاندەرانی عیراق كە لە چەند مانگی رابردوودا خەبات و بزاڤێكی جەماوەریی گەورەیان رێكخستبوو، كە عەبدولمەهدی-یان ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد، كە ئێستا لە ماڵەوەن بە هۆی كۆرۆناوە كە لە هەر سات و چركەیەكی گونجاودا بۆی هەیە بڕژێنەوە سەر شەقامەكان و داوای مافەكانیان بكەن.

ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە ئەو حزب و لایەنانەن كە پشتیوانی كابینەكەی كازمی-یان كرد و دەنگیان پێدا لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئێستا ئەمانیش داخوازی و داواكارییان لە كازمی هەیە و دەخوازن بەرژەوەندییەكانی خۆیان بپارێزن و دەستكەوتی تریش بە دەست بخەن.

ئەو هێزانەش لایەن و گروپی جیاجیا لە خۆدەگرێت، تێیاندایە خوازیارە بە كازمی هێزی بیانی واتە ئەمریكا بكاتە دەرەوە و میلیلشاكانی بپارێزێت، كە ئەمەش بۆ كازمی ئەركێكی ئاسان نابێت لە كۆكردنەوە و گونجان لە نێوان ئەم بەرژەوەندییە دژ بە یەكانەدا.

لە كاتێكدا كازمی بانگەشەی ئەوە دەكات و لە یەكەم وتاریدا بە ئاشكرا وتی: ئامانجمان خزمەتی گەلە و پاراستنی سەروەری و دابینكردنی دادپەروەری و ئاسایشە بۆ هاووڵاتیان، لەوانەش گرنگتر وتی: كابینەكەم كابینەی چارەسەرە نەك قەیران. هەروەها رایگەیاند، كە بە هەموو جۆرێك بوار نادەین خاكی عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی كێشە و ململانێكانی وڵاتانی تر، كە روونە مەبەستی ئێران و ئەمریكایە.

كورد و كازمی

ئەگەرچی هەر لە ساتەكانی سەرەتای راسپاردنی كازمی-یەوە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ پێكهێنانی كابینە، بەشێک لە هێزە كوردستانییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ راگەیاند، بەڵام كازمیش ئەوە نەبێت بەچەند دێڕێك لە كارنامەی كابینەكەیدا بەڵێنی چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی هەرێمی كوردستان و ناوەندی داوە، هیچی دی دیار نییە، بۆیە چاوەڕوانین رۆژانی داهاتوو كازمی ئەو متمانەیەی سەركردایەتیی كورد پێی داوە، پابەند دەبێت پێوەی یان ئەمیش لە ژێر فشاری تاقم و هێزە تائیفییەكاندا خۆی دەدزێتەوە لە چارەسەر، ئەگەرچی هەندێك لە چارەسەرەكان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە خودی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

print

 411 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*