سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » چەوساندنەوەی كۆتاكانپەڕە 2

ناوه ڕاستی هه فته

چەوساندنەوەی كۆتاكان

پێكهاتەكان هەقی ماف و هەقی دیموكراسییان بەسەر هەرێمی كوردستانەوە هەیە، كە لە چوارچێوەی پێكەوەژیان و ئازادی و ئازادیی سیاسییان بەبێ كۆت و بەند بۆ فەراهەم بكرێت، تا ئەو رادەیەی هاونیشتمانی بێ جیاوازیی بن، بەڵام تەمەنی خەباتی پەرلەمانی و دیموكراسی و سیاسیی لە هەرێمدا پێچەوانەكەیمان پیشان دەدەن.

پەرلەمانی كوردستان لە خولی پێنجەمیدایە و خراپترین مامەڵەی مافی سیاسیی و پەرلەمانی لەگەڵ ئەو كورسییانەدا دەكرێت كە كۆتان و بۆ پێكهاتەی كلدان و توركمان و ئەرمەنەكان دیاریكراوە و كاكەیی و ئیزدییەكانیش بێ حسابن، لە كاتێكدا 11 كورسی كۆتا دانراوە.

مافی پێكهاتەكانە كە مافیان پێشێل نەكرێت، بەو جۆرەی ئێستا بەرامبەریان دەكرێت، چونكە دیاریكردنی 11 كورسی وەك ژمارە، ماف نییە، ئەگەر بێتو حزبی سیاسیی لە جیاتی ئەوان بۆ مەبەستی سیاسیی بەكاریان بهێنێت و خاوەنی راستەقینەی نوێنەرەكانی خۆیان نەبن، مافی پێكهاتەكان لە بەشداری پەرلەماندا هەر ئەوە نییە پەرلەمانتاری مەسیحی یان توركمان و ئەرمەنی لە پەرلەمان بن، بەڵكو ئەوە گرنگە نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكانیان بن، شەڕی پەرلەمانی بۆ داوا و داخوازییەكانیان بكات، نەك بە ئاشكرا لە پەنای مافی پێكهاتەكانەوە بۆ شەڕ و ئەجێندای سیاسی و حزبی بەكاربهێنرێن.

هەركاتێك كۆتاكان لەلایەن هەر هێز و پارتێكەوە بۆ مەبەستی دیكە بەكارهێنران، ئەوا پێشێلكردن و چەوساندنەوەی پێكهاتەكانە، لەگەڵیشیدا لەكەداركردنی پەرلەمانە بۆ مافی پێكهاتەكان.

لە ماوەی ئەزموونكردنی كاری پەرلەمانی لە هەرێم، كورسیی كۆتاكان بۆ جوڵەی سیاسیی پرسەكان بەگەڕدەخرێن، كە لەپێناوی حزبی دیكەدا بەكارهێنراون نەك خودی پێكهاتەكان، بۆیە خودی پێكهاتەكانیش ناڕازین.

هەركاتێك جوڵەی كورسیی كۆتاكان بە مەبەستی دیكە و سەپاندن بەكارهێنران كە گەمەی یاساییە بۆ ئەنجامی سیاسی، بێڕێزی و پێشێلی مافی پێكهاتەكانن كە لەو 11 كورسییەی پەرلەماندا جێیان كراوەتەوە، لە كاتێكدا پێدانی كورسیی كۆتاكان وەك پێدان و پاراستنی مافی پێکهاتەكان، نەك بە مەبەستی سیاسی.

خولی سێیەم و چوارەم كۆتایی پێكهاتەكان هاتە ئاراوە بە رێژەی 11 كورسی لە كۆی 111 كورسییەكەی پەرلەمان، بەڵام بەپێی خولەكان كورسی لە مەهامی راستەقینەوە بە لاڕێی سیاسییدا براون و لەجیاتی داكۆكی لە مافی پێكهاتەكانیان، داكۆكی لە سیاسەت و ئەجێندای حزبێكی دیاریكراویان پێدەكرێت، ئەم بیرۆكەیە دوورمەودایە بەو پێیەی هێزی سیاسیی دیكە بە كەمترین دەنگ دەتوانێت ببێتە خاوەنی هێزی كورسیی پەرلەمانی.

رۆڵی ئەو 11 كورسییەی پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی رابردوودا روونە، كە بۆ بەرژەوەندی دیاریكراو ئاراستە دەكرێن و پەرلەمانتارەكان لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانیان دەستیان پێ بەرزدەكرێتەوە.

لەم خولەدا بە هەشت لیستی پێكهاتەكان تەنیا توانیویانە (11 هەزار و 641 هەزار دەنگ) بە دەستبهێنن، بەڵام خاوەنی 11 كورسیی پەرلەمانی كوردستانن، بۆیە هەموو رێگە و شێوازەكانی كۆنترۆڵكردنی ئەو 11 كورسییە خراوەتەكار، چونكە هەر هێزێك لە دەرەوەی پێكهاتەكان بۆ 11 كورسی پێویستی بە ژمارەیەكی قەبە هەیە، نموونەی ئەوەش لیستی یەكگرتووی ئیسلامییە كە خاوەنی 11 كورسیی ئەو خولەیە و بە قەبارەی (142 هەزار و 17 دەنگ) توانیویەتی ببێتە خاوەنی هاوژمارەی كورسی كۆتاكان.

پەرلەمانتار لە نێو لیستی كۆتاكاندا هەیە بە تەنیا 316 دەنگ و بە لیستێكەوە بووەتە خاوەنی یەك كورسیی پەرلەمانی، بۆیە ئەوە هێندەی گەمەی سیاسییە بە كورسیی كۆتا، خزمەتكردن و داكۆكیكردن نییە بە مافی پێكهاتەكان و دواتریش فێڵ و تەڵەیەكی ئاشكرایە لەنێو هۆڵی پەرلەمان، بۆیە بەر لە هەرشتێك پێویستە هەم پەرلەمان و هەم پێكهاتەكانیش لەو دۆخە رزگاربكرێن، ناكرێت هەم پێكهاتە و هەمیش لیست و قەوارەكانی دیكە تەماشاكەری بێدەنگیی ئەم گەمەیە بن، بەتایبەت كە سیناریۆ و نمایش و بەكارهێنانی كورسیی كۆتاكانیان لە هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاردا بینی، كە لە دژی خودی پەرلەمانتار بەكارهێنرا.

 295 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*