سەرەکی » دۆسێ » كۆرۆنا نیگەرانییەكی زۆر لە یەمەن دروستدەكاتپەڕە 24

سیستمی تەندروستی داڕماوە

كۆرۆنا نیگەرانییەكی زۆر لە یەمەن دروستدەكات

سیستمی تەندروستی لە یەمەن لە حاڵەتی داڕماندایە، بەجۆرێك كە وڵاتەكە دەستەوستانە لە بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

زاری شەلال حاسڵ كە پزیشك و بەرپرسی ئیدارەی چاودێری پەتاكانە لە پارێزگەی لەحج و پێشتر بە وردی چاودێری پەتای كۆلێرای كردووە لە یەمەن، بەڵام ئێستا بە درێژایی 24 كاتژمێر كاردەكات بۆ دڵنیابوون لەوەی كە یەمەن ئامادەیە رووبەڕووی نەخۆشی (كۆڤید-19) ببێتەوە.

ئەو هەرچەندە لاوێكی تەمەن سی ساڵانە، بەڵام بێئومێدبوون بە روخسارییەوە دەردەكەوێت.

(بی بی سی) لە زاری شەلالەوە بڵاویكردۆتەوە»حاڵەتی داڕمانی سیستمی تەندروستی لە یەمەن دەردەكەوێت- بە تایبەتی لە دوای ململانێ‌ و جەنگ. نەخۆشخانەكان لێرە كەمن و كەموكوڕییەكی زۆر هەیە لە كەرەستە پێویستەكان بۆ پێشوازیی لە تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا».

شەلال چەند وێنەیەكی وەك بەڵگە بۆ قسەكانی هێناوەتەوە كە تێیاندا پزیشكەكان دەركەكەون كە چۆن پزیشكەكان جلوبەرگی پزیشكی دڕاو و كەمامەی سەرەتاییان لە دەمولوتییان پێچاوە.

بە وتەی شەلال حاسڵ»كەرەستەی خۆپارێزی تایبەتمان نییە. تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا مەشقییان لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ تووشبوان بە (كۆڤید-19) كردووە، بەڵام كەرەستەی خۆپارێزی تایبەت بە خۆیان نییە. رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێویستە ئەو كەلێنەمان بۆ پڕبكاتەوە».

رێكخراوی تەندروستی جیهانی یارمەتی پێشكەش بە 37 ناوەندی كەرەنتینە دەكات و لە یەمەن و كەرەستە و تیمی پزیشكییان بۆ دابینە دەكات. هەندێك لەو ناوەندانە فەرمانگەی تەندروستی بوون و سەرلەنوێ‌ ئامادەكراونەتەوە، هەندێكی تریان تەلاری كۆن بوون و كراون بە نەخۆشخانەی كاتی,. بەڵام بە وتەی شەلال، فاكتەری كەموكوڕی تر هەن.

ئەو پزیشكە یەمەنییە دەڵێت»ئامێری پێوانی پلەی گەرما بە تیشكی ژێر سور نییە، بە هەمان شێوە ئامێری توێكاریی پێویستمان نییە، وێڕای هەموو ئەمانە، ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس نییە بۆ گواستنەوەی حاڵەتە گومانلێكراوەكان».

«روخسارەكان ترسییان پێوە دەركەوێت»
رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، لە هەموو یەمەندا تەنیا چوار ناوەند هەیە بۆ پشكینی ڤایرۆسی كۆرۆنا. لەئێستادا كار بۆ دامەزراندن و ئامادەكردنی ناوەندی پێنجەم دەكرێت.

محەمەد شەماع لە رێكخراوی «منداڵان رزگاربكەن» بە هەمان شێوە نیگەرانە بەرانبەر بە باری نەخۆشخانەكان لە یەمەن كە نیوەیان بەهۆی جەنگەوە لەگەڕكەوتوون و كارناكەن.

شەماع بە (بی سی سی)ی راگەیاندووە»دەكرێت بە ئاسانی ترس بە روخساری پزیشكەكانەوە بەدی بكەیت. هەندێك پزیشكمان هەن لە نەخۆشخانەكان كە حاڵەتەكانی تەنگە نەفەسی ئاسایی دووردەخەنەوە، لە ترسی ئەوەی نەبادا توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنابن، چونكە ئەو پزیشكانە كەرەستەی گونجاوی خۆپارێزییان لەبەردەستدا نییە».

یەمەن لەئێستادا تەنیا 208 ئامێری هەناسەدانی دەستكردی هەیە، لەئێستاشدا وڵاتەكە چاوەڕوانی گەیشتنی 417 ئامێری تر دەكات. ئەمەش دەریدەخات كە یەمەن چەند دواكەوتووە بەراورد بە وڵاتانی تر كە هەزاران ئامێری لەو جۆرەیان هەیە.

تامۆنا سابادزی لە لیژنەی فریاكەوتنی نێودەوڵەتی، دەڵێت»ئەو سیناریۆیەی زیاتر چاوەڕوانكراوە، ئەوەیە كە پێویستە زیاتر لە 18 هەزار قەرەوێڵە بۆ چاودێری چڕی پزیشكی ئامادەبكرێت».

ئەو پێیوایە»تەنانەت لە حاڵەتی دەستبەركردنی ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكردیش، ناكرێت بخرێنەگەڕ بەهۆی بڕانی تەزووی كارەبا و نەبوونی موەلیدەی كارەبایی، تەنانەت گەر موەلیدەكانیش دابین بكرێن، سوتەمەنی نییە بۆ كارپپێكردییان».

شوێنە قەرەباڵعەكان
تائێستا یەمەن چانسی هەیە، بەو پێیەی حاڵەتەكانی توشبوون سنوردارن.

یەكەم حاڵەت لە پارێزگەی حەزرەمۆتی باشوور دەركەوت. پاشان پێنج حاڵەتی توشبوونی تر لە یەمەن تۆماركران، ئەمەش بە پێی لیژنەی باریی نائاسایی كە بۆ چاودێری پەتاكە پێكهێنراوە.

وێڕای كەمی تواناكان، نیگەرانی هەیە بەرانبەر بە هۆشیاری گشتی- یان بەدیوێكی تردا نەبوونی هۆشیاری لەنێو دانیشتوان.

بەهۆی ماندووبوونی حكومەتی یەمەن بەدەست جەنگەوە، پەیامی بەهێزی خۆپاراستنی هاوزشێوەی وڵاتانی تر، لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەمەنییەوە بەدی ناكرێت.
بە بۆچوونی دكتۆر شەلال حاسڵ، لایەنكێكی گەورەی پەیوەندی بە رۆشنبیرییەوە هەیە.

ئەو دەڵێت»یەمەنییەكان بە كۆمەڵ لەدەورەی یەكدی كۆدەبنەوە، بازاڕەكان قەرەوباڵغن و شەقامەكان تەسكن، تەنانەت نەخۆشخانەكانیش پڕن لە خەڵكی، هەموو ئەمانە ئاستەنگن لەبەردەم رێكارەكانی لێكدوورخستنەوەی كۆمەڵایەتی».

print

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*