سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ماڵی په‌ڕه‌سێلكه‌كان

کورتە چیرۆک

ماڵی په‌ڕه‌سێلكه‌كان

شادان ئه‌حمه‌د

خه‌به‌رم بووه‌وه‌. له‌ ماڵێكی گڵینی گونده‌كه‌ماندا بووم. دوانیوه‌ڕۆیه‌كی به‌هاری بوو. قه‌رسیل تا ئه‌ژنۆ هاتبوو. بیرم كه‌وته‌وه‌ له‌ چێشته‌نگاوێكی دره‌نگدا من و دایكم بۆ دییه‌نییه‌كی به‌په‌له‌ هاتووین و بۆ رۆژی دوایی ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شار.

خێرا له‌ناو جێگاكه‌ ده‌رپه‌ڕیمه‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ هاتمه‌ ناو حه‌وشه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌نووره‌كه‌وه‌ گوێم له‌ تریقانه‌وه‌ی ژنه‌كان بوو. هه‌وایه‌كی فێنك به‌ر روخسارم كه‌وت، به‌ره‌و لای ته‌نووره‌كه‌ رۆیشتم، دایكم هێشتا زه‌رده‌خه‌نه‌ به‌سه‌ر ده‌موچاوییه‌وه‌ بوو، پشكۆ گه‌شه‌كانی ناو ته‌نووره‌كه‌ سه‌رنجیان راكێشام.

هه‌ر به‌ پێوه‌ سه‌رم به‌سه‌ر ته‌نووری نانه‌كه‌ی نێو زه‌وییه‌كه‌دا گرت، هه‌ڵاوێكی گه‌رم به‌سه‌ر ده‌موچاومدا هات، بۆنی نانی تیری ئه‌و ناوه‌ی پڕ كردبوو، یه‌كێك له‌ دواوه‌ لچكی عه‌زییه‌كه‌می راكێشا.

«كچێ وا كه‌وتیته‌ ناو ته‌نووره‌كه‌وه‌.»
دایكم وتی: «مارمارۆكه‌ ده‌خۆیت؟»
منیش وتم: «ئه‌گه‌ر به‌ شه‌كره‌وه‌ بۆم دروست بكه‌یت ده‌یخۆم.»
ئه‌و ژنه‌ی عه‌زییه‌كه‌می راكێشا وتی: «شه‌كر به‌س بۆ چایه‌.»

ژنه‌كان دیسان رازی قسه‌یان دابه‌سته‌وه‌.
گه‌ڕامه‌وه‌ ناو حه‌وشه‌كه‌، بینیم ئه‌میره‌ له‌ به‌رهه‌یوانه‌كه‌ به‌ گه‌چه‌ سپییه‌كه‌ی ده‌ستی وێنه‌ی خه‌تخه‌تێنه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویی به‌رهه‌یوانه‌كه‌ كێشابوو، خوشكه‌ بچووكه‌كه‌شی به‌ كه‌مه‌رییه‌وه‌ گرتبوو.

«ئه‌ی تۆ نه‌توت دوای نانی نیوه‌ڕۆ خه‌تخه‌تێن ده‌كه‌ین؟»
«ئاخر خه‌وم لێ كه‌وت.»
««ده‌ی من به‌گم، تۆش قڕه‌به‌.»

له‌و كاته‌دا سه‌رنجم چووه‌ سه‌ر ئه‌و باڵنده‌ بچووكانه‌ی به‌ بنمیچی به‌رهه‌یوانه‌كه‌وه‌- به‌ رایه‌ڵه‌ی یه‌كێك له‌ داره‌كانه‌وه‌ هێلانه‌یان له‌ قوڕ و پووش دروست كردبوو. ئه‌میره‌ زانی وا سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ په‌ڕه‌سێلكه‌كان، كه‌وته‌ باسكردنیان: «په‌ڕه‌سێلكه‌كان هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ خۆیان به‌هار دێننه‌وه‌، هێلانه‌ دروست ده‌كه‌نه‌وه‌، نزایان كردووه‌ هه‌ركه‌س ماڵیان لێ بشێوێنێ ماڵیان لێ بشێوێت. دایكه‌وباوكه‌ی په‌ره‌سێلكه‌كان به‌چكه‌كانیان له‌ناو ئه‌و هێلانه‌یه‌دا به‌خێو ده‌كه‌ن.»

هه‌رچه‌نده‌ كه‌وتبووینه‌ ناو گه‌رمه‌ی یارییه‌كه‌مانه‌وه‌- من خانێك و ئه‌میره‌ دوو خانی خه‌تخه‌تێنه‌كه‌شی گرتبوو- به‌ڵام من هه‌ر خه‌یاڵم لای په‌ره‌سێلكه‌كان بوو، هه‌ر كاتێك دایكه‌وباوكه‌كه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌یری بریقانه‌وه‌ی په‌ڕه‌كانیانم ده‌كرد.

ئه‌میره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌تخه‌تێنی ده‌كرد به‌رده‌ستیی نانكه‌رانی سه‌ر ته‌نووره‌كه‌شی ده‌كرد، نه‌شی ده‌هێشت خوشكه‌ بچووكه‌كه‌ی بگری.

ئێواره‌ داهات. ئه‌میره‌ خه‌تخه‌تێنه‌كه‌ی سڕییه‌وه‌. ئه‌ركی زۆری ئێواره‌ی به‌ سه‌ره‌وه‌ بوو. منیش له‌ لای په‌ره‌سێلكه‌كان مامه‌وه‌.

دوای نانی ئێواره‌ له‌ ژووی سه‌ر هه‌یوانه‌كه‌ مه‌جلیس گه‌رم بوو. من هه‌ر ده‌روژوورم بوو، سه‌یری هێلانه‌ی په‌ره‌سێلكه‌كانم ده‌كرد، به‌ خه‌یاڵی منداڵیی خۆم ده‌ڕۆمه‌ ناو هێلانه‌كه‌یان و ئاگام له‌ به‌چكه‌كانیان ده‌بێ تا دایكه‌وباوكه‌كه‌ دێنه‌وه‌.

بۆ خه‌وتن له‌گه‌ڵ دایكمدا هاتینه‌ ماڵێكی تر، كه‌ ده‌ مه‌ترێك له‌ ماڵی ئه‌میره‌وه‌ دوور بوو. تازه‌ خۆمان له‌ بن جێگا نابوو، زرموهوڕێكی به‌رز ده‌ستیپێكرد. ژن و پیاو و منداڵ هاواریان ده‌كرد. بۆردومان بوو. رامانكرده‌ ژێرخانی ماڵه‌كه‌، دوای دوو-سێ كاتژمێر دنیا خامۆش بووه‌وه‌.

بۆ به‌یانی له‌گه‌ڵ دایكم چووین بۆ خواحافیزی، كه‌ بینیم هاوه‌نێك به‌ر هه‌یوانه‌كه‌ی ماڵی ئه‌میره‌ كه‌وتووه‌. په‌ڕه‌سێلكه‌كان كه‌وتبوونه‌ ژێر داروپه‌ردووی به‌رهه‌یوانه‌كه‌وه‌. هه‌موو خه‌ڵكی گوند دڵخۆش بوون كه‌ له‌ هێرشی شه‌وی پێشوو سه‌لامه‌ت ده‌رچووبوون، به‌ڵام كه‌س خه‌یاڵی لای ماڵی په‌ڕه‌سێلكه‌كان نه‌بوو.

print

 211 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*