سەرەکی » وتار » دکتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا » خۆی بە قەناعەتی منپەڕە 3

خۆی بە قەناعەتی من

*لەسەر لایەکی گون لێی دانیشتووە و بە دەم خۆھەڵکڕاندنەوە بیر لە داتاشینی سەبەبێک ئەکاتەوە بیکات بە عەللاگە و سبەینێ لە دیمانە تەلەفزیۆنییەکەدا موشکیلە بنێشتەخۆشەکەی کارەبای ھەرێمی پیادا ھەڵواسێت.

کەچی خواوڕاستان مەفرەزەیەک سەبەب ھاتنە حزوری کە ئەوەندە جوان و بۆشناخ بوون خوشکی خۆیان عاشقیان دەبوون.

*سەبەبی یەکەم بە دەستکێش و دەمامکەوە دیار بوو سەبەبی تەندروستییە سڵاوێکی ھندستانیانەی لێ کرد و وتی: سەبەبەکە منم .

من لە ترسی کۆرۆنا نایەڵم کۆرییەکان بێن، ئەگینا بە چەقەنەیەک ھەرێم ئەکەن بە لاس فیگاس.

*سەبەبی دووەم کە بە دەفتەرێک چەکی بێ رەسیدی وەزارەتی دارایی خۆی باوەشێن ئەکرد وتی تەندروستی درۆی فەرموو. خەتا بێ و ھەرچییەک بێ منم.

مەعقولە گوێی خۆیان لەو ھەموو قەرزەی ئەحمەد ئیسماعیل کەڕ کردووە؟

*نەفەری سێھەم کە بە جلە خەتخەتەکەیدا دیار بوو شتێکی زلە لە وەزارەتی نەخشەکێشاندا بەگوڕ ھاتە پێشەوە بەڵام لە تەریقیدا ھیچی پێ نەوترا .

*چوارەمین سەبەب شتێک بوو ھەم لە ئەتڵەس ئەچوو ھەم لە خەریتەی فیدەرەکانی دائیرەی کارەبا.

-عەلاکولین بە ئیشارەت کاکەی حاڵی کرد کە جوگرافیا سەبەبی عیللەتەکەیە، بەرزی و نزمیی کوردستان ناھێڵێ عەلەتریکەکە بە عەدالەت دابەش ببێ. بەڵام کارەبا بە عەکسی ئاوەوە دایم سەربەرەو ژوور ئەڕوا فەلەبەرئەوە کارەبای گرد و شاخ و بڵندییەکان شوکور ھیچ موشکیلەیەکیان یۆخ.

*نەفەری دوای ئەو تەئریخی سەرو ریش ھاتوو بوو، سەلامی لە حازریی کرد و فەرمووی بەڕاستی ئێوە گا بە گوندا ئەناسن.

خۆی بەقەناعەتی من ئینسان ئەگەر یەک زەڕە ئەقڵی ھەبێ ئەزانێت ھەر مەسەلەیەک بە بیست و ھەشت ساڵ حەل نەکرێت ئەبێ بە موشکیلەیەکی تەئریخی و باقی وەسسەلام.

print

 605 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*