سەرەکی » ئاراستە » مەحمود،لە سێبەری دارەکەی قەرەداخەوە بۆ هەیئەی خاسەپەڕە 22

دەبوایە زیندان شەرمی لێ بکردایە

مەحمود،لە سێبەری دارەکەی قەرەداخەوە بۆ هەیئەی خاسە

عەبدولقادر شكاك

کەمناڵ بووم بەو پێیەی تاقانە بووم و لە خێزانێکی بچوکماوەی سێ کەسیدا دەژیاین و ناوی خۆمان نابوو خێزان لە دایکێکی نەخۆش و خوشکێکی چەند ساڵ لەخۆم گەورەتردا ژیانمان بەڕێ دەکرد ، باوکم لە تەمەنی چوارساڵیم دا تەمەنی درێژی بۆ ئێوە بەجێهێشت و بە هۆی سەرقاڵی و کولەمەرگی ژیان و هاتووچۆی شارەکانی بەغدا و موسڵ و خانی بەنی سەعد و تەی کردنی سنوورەکانی ئێران بۆ هێنان و بردنی جەڵەبی ئاژەڵ ،نەیتوانی باوکایەتی خۆی لە هەناومدا جێگیر بکات و ئەو چوارساڵەی کە بووەتە باوکی من کەمترین دیدار و چاوپێکەوتن و بەریەککەوتنمان بووە ، تا ئێستاش لە بیری قوڵدام … تا …. تاسەیەک ، سۆزێک هەڵس وکەوتێک ، شێوەیەکی وە بیر خۆم بهێنمەوە بەڵام ئەفسوس ، مایە پووچ و دەستبەتاڵیم بۆ دەمێنێتەوە و خۆزگەو خولیاکانم دەخەمە ناو دوو توێی یەکێک لە کتێبەکانم و لە ئەرشیفی خەیاڵدانمدا هەڵیدەچنم ، هەندێ جاریش پێم خۆشە کاتێک کەسێکی پیری جوان دەبینم و خوازیار دەبم لە دڵەوە بڵێم ئەو پیاوە نوورانی یە لە ڕەحمەتی باوکم دەچێ و بچم بە هۆیەک لە هۆیەکان تێر تێر ماچی بکەم ، بەڵام ئەمیشیانم لە سنووری حەزەکانم تێپەڕ ناکاو لەو خەوە بەهەشتی یە بە ئاگا دێمەوە و ڕۆحم دەبێتەوە بە بار بەسەر جەستەی شەکەتمەوە ، هەرچەندە تەمەن هەڵبکشێ بەڵام منداڵ لە ئاستی گەورەیی دایک و باوکدا هەر مناڵەوە و خوازیاری ئەوەیە پەڵپ و و ناز و گوڕووی پێ بگرێ ، ڕاستە زۆر جار ڕوویداوە کە یەکێک لە هاوڕێ لە تەمەن بەجێماوەکانی باوکم دەبینم خێرا بەرەو ڕوویان دەڕۆم دەچمە خزمەتیان و دەستیان ماچ دەکەم و خۆشەویستی و بچوکی خۆمیان بۆ دەردەبڕم ، بەڵام بە داخەوە ئەوانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ مەرگ دەرگایان پێدەگرێ و بەرەو دنیای ئەبەدی هەنگاو دەنێن ، ئەگەر نووسەرێکی بەسەلیقە هەبووایە ئەوا ئەم سەرگورشتەیەی ئێوەم پێوە خەریک کردووە ، دەیکردە ڕۆمانێک و هەندێک بابەتی پاراوتری تێکەڵ دەکرد و لە کۆتایشدا دەبووە ڕۆمانێکی پڕ تیراژ و پڕ خوێنەر ، بەڵام ڕەنگە من نەتوانم ئەمانە چ بە نووسین و چ بە زمان بدرکێنم و ئەو توانا جەوهەریەم تیا نەبێت ، کە دەڵێ لە نێوانی زمان و عەقڵ دا پەیوەندی پێچەوانە هەیە ، تا عەقڵ بچوک بێت ئەوە زمان درێژ دەبێت بە پێچەوانەشەوە تا عەقڵ گەورە بێت زمان کورت و بچوک دەبێتەوە ، ڕەنگە من بەشێک لە زمان کورتەکانم بەرکەوتبێت .

هەرکەس هەواڵپرسی منی لەدایکم دەکرد نزا هەر دارەکەی قەراخ بوو ئەو دارەی کە لە زمانی ئاخافتنی کوردیدا جێگا و ڕێگای خۆی کردۆتەوە و لای من و لەو کاتەوەی کە گوێم زرنگاوەتەوە بە ووشەی کوردی لە هزر و ڕۆحی مندا ئامادەیی بووە و هەیە ، بەڵام تا ئێستاش کە تەمەن هەڵچووە نە ئەو دارەم دیووە و نە سەردانیشم کردووە بەڵام خۆشم بە بەشێک لە جەستەی ئەو دارە زانیووە ، ئەوەی کە بیستراوە ئەو زاراوەیەیە کە تێکەڵ بە نزا کردن بووە بۆ تاقانەکان ، کە پەل و پۆ بداتەوە و نەوە بخاتەوە تا وەجاخ و گوێ ئاگردان کوێر نەبێتەوە ، ئەمەش زیاتر لە ژێر کاریگەری ئاینی پیرۆزی زەردەشتی پەیامبەر و فەیلەسوف دا سەرچاوەی گرتووە چۆنکە ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەڵکی کورد لە کوژانەوەی ئاگر و بە تایبەت لە ئاگری وەجاخ دا خۆیان پاراستووە و دەپارێزن و چەندینجار ووشەی بسم للە بەسەر زاریاندا دێت چۆنکە ئاگر پیرۆزە و دەبێت بەردەوامی هەبێت و هەر بە پیرۆزی بمێنێتەوە ، دەڵێن زۆرترین مێژووی ڕابووردوی مرۆڤایەتی بەندە بە خەسڵەتی مرۆڤە تاقانەکان و چاوی ڕۆژگاریان لە ئاستی سەری خۆیاندا ڕاگرتووە و مێژوویان بە کارە دەگمەنەکانیانەوە سەرقاڵ کردووە ، کە زۆرینەیان لە پارسەنگی باشەدا بۆ بەرژەوەندی گەلەکانیان خۆی دەبینێتەوە ، هەندێکی کەمیشیان لە خۆپەرستی و ڕقی تەنیایدا بەشێک لە مرۆڤایەتیان لە ئاستی خەسڵەتی توڕەبوونی خۆیاندا وورد و خاش کردووە ، مەحموود قەرداغیش یەکێکە لەو مرۆڤە تێکۆشەر و تاقانانەی کوردە ، کە لە سەردەمی ترسدا لە دایک بووە و لە نەهامەتیدا گەورە بووە ، بۆیە لە گروپی یەکەم دا خۆی دەبینێتەوە ، لە داخی زوڵم بێ ڕەوشتی دوژمنانی گەلەکەی توانی ڕق و توڕەی و تەنیای خۆی بڕژێ بەسەر جەللادەکانی ڕژێمی مرۆڤکوژی بەعس دا ، تا دوا تیری ناو کەوانی دوژمن شەڕی مانەوەی میللەتێکی دەکرد و توانی پێیان بسەلمێنێ ، کە دەتوانێ ئیرادەی بەعس لەناو چوار دیواری کۆنکرێت دا لەژێر قامچی و کارەبا و شەڕی دەروونیدا ڕاگرێ … ، خائینەکانی وەک یەهوزا چۆن عیسای مریەمیان بە لەخاچدان دا ، ئاواش کورد زمانە هەڵخەڵەتاوەکانیش ڕۆژانە مامۆستا مەحموود یان لەخاچ دەدا بەڵام لە ڕاستی ووتن و وەفا بۆ ڕێبازی بیری نەتەوەیی خەونەکانی دوژمنانی لە گۆڕدەنا ،

کاتێک لەسەر ڕاستی وتن حەزرەتی ئیبراهیم لە گڕکانی ئاگردا بێباکانە جێدەهێڵن و ناسوتێ و ملی ئیسماعیل لە چەقۆی قوربانی ناسوێ ، چۆنکە ئەو دەیزانی مرۆڤی ترسنۆک ناژی بەڵکو تەنیا هەوا هەڵدەمژێ و ژێر ئەشکەنجەی دوژمنی بەلاوە پیرۆزتر بووە ، وەک چۆن مردن لای مەغۆڵەکان بەسەر پشتی ئەسپەوە شەرەف و پیاوەتی بووە ، ئەمیش بە هەمان ڕیتم بۆ بەرگری لە پاکتاوی نەتەوەیەک مردنی شەرەفمەندانەی هەڵدەبژارد ، مامۆستا مەحموود ئەو وتە بەناوبانگەی لینینی توڕهەڵدا کە دەڵێت : ( ڕۆشنبیران بە تواناترین کەسن لە خیانەت کردندا لەبەر ئەوەی بە تواناترین کەسن بۆ پاساودانی ) خۆ مامۆستا کەسێکی کامڵی ڕۆشنبیری پڕ زانیاری و پڕ ڕامیاری بوو ئەی بۆ لە زینداندا نەک خیانەتی نەکرد بەڵکو جەللادەکانی بەعسی شەرمەزار کرد و بە چۆکیدا هێنان مامۆستا هەرگیز برینەکانی جەستەی پیشانی دوژمنان نەئەدا چۆنکە دەیزانی لە کۆتایدا لەو شوێنە لاوازانەوە تەنگیان پێ هەڵدەچنی ، ئەو لە ڕوانگەی ئەوشیعرەوە لە دوا ڕۆژی نەتەوەکەی

دەڕوانی کە مەلەکشا دەڵێ :

دیوانی شیعری حەللاجم ئەخوێندەوە
تەنیا یەک وشەی تێدا بوو؛
«انا الحق» ی لەداردراو

دیوانی شیعری باڵندەی
نێو قەفەزم ئەخوێندەوە
تەنیا یەک وشەی تێدا بوو؛
«ئاسمان»ـێکی لەتلەتکراو

دیوانی شیعری شاعیرێکی
بێ وڵاتم ئەخوێندەوە تەنیا
یەک وشەی تێدا بوو؛
«نیشتمان»ـێکی چوارپەلبڕاو

دیوانی شیعری کوردێکی
دیلی چاوەڕوانی مەرگم ئەخوێندەوە تەنیا
سێ وشەی تێدا بوو؛
«انا الحق»ـێ لەداردراو
«ئاسمان»ـێکی لەتلەتکراو
«نیشتمان»ـێکی چوارپەلبڕاو

ـــــــــــــــــــ
دەبێت شۆڤێنیەکان چ وەڵامێکێان پێ بێت بۆ ئەم وتەیەی ماهاتما غاندی کە دەڵێ : ( شارستانیەت و ئاستی هوشیاری گەلان کاتێک دەرئەکەوێت ، کە لەگەڵ گیانداران بەسۆز و میهرەبان بن ) لە کاتێکدا ئەوان نەک گیانداران بەڵکو مرۆڤەکان لە ژێر دار و فەلاقەدا ئنجن ئنجن دەکەن مامەڵەی مرۆڤ بونیان تێدا دەسڕنەوە یان ئەوەتا خوازیاری بینینی ئەو ڕستەیە نابن و خۆیانی لێ لائەدەن یان سەری شۆڕی پەشیمانی نەوی دەکەن ، دەبینین لە کاتێکدا گۆی زەوی بە بارستاییەکی بەدەر لە خەیاڵدانی مرۆڤ بە بارگەی هەوا گیراوە ، کەچی جەللادەکانی عەرەب دەیان تێکۆشەریان لە ژوورێکی چەند مەتری دا ، بەسەریەکدا خزاندووە و نەیان دەهێشت پڕ بەسییەکان هەوا هەڵمژن کەچی باسی مرۆڤایەتی و نیعمەتەکانی بەعس یان بە گوێی خەڵکیدا ئەدا و منەتباریان دەکردین .وەکو ئەو نیعمەت و دەستەگوڵەی کە بە دیاری ناردیانەوە بۆ خێزانە سەرلێشێواوەکەی نووری قشڵاخلو لە کاتێکدا نووری

٭ تاقانەی چەند خوشک و دایکێکی کڵۆڵ بوو تەنیا ئەرکێکی نیشتیمانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کرد و کوردبوونی خۆی سەلماند ، تا ڕاپێچی ئەمنی قوشتەپە کرا و ئەویش مەردانە توانی هەڵبێت و هەرچەندە خۆی کێشایە ماڵێکی ئەو دەورو بەرە بەڵام ماڵەکە ماڵ نەبوو بەڵکو کونە سۆزانیەکی ماڵە بەعسی و جێگای هەوەسبازانی شەوانی ئەمن بوو ، بۆیە ڕژێم بە ئاگا دەهێنن و دەستگیری دەکەنەوە ، ئەوانیش هەرچیان پێکرا لە ئەشکەنجەو ئازار و شەڕی دەروونی نەیانتوانی هیچی پێ بدرکێنن و پاشان سزای مەرگی ئەدەن و پێنج مناڵی وورد و دایک و خوشک و ژنێکی گەنج بە حەسرەتەوە بۆ کوردستان جێدەهێڵێ ، تاقانەکان سەرە تیری ئاسنینی نێو کەوانی دەستی گەل بوون و دەچەقینە سەر دڵی دوژمنانی کوردەوە ، مامۆستا مەحموود وەک هەرتاقانەیەکی چەند خوشک و دایکی کەچی بۆتە مامۆستای کوردایەتی نێو زیندان و ڕێچکە شکێنی دوژمن بەزێن و سەرکردایەتی ژوورە تاکەکەسیەکانی هەیئەی خاسە دەکات و بۆتە دارەکەی قەراخ و هێندە پەلو پۆی داوەتەوە لە هەیئەدا ، ئەمەش نزا گیراوەکانی ئەفسانەی خەیاڵدانی کۆمەڵگای کوردی و داهێنەری دینی مرۆڤپەروەریمان دەسەلمێنی تا بتوانین لەو ڕێگەیەوە مرۆڤایەتی لە کەناری ئارامی دادپەروەریدا لەنگەر پێ بگرین ، لە مێژووی دوور و نزیکی کورد دا مەحموودە فریادڕەسەکان زۆربوون کە لاپەڕەکانی ڕابردوویان بە کارە نایابەکانیانەوە جوانتر نەخشاندووە و بونەتە ئیلهام بەخشی نێو شیعری کوردی .

print

 245 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*