سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئه‌كته‌ری دڵخوازی من،رۆبێرت دی نیرۆ

ئه‌كته‌ری دڵخوازی من،رۆبێرت دی نیرۆ

ئاماده‌كردنی: شڤان نه‌وزاد

رۆبێرت ماریۆ دی نیرۆ جۆنیۆر، له‌ دایكبووی: 1943 ئه‌مریكییه‌، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئیتالییه‌ باوباپرانی له‌ كۆچه‌ره‌ ئیتالییه‌كانن بۆ ئه‌مریكا شوێنی له‌ دایكبوونی ئه‌مریكا ـــ نیۆرك، پیشه‌: ئه‌كته‌ر، ده‌رهێنه‌ر، به‌رهه‌مهێنه‌ر، ئایینی مه‌سیحی كاسۆلیكییه‌، دایكی ڤێرجینیا ئه‌دمیراڵ (1915 ـــ 2000)، شاعیر، وێنه‌كێش و چالاكوانی مه‌ده‌نی بووه‌ و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانی بوو. باوكی رۆبیرت دی نیرۆ (1922 ـــ1993) وێنه‌كیش و شاعیر و په‌یكه‌رتاش بوو، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك (ئیتالی/ئیرله‌ندی) له‌به‌رئه‌وه‌ی دایك و باوكی دوو هونه‌رمه‌ندی ناوداری ئه‌و كاتی ئه‌مریكا بوون به‌ (دوانه‌ی ئاڵتوونیی) ناوبانگیان ده‌ركردووه‌، به‌ڵام ساڵی 1945 كاتێك دی نیرۆ ته‌مه‌نی دوو ساڵه‌ لێك جودا ده‌بنه‌وه‌. سه‌ره‌تاكانی ژیانی رۆبێرت دی نیرۆ ژیانی خێزانی ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ وه‌ك هه‌موو ئه‌و كۆچه‌رانه‌ی له‌ ئیتالیاوه‌ چوون بۆ ئه‌مریكا یه‌كێكه‌ له‌ وێستگه‌كانی مێژووی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌، به‌ڵام جیاواز له‌وانی دیكه‌ دایك و باوكی بوون به‌ دوو گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی چل – په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیست، واته‌ ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی هونه‌ریدا چاوی كردۆته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینین دی نیرۆ ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ی (لیتڵ ڕێد) به‌ڵام له‌و قوتابخانه‌یه‌ ده‌رده‌هێنرێت و ده‌نێردرێت بۆ قوتابخانه‌ی هونه‌ر و مۆسیقا به‌ڵام له‌ ته‌مه‌نی (13) ساڵی له‌و قوتابخانه‌یه‌ دوورده‌خرێته‌وه‌، پاشان په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ستۆدیۆی (ستێلا ئادله‌ر)ه‌وه‌ بۆ نواندن، له‌ كاتێكدا ئه‌م ستۆدیۆیه‌ له‌سه‌ر رێبازی ستانسلاڤیسكی بو بۆ نواندن، دواتر له‌گه‌ل (لی ستراسبێرگ) له‌ ستۆدیۆیه‌كی تایبه‌ت له‌ نیۆرك ده‌ستیكرد به‌ مه‌شق بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌كته‌رێكی ناوچه‌یی و گوندییه‌وه‌ ببێته‌ ئه‌كته‌رێكی جیهانی، له‌به‌رئه‌وه‌ ژیانی هونه‌ری له‌ ته‌مه‌نی (10) ساڵییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌ رۆڵی شانۆیی (شێری ترسنۆك)، پاشان له‌ ته‌مه‌نی (18) ساڵی كۆچ ده‌كات بۆ فه‌ره‌نسا و له‌ ته‌مه‌نی (20) ساڵیدا ده‌چێته‌ نێو جیهانی سینه‌ما.

ژیانی خێزانی رۆبێرت دی نیرۆ: دی نیرۆ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی (1976 ـــ1988) ژیانی هاوسه‌ریی له‌گه‌ڵ خانمه‌ ئه‌كته‌رێك و گۆرانیبێژ (دیانا ئابوت) پێكده‌هێنێت و ده‌بنه‌ خاوه‌نی منداڵێك به‌ ناوی (رافاێل ـــ 1976) دیانا ئابوت پێش ئه‌وه‌ی هاوسه‌ریی بكات له‌گه‌ڵ دی نیرۆ خاوه‌نی كچێكه‌ به‌ ناوی (درینا ـــ1971) پاشان دی نیرۆ هه‌ڵیده‌گرێته‌وه‌ وه‌كی كچی خۆی ناوی تۆمارده‌كات پێش ئه‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌ری دروست بكه‌ن كچه‌كه‌ به‌ ناوی ( درینا دی نیرۆ) ناونووس ده‌كرێت، دواتر پاش دوانزه‌ ساڵ له‌گه‌ڵ ئابوت لێك جودا ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر دی نیرۆ په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێت له‌گه‌ڵ كچه‌ مۆدێل (توكی سمیس) و دوانه‌یه‌كی كوڕی هێناوه‌ته‌ دنیاوه‌ به‌ناوی (جویان، ئارۆن ــ 1995)، پاشان دووباره‌ ژیانی هاوبه‌ش پێكده‌هێنێت له‌گه‌ڵ خانمه‌ ئاكته‌ر و گۆرانیبێژ (گره‌یس هایتاوه‌ر) ساڵی (1997 ــ 2018) و ده‌بنه‌ خاوه‌نی دوو منداڵ به‌ ناوی (ئیلیوت ــ 1998) و (هێلین ـــ2011) ده‌ركه‌وتنی هونه‌ری: ژیانی هونه‌ری دی نیرۆ له‌ شانۆوه‌ ده‌سپێده‌كات به‌ڵام به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م پێده‌نێته‌ جیهانی سینه‌ما و شاشه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی و ساڵی (1963) و له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵی یه‌كه‌مین ئه‌زموونی سینه‌مایی ده‌سپێده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر (برایان دیپاڵما) به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی راسته‌قینه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی (1965) له‌ فیلمی Three rooms in Manhattan، دووه‌م ده‌ركه‌وتنی له‌ ساڵی (1968) له‌ فیلمی (Greetings) پاشان سێیه‌م ده‌ركه‌وتی له‌ ساڵی (1969) له‌ فیلمی (Som´s song) چواره‌م ده‌ركه‌وتنی له‌ ساڵی (1970) له‌ فیلمی (Hi,Mom)، توانی جه‌ماوه‌رێكی زۆر بۆ خۆی رابكێشێت و بچیته‌ دڵی بینه‌ری سینه‌ماوه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ ساڵی (1973) له‌ فیلمی (Bang the Drum slowly) ئیدی له‌م فیلمه‌وه‌ توانی سه‌رنجی ده‌رهێنه‌ری مه‌زن مارتن سكۆرسێزی بۆ خۆی رابكێشێت یه‌كه‌مین كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ن له‌ ساڵی (1973) بۆ فیلمی( Mean Streets) و دووه‌مین كاری هاوبه‌شیان له‌ ساڵی (1976) له‌ فیلمی(Taxi Driver) مێژوویه‌كی قه‌شه‌نگ بۆخۆیان تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ك و ده‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنه‌كه‌ی دی نیرۆ له‌لایه‌كی دیكه‌ له‌ ساڵی (1974) له‌ فیلمی (Godfather part ll) له‌ رۆڵی (دۆن ڤیتۆ كۆرلیۆن)ی گه‌نجی ده‌رهێنه‌ری گه‌وره‌ی مێژووی سینه‌ما (فرانسیس فۆرد كۆپۆلا) كه‌ ئه‌م فیلمه‌ی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار دی نیرۆ خه‌ڵاتی ئۆسكار بباته‌وه‌. دی نیرۆ له‌ ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكان له‌ سه‌ركه‌وتنه‌ سینه‌ماییه‌كانی به‌رده‌وام بوو به‌تایبه‌ت ساڵی (1980) توانی دووباره‌ مێژوویه‌كی دیكه‌ بۆ خۆی بنووسێته‌وه‌ و ببێته‌وه‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار له‌ فیلمی (Raging Bull) هه‌ڵبه‌ت لێهاتوویی دی نیرۆ له‌و خاڵه‌دایه‌ كه‌ ده‌توانێت چه‌ندین رۆڵی جیاواز و دوور له‌یه‌ك بگێڕێت و سه‌ركه‌وتووش بێت له‌و رۆڵانه‌ بۆ نموونه‌ (مافیا، كه‌سایه‌تی وه‌رزشی، كۆمیدی، شۆفێری تاكسی، مۆسیقار، سه‌رباز…) هتد،

هه‌روه‌ها لێهاتوویی له‌وه‌ی بتوانێت خۆی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی رۆڵه‌كه‌ی زۆر نزیك بكاته‌وه‌ بۆ نموونه‌ بۆ فیلمی(Raging Bull) 30 كیلۆ له‌ كێشی خۆی زیاد بكات، یاخود بۆ فیلمی (Taxi Driver) چه‌ندین هه‌فته‌ بووه‌ شۆفێری تاكسی، یاخود بۆ فیلمی (New York; New York) خۆی فێری ژه‌نینی سه‌كسیفۆن بكات، یاخود بۆ فیلمی (Godfather) بۆ پتر له‌ چوار هه‌فته‌ له‌ شاری سقڵیه‌ بمێنیته‌وه‌ و خۆی بۆ ئه‌وه‌ی فێری زمانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌ مه‌زنه‌كان چاوی لێببڕن و كاری له‌گه‌ڵ بكه‌ن له‌وانه‌ (مارتن سكۆرسێزی، فرانسیس فۆرد كۆپۆلا، سێرجیۆ لیۆن، كوینتین تارانتینۆ)، دی نیرۆ یه‌كێكه‌ له‌ پڕ به‌رهه‌مترین ئه‌كته‌ری مێژووی سینه‌مای جیهان و خاوه‌نی پتر له‌ (105) فیلمه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ (20) ده‌وڵه‌مه‌نترین ئه‌كته‌ر داده‌نریت له‌ جیهاندا و سه‌روه‌ته‌كه‌ی به‌ (300) ملیۆن دۆلار ئه‌خه‌مڵێنرێت. رۆبێرت دی نیرۆ و مارتن سكۆرسێزی: به‌هۆی نواندنه‌ قه‌شه‌نگه‌كانی دی نیرۆ و ده‌رهێنانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی سكۆرسێزی وایكردووه‌ چوار ده‌یه‌ كاری هاوبه‌شی سینه‌ماییان به‌رده‌وام بێت له‌وانه‌:

چوار ده‌یه‌ كاری هاوبه‌ش
1-فیلمیMean Streets ــــ 1973 یه‌كه‌مین كاری پێكه‌وه‌یی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌م فیلمه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست نه‌هێنا، به‌ڵام جێی ره‌زامه‌ندی بینه‌ربوو و بووه‌ هۆی دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نیوان هه‌ردووكیان.

2-فیلمیTaxi Driver ـــ 1976 ئه‌م فیلمه‌ سه‌ركه‌وتنێكی ئێجگار ناوازه‌ی به‌ ده‌ست هێنا له‌لایه‌ن هه‌م هونه‌ری و هه‌م بینه‌ر و بووه‌ پاڵێوراوی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار و گۆڵدن گڵۆب و بووه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی بافتای به‌ریتانی بوو به‌ یه‌كێك له‌ باشترین فیلمی سینه‌مای ئه‌مریكی و له‌ رێزبه‌ندی (52) له‌ سه‌د باشترین فیلم وه‌ستا.

3-فیلمیNew York, New York ـــ 1977 به‌پێچه‌وانه‌ی ستایلی سیناریۆكانی پێشوو ئه‌م فیلمه‌ ژانری مۆسیقییه‌ و باسی ژه‌نیارێكی ساكسیفۆن و دوو گۆرانیبێژی ژن و پیاو ده‌كات و ده‌یانه‌وێ به‌ناوبانگ بن و بۆ خه‌ڵاتی گۆڵدن گڵۆب پاڵێوراوه‌.

4-فیلمیRaging Bull ــــ 1980 ئه‌م فیلمه‌ ژانری وه‌رزشییه‌ و سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ براوه‌ی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار، گۆڵدن گڵۆب، بافتاو خوی دی نیرۆ ئۆسكاره‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

5-فیلمیThe King of Comedy ـــ 1982 ئه‌گه‌ر چی ئه‌م فیلمه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندندا به‌ فیلمێكی مامناوه‌ند دیاریكرا به‌ڵام بینه‌ر و داهاتێكی زۆری كۆكرده‌وه‌، كه‌ باس له‌ كه‌سێك ده‌كات به‌ناوی (رۆبێرت) هه‌وڵ ده‌دات ببێته‌ كۆمیدییه‌كی به‌ناوبانگ.

6-فیلمیGoodfellas ـــ 1990 ئه‌م فیلمه‌ سه‌ركه‌وتنێكی زۆر باشی به‌ ده‌ستهێناو بووه‌ براوه‌ی خه‌ڵاته‌كانی (ئۆسكار، بافتا) و بووه‌ باشترین فیلمی تاوانكاری.

سه‌ركه‌وتنێكی مامناوه‌ندی به‌ ده‌ستهێنا
7-فیلمیCape Fear ـــ 1991 فیلمێكی ترسناكی ده‌روونییه‌ و سه‌ركه‌وتنێكی خه‌یاڵی به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ پاڵێوراوی ئۆسكار، چیرۆكێكی هه‌ست بزوێنه‌ و ده‌رباره‌ی تاوانبارێك كه‌ چوارده‌ ساڵ زیندانی ده‌كرێت و پاش ته‌واوكردنی ماوه‌ی یاسایی ئازاد ده‌كرێت و ده‌ستده‌كات به‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی.

8-فیلمیCasino ـــ1995 ئه‌م فیلمه‌ش سه‌ركه‌وتوبوو به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ پۆلێنی فیلمه‌ تاوانكارییه‌كانه‌ و پاڵێوراوه‌ بۆ ئۆسكار و توانی گۆڵدن گڵۆب بباته‌وه‌، چیرۆكه‌كه‌ باس له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قومارخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات له‌ لاس ڤێگاس و له‌ رووداوی راستی ساڵه‌كانی حه‌فتاوه‌ وه‌رگیراوه‌.

9-فیلمی The Irishman ـــ2019 فیلمێكی سه‌ركه‌وتووی درێژه‌ و به‌یاوه‌ری هه‌ردوو ئه‌كته‌ری ناودار ئالپاچینۆ و جۆپێشی به‌ڵام به‌ به‌راود به‌ فیلمه‌كانی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتنێكی مامناوه‌ندی به‌ ده‌ستهێنا، چیرۆكی فیلمه‌كه‌ له‌ رووداوی راستی ژیانی مافیایی (جیمی هۆفا) یه‌ و باس له‌ دیارنه‌مان و كوشتن ئه‌م مافیایه‌ ده‌كات له‌ ساڵی (1975)، به‌ ده‌ستی كه‌سێكی ئێرله‌ندی، به‌ڵام به‌ شێوازی بیره‌وه‌ریی ده‌گێڕدرێته‌وه‌.

(6)جار پاڵێوراوه‌ بۆخه‌ڵاتی بافتا
10-فیلمیKillers of the Flower Moon ــ 2021 فیلمێكی تاوانكارییه‌ له‌لایه‌ن (ئیریك روس)ه‌وه‌ نووسراوه‌ و به‌یاوه‌ری ئه‌كته‌ری لێهاتوو لیۆناردۆ دی كاپریۆ هێشتا په‌خش نه‌كراوه‌. خه‌ڵاته‌كان: (2)جار خه‌ڵاتی ئۆسكاری به‌ده‌ستهێناوه‌ و (8)جار پاڵێوراوه‌ بۆ هه‌مان خه‌ڵات. (2)جار خه‌ڵاتی گۆڵدن گڵۆبی به‌ده‌ستهێناوه‌ و (10)جار پاڵیوراوه‌ بۆ هه‌مان خه‌ڵات. (6)جار پاڵێوراوه‌ بۆخه‌ڵاتی بافتا. (7)جار پاڵێوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی ئه‌كادیمیای به‌ریتانی.

(4)جار پاڵێوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی ئیمی. خه‌ڵاتی شێری ئاڵتوونی( 1993) خه‌ڵاتی تایبه‌ت بۆ شانۆی جیهان (1987) خه‌ڵاتی دونوستیا (2000) خه‌ڵاتی ده‌ستكه‌وته‌كانی ته‌مه‌نی په‌یمانگای فیلمی ئه‌مریكی (2003) خه‌ڵاتی سیسیل بی دومیل2010.

print

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*