سەرەکی » هەواڵ » لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك: په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی مام جه‌لال

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك: په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی مام جه‌لال

پارێزگاری كه‌ركوك: ئه‌م هه‌نگاوه‌ هۆكارێكه‌ بۆئه‌وه‌ی دۆخێكی ئیجابی بۆ پێكه‌وه‌ژیان هه‌بێ

به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی گیراوانی كه‌ركوك كه‌ له‌ زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن به‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ له‌و شاره‌، رۆژی 19/5/2020 له‌ دیوانی پارێزگای كه‌ركوك كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان لێپرسراوانی باڵای ئیداری و ئه‌منیی شاره‌كه‌ و مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی به‌ڕێوه‌چوو.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خرایه‌ڕوو ‌و هه‌ریه‌ك له‌ راكان سه‌عید جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت و فه‌ریق روكن سه‌عد حه‌ربیه‌ فه‌رمانده‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ له‌ كه‌ركوك، ستایشی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌یان كرد و به‌ هه‌نگاوێك بۆ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندیی نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك وه‌سفیان كرد.

دۆخێكی ئیجابی بۆ پێكه‌وه‌ژیان
له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی باش ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ویش تاوتوێ ‌و كاركردنه‌ بۆ راده‌ستكردنی گیراوان ‌و زیندانیكراوان له‌ گرتووخانه‌كانی پارێزگای سلێمانی، به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ. وتیشی: كاتێك داوامانكرد له‌ سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كه‌ركوك، بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و دۆسێ هه‌ستیار ‌و مرۆییه‌، یه‌كێتیش وه‌ڵامێكی خێرای بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و دۆسێیه‌ هه‌بوو.

روونیشیكرده‌وه‌: پێشتریش چه‌ند دیدار ‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌و ئاراسته‌یه‌ كراوه‌ ‌و ئه‌مڕۆش مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌یان كرد، كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ هه‌مووان ‌و ئه‌م هه‌نگاوه‌ هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆخێكی ئیجابی هه‌بێت بۆ پێكه‌وه‌ژیان.

ئه‌و كێشانه‌ی له‌ رابردوودا روویانداوه‌، دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، محه‌مه‌د عوسمان لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆك ‌و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ ئامۆژگاری كراین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می بۆشایی ئەمنیدا لە کەرکوک گیراون، راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ بكه‌ینه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ین له‌ ئێستا به‌دواوه‌ ‌و ئه‌و كێشانه‌ی له‌ رابردوودا روویانداوه‌، دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌. وتیشی: له‌ سه‌رده‌می سه‌دام حسێن ‌و حزبی به‌عسدا هه‌ر كوشتن ‌و بڕین ‌و تاڵانی ‌و ده‌ركردن بوو، له‌ دوای 2003 شه‌وه‌ تاكو ئێستا هه‌ر شه‌ڕ ‌و كوشتن ‌و وڵات كاولكردنه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت میلله‌ته‌كه‌مان به‌ ئاشتی ‌و ئارامی بژی، ده‌مانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی تازه‌ بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی هه‌موولایه‌ك نه‌ك له‌ كه‌ركوك، به‌ڵكو له‌ هه‌موو عیراقیش له‌ سێبه‌ری سیاسه‌تی یه‌كێتیدا مامه‌ڵه‌ ‌و كار بكه‌ن.

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك راشیگه‌یاند: له‌ بڕوابوونمان به‌ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال ‌و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌ ناو رۆڵه‌كانی كه‌ركوكدا، ده‌ستپێشخه‌ریمان كرد كه‌ هه‌موو ئه‌و به‌ندكراوانه‌ی له‌ كاتی بۆشایی ئه‌منیدا له‌ كه‌ركوك، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، راده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی عیراق له‌ پارێزگای كه‌ركوك بكرێنه‌وه‌.

لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان
جه‌ختیشیكرده‌وه‌: وه‌ك یه‌كێتی بڕیارمانداوه‌ كه‌ هه‌رچی به‌ندكراوێك لای ئێمه‌ بێ، راده‌ستی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك ‌و هێزه‌كانی فیدراڵیان بكه‌ینه‌وه‌ ‌و ئه‌وان به‌رپرسن كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌ته‌دا بكه‌ن. وتیشی: له‌ ماوه‌ی رابردووشدا كاتێك ئه‌م به‌ندكراوانه‌ گیراون، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی فیدراڵ له‌م ناوچه‌یه‌ بووایه‌، پێویست نه‌بوو هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ یان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیانگرێت، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ غیابی حكومه‌تی فیدراڵدا روبه‌ڕوی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بووینه‌ته‌وه‌، له‌ ئێستاش به‌دواوه‌ هه‌موومان لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ بۆ ئاشتی ‌و ته‌بایی ‌و پێكه‌وه‌ژیان.
به‌ره‌و پته‌وكردنی گیانی برایه‌تی

دووپاتیشیكرده‌وه‌: ئێمه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌مان كرد، وه‌كو هه‌نگاوێكی پراكتیكی به‌ره‌و پته‌وكردنی گیانی برایه‌تی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی كه‌ركوك ‌و تۆكمه‌كردنی متمانه‌ له‌ نێویاندا. باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ میلله‌ته‌كه‌مان سوودی له‌ سه‌روه‌ت ‌و سامانی ئه‌م وڵاته‌ نه‌بینی، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین له‌ ئێستا به‌دواوه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ ‌و هه‌وڵبده‌ین عیراق ‌و هه‌رێمی كوردستان به‌ ئارامیی بژین ‌و دووربن له‌ ته‌شه‌نوج. وتیشی: له‌م مینبه‌ره‌وه‌ به‌ كه‌ركوكییه‌كان ده‌ڵێین، كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی هه‌مووانه‌ ‌و بۆ خزمه‌تی هه‌مووانه‌.

هه‌ر له‌میانی له‌ كۆنگره‌كه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌ باره‌گای فه‌رمانده‌یی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك پێكهێنراوه‌، بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و گیراوانه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسێكانیان و ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌پێی ئه‌و تاوانه‌ی كردوویانه‌، ده‌درێنه‌وه‌ دادگا.

print

 193 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*