سەرەکی » ئاراستە » له ‌45 ساڵیادی دامه‌زراندنیدا،په‌یامی سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی بۆ گوندنشینان

له ‌45 ساڵیادی دامه‌زراندنیدا،په‌یامی سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی بۆ گوندنشینان

ئاماده‌كردنی‌: گوندستانی‌ نوێ

«گونده‌كان به‌ردی بناغه‌ی‌ شۆڕشن» ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ كاریزماو سه‌ركرده‌ی‌ مێژوویی كوردو ڕابه‌ری‌ شۆڕشی نوێ و دامه‌زرینه‌ری‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان، سه‌رۆك مام جه‌لاله‌. له‌ئێستاداو دوای‌ 45 ساڵ له‌ ده‌مه‌زراندنی‌ یه‌كێتی‌، خوێندكاره‌كانی‌ مام جه‌لال له‌ساڵیادی حیزبه‌كه‌یاندا دیسان به‌گرنگییه‌وه‌ باسی گونده‌كان ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی له‌ئه‌جێندای‌ خۆیدا ئاوڕی جدی له‌گونده‌كان بداته‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ خانووه‌ قوڕه‌كان.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش ده‌ڵێت: دروشمی «گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان» دروشمێكی ساده‌و سه‌رپێیی نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك فه‌لسه‌فه‌و ئاماژه‌ی‌ گرنگی تێدایه‌، بۆیه‌ كاركردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و دروشمه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌تی مامی‌ ئازیزه‌، ئه‌جه‌ندای‌ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتیشه‌

شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ گوندستانی‌ نوێ وتی : شۆڕشی نوێ وه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌یوت له‌سه‌ر خوان و په‌ناگه‌و نان و دۆی‌ جوتیاران و په‌نا مزگه‌وتی گونده‌كان شۆڕشی نوێ پێگه‌شت و گه‌شه‌ی كرد، وه‌له‌سه‌ر قوربانیدانی‌ جوتیاران چونكه‌ له‌ساڵی 1975 به‌پێی ئامارێك زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی كوردستان گوندنشین بوون و هه‌ر ئه‌وانیش هێزی مرۆیی زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی كوردستانیان پێكده‌هێنا، شۆڕشی نوێ ته‌نها له‌ڕووی بیروباوه‌ڕه‌وه‌ پشتی به‌هیچ وڵاتێك و سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بێت نه‌بوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی له‌خۆبوردو ڕۆشنبیری وه‌ك مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان و هه‌ڤاڵه‌كانیان كه‌ هاتنه‌وه‌ مه‌یدانه‌كه‌و ده‌ستیان پێكرد، ئه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستان بوو ئه‌م شۆڕشه‌ی‌ به‌هێزی مرۆیی خۆیان و به‌ نانی خۆیان و په‌نادانی‌ خۆیان و ماندووبوونی خۆیان پێگه‌یاند، بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ گونده‌كان ده‌ورێكی زۆر كاریگه‌ریان هه‌بوو، ئه‌مه‌ش له‌زیهنییه‌تی كه‌سێكی‌ وه‌ك مام جه‌لال دائیمه‌ن هه‌بووه‌و ئه‌و كاته‌ی هاتینه‌ شار به‌رده‌وام له‌وتاره‌كانیدا مام جه‌لال ده‌یوت به‌ره‌و خانووه‌ قوڕه‌كان، كه‌ مه‌به‌ستی خانووه‌ قوڕه‌كانی‌ گونده‌كان بوو.

شادمانی‌ مه‌لا حه‌سه‌ن وتیشی: سه‌باره‌ت به‌به‌رنامه‌ی‌ یه‌كێتی كه‌ له‌چواره‌مین كۆنگره‌ جێگیركراوه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ باس له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ گونده‌كان كراوه‌و هه‌میشه‌ یه‌كێتی پێی له‌گونده‌كان نه‌بڕیوه‌و ئه‌گه‌ر له‌بیریشمان بێت له‌و ده‌مه‌ی‌ كه‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ده‌ست یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو له‌ساڵی 2009 تاكو 2012 هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ نرا بۆ گونده‌كان كه‌ سولفه‌ی‌ عه‌قاریان دانێ كه‌ بڕی «25 ملیۆن»بوو.ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ ئاوه‌دانی‌ و گه‌شه‌یه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ ببینێت و گونده‌كان نوێ كرانه‌وه‌. ئێستا یه‌كێتی له‌به‌رنامه‌یدایه‌ زیاتر گرنگی به‌گونده‌كان بدات چونكه‌ گونده‌كان سیمای‌ سروشتی ژیاری‌ كوردستانه‌.

شادمانی مه‌لا حه‌سه‌ن ڕایگه‌یاند: ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین به‌شێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌گه‌ر جوتیاریش نه‌بن كوڕه‌ جوتیارن، ئێستا من بۆ خۆم سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ بڕوانامه‌ی‌ به‌رزیشم هه‌یه‌ هه‌تا ئه‌م چركه‌ ساته‌ش فه‌رمانبه‌ر نیم و جوتیارم، زه‌ویم هه‌یه‌ و ئه‌م ساڵ هه‌م گه‌نمم شاندووه‌ و هه‌م جۆیشم چاندووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ گونده‌كان له‌به‌رنامه‌و له‌سیاسه‌تی‌ و له‌ستراتیجی یه‌كێتیدا سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی هه‌م هێزی مرۆیینه‌و هه‌م به‌روبووم و هه‌م خۆبژێوی كوردستانن.

له‌باره‌ی‌ هه‌مان بابه‌ته‌وه‌ (فێنك ئه‌حمه‌د قادر) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و لێپرسراوی بۆردی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان له‌ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی بۆ گوندستانی‌ نوێ دواو وتی: هه‌ر وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشی نوێوه‌ گونده‌كان لانكه‌و پشت و په‌نای‌ شۆڕشبوون له‌ ئێستاشدا ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ گونده‌كان و بوژانه‌وه‌یان هه‌نگاوی‌ داهاتووی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بێت. به‌مه‌ش پلانی داهاتووی یه‌كێتی بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ ئابووری‌ و پاراستنی ئاسایشی خۆراك له‌ گه‌شه‌پێدان و بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رتی كشتوكاڵه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.

فێنگ ئه‌حمه‌د هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد: له‌ڕابردوودا چۆن گونده‌كان هانده‌ری‌ شۆڕش بوون، ئه‌مجاره‌ش یه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌ك كار له‌سه‌ر گونده‌كان ده‌كات كه‌ خاڵی بوژانه‌وه‌ی‌ هه‌رێم بن و له‌وێوه‌ كه‌رتی كشتوكاڵی ببوژێته‌وه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ (ستران عه‌بدوڵڵا) ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و یاریده‌ده‌ری‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی بۆ گوندستانی‌ نوێ وتی: ئه‌جندای‌ سه‌ركردایه‌تی تازه‌ی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵقوڵاوی سێ ئاراسته‌یه‌، یه‌كێكیان كه‌لتوری‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و جه‌نابی مام جه‌لاله‌ كه‌ بینای‌ كردووه‌ له‌خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی كوردستان كه‌ هه‌میشه‌ لادێكانی‌ به‌و ڕووباره‌ چوواندووه‌ كه‌ ماسییه‌كه‌ له‌ناویدا ئه‌توانێت بژی و زیندوو بێت و گه‌شه‌ بكات، له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ یه‌كێتی ئیهتمامێكی زۆر تایبه‌تی‌ به‌ لادێكان ده‌دات. ئاراسته‌ی‌ دووه‌م ته‌وه‌ره‌ی‌ بایه‌خدانی‌ سه‌ركردایه‌تی تازه‌ به‌ لادێكانی‌ كورده‌واری‌ په‌یوه‌سته‌ به‌به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ كه‌ هه‌موو گونده‌كانی‌ كورده‌واری‌ به‌به‌شێك له‌كورده‌وارییه‌كی گه‌شه‌سه‌ندو پێشكه‌وتوو له‌هه‌موو ئاراسته‌كاندا ده‌زانێت، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌به‌رنامه‌ ئابوورییه‌كه‌ی و به‌رنامه‌ی‌ بوژانه‌وه‌ی‌ كشتوكاڵ و به‌رنامه‌ی‌ بوژانه‌وه‌ی‌ كورده‌واری‌ ئیهتمامێكی تایبه‌تی‌ به‌لادێكان ده‌دات و به‌مزوانه‌ش په‌یڕه‌و و پرۆگرامی یه‌كێتی چاپ ده‌بێت كه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ی‌ به‌ڕوونی تێدایه‌. ئاراسته‌ی‌ سێیه‌م كه‌ زۆر گرنگه‌ ئێستا كه‌ سیاسه‌تی‌ تازه‌ی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ لامه‌ركه‌زیه‌تی دارایی و ئیداری‌ هه‌بێت له‌چوارچێوه‌ی‌ قه‌واره‌ی‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌م لامه‌ركه‌زیه‌ته‌ ئیداری و داراییه‌ به‌قه‌ده‌ر شاره‌كانی‌ كوردستان كه‌ ئیسفاده‌ی‌ لێده‌كات بێگومان لادێكانیش ئیسفاده‌ی‌ لێده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ر لادێیه‌ك نزیكه‌ له‌شارو شاره‌دێ و ناحیه‌و قه‌زا، ئه‌گه‌ر حكومڕانی كوردستان زۆر مه‌ركه‌زی و توند بێت ئه‌بێته‌سه‌رچاوه‌ی‌ حكومڕانییه‌كی ناوه‌ندێتی كه‌ له‌قازانجی لادێكانیش نابێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی‌ لامه‌ركه‌زیه‌تیش ئه‌گه‌رچی به‌ناونیشان بۆ شارو شارۆچكه‌كانه‌ به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌ڕژێته‌ ڕوباری هه‌ره‌ گه‌وره‌ كه‌ لادێی كورده‌واریشه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ گرنگی كشتوكاڵ و بوژانه‌وه‌ی‌ كورده‌واری‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و سامانه‌ی‌ كه‌ تاكو ئێستا كوردستان پێیناسراوه‌ كه‌ ته‌نها سامانی‌ نه‌وت و غازه‌.

ستران عه‌بدوڵڵا ڕایگه‌یاند: بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ حیزبێكی سۆشیال دیموكراته‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ش له‌بوژانه‌وه‌ی‌ كوردستان زۆر زۆر گرنگه‌ چونكه‌ هه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌خاك و خه‌ڵك و هه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی خۆبژێوی كه‌ له‌ڕاستیدا زیاتر له‌سه‌روه‌ت و سامانی نه‌وت و غاز ئه‌م سیاسه‌ته‌ خۆبژێوییه‌ له‌ڕێگای‌ بوژانه‌وه‌ی‌ لادێكان و كشتوكاڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و كه‌لتوره‌ دێرینه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال كه‌ باسم كردو له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ تازه‌یه‌ی كه‌ ئێستا یه‌كێتی نوێ له‌سه‌ری‌ ده‌ڕوات له‌به‌رنامه‌و پرۆگرامی خۆیدا.

ئه‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌وكاته‌ی‌ كه‌ حكومڕانی كوردستان و شاره‌كانی‌ كوردستانی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو له‌و شوێنه‌ ئازادانه‌ی‌ گونده‌كان كه‌ ئه‌یبرد به‌ڕێوه‌ دائیمه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ سیاسه‌تی ده‌كرد كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گونده‌كان خۆیان خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و خۆیان بژێنن. یه‌كێتی به‌و كه‌لتوره‌ له‌مه‌رحه‌له‌ی‌ داهاتوودا ئیهتمامی‌ زۆر به‌گونده‌كان و ئه‌و به‌شه‌ی‌ كورده‌واری‌ ده‌دات نه‌ك له‌ڕووی هاوسۆزی و یادگاری‌ شیرینی جاران به‌ڵكو وه‌ك به‌شێك له‌ستراتیژی ئاینده‌ش سه‌یری ده‌كات.

له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت (دڵپاك تاهیر) ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و به‌رپرسی كۆمیسیۆنی مه‌كته‌به‌كانی‌ یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان بۆ گوندستانی‌ نوێ دواو وتی: گوندو گوندنشینان دوو هاوه‌ڵی دڵسۆزی ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانی‌ خه‌باتی یه‌كێتی بوون، بۆیه‌ له‌قۆناغی نوێبوونه‌وه‌دا ئه‌ركی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ وه‌فاداری‌ و ئه‌مه‌كداری بۆئه‌و ڕۆژانه‌ بنوێنێ كه‌ گوندنشینه‌كان بۆ شۆڕش هه‌یانبووه‌. ئه‌مانه‌تێكیتری سه‌رشانی سه‌ركردایه‌تی له‌م ته‌واوكردنی‌ ئه‌جندای‌ خزمه‌تگوزاری‌ «مامه‌« كه‌ ته‌واونه‌كراوه‌و زۆری ماوه‌ تاكو وه‌ك سوپاسگوزاری‌ بۆ ڕۆڵ و ماندووبونیان بۆیان فه‌راهه‌م بكرێت.

دڵپاك تاهیر هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد: دروشمی «گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان» دروشمێكی ساده‌و سه‌رپێیی نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك فه‌لسه‌فه‌و ئاماژه‌ی‌ گرنگی تێدایه‌، بۆیه‌ كاركردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و دروشمه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌تی مامی‌ ئازیزه‌، ئه‌جه‌ندای‌ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتیشه‌. گرنگه‌ یه‌كێتی له‌هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مدا كار له‌سه‌ر پابه‌ندبوون و خۆشویستنی خاك بكات لای‌ گوندنشینان، چونكه‌ له‌ڕابردوو به‌هۆی باری‌ سه‌ختی گوزه‌رانی گونده‌كان، خه‌ڵك عه‌شقی بۆ مه‌نزڵگاو زێدی باوباپیرانی كاڵبووبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌بوژانه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ گونده‌كان و دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ له‌بواره‌كانی‌ كشتوكاڵ و ته‌ندروستی و ڕۆشنبیری و زۆربواریتردا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.

دڵپاك تاهیر ڕایگه‌یاند: كاركردن له‌سه‌ر هوشیاری‌ گوندنشین به‌فیكری مۆدێرن و دیموكراتی كه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی پێشكه‌وتنی سه‌رده‌م بگونجێت و هاوكاریكردنی‌ جوتیار له‌ڕووی دابینكردنی‌ قه‌رزی بچوك بۆ گه‌شه‌ی كشتوكاڵ ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌مافه‌ ساده‌كانی‌ جوتیارو ده‌بێ فه‌راهه‌م بكرێت. ئه‌مانه‌ ئه‌و ئه‌ركانه‌ن كه‌ له‌به‌رنامه‌ی‌ سیاسیه‌كه‌یدا یه‌كێتی له‌نێوان كۆنگره‌ی چوارو پێنجدا هه‌وڵی جێبه‌جێكردنیان ئه‌دات.

   

 

 

print

 215 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*