سەرەکی » وتار » یەكێتی ئەو هێزەی ئازادیی چەسپاند

یەكێتی ئەو هێزەی ئازادیی چەسپاند

رێبین عومەر

45 ساڵ لەمەوبەر ئەوكاتەی كورد لەناو تەنگانەیەكی گەورەی سیاسیدا بوو و شۆڕشی پێشوو تووشی هەرەس بوو، گەلی كورد بەهۆی رێكەوتنی جەزائیر لە 1975 دووچاری نەهامەتی بوو، چونكە رژێمەكانی دەوروبەر لەسەر ئەوە گەیشتبوونە رێككەوتن كە جارێكیتر لە سەر زەمینی كوردستاندا شتێك نەمێنێت بەناوی شۆڕش و خەباتكردن بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد لەناوچەدا.

خەڵكی كوردستان بەتەواوەتی ئومێدی بەوەنەمابوو كە جارێكیتر فریادڕەسێك بێت لەو نەهاتیی و ستەمكارییەی بەعس رزگاریان بكات.
یان لانیكەم تێكۆشانێك هەبێت بۆئەوەی لە دووریشەوە بێت ئاسۆیەك بۆ بەدیهاتنی خواستە نەتەوەییەكان بەدی بهێنێت.

لەوكاتەدا لەو تەنگانە گەورەیەدا بەڕابەرایەتی سەرۆك مام جەلال و شەش جوامێری سیاسەتمەداری قاڵبووی كایەی كوردایەتی، لەشام و تاراوگەوە بڕیاری زیندووبوونەوە و بە بەرداچوونەوەی گیانی شۆڕشگێڕیی دەدەن.
لەو مێژووەوە لەكوردستان دووبارە دەست بە قۆناغەكانی شۆڕش دەكرێتەوە و هەوێنێكی نوێی شۆڕشی نوێ بۆ ئاسۆ و هیواكانی كورد لەدایك دەبێت بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە نیشتمانییانە و دوور لە بیری فیوداڵی و بە لۆژیك دەست بۆ هەڵگیرساندنی رووناكی شۆڕش دەبات و خەباتی رزگاریی خوازیی كوردستانیی گرێدراو بە خەباتی دیموكراسی بۆ عیراق دەكاتە دروشمی سەرەكیی شۆڕش و دواتر لە قۆناغێكی دیكەدا مافی چارەی خۆنووسین دەكاتە ئامانجی سەرەكیی خۆی.

یەكێتی لە 45 ساڵ لەمەوبەرەوە بۆ قۆناغێك دروست بووە كە هێشتا گەلەكەمان پێی نەگەیشتووە، چونكە تاكە هێزی كوردستان بووە كە بەردەوام چاوی لە بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و ئەركە دیموكراسییەكان بووە.
ئاسۆی فیكری یەكێتی، هێندە بەرزە كە «كات دەبێت چارەی ئەوە بكات كە یەكێتی كار بۆ چ ژینگەیەكی سیاسی و پێكەوەبوون دەكات»، چونكە ئەم حزبە بە سروشتی راستەقینەی خۆی پۆست مۆدێرنە.

هەربۆیە بەردەم وا وتراوە كە یەكێتی لەكوێ بێت ئازادیی و دیموكراسی لەوێ دەبێت. هەڵبەتە بەستنەوەی یەكێتی بەو چەمكانەی ئازادیی و سەربەستیی رادەربڕین خۆی بۆخۆی ئومێدبەخشە كە ئەم حزبە بەردەوام چاوەڕێی لەوەیە كە مەودای ئازادیی و سەربەستی فراوان بكات و حوكمێكی دادپەروەرانە بۆ خەڵك بەدی بهێنێت.

print

 155 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*