سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » نوێبوونەوەی یەكێتی،لە نێوان مێژوو و دروشم…

نوێبوونەوەی یەكێتی،لە نێوان مێژوو و دروشم…

نوێبوونەوەی یەكێتی،لە نێوان مێژوو و دروشم و واقیعدا

بەشی یەكەم

نوێبوونەوە و چاكسازی سیاسی هەردووكیان یەك چەمك و مانایان هەیە، لەهەموو قۆناغێكدا چاكسازیی و نوێبوونەوە زەروورەتێكی ژیارییە بۆ حزب و رێكخراو و بزووتنەوە سیاسییەكان و سیستمی سیاسی دەوڵەت بەتەواوی جومگەكانییەوە ، بەتایبەتی ئەو بزووتنەوە و حزبانەی كەوا لەدایكبووی قۆناغێكن و دەگۆڕێن بۆ قۆناغێكی تر و دواتر ئاڵوگۆڕ بەسەر بەرنامە و پلانیاندا دێت و دەكەونە بەر رەخنە و سەرنج و تێبینی خەڵك و ئەندام و لایەنگرانی خۆیان، ئەویش زیاتر بەهۆی گۆڕانی كۆمەڵگە لەباری هۆشیاریی و گەشەی زیاتری كۆمەڵایەتی بۆ مەدەنییەت و پێشكەوتن.

لەهەمان كاتدا مێژوو بەردەوام لە گۆڕاندایە، واتە هەر قۆناغێك جیاوازترە لە قۆناغی پێش خۆی و دوای خۆی، زۆرجار رووداوە كاریگەرەكان رەوتی گۆڕینی رووداوەكان خێراتر دەكەن، ماركس دەڵێت: «مێژوو بریتییە لە گۆڕانێكی بەردەوام»، كەواتە رووداوە گەورەكانیش گۆڕانی قۆناغەكە خێرا دەكەن، بۆیە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەردەوام لە گۆڕاندایە.

هۆكارەكانی ژیان بەتایبەتی لەم 200 ساڵەی دواییدا رێك دوای شۆڕشی پیشەسازیی ئەوروپا، كاریگەریی زۆریان لەسەر گۆڕینی شارستانێتی مرۆڤایەتی هەبووە، چونكە فۆڕمە كۆنەكان لەهەر بارێكدابن و چەندی تۆكمە و بەهێزبن، ناتونن لەبەردەم شەپۆلی ئەو هۆكارانەدا خۆیان رابگرن، بەتایبەتی لەچەند دەیەی پێش ئێستامان، تەكنۆلۆژیای گەیاندن و پەیوەندیی و پەخشكردن كاریگەریی تەوایان كردە سەر مرۆڤایەتی لەڕووی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە و هیچ یەك لە داب و نەریت و ئایدیا سونەتییەكان نەیانتوانی بەر بەم تەكنۆلۆژیا نوێیانە بگرن و بیانوەستێنن و خۆشیان لەسەر هەمان بەرنامە و ریتمی خۆیان بمێننەوە، بەتایبەتی لەنوێترین داهێنان و تەكنۆلۆژیادا لە بواری میدیا كە وایكرد زۆر چەمك و مەفهومی راگەیاندن گۆڕانكاریی بەسەردابێت، ئەوەی لەئێستادا پێی دەوترێت میدیای نوێ، new media كە خۆی لەیەك شاشەی بەردەستدا دەبینێـەوە بەهۆی تۆڕی ئینتەرنێت كە پێی دەوترێت مەڵتی میدیا molti media لەیەك كاتدا چاپ و فۆتۆگرافەر و ڤیدیۆ ئۆنلاین و دەنگی لەمۆبایلێكی ناو دەست كۆكردۆتەوە، ئەم مۆبایلەش ئەوەندە ئاسان بووە، كەوتۆتە دەست هەموو كەسێك بەبێ‌ جیاوازیی رەگەز و شوێن و رەنگ و جیاوازیی كۆمەڵایەتیی مرۆڤەكان، كەواتە ئەمانە هەمووی هۆكار گەلێكن كەوا لە مرۆڤی ئێستا بكەن داواكاریی زیاتر بێت، لەهەمان كاتدا ئەو گەشە ئابوورییە زۆرەی كە لەجیهاندا وەك تۆڕی جاڵجاڵۆكە یەكتریی گرتووە و تێك هەڵكێشی هەموو بازاڕ و بەكاربەر و وەبەرهێنەرێكی كردووە، ئەمەش وایكردووە مرۆڤی ئێستا پێویستیەكانی زیاتر بن لەهەموو روویەكەوە، هەروەها بیركردنەوەشی جیاوازترە و رووداوەكانی دەوروبەری زیاتر بن و سنووریان فراوانتر ببێت.

ئەگەر جاران كاریگەریی رووداو و پێشهاتی گوندێك و شارێك و وڵاتێكی لەسەر بوو، بێگومان ئێستا هی هەموو دونیای لەسەرە و كۆمێنتیشی هەیە لەسەری بە باش و بە خراپ بە زانین و نەزانین، چونكە رووداوەكە وای لێدەكات كۆمێنتی هەبێت.

ریكلام بەشێكە لە ئاراستەكردنی بازاڕ و راكێشانی بەكاربەر بۆ كاڵا و شمەكی نوێ بەپێی دواین مۆدێل و دیزاین بەبێ ئەوەی جیاوازیی مۆدێل لە وڵاتێكەوە بكرێت بۆ وڵاتێكی تر، لە كیشوەرێكەوە بكرێت لەگەڵ ئەوی تر، كەواتە گەشەی بازاڕ و میدیا دوانەیەكی لێك دانەبڕاون و جیهانیان كۆنتڕۆڵ كردووە.

لەم نێوەندەدا حزبی سیاسی و تەنانەت دەوڵەتیش وەك دامەزراوەیەكی سیاسی ناتوانێت لەسەر مۆدیلە كلاسیك و سادەكەی جارانی خۆی بگرێت و راوەستێت و درێژە بە بوونی خۆی بدات.

لەمێژوودا جگە لە چاكسازیی و نوێبوونەوە لەهەموو قۆناغێكدا حزب و بزووتنەوەی نوێ بابەت، وەك داهێنانێكی نوێ سەری هەڵداوە ، بۆیە چاكسازیی و نوێبوونەوە جیاوازن لەوەی كە پێی دەوترێت داهێنان، یاخود لەدایك بووێكی نوێ، ئەوی تر واتە نوێكردنەوە و چاكسازیی بۆ بزووتنەوەیەك یان دامەزراوەیەكە كە هەیە و مێژوویەكی هەیە لەناو كۆمەڵگەدا، بەڵام دووەمیان داهێنانێكی نوێ و خۆماڵیی نوێیە، نموونە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەساڵی 1975، داهێنانێكی نوێ بوو.

*ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی

print

 441 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*