سەرەکی » راپۆرت » لە شۆڕشی نوێ-وە بۆ نوێبوونەوە

لە شۆڕشی نوێ-وە بۆ نوێبوونەوە

ناوخۆی یەكێتی:

(نوێبوونەوە) دروشمی سەرەكیی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، خۆشبەختانە جگە لەوەی لە كۆنگرەدا سەركردایەتیی نوێ هەڵبژێردراو پەیڕەو و پڕۆگرامێكی نوێ بۆ قۆناغی نوێ پەسەندكرا، لە رۆژانی دوای كۆنگرە و تائێستاش چەندین هەنگاوی گرنگ بۆ نوێبوونەوەی یەكێتی نراون و كاری جددی بۆ جێبەجێكردنی دروشمی (نوێبوونەوە) دەكرێت، هەر لە هەڵبژاردنی سكرتاریەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی، هاوسەرۆكان، لێپرسراوی مەڵبەندەكان و مەكتەبەكان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، تا دەگاتە لێپرسراوی بۆردەكان، بەڵام بۆ ئەوەی سەركەوتن و نوێبوونەوە بەردەوام بێت، دەبێت سەركردایەتیی نوێی یەكێتی شێلگیرانە ئیش بكات بۆ ئەوەی نوێبوونەوە هەموو بوارەكان بگرێتەوە.

بێگومان ناوخۆی یەكێتی پێویستییەكی زۆری بە نوێبوونەوە هەیە و ناكرێت؛ یەكێتی، سەركردایەتی نوێكردبێتەوە، بەڵام ئۆرگانەكانی خوارەوەی هەر بەشێوەی جاران بن و گۆڕانكاریی و هەڵبژاردنیان تێدا نەكرێت. بۆیە پێویستە نوێبوونەوە هەموو ئۆرگان و ئاستەكان بگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هەڵبژاردن بكرێت و نوێبوونەوە بە تەواوەتی رەنگبداتەوە، چونكە هەڵبژاردن بنەمایەكی سەرەكییە بۆ نوێبوونەوە و گۆڕانكاریی.
لایەنێكی دیكەی گرنگ لەم قۆناغەدا بۆ یەكێتی، كاركردنە بە سیستمی سزا و پاداشت، دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو، پێویستە لە قۆناغی نوێبوونەوەدا سەركردایەتیی نوێ بە بەرنامەی نوێ كاری جددی لەسەر ئەو هەنگاوە گرنگە بكات، ئەمەش یەكێكی دیكە دەبێت لەو هۆكارانەی كە دەبێتە مایەی ئەوەی یەكێتی ببووژێتەوە و گەشەی زیاتر بكات. دیارە دەبێت هەمیشە ئەو راستییەشمان لەبیر بێت، كە سەرۆك مام جەلال بەردەوام تەئكیدی لێدەكردەوە «كەسمان لێ زیاد نییە و لەسەر كەسیش پەكمان ناكەوێت». هەروەك تەئكیدی لەسەر ئەوەش دەكردەوە «یەكێتی هیچ كاتێك نەترساوە لە خۆنوێكردنەوە، بەڵكو هەمیشە خۆنوێكردنەوە ئامانجێكی یەكێتی بووە و هۆیەكی گەشەكردنی بووە».

یەكێتی و خەڵك:

هەمیشە یەكێتی بەوە ناسراوە، كە حزبی كۆمەڵانی خەڵكە، بۆیە بەردەوام لەناو خەڵكدا بووە و نزیك بووە لە خەم و ئازارەكانی خەڵكەوە بە بێ جیاوازی، ئێستاش كە خەڵكی كوردستان لە بارودۆخێكی ناخۆشدا دەژین، ئەركی سەرشانی سەركردایەتیی یەكێتی و یەكێتییەكانە، لەگەڵ خەم و ئازارەكانی خەڵكدا بژین و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ خەڵكدا نوێبكەنەوە. یەكێتی چەندە لە خەم و ئازارەكانی خەڵكەوە نزیك بێت، ئەوەندە زیاتر گەشە دەكات، بۆیە دەبێت یەكێتی لە قۆناغی نوێبوونەوەدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكدا نوێبكاتەوە و گەشەی زیاتری پێبدات، چونكە كۆمەڵانی خەڵك پشت‌وپەنای هەموو حزب و لایەنێكی سیاسییە و یەكێتیش لە هەموو لایەنێك زیاتر گرنگیی بەم بوارە داوە، كە یەكێكە لە بوارە هەرە گرنگەكان و بەردەوام پێویستی بە نوێبوونەوەیە.

لەهەر قۆناغێكدا یەكێتی تووشی شكست بووبێت، جەماوەرەكەی پشت و پەنای راستەقینەی بوون، كەواتە ئەگەر یەكێتی لەناو خەڵك و لەگەڵ خەڵكدا بێت، هەمیشە سەركەوتوو دەبێت و نوێ دەبێتەوە. بۆ ئەوەی یەكێتی پێگەی راستەقینەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، هیچ رێگەیەكی دیكەی نییە جگە لەوەی حزبی خەڵك و بۆ خەڵك بێت. بەوەش دروشمی نوێبوونەوە سەردەكەوێت.

لە پرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكیشدا، سەرۆك مام جەلال رێنمایی كردووین كە «دەبێت پەرۆشی ژیان ‌و گوزەرانی خەڵك بین، دەبێت مشوری ژیان‌ و گوزەرانی خەڵك بخۆین، دەبێت خۆمان بە برا و كەسوكاری خەڵك بزانین، خۆمان بە خزمەتكاریان بزانین، چاكەیان بدەینەوە، تۆڵەی یارمەتی و هاوكارییان بۆ بكەینەوە، لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكانی ژیان و گوزەرانیاندا تێبكۆشین»، هەروەها «پشت‌وپەنا و سەرچاوەی ژیانمان كۆمەڵانی خەڵكە، دەبێ بچینەوە ناو كۆمەڵانی خەڵك، چوونە ناو كۆمەڵانی خەڵك، مایەی سەروەریی و شانازییە».

سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە پەیامێكدا بۆ یادی 45 ساڵەی دامەزراندنی (ی.ن.ك)، تەئكیددەكاتەوە «بەكردەوە بەڵێنی ئەوەتان بۆ دەسەلمێنین كە یەكێتی حزبی خەڵكە».

کوردستانی نوێ

print

 101 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*