سەرەکی » دۆسێ » عیراق،گورزی كوشندە لە داعش دەوەشێنرێت

قەرداش دەستگیركرا

عیراق،گورزی كوشندە لە داعش دەوەشێنرێت

دەزگای هەواڵگری عیراق، دەستگیركردنی (عەبدولناسر قەرداش) جێگرەوەی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی پێشووی ڕێكخراوی داعش لە ئۆپەراسیۆنێكدا ڕادەگەیەنێت، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن)، ڕەتیدەكاتەوە زانیاریی لەبارەی دەستگیركردنی قەرداشەوە هەبێت.

لە 21ی ئایاری 2020، دەزگای هەواڵگری عیراقی لە بەیاننامەیەكی كورتدا ئاماژەی بە دەستگیركردنی دوو سەركردەی ڕێكخراوی داعش كرد كە یەكێكیان، عەبدولناسر قەرداش جێگرەوە ئەبو بەكر بەغدادیە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، تەئكیدی لەسەر هەواڵەكە كردەوە و پرۆسەكەی بە دەستكەتێكی گەورە بۆ هێزە هەواڵگری و ئەمنییەكانی عیراق ناوبرد، ئەمەش لەكاتێكدایە كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕەتیدەكاتەوە جێگرەوەكەی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی پێشووی ڕێكراوی داعش دەستگیر كرابێت.

شانەی میدیای ئەمنی عیراق هەواڵی دەستگیركردنی دوو سەركردەی ڕێكخراوی داعشی ڕاگەیاند بە ناوەكانی (تەها بەكر ئەلغەسانی) و عەبدولناسر قەرداش)، بە گوێرەی دەنگوباسەكانیش (قەرداش) یەكێكە لەو كەسانەی بۆ سەركردایەتیكردنی ڕێكخراوی داعش دەستنیشانكرابوو، لە پاش ئەبو بەكر بەغدادی كە لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە شاری ئیدلبی سوریا كوژرا.

قەرداش كە لەلایەن هەواڵگری عیراقەوەوەها وێناكراوە، سەركردەیەكی دێرینی داعشە و لە سەرەتای دەركەوتنی ئەبو موسعەب زەرقاوییەوە لە عیراق، دەستی لە كارە تیرۆریستییەكاندا هەبووە و فەرماندەیی چەندان بەرەی شەڕی كردووە بە دوایین شەڕی رێكخراوەكەوە لە باهۆزی سوریا.

لە دوای ڕاگەیاندنی دەستگیركردنی قەرداش لە لایەن هیزە ئەمنییەكانی عیراقەوە، هەواڵگیری عیراق وردەكاریەكی تەواوی لەبارەی دەستگیركردنەكەوە بڵاونەكردەوە، بۆیە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕەتیكردەوە، زانیاریی لەبارەی دەستگیركردنی ئەو سەركردەیەی داعشەوە هەبێت.

كازمی: گرنگترین سەركردەی داعش دەستگیركرا
هەر لەو چوارچێوەیەدا مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەغدا گەورەترین كاریی تیرۆریستی پوچەڵكردنەوە كە لەلایەن عەبدولناسر قەرداش
گرنگترین سەركردەی ڕێكخراوی داعشەوە ئاشكراكرا و لەم ماوەیەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە دەستگیركرا.

كازمی لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگەكان ڕایگەیاند:”كات بۆ كاركردن و بەرەنگاربوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوە قورسەكانە نەك بۆ قسەكردن، ئەم حكومەتەش كاردانەوەی بزاوتنی میللییە كە بەرەنگاریی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدار بووە و ئمانجەكانی ڕۆشن و دیاریكراون”.

سەبارەت بە ئامانجەكانی حكومەتی ئێستا، كازمی وتی:”حكومەت ژمارەیەك ئامانجی هەیە كە لە پێش هەموویانەوە ڕزگاركردنی ڕەوشی ئابورییە كە پێشتر لە مێژووی خۆیدا ڕەوشی لەم شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە، بۆیە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری قورس دەدەین، تا كاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان دروستنەبێت”.

هەر لە چوارچێوەی ئامانجەكانی حكومەتدا، كازمی ئاماژەی بە ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەكان و زیادبوونی چالاكییەكانی داعش كرد و وتی:”گەورەترین كاریی تیرۆریستیمان پوچەڵكردەوە لەڕێی دانپێدانانەكانی سەركردە دەستگیركراوەكانی داعش كە لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران”.

ئامانجێكی تری حكومەت وەك مستەفا كازمی باسی دەكات، گەیشتنە بە هەڵبژاردنێكی پێشوەخت و بێخەوش و دادپەروەرانە، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی تەندروستییەكانی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا.
سەرۆك وەزیرانی عیراق، داوای لە پارێزگارەكان كرد:”كاریی هاوبەش بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەكان و پێداگریی لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان بكەنەوە لە كەرتەكانی كارەبا و ئاو و وەرهێنانە بەسودەكات”.

بە وتەی كازمی:”ئێمە لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتەكانیین بە پارێزگەكان و بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانداین بۆ كێبڕكێی شیاو لەڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەو پارێزگەیانەی زۆرییان بەدەست پشتگوێخستنەوە چەشتووە”.

لە كۆتاییدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، داوای بنیاتنانی متمانەی كرد لەنێوان خۆپیشاندەران و پارێزگارەكان و بەرپرسان، و نەهێشتنی هەموو تەنگژەیەك لەپێناو هێنانەدی داواكارییە ڕەواكانی خۆپیشاندەران.

بانكی زانیارییەكانی داعش لە چنگی هێزە ئەمنییەكاندا
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە 25ی ئایاری 2020 ڕایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنەكانی (شێرەكانی جەزیرە) ئامانجەكانی خۆیان پێكا، ئاماژە بە دەستگیركردنی بانكی زانیارییەكانی گروپەكانی ڕێكخراوی داعش دەكات.

تەحسین خەفاجی وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق ڕایگەیاند”ئۆپەراسیۆنەكانی (شێرەكانی جەزیرە) لەكاتی دیاریكراودا و بەپێی ئەو پلانەی بۆیان دانرابوو، ئامانجەكانیان هێنایەدی و ژمارەیەكی زۆر لە پاشماوەی چەكدارانی تیرۆریستی داعش كوژران و حەشارگەكانیان خاچوركران”.

بە وتەی خەفاجی”هێزە ئەمنییەكان و لە سەرو هەموویانەوە دەزگای هەواڵگری، زانیاریی هەواڵگریی وردیان دەستكەوت كە بوونە مایەی دەستگیركردنی مەترسیدارترین تاوانبار كە بە میحوەری سەرەكی داعش، نەك هەر لەسەر ئاستی خۆجێی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دادەنرێن، لەنێو ئەوانەشدا كەسانێك هەن كە بە بانكی زانیاریی شانەكانی داعش دادەنرێن”.

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق دەڵێت”میدیا بەسیاسەتكراوەكان هەوڵیانداوە لە گرنگی عەبدولناسر قەرداشی تیرۆریست كەمبكەنەوە كە بانكی زانیارییه و كەسێكی زۆر مەترسیدارە”.

خەفاجی لە قسەكانیدا بۆ میدیای فەرمی عیراق وتی”ئەو چەكدارانەی داعش كە لە شوێنی قایمدا بەبۆچوونی خۆیان خۆیان شاردبووەوە، كرانە ئامانج و لەئێستاشدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕاودەنرێن و هیچیان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە خۆبەدەستەوەدان یان كوژران”، ئاماژەی بە گەیشتنی فەرماندەیی ئۆپەرۆاسیۆنەكانی ئەنباریش كرد بە خاڵی سنوری وەلید و ئەو ناوچانەی لە چوارچێوەی دوایین سنوری فەرماندەییەكەدان.

print

 327 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*