سەرەکی » ئاراستە » مەجیدی حاجی عەلی شاناخسێ‌

ونناوەکانی شۆرش

مەجیدی حاجی عەلی شاناخسێ‌

ئازاد سه‌راوی

تۆ بە وردی دیقەت بدەو سەرنجت چڕ بكەرەوە، هەر دەڵێی تاشە بەردوو ڕەوەزەكانی گمۆ ترازاون و شەقیان بردووەو بە بناری شاناخسێدا گیرساونەوەو خۆیان پیا هەڵواسیوە، دیقەت بدە، دەڵێی هەرچی ئەشكی گەواڵە هەوری چاوتەڕە لە شاناخسێدا باریوە، هەرچی زوقم و سەهۆڵ و بەفرو بۆرانە تواوەتەوەو بە نێو كەندو لەندو قەدپاڵ و شیوو لاپاڵی شاناخسێدا هاژەی دێ‌ و هەرچی گوڵە لە سەر ڕێگەیدا وەریوە.

شنەی ئێوارانی گمۆ دادەگەڕایە قەراخ دێ‌ و پەرچەمی داروو درەختی ڕادەژەنی، بۆ كاڕەش و نورەو ناودێ‌ پێدەكەنی، سەرو كاكۆڵی درێژی تۆشی دەهێنایە جووڵە و دادەهێنا، هەرجارەی لە سەر شێوەیەك ڕایدەهێنا، جارێك لە ناوەڕاستەوە دەیكردە دوو بەشی یەكسان، جارێكیش لە لای ڕاستەوە سەرو سیماتی دەنەخشان.

ئەو سەردەمە سەرەتا بوو زۆر نەبوو ڕیشت دەتاشی و خەتت دابوو، بە دەم شنەی شەماڵی ئێوارانەوە كەڵكەڵەی شۆڕش دەهاتە خەیاڵتەوە، دەبووە خولیای تەمەنێكی هێشتاكە مێردمناڵتەوە، بەدەم خەیاڵی شۆڕش و تێكۆشاندا گەورە بوویت و باڵات دوو هێندەی بڕنەوێك هەڵكشاو بوو، سوێندی بەرگری گەلێكی لەت كراوو بەش خوراو بوو.

تۆ دەتویست نەخشەی دزراوی كوردستان تۆخ كەیتەوە، سنووری گەورەی نیشتمان لە مادەوە هەتا ئێستا ساخ كەیتەوە، تۆ دەتویست هەرچی جۆگەلەو ڕووبارە پێبكەنن، شەپۆلەكانیان هەڵبچن، چی داروو درەختی ڕووتە گەڵا دەركەن، دڕكەڵانیش لە گوڵ بچن، هەتا سارێژ بێت برینی هەزار ساڵە، هەورەكان باران بڕژێنن بە سەر دڵی نیشتماندا چڕ ببنەوە گەواڵە.

تۆ دەتەویست خەمی ناخ و دڵ هەڵڕێژی، دەست بە سەری مناڵانی بێ‌ باوكدا بهێنیت و چاوی گریاویان بۆ بسڕی، تۆ دەتەویست دادپەروەری هەموو وڵات بگرێتەوە، چی خەم و نەهامەتیە لە سەر نەخشە بسڕێتەوە، تۆ دەتەویست خۆری ئاوا بووی نیشتمان بۆ سەر لە نوێ‌ هەڵبێتەوە.

ئەو ڕۆژگارەی ئێوە خەونی داگیركەرتان لە گۆڕ دەناو چوونەوە شاخ، بە گژ دێوەزمەی ڕۆژگاردا دەچوونەوە، ئەو سەردەمەی ئێوە پریاسكەی خەمێكی قوڵی كوێرتان دەكردەوە، ئەو كاتانەی ئێوە پێشەنگی كاروان بوون، بنەو بارگەو دوا هەوارتان لەو كێوانە دەخستەوە، ئەو دەمانەی پەنجەی بەلەپیتكەی ئێوە ئامادە بوو بەڕستێك فیشەكی گڕدار چاوی گمۆی دەڕشتەوە، ئەو ساتانە ئێوە خەمخۆری وڵات بوون، هەر چوار پارچەی كوردستانتان بە هەنگاوی گورج و خێرا بەیەكەوە دەبەستەوە.

وەكو ڕەگی دارەبەنێك بە قوڵایی قەیوان- ماوەت، چیای گوڵێ‌ داكوتراوی، لە شەڕی گەورەی (كەتوو)دا بڵندگۆی بەرزی شۆڕشی سرودێكی نەوتراوی، نەخشەیەكی بە سەر دڵی چیای گوڵێ‌ و سپیدارە، تا ئێستاكە نەكێشراوی میدالی ئازایەتی بوویت، بە گەردنی چیای سەركەشی كەتوودا هەڵواسراوی، تابلۆیەكیت بە وشەی گڕ هەڵكۆڵدراوی، بە دڵۆپە خوێنی شەهید نەخشێنراوی.

هێشتا بۆنی چەڕە دوكەڵی كیمیایی لە شاناخسێ‌ نەڕەویبوو، هێشتا تارمایی پێشمەرگە ڕەوە ئەسپێكی كێوی بوو، هێندە نەبوو زینووی سپی لە پەڵە خوێنی (فایەق) دا هەر سوراوی لێدەچۆڕا، دارو درەخت شاخ و لوتكە، كانی و زنە ڕەنگ و ڕوخساریان دەگۆڕا، لە مێژ نەبوو خەم و ئازار بەری دەرگای پێگرتبووین، فرمێسكی خەم و پەژارەی پێڕشتبووین، خەونی دەیان ساڵە مانی زڕاندبوو ئاواتەكانی كوشتبووین، لەو دەمەدا ئێوە ورەتان بەرنەداو هەر بە پێوە ڕاوەستا بوون، وەك پۆڵا بوون، چی چەرمەسەری و ئازارە گۆڕیتان و بوونە هەوێنی ڕاپەڕین.

دەمویست پێت بڵێم هەستەوە، جڵەوی شۆڕش بگرەوە، بەرەو كۆنە هەواران و بەرەو ماڵە هەژاران و بەرەو كۆساران وەرەوە، دەمویست بڵێم دەهەستەوە، لە گەڵ هێمن سەراویدا سەرێكمان لێ‌ بدەرەوە، بە گوڵاڵەی ئەو پێدەشت و قەدپاڵانە ڕەنگی وڵات سوور كەرەوە.

هەرگیز پێت ناڵێم وەرەوە بۆ بێیتەوە، بەرگە ناگریت ئەو هەموو دڵە شكاوە كۆكەیتەوە
ئەو هەموو فرمێسكی چاوە بسڕیتەوە
ئەو هەموو كۆرپە گریاوە ژیركەیتەوە
ئەو هەموو ڕووحە تۆراوە ئاشت كەیتەوە

ساڵ و مانگ و ڕۆژانی سەختی خەباتی كاك مەجید دوروو درێژن هەروا لە ژماردن نایەن، كاتێك بەرەو قەندیل ڕۆیشت تازە خەت و خاڵی دابوو، قژێكی ڕەشی قەترانی سەرو سیمای داپۆشیبوو خەمی گەلی لە كۆڵنابوو، بەڵام كاتێك گەڕایەوە مەندیلی سپی قەندیلی لە سەر نابوو.

print

 271 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*