سەرەکی » راپۆرت » وڵاتە عەرەبییەكان ئیدانەی بەزاندنی سەروەریی خاکی عیراق دەکەن

وڵاتە عەرەبییەكان ئیدانەی بەزاندنی سەروەریی خاکی عیراق دەکەن

كوردستانی نوێ

كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی، ئیدانەی بۆردومانەكانی توركیا دەكات ‌و بە دەستدرێژی و پێشێلكاریی بۆ سەر سەروەریی خاكی عیراق وەسفی دەكات. وڵاتە عەرەبییەكانیش بە پێویستی دەزانن كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر پەلامارەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی عیراق بێتەدەنگ و یارمەتی عیراق بدات.

پێشێلكردنی سەروەریی عیراق
رێكخراوی كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی، ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە بیانووی راوەدوونانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئیدانە دەكات.

ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتیی كۆمەڵی وڵاتانی عەرەب، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دەستوەردانی توركیا مانای دەستدرێژیكردنە بۆ سەر سەروەریی خاكی عیراق، ئەوەی دەكرێت بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی بەغدا، سووكایەتیكردنی ئەنقەرەیە بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتە دراوسێكانیدا.
بە وتەی ئەبولغەیت وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە: دەستوەردانەكانی توركیا لە وڵاتانی عەرەبی، لە سوریا یان لە لیبیا یان لە عیراق، بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانی و ناڕەزایی هەموو وڵاتانی عەرەبی، لە هەمان كاتدا تەماحی فراوانخوازیی توركیا دەردەخات بە هەمان شێوەی رابردووی دووری ئەو وڵاتە، كە لەگەڵ جیهانی هاوچەرخدا یەكناگرێتەوە.

هەر لە بەیاننامەكەی كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبیدا هاتووە: ئەنجومەنی كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی لە مانگی ئاداری رابردوودا بڕیارێكی پەسەند كرد، كە تیایدا ئیدانەی دەستوەردانە بەردەوامەكانی توركیای كرد لە باكووری عیراق لە ژێر هەر ناونیشانێك و بە پێویستیش زانرا هەڵوێستێكی عەرەبی یەكگرتوو بگیرێتەبەر لە بەرانبەر بە پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەر سەروەیی عیراق.

كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند: وڵاتانی عەرەبی بە كۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر ئەو بڕیارە دەربڕی و تەنیا یەك دەوڵەت خۆپارێزبوو بەرانبەری، بڕیارەكەش ئیدانەكردنی دەستوەردانی توركیای لە خاكی عیراقدا لەخۆگرت و داوا لە حكومەتی توركیا كرا، هێزەكانی بەبێ هیچ مەرجێك پاشەكشە پێبكات، بەو پێیەی دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی خاكی عیراق و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب.
بڕیارەكە وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە: پشتیوانی لە حكومەتی عیراق لەخۆدەگرێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان، كە ئامانج لێی پاشەكشەكردنی هێزەكانی توركیایە لە نێو خاكی عیراق بۆ چەسپاندنی سەروەریی حكومەتی عیراقە بەسەر تەواوی خاكەكەیدا.

بەحرەین داوایەك لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات
دەوڵەتی بەحرەین، بە توندی ئیدانەی پەلامارە سەربازییەكانی توركیا و ئێران دەكات و داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات، تاكو یارمەتی عیراق بدات.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی بەحرەینەوە بڵاوكرایەوە: مەنامە بەتوندی پەلامارە سەربازییەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر ناوچەكانی باكووری عیراق ئیدانە دەكات و بە پێشلكاریی ئاشكرای سەروەریی عیراق و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەدا ناوی دەبات.
بەحرەین دەڵێت: ئەو پەلامارانە لەگەڵ یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەكان یەكناگرنەوە و هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ئیقلیمی.
هەروەها داوای لە كۆمەڵی نێودەوڵەتیش كرد، كە ئیدانەی ئەو پەلامارانە بكات و پشتیوانی لە حكومەتی عیراق بكات لە هەوڵە نیشتمانییەكانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكەی.

سعودیە پشتگیریی خۆی بۆ بەغدا رادەگەیەنێت
لە هەمان كاتدا، عەرەبستانی سعودیە، ئیدانەی ئەو پەلامارانەی كرد كە لە لایەن توركیا و ئێرانەوە دەكرێنە سەر خاكی عیراق و پشتگیریی و پشتیوانی خۆشی بۆ بەغدا دەردەبڕێت لەو رێكارانەی دەیانگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: حكومەتی ریاز بە توندی ئیدانەی پەلامارەكانی توركیا و ئێران دەكات بۆ سەر خاكی عیراق.
بەپێی بەیاننامەكەی ریاز: ئەو پەلامارانە دەستوەردانێكی رەتكراوەن لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی و پێشلكارییەكی ئاشكران بۆ سەروەریی خاك و هەڕەشەن بۆ ئاسایشی عەرەبی و ئیقلیمی و سەرپێچییەكی ئاشكرای پرەنسیپ و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكانن.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە: عەرەبستانی سعودی پشتیوانی لە عیراق دەكات لە هەر رێكارێك كە بۆ پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەكەی بیگرێتەبەر.

ئیمارات: پێشێلكاریی یاسا نێودەوڵەتییەكانن
لای خۆیەوە، ئیمارات ئیدانەی دەستوەردانە سەربازییەكانی توركیا و ئێرانی كرد لە عیراق و ئەو پەلامارانەی بە پێشلكاریی سەروەریی وڵاتانی عەرەبی و بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی لە قەڵەم دا.
وەزارەتی دەرەوە و هەماهەنگی نێودەوڵەتیی ئیمارات لە بەیاننامەیەكدا، هەڵوێستی ئەبوزەبی ئاشكرا كرد و لە بەیاننامەكەدا جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و چەسپاوی ئیمارات كراوەتەوە، كە هەموو دەستوەردانێك لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی رەتدەكاتەوە و بە پێویستی دەزانێت كە رێز لە سەروەریی خاكی عیراق بگیرێت و پرەنیسپەكانی دراوسێیەتی و دەستهەڵگرتن لە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە هەڵبگیرێت.

میسر: پێچەوانەی بەڵێننامە و رێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكانە
هەروەها حكومەتی قاهیرە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی رایگەیاند: بە توندی ئیدانەی دەستوەردانەكانی ئەم دواییانەی توركیا و ئێران لە (باكوری عیراق) دەكەین ‌و دەستوەردانەكان درێژكراوەی زنجیرە دەستوەردانەكانی پێشوون بۆ سەر سەروەریی خاكی عیراق.
ئاماژەی بەوەشكردووە: دەستوەردانی توركیا و ئێران لە خاكی عیراق، پێچەوانەی بەڵێننامە و رێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكانە بۆ رێزگرتن لە سەروەریی خاكی وڵاتان و بنەماكانی دراوسێیەتی باش.
روونیشیكردۆتەوە، كە میسر بەتەواوی هەر دەستوەردانێك بۆ سەر خاكی وڵاتانی عەرەب رەتدەكاتەوە ‌و پێیوایە دەبێتە هۆی قوڵكردنەوەی زیاتری ئەو ناسەقامگیرییانەی ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت. هەروەك داوای لەهەموو لایەك كردووە، تاكو رێز لە سەروەریی خاكی عیراق بگرن.‬
‫ ‬
كوێت: بەزاندنێكی روونی سەروەریی خاكی عیراقە
هەروەها ‫كوێت لە بەیاننامەیەكدا، كە لە ماڵپەڕی رەسمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت: لەگەڵ هەر رێوشوێنێك دەبین كە حكومەتی عیراق بۆ پاراستنی سەروەریی خاكەكەی و زامنكردنی ئاسایش و سەقامگیری بیگرێتەبەر.‬
بەپێی بەیاننامەیەكە، كوێت جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ ڕەتكردنەوەی هەر دەستوەردانێك لە سەروەریی خاكی وڵاتانی عەرەب دەكاتەوە. هەروەك دەستوەردانەكانی توركیا و ئێرانی بۆ ناو خاكی (باكووری عیراق) ئیدانە كردووە و بەپێچەوانەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی دەزانێت و پێیوایە بەزاندنێكی روونی سەروەریی خاكی عیراقە و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عیراق و ناوچەكە.

 

سەرچاوە، ئاژانسەکان

print

 153 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*