سەرەکی » زانست » دەریاچەی گەناو هۆکاری دروست بوونی و گۆڕانی رەنگەکەی

دەریاچەی گەناو هۆکاری دروست بوونی و گۆڕانی رەنگەکەی

پ. ی. د. دیاری عەلی*

کاتێک کە بەڕێدەکەویت بەرەو دەربەندی رانیە، لە دەستی راستت شەقامی سەرەکی و نزیکی قوڕگۆ، دەریاچەیەک سەرنجت رادەکێشێت کە ٧٠٠ م دوورە لە دەریاچەی دوکانەوە، کە لێی نزیک دەبیتەوە، دیمەنی سەنجڕاکێش دەبینیت کە ئەویش رەنگ و بۆنی ئاوەکەیە کە جیاوازە لە ئاوەکانی دەوروبەری، هەروەها بوونی چەند زیندەوەرێک لە ناو ئاوەکەدا وەکو کیسەڵی ساف و مراویی و جۆری تر.

ئەم دەریاچەیە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە کە لە خوارەوە روونی دەکەمەوە:

تیرەی ئەم دەریاچەیە ٣٧٠مەترە لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا و ٣٥٠مەترە لە باکوورەوە بۆ باشوور. لە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک خەریکی خوێندنی دکتۆرا بووم، لە ناوچەی ڕانیە نموونەی ئاوم لێ وەرگرت و ئاماژەم بەوەدا کە جۆری ئاوەکەی کبریتاتی کالسیۆمەو لە ساڵی ٢٠١٢ تیمێکی زانکۆی سلێمانی لە بەشی جێۆلۆجی توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان (پرۆفیسۆر د. سەڵاحەدین سەعید عەلی، پرۆفیسۆر د. بەختیار قادر عەزیز و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. دیاری عەلی محەمەد) کە رێگەی (GPR (Ground penetration Radar)  بەکارهات بۆ دیاریکردنی قووڵیی دەریاچەکە، هەروەها سەرچاوەی ئاوی گەناو بە بەکارهێنانی هاوتای ژینگەیی و کیمیایی ئاوەکە(Environmental isotopes) .

لەساڵی ٢٠١٥ تیمێکی شوێنەوارناسی ئەڵمانی لە زانکۆی میونشن-ەوە تیمێکی زانکۆی سلێمانی بەشی جێۆلۆجی کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان (پرۆفیسۆر د. بەختیار قادر عەزیز و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. دیاری عەلی) دەستیانکرد بە تویژینەوەیەک لەسەر گرنگی دەریاچەکە لە رووی شوێنەوارەوە و پێکهاتەی نیشتووەکانی بنی دەریاچەکە.

تیمێکی وەزارەتی ژینگەی عیراق و دەستەی ژینگە و سروشتی عیراق و دەستەی کوردستانی و زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٩ لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد.

دەرئەنجامی توێژینەوەکان لەم چەند خاڵەی خوارەوە کورت دەکەمەوە:

لە ڕووی جێۆلۆجییەوە

١.ئاوی دەریاچەکە بڕێکێ زۆر ماددەی رەقی تیا تواوەتەوە(High TDS)  و جۆری ئاوەکەی بریتییە لە کبریتاتی کالسیۆم (Ca-SO4).

٢.قووڵی ئاوەکە زیاتر لە ٢٤ مەترە.

٣.دەریاچەکە بەهۆی دروستبوونی کانییەوەیە کە بەهۆکاری جێۆلۆجی دروستبووە کە لە دەرئەنجامی دوو شکاویی هەروەها جێکەوتی شوێنەکە لەسەر کرۆکی ئەنتیکلاینی ڕانیە.

٤.هۆکاری بۆنی ناخۆش و بوونی کبریتات دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی جوراسی لە ناوچەکە کە ماددەی ئۆرگانی تێدایە و بوونی بەردی جبس کە لە پێکهاتەکانی ترایاسیکدا هەیە.

٥-دەریاچەکە لە ٢٤ دەریاچە پێکاتووە کە قەبارەیەن جیاوازە بە بەکارهینانی (DEM) وەک لە وێنە هاوپێچەکاندا دەردەکەوێت.

٦. ئاوی دەریاچەکە ساڵانە تازە دەبێتە و  لەدوورەوە ڕیچارچ دەبێتەوە.

لە ڕووی شوێنەوارناسییەوە

١.ئەو نموونانەی لە بنی دەریاچەکە وەرگیرا کە تا ٤٥مەتر بوو، دەریخست کە ناوچەکە لە ڕووی شوێنەوارەوە دەشتایی بووەو دارستانی لێ نەبووە، هەروەها رێژەی توخمی ئارسنیک زۆر زۆرە کە تائێستا هەندێک لەو زانیارییانە شیتەڵ نەکراوەو لە داهاتوودا لەگەڵ زانکۆ ئەڵمانییەکە توێژینەوەی تری لەسەر دەکرێت.

-هۆکاری گۆڕانی رەنگی دەریاچەکە

دوای گەڕان بە سەرچاوەکاندا و هەندێک کەیسی تر لە وڵاتانی تردا، هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم دوو ئەگەرە، بەڵام پێویستە توێژینەوەی تری لەسەر ئەنجام بدرێت لە لایەن تیمی جێۆلۆجی و بایۆلۆجی:

-ئەگەری یەکەم بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی رادەی خوێی تواوە ئەگەری هەیە زیادی کردبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەکردنی جۆرێک لە بەکتریا بە ناوی(Halobacteria)  و جۆرێک لە قەوزە لە جۆری (Dunaliella salina)  کە ئەم دوو جۆرە حەزیان بە ئاوی سوێرە. رەنگی سوری (carotenoid) ئەو دوو جۆرەش بەرپرسە لە پێدانی رەنگی پەمەیی بە دەریاچە. وەک لە دەریاچەی (Hillier)  لە ئوسترالیا هەیە.

.ئەگەری دووەم بوونی دوو جۆر لە بەکتریای کبریتی لە جۆرەکانی (Chlorobium phaeobacteroides) و (Chromatium minus)  کە لە قووڵایی کەمدا دەژین. نموونەش ئەو جۆرە دەریاچانەی کە پێی دەڵێن (Meromictic Lake)  کە بریتین لەو دەریاچانەی کە ئاوەکانیان تێکەڵ نابێت و لە جیهاندا ١٧٧ دانە هەیە کە ئەمەش نزیکە لە گەناوەوە.

ئەمانە هەمووی ئەگەرن وەک باسمکردووە و پێویستە لەلایەن بایۆلۆجییەکانەوە شیتەڵ بۆ ئاوەکان بکرێت و بزانرێت ئاخۆ ئەو چۆرە بەکتریا و قەوزانە هەن؟

هەندێ جار رەنگی پەمەیی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی پەرمەنگەنات کە ئەمەش ئەگەرێکی کەمە.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بۆ ئەمساڵ رەنگ گۆڕدرا، خۆ ساڵانی تریش پلەی گەرما بەرزبووە و هەندێک ساڵ لەمساڵ باران کەمتر باریوە. بە ڕاستی ئەمە پێویست بە توێژینەوەی وردتر هەیە.

وێنەکان لە لایەن مامۆستا کۆڕش ئاراراتەوە لەسایتی کوردسات وەرگیراوە.

سەرچاوەوەکان:

https://www.iasj.net/iasj?func=article&aId=61742

https://www.researchgate.net/…/331301120_Irrigation_in_the_…

https://edition.cnn.com/…/lake-lonar-pink-india-…/index.html

https://science.howstuffworks.com/…/australia-pink-lakes.htm

* لە بەشی جیۆلۆجی

print

 293 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*