سەرەکی » ئابووری » ژماره‌ی مه‌رجدار

ژماره‌ی مه‌رجدار

پ.ی.د.ئه‌یوب سماقه‌یی

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رۆژی 3/2/2016 به‌ بڕیاری ژماره‌ (64) رایگه‌یاند، ته‌نها به‌شێك له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌دات، جگه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش ‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ئه‌و بڕه‌ی ده‌یبڕێت له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ناوی نا پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، كه‌ له‌ (15% بۆ 75%)ی هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتیی گرته‌وه‌. له‌گه‌ڵ بڕینی (50%)ی مووچه‌ی خانه‌نشینی پله‌ تایبه‌ته‌كان، وه‌ك وه‌زیر و بریكاری وه‌زیر و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان.

ئه‌وكات داوای ژماره‌ی حسابی كرا بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك، له‌به‌رئه‌وه‌ی بانك به‌ به‌ئه‌مانترین شوێنی پاراستنی پاره‌ داده‌نرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاغه‌زی دارایی ‌و دراو بزر ده‌بن ‌و له‌ناوده‌چن، به‌ڵام ژماره‌ی بانكی (ژماره‌ حساب) بزر نابێت ‌و له‌ناوناچێت ‌و نادزرێت، بۆ ئه‌وه‌ش بوو ببێته‌ ماڵ به‌سه‌ر حكومه‌ت ‌و به‌یاسایی ببێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2003دا روویدا كه‌ له‌كاتی رووخانی رژیمی پێشووی عیراقدا، ژماره‌ حسابییه‌كان پارێزراو بوون، ده‌توانرێت كه‌شفی ژمێره‌ی مانگانه‌ بدرێته‌ خاوه‌ن پاشه‌كه‌وته‌كان، وه‌ك تۆماری ئه‌و پارانه‌ی له‌ بانك دانراون، له‌گه‌ڵ ئه‌و پارانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ بانك ده‌رهێنراون.

كردنه‌وه‌ی ژماره‌ی بانكیی تایبه‌ت، ئاسانكاریی ده‌كات بۆ خاوه‌ن پاشه‌كه‌وته‌كان وه‌ك هۆكارێكی پێدان، واتا ئاسان ده‌توانێت به‌كاری بهێنێت.

له‌ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ 10/10/2016 سیستمی بایۆمه‌تری بۆ فه‌رمانبه‌ران له‌شاری هه‌ولێر راگه‌یه‌ندرا، له‌ڕێگه‌ی كارتی ئه‌لیكترۆنی تایبه‌ت به‌ فه‌رمانبه‌ران، له‌پێناوی چاكسازیكردن له‌ لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ‌و سڕینه‌وه‌ی ناوی دووباره‌ و وه‌همی، به‌ ئامانجی تۆماركردنی گشت فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم ‌و كردنه‌وه‌ی ژماره‌ی بانكی بۆ هه‌موو كه‌سێك كه‌ مووچه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ها دیاریكردنی رێژه‌ی راسته‌قینه‌ی پاشه‌كه‌وت ‌و دانانی له‌سه‌ر ژماره‌ی بانكیی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك، له‌ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی مۆری په‌نجه‌ و چاوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی مووچه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرن، تۆماركردنی هه‌ر كه‌سێك مووچه‌ یان ده‌رماڵه‌ی هاوكاریی له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرێت به‌ ژماره‌ی تایبه‌تی كه‌ پێی ده‌ڵێن ژماره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.

سه‌رجه‌م زانیاری له‌سه‌ر هه‌ڵگرانی ئه‌م ژماره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌خۆده‌گرێت، ئه‌م داوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو پاشه‌كه‌وتی فه‌رمانبه‌ران بپارێزرێت، به‌ڵام ئێستا گرفتی دواكه‌وتنی مووچه‌ هه‌یه‌، ئێستا ئێمه‌ له‌كۆتایی مانگی حوزه‌یرانداین ‌و ته‌نیا مووچه‌ی مانگی یه‌كی ساڵی 2020 دابه‌شكراوه‌، واتا به‌ نیو ساڵ یه‌ك مووچه‌ دراوه‌، ئه‌م دواكه‌وتنه‌ش ترسی دروستكردووه‌، بۆیه‌ دانانی ژماره‌ی حسابی به‌م دۆخه‌ی ئێستا كه‌ متمانه‌ له‌نێوان حكومه‌ت ‌و خه‌ڵك ‌و بانك نه‌ماوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ ژماره‌ی حسابی فه‌رمانبه‌ران (بێ مه‌رج بێت) و (مه‌رجدار نه‌بێت)، واته‌:

1- پێویسته‌ هه‌موو پاشه‌كه‌وته‌كه‌ بخرێته‌ ئه‌و ژماره‌یه‌.

2-فه‌رمانبه‌ر بتوانێت ژماره‌كه‌ی بجوڵێنێت ‌و هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كی پێ بكات.

3-فه‌رمانبه‌ر بتوانێت هه‌موو پاره‌كه‌ی (مووچه‌ی مانگانه‌ی) به‌یه‌ك جار رابكێشێت.

4-فه‌رمانبه‌ر بتوانێت به‌كاری بهێنێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بازاڕ و له‌گه‌ڵ حكومه‌ت.

5-هیچ قه‌رزێكی فه‌رمانبه‌ر بێ ئاگاداریی‌و ره‌زامه‌ندی خۆی له‌ قه‌سیدی دانه‌شكێنرێت، واته‌ مووچه‌كه‌ بارمته‌ نه‌بێت لای حكومه‌ت.

6-مه‌رجداركردنی ژماره‌ی حسابی، هه‌ژاریی فه‌رمانبه‌ران زیاتر ده‌كات ‌و ناڕه‌زایی زیاتری فه‌رمانبه‌ران و بازاڕی لێ دروست ده‌بێت.

7-به‌هۆی بێ بازاڕی (كساد)، پێویسته‌ پاره‌ بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی چالاكیی ئابووری دروست ببێته‌وه‌ و خه‌ڵك ئاهێكی به‌به‌ردا بێته‌وه‌.

بۆیه‌ هه‌ر ژماره‌یه‌كی حسابی مه‌رجدار هه‌ژاریی فه‌رمانبه‌ران زیاتر ده‌كات ‌و بازاڕیش زیاتر به‌ره‌و سسست بوون ‌و داڕوخان ده‌بات ‌و بێكاریی زیاتر دروست ده‌بێت ‌و ناڕه‌زایی خه‌ڵك زیاتر و زیاتر ده‌بێت، بۆیه‌ مه‌رجه‌ ژماره‌ی حسابیه‌كه‌ بێ مه‌رج بێت، نه‌ك مه‌رجدار ئه‌مه‌ یاسایه‌ نه‌ك پێویست بوونی كاتی بێ مه‌رجیی ژماره‌ی حسابی.

print

 237 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*