سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » کاریگەرییە نەرێنییەکانی “بەشاربوون”ی گوندەکان

کاریگەرییە نەرێنییەکانی “بەشاربوون”ی گوندەکان

کرانەوە و پێشکەوتنی جیهان لەهەموو کایە و بوارێکدا بێت و تا هەر ئاستێک بێت، رووداوێک و وەرچەرخانێکی ژیانی و ژیاری باش و پۆزەتیڤە، کرانەوە و پێشکەوتن تا هەر ئاستێک هەنگاو بنێت و بەرەوپێشەوەچوون هەبێت بەو پێودانگەی کەلتوور و زمان و مێژوو و سروشتی گشتی نەشێوێنێت، کارێکی باشە و مایەی دڵخۆشی و سوودی گشتیشە.

دەبێت بڵێین بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە “بەشاربوون”ی گوندەکاندا دەبینرێت، دەستکاریکردنی ئەو کەڵچەر و کەلەپوورە کوردەوارییەیە کە پێشتر لەناوەندی گوندەکاندا بەشێوەیەکی توند و وەک بەهایەکی موقەدەس و پیرۆز پێوەی پابەندبوون.

دەستکاریکردنی سروشت و واقیعی ژیانی گوندییانە، بۆ جۆرێک لە جۆرەکانی ژیانی شارییانە، یان بەشاریکردنی گوندەکان لە تەواوی کایە و لایەنە جیاوازەکانەوە، بەبێ پاراستنی سروشت و دۆخی سادەی گوند و ژیانی گوندنشینان، نەک نەبۆتە مایەی دڵخۆشی و نەک وەرچەرخانێکی ئەرێنی نییە و لە سوودی رەوڕەوەی پێشکەوتنی ژیاری و ژیانی گوندنشینان نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکە لە زیانی تەواوی کەلتوور و مێژووی کورد، پێش خودی گوندەکان و گوندنشینان خۆیان.

ئەم وەرچەرخانە لە گوندەکاندا دەستکاریکردنی کۆی گشتیی ستراکچەر و بنیادی ئەسڵی گوندییە و لەبەرامبەردا ئەوەی بەرهەم هاتووە پاڵنەرێک نییە بۆ پاراستنی دۆخە بەردەوامەکەی گوند، بەڵکو لەشوێنێکدا ئەم دۆخەی وەستاندووە و بارودۆخێکی دەستپێکردووە کە دەتوانین ناوی بنێین دۆخ و ژیانی شارییانە.

ئەو دۆخە شارییەی ئێستا لە گوندەکاندا هەیە، پێش هەر شتێک مرۆڤی گوندی لە گوندی و چیایی و درەو و سوواڵە و مەڵۆوە گۆڕیوە بۆ مرۆڤێکی خەوتووی دەستەپاچە و بێ ئیش!.

بەشاریبوون-ی گوندەکان، شوناسی مرۆڤی گوندی لە تەواوی مێژووی خۆی دابڕیووە و ئێستا شوناسێکی نوێی پێ بەخشیووە، ئیتر شوناسی مرۆڤی گوندی یان گوندنشین مرۆڤە چوست و چالاک و فرە جووڵە و شوانکارە و ماندووەکەی جاران نییە، بەڵکو ئێستا و لەسایەی ئەو پێشکەوتن و پەیوەندییە جیهانییەدا کە گەیشتۆتە گوندەکان و پێیان دەوترێت ئینتەرنێت، یاخود سەتەلایت و موبایل و …هتد، مرۆڤێکی بێکاریگەرییان لێ دروست بووە، ئەگەر گوندەکانی ئێستا هەمان قورسایی ژیانی جارانی هەبووایە و بەکۆی گشتی لە گوندی جاران بچووایە، ئەوا ئەم جۆرە مرۆڤەی نەدەویست کە ئێستا لە گونددا وجودی هەیە.

یەکێکی دیکە لەو زیانانەی لە ئەنجامی بە شاریبوون-ی گوندەکان بەر مرۆڤی گوندەکان کەوتووە و گۆتاوەڕۆکەی دەرکەوتووە، پرسی زمان و بنزار و شێوازی ئاخاوتن و سادەییە لە تەعبیردا. دەستکاریکردنی شێوازی ئاخاوتن لەلای تاکی گوندنشینی قسەکەر لەژێر ئەو هەژموونە شارییەدایە کە لە ئەنجامی نەزانین و قووڵ نەبوونەوە لە زمان و ڕاستی وشەو فۆنەتیک و سێنتاکس پێیانوایە زمان یان شێوازی دەربڕین و ئەو وشانەی شارییەکان! دەریدەبڕن راستتر و تەواوترە، لەکاتێکدا لەقورئاندا کە ئاماژە بۆ (القری) دەکات، تاکو عەشیرەت و پیاوانی زانست دۆستی جیهانی لە سەرەتایەکی بچووکەوە منداڵەکانیان ناردۆتە گوند تاکو فێری زمان و وشەی راستی نێو زمانەکەیان ببن و بەدووربن لەو فەوزا زمانەوانییەی لە شارو لەنێو دەزگاو مامەڵەی ڕۆژانەی شارییانەدا بەرگوێیان دەکەوێت.

لە پێشکەوتووترین وڵاتەوە بۆ دواکەوتووترین وڵات و کۆمەڵگە بەرخۆرییەکان و …هتد، ژینگە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بونیادی جەستەیی و زمانەوانی و ژیاری تاک هەیە، بۆیە ژینگەی گوند لە ڕابردوودا کە ژینگەیەکی تەواو سادە بووە، هاوکات تاکێکی سادە و زمان و نوتقێکی سادەیشی هەبووە و سادە دواون، لەدوای گۆڕانکارییەکی راستەوخۆی ئەو دۆخە گشتییەی لە گوندەکاندا دروستبووە، هەست بەوە دەکرێت لەهەموو روویەکەوە گوندەکان دەبنە شار، راستەوخۆ ئەم بەشاربوونە گۆڕانکاریی لە دروستکردنی تاکی وەک جاران و دواندنی سادەدا بەرهەمهێناوە. بۆیە ئێستا بەبەراورد بەجاران ئەستەمە بتوانرێت جیاوازیی ڕوون و بەرچاو لەنێوان شێوازی ئاخاوتنی نەوەی نوێی گوند و شاردا بکرێت.

print

 239 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*