سەرەکی » کەلتوور » عەتا چاوشین… ئەو هونەرمەندەی كۆرۆنا لێیسەندین !

عەتا چاوشین… ئەو هونەرمەندەی كۆرۆنا لێیسەندین !

خەلیل عەبدوڵڵا

 

كێ‌ راسپێرم هەواڵ بەرێ‌
بەكۆڕی گەرمی یارانا
كێ‌ دڵنەوایم باتەوە
لەجێی‌ ئەو عەشقەی جارانا

عەتا چاوشین ئەستێرەیەكی پرشنگداری ئاسمانی هونەری كوردستان بوو، لەرشتەكانی گۆرانی‌و موزیك‌و شیعردا بەهێمنی‌و بەبێدەنگی خزمەتی گەل‌و نیشتمانەكەی كرد‌و خاوەنی چەندین بەرهەمی جوان‌و ناوازەیە‌و باخچەی هونەری كوردستانی رەنگین كردووە.

عەتا ئەمین زۆراب ناوی تەواوی ئەو هونەرمەندەیە‌و بەعەتا چاوشین ناسراوە، لە شوباتی 1962 لەگەڕەكی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایك بووە.

قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی پیشەسازی لەشاری سلێمانی تەواو کردووە.

وەک فەرمانبەر لەبەشی موزیکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی خزمەتی کردووە.

دواتر خۆی گواستۆتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستای پیشەیی بووە لە قوتابخانەی گەلی بنەڕەتی ،دواتر خۆی گواستۆتەوە بۆ قوتابخانەی کاشمای بنەڕەتی و تا دوا رۆژەکانی ژیانی لەوێ خزمەتی کردووە.

هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە، خولیای هونەری گۆرانی بوو، بەلاسایی كردنەوەی هونەرمەندانی ناودار دەستی پێكرد، دواتر رێچكەی تایبەتی هونەری خۆی گرتەبەر‌و بووە خاوەن ستایلی خۆی.

لەكۆتایی حەفتاكانەوە تێكەڵاوی ژیانی هونەری بوو، ساڵی 1982 یەكەم گۆرانی خۆی بەناوی (ئەی غەریب مەڕۆ) تۆمار كرد، گۆرانییەكی هێندە بەسۆز بوو، دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، ئیدی بەو گۆرانییە ناسرا‌و دەركەوت.

عەتا چاوشین ماوەیەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان ژیا‌و ئاشنایەتی لەگەڵ هونەرمەندانی وەك ( محەمەدی ماملێ‌، سەید محەمەدی سەفایی، برایانی زیزی، غەریبی خدریان)‌و چەندانی تر پەیدا كرد‌و كاری هونەری لەگەڵ كردن‌و سوودی لەئەزموون‌و توانای هونەرییان وەرگرت.

عەتا چاوشینی هونەرمەند خاوەنی چەندین ئەلبومی گۆرانییە لەوانە:( ئەی غەریب مەڕۆ، سەوزە، میوان، گەردنی بەرز، ئەی گوڵی من).

عەتا چاوشین هەر هونەرمەندی گۆرانیبێژ نەبووە، بەڵكو شاعیر‌و ئاوازدانەریش بووە، بەشێك لەگۆرانییەكانی شیعر‌و ئاوازی خۆی بوون.

ھەندێ لە شیعرەکانی لەلایەن ھونەرمەندانەوە کراوە بەگۆرانی و چاوشین ئاوازیشی بۆ چەند ھونەرمەندێک داناوە.

عەتا چاوشین، شیعرەكانی لەدوو توێی دیوانێكی بچووكدا بەناوی ( كێ‌ راسپێرم) لەساڵی 2003 لەشاری سلێمانی چاپ‌و بڵاو كردەوە.

ھەندێ لەشیعرەکانی خۆی بەدەنگە بەسۆزەکەی لە دوو توێی ئەلبوومێکدا تۆمارو بڵاو کردۆتەوە.

عەتا چاوشین، هونەرمەندێكی بەتوانا‌و خۆشەویست‌و بەهەڵوێست بوو، رێزی خۆی‌و هونەرەكەی گرت. بەشانازییەوە بۆ بژێوی ژیان كرێكاری ئەكرد‌و بەباسكی خۆی نانی سەربەرزانەی پەیدا ئەكرد.

كەسێكی هێمن‌و لەسەرخۆ‌و دوور لەگیانی خۆدەرخستن كاری ئەكرد‌و بەرهەمە هونەرییە جوان‌و سەنگینەكانی پێشكەش ئەكرد.

هێشتا توانا‌و سەلیقەی خزمەتی هونەریی زۆری مابوو، چەندین پرۆژەی كاری هونەری لەمێشك‌و دڵ‌و دەروونیدا بوو، بەڵام بەداخەوە ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا، فرسەتی لێهێنا‌و كۆتایی بەژیانی هێنا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ی حوزەیران بۆ دواجار لەشاری سلێمانیی زێدی خۆی، ماڵئاوایی لەهونەر‌و ئازیزانی كرد‌و چووە دنیای نەمرانەوە.

دروودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی عەتا چاوشینی هونەرمەندی خۆشەویست‌و بەهەڵوێست.

عەتا چاوشین لەدوای خۆی سێ منداڵی بەناوەکانی« گەشت، بەیبوون، زەنوێر» لە دوا بەجێماوە.

لەو رۆژەوە پێت وتوم دێم ئارامم لێهەڵگیراوە
لەخۆشی هاتنت جەژنە‌و مانگی یەكشەوە بینراوە

print

 239 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*