قاھیرە، یادگار عەلی
*عەقیلە ساڵح سەرۆکی پەرلەمانی لیبیا رایگەیاند: ھەر دەستوەردانێکی سەربازیی میسر لە لیبیا شەرعییە و لەڕێگەی دەسەڵاتی گەلەوە ڕێگەی پێدراوە، بۆیە ھەرکات ھێڵی سرت و جفرە بەزێنرا، میسر مافی ئەوەی ھەیە بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بکات.
*وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سەردانی تەرابلوسی کرد و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی ویفاق باسیان لەئاسۆکانی ھاریکاریی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا و دوا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی لیبیا و دۆسێی کۆچبەرانی نایاسایی و یەکخستنی تواناکان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو دیاردەیە کرد.
*وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لە پێویستی دەستھەڵگرتنی تورکیا و روسیا لەناردنی چەک بۆ لیبیا کردەوە.
*سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی: پێشوازی لە بانگەوازی قاھیرە دەکەین کەلەلایەن سەرۆکی میسرەوە بۆ چارەسەری تەنگژەی لیبیا ڕاگەیەنرا، ھەروەھا ھەوڵەکانی سەرۆکی جەزائیر بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە ناکۆکەکانی ململانێکانی لیبیا لەسەر یەک مێزی گفتوگۆی سیاسی، بەرزدەنرخێنین.
-داوای دەستبەجێ وەستاندنی شەڕ و دەرچوونی ھەموو ھێزە بیانییەکان دەکەین و لەگەڵ پەنابردنین بۆ چارەسەری سیاسی بۆ تەنگژەی لیبیا.
*سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەتی لیبیا رایگەیاند: بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ دەستپێشخەریی میسر بۆ چارەسەری ئاشتیانەی تەنگژەی لیبیا نین. ئێمە لەڕووی سەربازییەوە کۆنترۆڵی زۆر شوێنمان کردووە و دەستووری لیبیا رێگەنادات دەسەڵات و چەک لەدەستی ھۆزەکان بێت و ئەو ئەرکە تەنھا لەئەستۆی دەسەڵاتی شەرعیی ھەڵبژێردراودا دەبێت.
*سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا رایگەیاند: پشتیوانی لە ھەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی تونس دەکەین کەدەستوەردانی دەرەکی لەکاروباری ناوخۆی لیبیا رەتدەکەنەوە.. پێویستە شەڕ رابگیرێت و گفتوگۆی سیاسی لەبەر رۆشنایی کۆنگرەی بەرلین و راسپاردەی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ چارەسەری سیاسی بکرێت، چونکە دەستوەردانی دەرەکی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و لێکترازان لەنێوان گەلی لیبیادا فراوانتر دەکات.
*ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند: دەبێت دەست بە سەروەری و سەربەخۆیی لیبیاوە بگیرێت.
-پاراستنی ئاسایشی خاک و یەکێتیی لیبیا.
-رەتکردنەوەی ھەر جۆرە پیلانێک بۆ دابەشکردنی لیبیا.
-ھەموو شێوەکانی دەستوەردان لە کاروباری لیبیا رەتدەکەینەوە.
-چوونەدەرەوەی ھێزە بیانییەکان و چەتەچەکدارەکان لە لیبیا و ھەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکان.
447 جار بینراوە