سەرەکی » ئابووری » دابەشكردنی بەشەخۆراك

دابەشكردنی بەشەخۆراك

بەغدا رەزامەندی پیشانداوە لەسەر بەردەوامی دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان لە ساڵی 2018دا، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكیش رایدەگەیەنێت: نزیكەی حەوت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر برنج رەوانەی شاری سلێمانی كراوە.
شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لەسلێمانی، بەماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە: حكومەتی عیراق رەزامەندی پیشانداوە بە بەردەوامبوونی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان لەساڵی 2018دا، نووسراوەكەشمان بەدەست گەیشتووەو هیچ كێشەیەك لە دابینكردنی بەشەخۆراك نابێت.
راشیگەیاند: بڕیارە دوای سەری ساڵ، دەست بە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بكەین، هەر بەشە خۆراكێكی نوێمان بە دەست بگات بە پێی بنكەكانی خۆراك دابەشیان دەكەین.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك وتیشی: «نزیكەی حەوت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر برنجمان لە بەغداوە بە دەست گەیشتووە، بەڵام نازانین ئەم بەشە خۆراكە برنجی كام مانگەیە».
ئەمەش لەكاتێكدایە چەند ساڵێك تەنها چوار ماددە لە بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت كە بریتییە لە (زەیت، شەكر، برنج‌و ئارد) بۆ ساڵی داهاتووش ماددەكان وەك خۆی دەمێنێتەوەو تەنها ئەو ماددانە دابەش دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*