سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » سازش ‌و بژاردەی تریش!

شیكار

سازش ‌و بژاردەی تریش!

لەڕووی كبریائی نەتەوەییەوە، هەڵوێستێكی شكۆمەندانە دەبوو ئەگەر حكومەتی هەرێم، بۆ چارەسەری قەیرانە داراییەكان‌و وەڵامدانەوەی داخوازیی خۆپیشاندەران، بیتوانیبایە، لەجیاتی بانگەوازی بەردەوام بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا، كە رەهەندە دیبلۆماسییەكەی دۆڕاندووەو بۆتە جۆرێك لەپاڕانەوە!، پشتی بەخودی خۆی ببەستایە. پێشتریش، ئەم بژاردەیە خراوەتەڕوو، رێگەی سەرخستنیشی سەخت نییە، بەڵكو تەنها ئیرادەیەكی راستگۆیانەی ئەوێت بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵە كەڵەكە كردووانەی كە لەپرۆسەی حوكمڕانی‌و دابەشكردنی نادادپەروەرانەی دەسەڵات‌و سامانی وڵاتدا روویانداوە، بەتایبەتی كە هەم (پ.د.ك)‌و هەم (ی.ن.ك)یش، كە دوو هێزی سەرەكیی هاوكێشەی سیاسیی هەرێمن، چ بەهۆی ركابەریی نێوانیانەوە بێت، یان وەگەڕخستنی سیاسییانەی ئەو لێشاوە لەداهات كە لەڕێگەی پشكی (17%)ی هەرێمەوە دەستیاندەكەوت، باری حكومەتیان سەختكردووە.
لەساڵی (2005ز)ەوە بۆ ئێستا، سەدان هەزار هاووڵاتی لەهەرێمدا ترازێنراونەتە ناو دامودەزگاو وەزارەتەكانی حكومەتەوە، ئەمە روویداوە بەبێ پلانی دەوڵەتی كە لەسەر بنەمای رەچاوكردنی پێویستی‌و پسپۆڕی‌و بڕوانامە بێت. بەهەزاران كەسی ناشایستە لەفەرمانگەكاندا دامەزراون كە دەربڕی هیچیتر نین جگە لەبەتاڵەیەكی دەمامكراو، تەنانەت حكومەت خراوەتە ژێرباری بەرپرسیارێتیی دەستەبەركردن (ضمان)و دابینكردنی پاشەڕۆژی وەزیفیی ئەوانەشەوە كە پشت بەكەرتی گشتی نابەستن‌و لەكەرتی تایبەتدا كارێكیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە!، تا ئیتر حاڵ بگاتە ئەوەی ژمارەی مووچەخۆران بەتەواوی بئاوسێت و بە ڕێكاریی تەنانەت بایۆمەتریشەوە، رێژەكە بۆ سەروو ملیۆنێك‌و 200 هەزار كەس، بڕفێت!، ئەمەش، لەگەڵ ئەم قەیرانە داراییەدا، بە سیستەمی پاشەكەوتیشەوە، هێشتا هەر دەرەقەت نەیەت‌و بارێكی دارایی پڕوكێنەر بێت بەسەر بودجەی هەرێمەوە، بەجۆرێك تەنانەت بەغداش ئامادە نەبێ بچێتە ژێر ئەم بارە قورسەوە.
كەواتە، ئێستا، چار چییە؟ چار ئەوەیە ئەم دوو هێزەو نوێنەرانیان لەحكومەت‌و پەرلەمان، چیتر خۆیان یەكلابكەنەوەو بپرسن: ئایا بڕیار ئەدەن تەقەشوفێكی دارایی گەورە دەستپێبكەن‌و مووچەی خەڵكە ناشایستەكانی ریزەكانی خۆیان‌و هەندێ لەپارتەكانی تریش ببڕن؟ ئەگەر ئا، دەبێ نەسڵەمێنەوەو حزب بەقوربانی میللەت بكرێت، ئەگەریش نا، ئەوە چار نییەو دەبێ سازش بۆ بەغدا بكرێت، واتە داواكارییەكانی جێبەجێبكەن، لەوەش زیاتر بەدیار تەقینەوەی قەیرانەكانەوە دانەنیشن كە خەریكە سەری ئەزموونەكەو هەرێمیش، دەخوات!.
بژاردەی تر، بیرۆكەی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و رازیبوونە بە تێزی حكومەتی رزگاریی نیشتمانی، نەك كاتی، چونكە هۆكارو پێویستی‌و ئەركی هەریەكەیان جیاوازە. حكومەتی رزگارییش، لەسەر بنەمای پشكپشكێنە بێت، یان تەكنۆكراتی، تا هەڵبژاردنی داهاتوو، جڵەوكردنی قەیرانەكان بخرێتە ئەستۆ.

*گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌یه

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*