سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » د. دارا رەشید: پلانی كورتخایەن و درێژخایەنمان داڕشتووە بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەكانپەڕە 3

لە دیدارێكیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ:

د. دارا رەشید: پلانی كورتخایەن و درێژخایەنمان داڕشتووە بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەكان

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم پڕۆژەی پلانی ستراتیژیی و پڕۆژەی هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتی بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووریی هەرێم دادەڕێژێت

هەولێر – فەتاح حەسەن قەڵاتی

وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی پلانی ستراتیژیی و پڕۆژەی هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتیی بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دادەڕێژێت و بڕیاریشە لەماوەی داهاتوودا كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پلان و پڕۆژانە بكرێت، هەروەها بڕیاریشە لە بودجەی ساڵی (2020)دا حكومەتی هەرێم بودجەیەكی باش بۆ راهێنان و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان لە فەرمانگەكانی حكومەتدا تەرخان بكات.

د. دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكی تایبەتدا سەبارەت بە پڕۆژەی پلانی ستراتیژی حكومەتی هەرێم لەبواری ئابووریی كە لە ماوەی رابردوو راگەیەندراوە، رایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە دیدگای حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ماوەی (10) ساڵی داهاتوو، بەمەش دەمانەوێت لەماوەی (4) ساڵی داهاتووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەشێك لەم پلانە ستراتیژییە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرجەستە ببێت و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم پڕۆژە پلانە ستراتیژیەش هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی بواری پەروەردە و تەندروستی و پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان (كشتوكاڵ – پیشەسازی – گەشتوگوزار – بازرگانی رێگاوبان و گواستنەوە – ئاوەدانكردنەوە – پەروەردە – تەندروستی) دەگرێتەوە، بەمەش دەمانەوێت لەچوارچێوەی ئەم پلانە ستراتیژییەدا بەراوردكارییەك لەنێوان رەوشی ئابووریی ئێستای هەرێمی كوردستان و (10) ساڵی داهاتووی ناوچەكەمان بكەین، بەمەش كابینەكانی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوكار و درێژەپێدەری ئەم پلانە ستراتیژییە دەبن.

وتیشی: لەچوارچیوەی جێبەجێكردنی ئەم پلانە ستراتیژییەدا ئێمە سوود لە ئەزموون و شارەزایی پسپۆڕو شارەزایانی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان لە سێكتەرە جیاوازەكان وەردەگرین، چونكە ئێمە دەمانەوێت داهاتی سەرەكیی هەرێمی كوردستان تەنیا نەوت و سووتەمەنی نەبێت، بەڵكو دەمانەوێت سوود لە تەواوی دەرامەتە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرین بۆ بووژاندنەوەی هەموو سێكتەرە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی ئەوانیش لە داهاتوو ببن بە سەرچاوەیەك لە سەرچاوەكانی داهاتی ئابووریی ناوچەكەمان و لەو رووەشەوە زیاتر گرنگیی بە كەرتی تایبەت بدرێت بۆئەوەی شان بەشانی كەرتی گشتی (حكومەت)، بواری ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە بچێت و بەرهەمی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان زیادبكات و بازاڕی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان گەرم و گوڕی بەخۆیەوە ببینێت و هەلی كاری زیاتریش بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەستەبەر بكرێت.

هەروەك راشیدەگەیەنێت كە ئێستا سەرقاڵی داڕشتنی پڕۆژە پەیڕەوێكن بۆ هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتی پێكەوە بۆ ئاوەدانكردنەوە و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان و واش چاوەڕوان دەكرێت كە ئەم پەیڕەوە لە ناوەڕاستی مانگی (3) ی داهاتوودا رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی لەسەر وەربگیرێت، مەبەستیش لەم پڕۆژەیە ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی زیاترە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەگشت سێكتەرە جیاوازەكان، لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەشدا هەموو وەزارەت و سێكتەرە جیاوازەكانی حكومەتی هەرێم دەتوانن گرێبەست لەگەڵ كەرتی تایبەت بكەن بۆ ئەنجامدانی پلان و پڕۆژەكانیان و ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەك بۆ كەرتی تایبەت لەلایەك و زیادكردنی بەرهەم و داهاتی ئابووریی ناوخۆیی و هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش هەنگاوێكی هەرە گرنگ دەبێت لە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان .

وەزیری پلاندانان باسی لەوەشكرد كە لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژە هاوبەشەی نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بودجەیەك بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە ئابووریی و خزمەتگوزارییەكان تەرخان ناكات، بەڵكو كەرتی تایبەت لەسەر بودجەی خۆی پرۆژەكان جێبەجێ دەكەن ‌و دواتر كەرتی تایبەت بەشێوەی مانگانە یاخود ساڵانە باج و رسومات لە سێكتەرە جیاوازەكان لە سێكتەرە ئابوورییەكان بێت یاخود سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێتەوە، بەڵام ئەو ئەم بڕە پارەیە بە فیعلی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا خەرج دەكرێت.

سەبارەت بە روبەڕوبونەوەی قەیرانە ئابوورییەكان بەگشتی، وەزیری پلاندانان رایگەیاند: لە هەرێمی كوردستان چەندین ئەنجومەنی باڵای وەكو (ئابووریی – دارایی – وەبەرهێنان – نەوت و غاز) هەن ، بۆیە هەر قەیرانێك كە روو لە هەرێمی كوردستان بكات، راستەوخۆ ئەنجومەنی باڵای تایبەتمەند كۆدەبێتەوە و پلانی گونجاو بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەكە دادەڕێژێت و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وتیشی: خۆشبەختانە حكومەتی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا توانیوێتی زاڵ بێت بەسەر هەموو ئەو قەیرانانەدا كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە .

سەبارەت بە روبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆناش وەزیری پلاندانانی هەرێم وتی: ئێستاش كە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتەوە، هەر لەسەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكە حكومەتی هەرێم رێوشوێنی تایبەتی گرتۆتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و دەربازبوونمان لەم پەتایە بەكەمترین زیان، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا لیژنەیەكی تایبەتی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان پێكهێناوە بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەندەش وەك وەزیری پلاندانان ئەندامی ئەو لیژنە باڵایەم، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی باڵا چەندین رێوشوێنی توندی گرتەبەر لەوانە: داخستنی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن و هەموو زانكۆ و پەیمانگەكان و داخستنی سنوورەكان و بازاڕ و شوێنە خزمەتگوزاریی و گەشتیارییەكان و بڕیاردان لەسەر قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكان و تەنانەت بۆ ماوەیەك لەناو خودی پارێزگاكان و شارو شارۆچكەكانیش، بەمەش خۆشبەختانە تائێستا حكومەتی هەرێم توانیوێتی كۆنتڕۆڵێكی باشی ئەم رەوشە نەخوازراوە بكات، وتیشی: ئێمەش وەكو وەزارەتەكەمان پلانی كورتخایەن و درێژخایەنمان داڕشتووە بۆ روبەڕوبوونەوەی پەتاكە و كاریگەرییە دارایی و ئابوورییەكانی لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ دابینكردنی سەرچاوەی تری داهاتی ئابووری جگە لە (نەوت و كانزاكان)، سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی تری داهاتی ئابووریی لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و بازرگانی و گەشتیاریی و گواستنەوە، ئەمەش وادەكات كە داهاتی ئابووریی هەرێمی كوردستان زیادبكات و لەكاتی روبەڕوبونەوەی قەیرانەكاندا بەكاری بهێنین.

سەبارەت بە پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە سێكتەرە جیاوازەكانەوە، وەزیری پلاندانانی هەرێم راشیگەیاند: جێگەی داخە كە دەیڵێم، لەماوەی رابردوودا هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم پاڵپشتی تەواوی بوودجە و داهاتیان لەسەر نەوت و سامانە نەوتییەكان بووە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورە بووە، بەپێچەوانەی وڵاتێكی وەكو ئێران كە بەشێكی كەمی بودجە و داهاتی وڵات لەسەر نەوت دیاری دەكات و بەشە هەرە زۆرەكەی بودجە و داهاتی ساڵانەی وڵاتەكەی لەسەر داهاتی سێكتەرە ئابوورییەكانی وەكو پیشەسازیی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و بازرگانیی دیاری دەكات، بەڵام لە داهاتوودا پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و دەبێت داهاتی نەوت وەك بەشێك بێت لە داهاتی هەرێمی كوردستان، شان بەشانی داهاتی سێكتەرە ئابووریی و خزمەتگوزارییەكانی تر، چونكە هەرێم زۆر دەوڵەمەندە بەهەموو جۆرە دەرامەتە سروشتییەكان، هەر لەڕووی خاكی جۆراوجۆری بەپیت و ئاو و هەوای سازگار و زۆریی دەرامەتە سروشتی و كانزاییەكان و هێزی كاری مرۆیی شارەزا و چالاك، بەمەش دەتوانرێت بەرهەمی خۆماڵیی وڵاتەكەمان لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە پەرەی پێ بدرێت، چونكە ئەمانە چەندین هەلومەرجی سروشتی و مرۆیی گونجاون بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووریی لە ناوچەكەماندا .

لەكۆتایی دیداردەكەدا ئەوەشی خستەڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانیدایە لە داهاتوو پاڵپشتییەكی تەواوی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە بكات لە سێكتەرە جیاوازەكاندا، بۆئەوەی پڕۆژەی ئابووریی و وەبەرهێنان لە سێكتەرە جیاوازەكاندا و بەتایبەتیش لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزار بكەن بۆئەوەی بەرهەم و داهاتی ناوخۆمان زیاد بكات و پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستین و لەهەمان كاتیشدا دەرفەتی كاركردن بۆ ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكەین .

سەبارەت بە بواری راهێنان و پەرەپێدانی توانای مرۆییش، باسی لەوەكرد كە لەناو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی سەربە وەزارەتەكەیان، فەرمانگەی (KIPA) یان هەیە كە ئەم فەرمانگەیە حكومەتی هەرێم و رێكخراوی كۆیكای وڵاتی كۆریا پاڵپشتییەكی زۆر دەكەن، وتیشی: ئێمەش وەك وەزارەت هەفتانە خولی راهێنان و پەرەپێدان بۆ ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەران و كارمەندانی حكومەتی هەرێم دەكەینەوە لەبوارە جیاجیاكاندا ، هەروەها بڕیاریش وایە لە بودجەی ساڵی (2020) حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی باش بۆ ئەم بوارە تەرخان بكات .

print

 737 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*