سەرەکی » راپۆرت » جوتیاران گلەیی لە ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان دەکەن

جوتیاران گلەیی لە ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان دەکەن

ئا: گوندستانی نوێ

ساغنەبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جوتیاران یەکێکە لەو گرفتانەی کە جوتیارانی هەندێک ناوچە نەدەستییەوە دەناڵێنن سەرەڕای گرانی نرخی کاڵاو بەرهەمی هاوردە و هەندێک لە جوتیارانیش سکاڵا لەو دۆخە دەکەن.

لەوبارەیەوە عەلی حەسەن کە جووتیارێکی گوندنشینە رایدەگەیەنێت: ناکرێت بەرهەمی ناوخۆیی ئێمە هەرزانتربێت لە بەرهەمی بیانی و محەمەد تەهاش دەڵێت: ئەگەر بەرهەمەکانمان لە ناوخۆدا ساغ بکرابایەتەوە، ئەوا دەبووە هاندەرێک بۆ ئێمەی جووتیاران.

لەسەر بێستانەکەی لە ناوچەی ئاوەسپی، عەلی حەسەن سەرقاڵی چاککردنی بێستانەکەی بوو، گوندستانی نوێ لێی پرسی: بەرهەمەکانتان لە بازاڕدا چۆن پێشوازیی لێدەکرێت؟ لەوەڵامدا وتی: بەگشتی لە هەرێمی کوردستان هەموو کاڵایەکی هاوردە نرخی زیاترە لە کاڵاو بابەتی ناوخۆیی و راشیگەیاند: ناکرێت بەرهەمی ناوخۆیی ئێمە هەرزانتربێت لە بەرهەمی بیانی. ئەوەی وایکردووە بەرهەمی دەرەکی نرخی زۆرتربێت، ئەوەیە کە هەندێک لە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە دەستیان خستۆتە پرسی بازرگانییە جۆراو جۆرەکانەوە و بەئاسانی دەتوانن لە سنوورەکانەوە بیهێننە کوردستان، بەڵام بەرهەمەکەی ئێمە نەک ساغ ناکرێتەوە لە بازاڕدا، بەڵکو زۆرجار بەربەستیشی بۆ دروست دەکرێت.

بەرهەمی ناوخۆیی لە کوردستان بە بەراورد بە بەرهەمی هاوردە و دەرەکی، گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نادرێت کە هەم بازاڕی ناوخۆیی لە هەرێم پڕ بکاتەوە و هەم جووتیارانیش سوودێکی مادیی باش لە کارەکەیان بکەن.

محەمەد تەهاش دەڵێت: ئەگەر بەرهەمەکانمان لە ناوخۆدا ساغ بکرابایەتەوە، ئەوا دەبووە هاندەرێک بۆ ئێمەی جووتیاران تا زیاتر هەوڵ بدەین و بەرهەمەکەمان بە رێژەیەکی زیاتر بخەینە بازاڕەوە.

ئەو جووتیارە هەروەها روونیدەکاتەوە کە لەبەرئەوەی لە بازاڕدا گەرەنتی نییە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بۆیە زۆرجاران هەر لەسەر زەویی و کێڵگەکانیان بەرهەمەکانیان بە پارەیەکی کەم دەفرۆشن.

جارێکی تریش عەلی حەسەن-ی جووتیار وتی: جووتیارانی ئێمە لەلایەک وەک حەزو لەلایەکیش وەک بێتاقەتی و بێ کاری بەردەوامن لە کارەکەیان، دەنا داهاتی کارەکە هێندە زۆر نییە کە جووتیاران تەماع بیانگرێت و چاویان لەپارەی زۆربێت. ئەوەی ئێمە هەستی پێ دەکەین ماندووبوونەکەی زیاترە لە قازانج و داهاتەکەی.

محەمەد تەها-ش دووبارە هاتەوە قسە و ئاماژەی بەوەدا کە لە جیهاندا حکومەتەکان هاوکارێکی باشن تا جووتیاران بەرهەمی زیاتر و باشتر بەرهەم بهێنن و بیخەنە بازاڕەوە، نەک هەر ئەوە، تەنانەت لەکاتی هەر زیانێکیشدا حکومەتەکان قەرەبووی جووتیارەکان دەکەنەوە و بەمەش جووتیار سارد نابێتەوە لە کارکردن و کشتوکاڵ و بێستان و ئاژەڵداریی، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە هەر حکومەت و هەرێمێکی دیکە، هەنگاوی پێویستی نەناوە لە بواری کەرتی ئابووری و کشتوکاڵ و بازاڕ و بووژانەوەی بەرهەم و پڕکردنەوەی پێویستی هاووڵاتیاندا، ئەمەش بووەتە مایەی زەرەر و زیان بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و رەنج و کاری جووتیاری کورد.

print

 251 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*