سەرەکی » ئابووری » رووه‌كێك ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سامانى ماسیی عیراق

رووه‌كێك ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سامانى ماسیی عیراق

راپۆرتی – ئیدریس جه‌بار

له‌ یه‌كه‌م ته‌ماشاكردندا تووشى سه‌رسوڕمان ده‌بیت به‌رامبه‌ر به‌و گوڵه‌ وه‌نه‌وشه‌ییانه‌ى كه‌ گه‌ڵایه‌كى سه‌وزى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ و به‌سه‌ر ئاوه‌وه‌ ده‌ركه‌ون، به‌ڵام به‌درێژیى ره‌گه‌كانیان كه‌ له‌ رووبارى فوراتدا قووڵبوونه‌ته‌وه‌، “گوڵى نیل” هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر سامانه‌كانی ئاوو ماسیی عیراق دروست ده‌كات.

هه‌ریه‌ك له‌و گوڵانه‌ رۆژانه‌ چوار بۆ پێنج لیتر ئاو هه‌ڵده‌مژن و ده‌كرێت ببنه‌ مایه‌ى وشككردنى داهاته‌ ئاوییه‌كانى له‌ وڵاتێكدا كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ گه‌رمترین وڵاتانى جیهان داده‌نرێت.

بوونى ئه‌و گوڵه‌ هیچ سوودێكى نییه‌ بۆ ماسى و راوچى و جووتیاران و ته‌نانه‌ت بۆ ئاوى خواردنه‌وه‌ش كه‌ له‌نێو ئاوى ئه‌و زۆنگانه‌ى ناوییان له‌ لیستى شوێنه‌واره‌ جیهانییه‌كانى “یۆنسكۆ”دا دانراون.

له‌ سه‌رده‌مى په‌تاى (كۆڤید-19) و قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆى ته‌واوه‌تى له‌ عیراق، هێنده‌ ده‌ستى كار زۆر نییه‌ كه‌ هه‌وڵ بۆ رێگرتن له‌ گه‌شه‌كردن و بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و رووه‌وه‌كه‌ بگرێت.

له‌وباره‌به‌شه‌وه‌ جه‌لاب شه‌ریفى به‌ ئاژانسى (فرانس پرێس)ى راگه‌یاندووه‌:”راوچییه‌كان سه‌رچاوه‌ى قوتى ژیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن له‌ باشوورى عیراق كه‌ ناوچه‌یه‌كى كشتوكاڵییه‌ و به‌ده‌ست فراوانبوونى رووبه‌رى وشكبوونه‌وه‌ و دروستكردنى به‌نداوى زیاتره‌وه‌ ده‌ناڵێنن كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ توركیا و ئێرانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

گوڵێكى فێڵبازه‌
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى رووكاره‌كان فێڵبازن، “گوڵى نیل”ى رێكپۆشیش كه‌ نزیكه‌ى 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێنرایه‌ عیراقه‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌كى جیهان بڵاوبۆوه‌.

ئه‌و رووه‌كه‌ كه‌ له‌ ره‌چه‌ڵه‌كدا له‌ ئه‌مریكاى باشووره‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، چه‌ندان كاریگه‌ریى نه‌رێنى له‌سه‌ر سیستمى ژینگه‌یى وڵاتان دروستكردووه‌، هه‌ر له‌ نه‌یجیریا و سریلانكاوه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ كینیا و باشوورى خۆرئاواى فه‌ره‌نسا.

گه‌ڵاى ئه‌و رووه‌كه‌ كه‌ له‌ساڵى 2017-ه‌وه‌ لیستى كۆمسیۆنى ئه‌وروپایى بۆ ئه‌و رووه‌كانه‌ى پێویسته‌ ده‌ستییان به‌سه‌ردا بگیرێت دانراوه‌، توێژاڵێكى تاریك به‌سه‌ر رووى ئاوه‌وه‌ دروستده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات رێژه‌ى گه‌یشتنى ئۆكسجین بۆ زۆربه‌ى ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ى له‌نێو ئاودا ده‌ژین كه‌مبكه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ده‌بنه‌ مایه‌ى له‌ناوبردنى ته‌واوه‌تى زینده‌وه‌ره‌كانیش.

هه‌ر ته‌نیا نابنه‌ مایه‌ى دروستكردنى كاریگه‌ریى له‌سه‌ر سامانى ماسى و وشككردنى ئاو كه‌ زۆربه‌ى پێكهاته‌كه‌ى له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌و گوڵه‌ ژینگه‌ى ده‌وروبه‌ریش لاواز ده‌كات، به‌و پێیه‌ى 100 مه‌تر چوارگۆشه‌ له‌ “گوڵًى نیل”، كێشه‌كه‌ى زیاتر له‌ پێنج تۆن ده‌بێت.

له‌گوندى بیدعه‌، ئه‌و پرده‌ى له‌سه‌ر رووبارى فورات دروستكراوه‌، وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى سه‌یر له‌نێو كێڵگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى سه‌وزاییدا ده‌رده‌كه‌وێت.

جه‌لیل عه‌بودى كه‌ پیاوماقوڵێكى گونده‌كه‌یه‌ به‌و ئاژانسه‌ى راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر گه‌ڵاى نیل له‌ گه‌شه‌ى به‌رده‌وامدا بێت، ئه‌وا پرد و به‌نداوى بیدعه‌ ده‌ڕوخێنێت و زۆربه‌ى ناوچه‌كانى پارێزگاكانى زیقار و به‌سره‌ به‌ درێژایى سه‌دان كیلۆمه‌تر بێ ئاو ده‌كات.

له‌گه‌ڵ نه‌مانى خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، عه‌بودى ئه‌و گوڵه‌ به‌ خراپترین سیناریۆ داده‌نێت، له‌گه‌ڵ پشتگوێخستنى ژێرخان و نه‌بوونى سیاسه‌تێكى ژینگه‌یى له‌ وڵاتێكدا كه‌ به‌ خراپترین قه‌یرانى ئابووریى له‌ مێژووى هاوچه‌رخیدا تێده‌په‌ڕێت.

كه‌رتى كشتوكاڵ كه‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتى یه‌ك له‌سه‌ر سێى عیراقییه‌كانه‌، به‌وته‌ى عه‌بودى، زیانى گه‌وره‌ى به‌رده‌كه‌وێت. دواى ئه‌وه‌ش ئاوى خواردنه‌وه‌ ون ده‌بێت، به‌ تایبه‌تی كه‌ پیسبوونى ئاو له‌ هاوینى ساڵى 2018، بووه‌ مایه‌ى ژه‌هراویبوونى نزیكه‌ى هه‌زار كه‌س له‌ پارێزگه‌ى به‌سره‌.

جه‌لیل عه‌بودى پێشیوایه‌”كه‌مته‌رخه‌مى وه‌زاره‌تى سامانه‌ ئاوییه‌كان و نه‌بوونى هیچ نوێبوونه‌وه‌یه‌ك، بۆته‌ مایه‌ى زیانگه‌یاندنێكى زۆر به‌ یه‌ده‌گى ئاوى خواردنه‌وه‌”.

دروێنه‌ و به‌روبومێكى كه‌م

ساڵح هادى به‌رپرسى توێژینه‌وه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: وه‌زاره‌ته‌كه‌، رێڕه‌وه‌ ئاوییه‌كانى پاككردۆته‌وه‌ له‌ زیقار.

به‌ وته‌ى هادى، كارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ له‌ زیقار چه‌ندان رێڕه‌وى ئاوییان پاككرده‌وه‌، چونكه‌ “گوڵى نیل” ئاژه‌ڵه‌ مه‌ترسیداره‌كانى وه‌ك “مار و خشۆكه‌كانى تر” به‌لاى خۆیدا راده‌كێشێت، جگه‌ له‌و مێشوولانه‌ش كه‌ ڤایرۆس هه‌ڵده‌گرن.

به‌ڵام هه‌ڵوێستى حكومه‌ت نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستى بارى نائاسایى، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى ئه‌حمه‌د یاسر له‌شارى كوت كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین شارى پارێزگاى واست له‌ خۆرهه‌ڵاتى عیراق داده‌نرێت.

هه‌روه‌ك راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ كاریگه‌ریى رووه‌كى گوڵى نیل، له‌ هه‌موو وه‌رزێكى كشتوكاڵى هاوینه‌دا به‌ڕوونى ده‌رده‌كه‌وێت، به‌جۆرێك كه‌ به‌روبوومى سه‌وزه‌ و به‌رهه‌مه‌كانى هاوینه‌ به‌ڕێژه‌ى زیاتر له‌ سێیه‌ك دابه‌زیووه‌ به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاودانه‌وه‌.

له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردوودا جووتیاره‌ خۆبه‌خشه‌ خۆجێییه‌كان له‌ سه‌ره‌تاى هه‌موو وه‌رزێكى به‌هاردا كۆده‌بوونه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌ناری رووبارى فورات و به‌ هه‌ره‌وه‌زیى ره‌گ و ریشه‌ى ئه‌و رووه‌كه‌یان له‌بن ده‌رده‌هێنا كه‌ رووباره‌كانى عیراقى هاوشێوه‌ى باچه‌ ژاپۆنییه‌كان ده‌رده‌خست.

له‌مساڵیشدا محه‌مه‌د كویش چالاكوان و ئه‌ندامى یه‌كێتیى جوتیاران، وێڕاى قه‌ده‌غه‌كردنى هاتووچۆ، به‌ده‌م ئه‌و بانگه‌وازه‌ چوو.

كویش ده‌ڵێت: “كارمان له‌سه‌ر چاككردنى به‌له‌مه‌كان كرد تا گونجاوبن بۆ كارو به‌ تێچووى 800 دۆلار كه‌ له‌لایه‌ن جووتیاره‌كانه‌وه‌ كۆكرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستى لابردنى ره‌گوڕیشه‌ى رووه‌كه‌كه‌، چونكه‌ به‌وته‌ى شاره‌زایان چاره‌سه‌رى كیمیایى بێ سووده‌ و ده‌بێته‌ مایه‌ى تێكدانى ته‌واوه‌تى سیستمى ژینگه‌یی، به‌ڵام به‌ بۆچوونى كویش”ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ سه‌ره‌تایین و ناگه‌نه‌ ئاستى ئه‌و زیانانه‌ى رووه‌كه‌كه‌ به‌ جووتیارانى گه‌یاندووه‌”.

print

 271 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*