سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » وه‌شانخانه‌ی مادیار هه‌وڵی داوه‌ زایه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی كورد بێت

وه‌شانخانه‌ی مادیار هه‌وڵی داوه‌ زایه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی كورد بێت

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆمه‌ڵێك وه‌شانخانه‌ دامه‌زراون و كاری رۆشنبیریی و چالاكی ئه‌ده‌بی ساز ده‌كه‌ن، به‌رهه‌می نووسه‌ران چاپ ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و ده‌زگایانه‌ وه‌شانخانه‌ی مادیاره‌. ئه‌م وه‌شانخانه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك كتێبی نووسه‌رانی‌ چاپكردوه‌. له‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌دا به‌رێوبه‌رانی‌ وه‌شانخانه‌ به‌م جۆره‌ بۆمان دوان: سوپاس بۆ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستانی نوێ وبه‌سه‌ركردنه‌وه‌ی مادیار. له‌ڕاستیدا كه‌مبوونی ده‌زگایێكی پڕۆفیشیناڵ تایبه‌ت به‌چاپی كتێبی كوردی لێره‌ به‌رده‌وام كیشه‌یه‌ك بووه‌ نووسه‌رانی ئێمه‌ له‌م به‌شه‌دا وه‌ك به‌ربه‌ستێك بۆ چاپی به‌رهه‌مه‌كانیان ئه‌یانبینی. هه‌ر چه‌ند به‌شێك له‌م ئاسته‌نگه‌ به‌چاپی كتێبه‌كانیان له‌باشوور قه‌ره‌بوو ده‌كرایه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌مان وه‌ك كێماسیه‌ك بینی و هه‌وڵماندا مادیار دامه‌زرێنین. ئه‌م وه‌شانخانه‌یه‌ به‌ناوه‌ندیی سنه‌ دامه‌زراوه‌ و نوێه‌رایه‌تیه‌كیشمان له‌تاران و مه‌هاباد به‌مه‌به‌ستی بڵاكردنه‌وه‌ی كتێب وپه‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نوسه‌ران كردۆته‌وه‌. له‌گه‌ڵ پسپۆری به‌شه‌ جیاوازه‌كانی زانسته‌ مرۆڤییه‌كان له‌په‌یوه‌ندیداین وهه‌ندێك جار به‌ پێشنیاركردنی وه‌رگێڕان له‌ده‌قی سه‌ره‌كی یان نووسینی كتێب یان پێشنیاركردنی پرۆژه‌ هه‌وڵماندا كاركانمان ده‌ست پێبكه‌ین. هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌ممان ڕووبه‌ڕووی هه‌ندێك دژواری بووینه‌وه‌ به‌ڵا‌م دوای ساڵیك كاركردن و ناسراوبوونی‌ ده‌زگاكه‌مان و به‌ده‌ستهینانی متمانه‌ی نووسه‌ران و ڕوناكبیران له‌هه‌وڵی به‌رفراوانكردنی كاره‌كانمان داین.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ زۆرتر چ ژانرێك چاپ ده‌كه‌ن گوتیان: گرینگی به‌زانسته‌ مرۆییه‌كان ئه‌ده‌ین. مێژوو، سیاسه‌ت، ئه‌ده‌بیات و رۆمان، بیۆگرافی، فه‌لسه‌فه‌ بوارگه‌لێكن زۆرتر ئێمه‌ ته‌ركیزیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین. لایه‌نی مناڵانیش ئه‌و به‌شه‌یه‌ له‌ هه‌وڵداین سه‌رنجێكی زۆرتری پێ بده‌ین و هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌مساڵ ئه‌م به‌شه‌مان له‌ مادیار ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئاستی‌ خوێنه‌ر و فرۆشی كتێب ئاوا دوان: زۆر هۆكار ئاستی خوێنه‌ری كتێبیان له‌ ئاستی جیهاندا نه‌ك ته‌نیا كوردستان دابه‌زاندوه‌. هه‌ر ده‌زگایه‌كی چاپی كتێبیش له‌م دۆخه‌دا ده‌بێ هه‌وڵ بدات هاوسه‌نگیه‌ك له‌ نێوان به‌رهه‌مه‌كان و ڕاده‌ی خوێنه‌رانی خۆی درست بكات. به‌گشتی ئێستاكه‌ تیراژی كتێب له‌ ئێران دابه‌زیوه‌ و هه‌ندێك جار كتێبی زۆر باش به‌ تیراژی 500 دانه‌ چاپده‌كرێت و زۆربه‌ی ئه‌م كتێبانه‌ش هه‌ر له‌تاران بڵاوده‌كرێته‌وه‌ وناگاته‌ شاره‌كانی ‌تر. زۆر هۆكار بۆ چاپی كتێبێك و فرۆشی كتێب كاریگه‌ریان هه‌یه‌ وه‌ك باش بوونی گرامێری كتێبه‌كه‌، ڕاده‌ی ناسراویی نووسه‌ر یان وه‌رگێر یان بابه‌تیانه‌ بوونی كتێبه‌كه‌ و كواڵیتی و زۆر هۆكاری‌ تر… به‌ڵام ئیمه‌ وه‌ك وه‌شانخانه‌ی مادیار به‌پێی فرۆشی كتێبه‌كان ده‌بینین پێشوازییه‌كی زۆرباش له‌كتێبه‌كان كراوه‌ و له‌گه‌ڵ دۆخی گه‌شانه‌وه‌ی كتێب خوێندنه‌وه‌ لانیكه‌م به‌ نیسبه‌ت كتێبه‌كانی مادیار، رووبه‌ڕووین.

سه‌باره‌ت به‌ چالاكی كتێب له‌ باشووری‌ كوردستان و په‌یوه‌ندیان به‌م شێوه‌یه‌ دوان: به‌شێكی ئه‌م كاره‌ گرێدراوی كاروباری بازرگانیه‌. كتێب بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یخوێننه‌وه‌ كاڵایه‌كی كلتوورییه‌، به‌ڵام بۆ ده‌زگایه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌ده‌زگای چاپ- وه‌ك كاڵایه‌كی مادی سه‌یر ده‌كرێت. ئێمه‌ وه‌ك وه‌شانخانه‌ی مادیار هه‌وڵمان داوه‌ ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی به‌رهه‌مه‌كان بۆ باشوور هه‌وڵی خۆمان بده‌ین و ئه‌و هه‌وڵه‌شمان داوه‌. به‌ڵام تیچووی بردنی كتێبه‌كان، نرخی پاره‌ له‌ رۆژهه‌ڵات و باشوور ئه‌م هه‌وڵانه‌ی تا راده‌یه‌ك به‌ربه‌ست كردۆته‌وه‌. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشنیاره‌كان یان هه‌ر ده‌سپیشخه‌رییه‌كی هه‌ر ده‌زگایه‌ك له‌ باشوور باوه‌شمان كراوه‌یه‌ و پێشوازی له‌ هه‌وڵێكی له‌م ڕه‌نگه‌ ده‌ده‌ین. په‌یوه‌ندی له‌ نێوان ئێمه‌ و باشوور به‌رده‌وام هه‌بووه‌ و كتێبه‌كانی باشور له‌ نه‌هاته‌ ساڵی زمانی كوردی لێره‌دا، به‌رده‌وام ڕوناكیان به‌خشیوه‌ته‌ ئێره‌. په‌یوه‌ندی ئیمه‌ش له‌گه‌ل نووسه‌رانی باشوور له‌رێگای چاپی كتێب و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا به‌رده‌وام هه‌بووه‌. ساڵی ڕابردوو دوو كتێبی دكتور ساماڵ مانیی-مان له‌ سه‌ر مه‌عریفه‌‌ناسی چاپ كردوه‌. كتێبێكی عیرفان مسته‌فا و كتێبێكی شێركۆ بێكه‌س له‌لایه‌ن مادیاره‌وه‌ هه‌ر له‌ ساڵی رابردوو چاپ كراوه‌. كتێبێكی ڕێبوار سیوه‌یلی و هه‌روه‌ها كتێبێكی تری شێركۆ بێكه‌سیش له‌حاڵی ئاماده‌كردن بۆ چاپه‌دایه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وام هه‌بووه‌ و ئێستاكه‌ش وه‌ك وه‌شانخانه‌ی مادیار باوه‌شمان بۆ ئه‌و مژاره‌ی ئیوه‌ ئاماژه‌تان پیكردوه‌ كراوه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ری‌ وه‌شانخانه‌كه‌یان بۆ چاپكردنی كتێب گوتیان: وه‌شانخانه‌ی مادیار به‌پێی ویستی به‌ڕێوه‌به‌ر یان به‌پێی میزاجی كه‌سێك بڕیار له‌سه‌ر چاپی به‌رهه‌می نووسه‌ران نادات. هه‌ر له‌ ده‌سپێكه‌وه‌ مادیار هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی نووسه‌رانی كورد بێت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ هه‌ر به‌رهه‌مێك ده‌گاته‌ مادیار، ئه‌درێت به‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌ی پسپۆری به‌شی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن. ئه‌ندامانی لێژه‌نه‌كان هه‌ڵگری پله‌ی به‌رزی تایبه‌ت به‌ به‌رهه‌مه‌كانن. بۆ وێنه‌ له‌ به‌شی مێژوو چه‌ن كه‌س بروانامه‌ی دكتۆرای مێژوییان هه‌یه‌، بۆ به‌شی منالان و ئه‌ده‌بیات و فه‌له‌سه‌فه‌ و به‌سه‌كانی دیكه‌ش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌. ئه‌م لێژنه‌یه‌ به‌ پێی پێوه‌ره‌ زانستیه‌كانه‌وه‌، پێوه‌ری زمانه‌وانی و دۆخی ئێره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئه‌كات. ره‌نگه‌ بۆ هه‌ر به‌رهه‌مێك وه‌ك تێبینی ئاماژه‌ به‌وه‌ بكرێت كه‌ ئه‌م به‌شه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌ یان پێویسته‌ ئه‌م به‌شه‌ پێداچونه‌وه‌ی پێویست بێ یان نوسراوه‌كه‌ له‌ ئاستی پێویست دا نییه‌. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ كاره‌كان وه‌رده‌گیرین یان ره‌ت ده‌كرێنه‌وه‌ یان داوا ده‌كرێت پێداچونه‌وه‌ی به‌سه‌را بكرێت. پێوه‌رێكی ‌‌تری مادیار بۆ وه‌رگرتنی كتێب ئه‌مه‌یه‌ كه‌ پێشتر ئه‌م به‌رهه‌مه‌ چاپ نه‌كرابێت یان ئه‌گه‌ر چاپ بوبێت ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی زۆری به‌سه‌را تێپه‌ڕ بوبێت یان ئێدیتی نوێی بۆ كرابێت.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ له‌ رۆژئاوای‌ كوردستانیش به‌رهه‌می‌ نووسه‌ران چاپ بكه‌ن، گوتیان: نه‌ك ته‌نیا ئه‌و نوسه‌رانه‌ی ئاماژه‌تان بۆ كردون، مادیار هه‌وڵ ئه‌دا به‌رهه‌می نوسه‌رانی كوردی هه‌ر به‌شێك چاپ بكات. له‌ هه‌وڵی چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانی رۆماننووسی گه‌وره‌ی كورد محه‌مه‌د ئۆزۆنداین. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ ساڵی رابردوو به‌رهه‌مێكی خاتوو ئۆیا بایدار، نوسه‌ر و سوسیۆلۆگی ناسراوی توركیاشمان له‌ژێر ناوی گفتوگۆی بن شۆڕاكان به‌ وه‌رگێڕانی وه‌رگێڕی به‌ توانای كورد سه‌ڵاح بایزیدی چاپكردووه‌. رۆمانی شوانی كورد به‌وه‌رگێڕانی دكتور محه‌مه‌د خزری ئه‌قده‌م و قه‌ڵای دمدم به‌ وه‌رگێڕانی شوكور مسته‌فا هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ به‌ ئێدیتی نوێ چاپكراون. هه‌وڵی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ ئارادان. ئه‌و نوسه‌ره‌ كوردانه‌ی زمان و دۆزی خۆمانیان به‌لاوه‌ گرینگه‌، ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به‌ها مروڤییه‌كانیان به‌لاوه‌ گرینگه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی ئیمه‌دان.
سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ی‌ ئاینده‌یان گوتیان: ساڵی ڕابردوو نزیكه‌ی‌ حه‌فتا كتێبمان له‌ بواری مێژوو، سیاسه‌ت، فه‌لسه‌فه‌، مناڵان، ئه‌ده‌بیات و… چاپكردووه‌. ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌رده‌وامه‌، بۆ ئه‌م ساڵ به‌شێكی نوێی مناڵانمان له‌ژێر ناوی تیتل و بیبل كردۆته‌وه‌. مه‌به‌ستمان سه‌رنجدانی زۆرتر له‌سه‌ر مناڵانه‌. ئه‌م به‌شه‌ زۆركه‌م ئاوڕێ لێدراوه‌ته‌وه‌. هه‌ندێك پرۆژه‌ی نوێمان تایبه‌ت بۆ كاری مناڵان له‌به‌رده‌سته‌. كتێبی زۆرمان له‌ وه‌رگێران تا لێكۆڵینه‌وه‌ و رۆمانی خۆماڵی بۆ هاتووه‌. لێژنه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنن. به‌هۆی ناڕوونی دۆخی نه‌خۆشی كۆرۆنا ناكرێ به‌وردی ئاماژه‌ بۆ چۆنیه‌تی پێشه‌وه‌چونی كاره‌كان بكه‌ین، به‌ڵام هیوادارین كتێبی زۆرتر به‌گوێره‌ی ساڵی رابردوو چاپ بكرێت. هیوادارین گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی سه‌باره‌ت به‌چاپی كتێب، سه‌ردێر وكواڵیتی كتێب لێره‌ به‌دی بێنین.

print

 183 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*