سەرەکی » ئابووری » دانوستانی هەرێم و بەغدا و چاوەڕوانیی هاووڵاتیان

عیراق مەرجەكانی زیاد كردوە

دانوستانی هەرێم و بەغدا و چاوەڕوانیی هاووڵاتیان

سەرباری ئەوەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك كۆماری عیراق رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە لێكنزیكردنەوەی بەغدا و هەرێم‌و چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆك كۆمارەوە لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەستپێبكات، بەڵام چەند لایەنێكی عیراقی باس لەوە دەكەن كە مەرجەكانی بەغداد بۆ هەرێم مەرجی ئاسان نابن.

كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان
ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا بەغدا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكەی بۆ هەرێم كردبووە مەرجی سەرەكی دەستپێكردنی دانوستانەكان، بەڵام لەئێستادا چەند سەرچاوەیەكی باڵا لەحكومەتی عیراق ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە حكومەتی ناوەند پێش دەستپێكردنی دانوستانەكان، كۆمەڵێك مەرجی تر بۆ هەرێم دیاری دەكات كە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم، دیارترین مەرجەكان بریتین لەكۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان لەلایەن بەغداو ناردنی داهاتی نەوت‌و سەرجەم داهاتەكانی هەرێمە بۆ بەغداد.
هەروەها لەدیارترین مەرجەكانی بەغدا بۆ هەرێم، گەڕانەوەیە بۆ هێلی سنووری پێش ٢٠٠٣ و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عیراق، هەروەها دەبێت هەرێم سەرجەم ئەو داواكراوانەی كە لە هەرێمی كوردستانن‌و لەلایەن بەغداوە داوا كراون رادەستی بەغداد بكاتەوە و بەبێ رەزامەندی بەغدایش پێشوازی لەهیچ بەرپرسێكی نێودەوڵەتی نەكات.

زیادبوونی مەرجەكانی بەغدا
بەوتەی یەكێك لە بەرپرسەكانی حكومەتی عیراق، سەرجەم ئەو مەرجانەی بەغدا بۆ هەرێمی دیاریكردوە پاڵپشتن بە دەستورو پشتگیری ئێران‌و توركیایشی هەیە.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی حكومەتی عیراق، چاوەڕوانیش دەكرێت لەبەرامبەر لابردنی گەمارۆكان‌و دابینكردنی بەشە بودجەی هەرێمدا، هەولێر بە سەرجەم مەرجەكانی بەغدا رازی بێت، بەڵام چەند لێپرسراوێكی هەرێم وێڕای ئەوەی زیادبوونی مەرجەكانی بەغدایان پشتراستكردۆتەوە هاوكات پێیان زیادكردنی مەرجەكانی بەغدا بەڵگەن بۆ ئەوەی كە بەغدا هەوڵ دەدات بوار بۆ هەڵبژاردەی سەربازی بهێڵێتەوە.

دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك كۆمار
بەوتەی عەباس بەیاتی سەركردەی هاوپەیمانی نیشتمانی كە لە سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە نزیكە رایگەیاندووە: ئێستا كەشێك هاتۆتە ئاراوە كە وا دەكات پەلە بكرێت دەستپێكردنی دانوستانی نێوان هەولێر و بەغداو لێپرسراوانی عیراقیش بە نێوەندگیرە نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی‌و ناوخۆییەكانیان وتوە كە بۆ چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ هەولێر پێویستیان بە نێوەندگیر نییە، لەبارەی مەرجەكانی بەغدادیشەوە دووپاتیكردۆتەوە كە مەرجەكان سەرجەمیان دەستوریین‌و دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم‌و پابەندبوونی تەواوەتی هەرێمی كوردستان بە دەستوری عیراق‌و یەكپارچەیی خاكی عیراقەوە، كە لەڕێی ئەو هەنگاوانەوە بەغدا دڵنیا دەبێت لەوەی دانوستانەكانی لەگەڵ هەولێر ئەنجامی ئەرێنی دەبێت.
ئەندامەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی جەختیشیكردۆتەوە لەوەی كە هیوایان بە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك كۆماری عیراق هەیەو چاوەڕوان دەكەن ئەو دەستپێشخەرییە ئەنجامێكی باشی هەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*