سەرەکی » دۆسێ » بزووتنەوەی کورد لە تورکیا لە دیدی نووسەرێکی هیندییەوە

بزووتنەوەی کورد لە تورکیا لە دیدی نووسەرێکی هیندییەوە

پەیڤێک

خەباتی رزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستاندا، خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی و کۆمەڵێک هەوراز و نشێوی گەورەی بە خۆوە بینیوە. لە لایەکی تریشەوە بۆتە مایەی گرنگی پێدانی زۆر مێژوونووس و چاودێری بیانی لە جیهاندا.

ئەم لێکۆڵینەوەی بەردەستتان لەلایەن نووسەرێکی هیندییەوە نووسراوە بەناوی ساندهيا جەين و لە لایەن مامۆستا محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق-ەوە لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی. نووسەر باسی مێژوویی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد لە باکووری کوردستان و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرکوتکردنی ئەو خەباتە دەکات.

ئێمەش پێمان باشبوو لە کوردستانی نوێ، لە دۆسێییەکی تایبەتدا ئەم لێکۆڵینەوەیە بڵاوبکەینەوە.

کوردستانی نوێ

 

ساندهيا جەين*

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق

سەرهەڵدانی «دەوڵەتی ئیسلامی» لە عێراق و بیلادی شام (داعش)، یان رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا (ISIS)، لە بۆشایی جەنگ کە لەم وڵاتانەدا بەرپابوو، مەسەلەی کوردی ورووژاندەوە کە مستەفا کەمال ئەتاتورک زیرەکانە خستبوویە کەنارەوە لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، کاتێ کە ژمارەیەک لە دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئیمپراتۆرێتی عوسمانیی شکستخواردوو دابڕان. کێشەی کورد لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە سەریهەڵدا کاتێ کە عوسمانییەکان کاروباری بەڕێوەبردنیان سەنتراڵیزە کرد و پێداگرییان لەسەر شوناسی تورکی کرد و میرنشینە کوردییە ئۆتۆنۆمیدارەکانیان لەناوبرد و بە شێوەیەکی دڵڕەقانە پرۆتێست و ناڕەزایەتییەکانیان سەرکوتکرد. ئەم پاکتاوی شوناسی ئیتنیکی و رەگەزییە لە پشتی کوشتاری ئەرمەنەوە بوو لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، کەوا بوو بە کۆمەڵکوژیی تەواو و جینۆساید لە ساڵانی 1915 – 1916دا. هەر لەم ماوەیەدا بە ئاڵوگۆڕی دانیشتووان مامەڵە لەگەڵ گریک (یۆنانییەکاندا) کرا و کوردیش وەک گەورەترین کەمینەی ناجێگیر لە ناوچەکەدا مانەوە.

لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا تا راگەیاندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی 1923دا کوردەکان پشتگیرییان لە تورکەکان دەکرد. هەتا ئەو کاتە خاکی کورد لەنێوان تورکە عوسمانییەکان و سەفەوییەکان لە ئێراندا دابەشکرابوو، بەڵام لە دوای جەنگ بەریتانی و فەرەنسییەکان خاک و وڵاتی کوردیان کرد بە چوار بەشەوە و ناوچە کوردییەکانی عێراق و سووریا کەوتنە ژێر «ماندێتەوە» تا ئەوکاتەی ئەم دوو دەوڵەتە سەربەخۆیی خۆیان وەرگرت. لەو دەمەوە هەر چوار وڵاتەکە بە دوودڵی و گومانەوە دەیانڕوانییە هەوڵ و داواکاریی کورد بۆ بەدەستهێنانی شوناسی کولتووری و ئیتنیکی و ئۆتۆنۆمی و بەر سیاسەتی توانەوە و توندوتیژی کەوتن، لەهەمان کاتیشدا، هاوپەیمانیی فەرمی یان نهێنییان سازدەکرد بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ کێشەکانی کوردی تایبەت بە هەر یەکێک لەم دەولەتانەدا. ئەمەش بوو بە مایەی بەرپابوونی گەلێک شۆڕش و راپەڕین لەلایەن کوردەکانەوە لەپێناوی مانەوەی کولتووری و سیاسییاندا، کە لە تورکیا و عێراقدا زۆر گەرموگوڕتر بوون، ئەگەرچی کوردە عێراقییەکان ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاویان بەدەستهێناوە وەک ئەنجامێکی لاوەکیی داگیرکردنی ئەمریکا و رووخانی سەددام حوسێن. ئەم باس و بەدواداچوونە مەسەلەی کورد لە تورکیادا تاوتوێ دەکات، کە تێیدا بەشداریی کورد لە پرۆسەی دیموکراتیدا شانبەشانی شەڕی گەریلایی دەڕوات، کە بریتییە لە شەڕێکی ناوخۆیی و هەرێمی و پرۆسەیەکی بچڕبچڕی ئاشتی. (توێژەر ئەم باسەی لە ساڵی 2016 دا بڵاوکردووەتەوە، کە ئەو دەمە جۆرە کرانەوەیەکی تورکیا هەبوو بە ڕووی کورددا – وەرگێڕ).

توركيا نیشتمانی نزیکەی نیوەی کوردە لە جیهاندا کە ژمارەیان لە نێوان 35 و 40 مليۆنە، کەوا گرووپێکی ئیتنیکین و فەرهەنگ و کولتووری تایبەتی خۆیان هەیە و هەروەها چەندین دیالێکتیش و تا ئێستا نەیانتوانیوە زمانێکی هاوبەش و ستانداردیان هەبێت وەک ئەوەی کە جووەکان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا کردیان. ململانێ و ئامانجەکانی کورد بەپێی ئەو وڵاتانەی کە تێیدان جیاوازە، بەڵام داواکاریی سەرەکییان بریتییە لە کۆتاییهێنان بە سیاسەتەکانی تواندنەوەی کولتووری و سەرکوتکردنی پڕ لە توندوتیژی و داننان بە بارودۆخی سیاسییاندا وەک گەلێک کە دەزگا و دامەزراوەی ئۆتۆنۆمیی خۆیان هەبێت یان سەربەخۆبن.

باشترین نموونەی سەرکوتکردنی کولتووری لە مامەڵەکردنی کەمال ئەتاتورکدا دەردەکەوێت بۆ یاخیبوونەکەی شێخ سەعید لە ساڵی 1925دا: «ئەرکمان ئەوەیە کە دەسبەجێ ئەوانە بەتورک بکەین کە لە ناو خاکی نیشتمانی تورکیادان. گشت ئەو رەگەز و توخمانە لەناودەبەین کە بەرهەڵستیی تورک و تورکیزم (تورکچێتی) دەکەن. ئێمە جۆری ئەو کەسانەی کە هەوڵیان بۆ دەدەین و کاریان بۆ دەکەین کە لە خزمەتی وڵاتدا بن ئەوانەن کە پێویستە پێش هەموو شتێک تورک بن و تورکچێتی بکەن»1. پاشان شۆڕش و راپەڕینەکانی دواتر بە دەستێکی ئاسنین سەرکوت کران. بەهەرحاڵ، لە ماوەی ساڵانی 1960کاندا، کورد وەک بەشێک لە چەپی تورکیا دەرکەوتن. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە PKK، کە لە ساڵی 1978دا دامەزرا) بوو بە پێشەنگی خەباتیان لەپێناوی مافە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکاندا لە پاش کوودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980دا.

پەکەکە لە ساڵی 1984وە شەڕێکی چەکداری لە کوردستاندا دەستپێکردووە (کە بووە بەهۆی کوژرانی چل هەزار کەس)، تا شوباتی 1999 کە عەبدوڵا ئۆجەلانی تێدا دەسگیر کرا و ئارامییەکی کاتی هاتە ئاراوە. لە دادگادا، ئۆجەلان دەسبەرداری سەربەخۆیی بوو و لەبری ئەوە «یەکێتیی ئازاد و یەکسانی کورد و تورک لە کۆمارێکی دیموکراتیدا هەڵبژارد»2. ئەو داوای لە پەکەکە کرد کە جارێکیتر خۆی بدۆزێتەوە بۆ خەباتی دیموکراتی و هاندانی دەوڵەت بۆ زەمینە خۆشکردنی بارودۆخی چەکداماڵین و ئاشتی. داواکاریی تورکیا بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپاوە لەم کاتەدا (چونکە لە ديسەمبەری 1999دا دۆخی کاندیدەیتی وەرگرت) و ئەوە بوو بە هۆی سووککردنی سزای لەسێدارەدان کە بۆ ئۆجەلان دەرکرا بۆ بەندکردن تا کۆتایی ژیان، بەڵام دوای نزیکەی دوو دەیەی دواتر ئامانجە گەورەکانی خەبات هێشتا هەر بەدینەهاتووە.

بەهاری عەرەبی خولیای عوسمانیی نوێی رۆژئاوای ئاسیای ورووژاند کە تێیدا ئەنقەرە بەڵکان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز کێش دەکات بۆ بازنەی کاریگەریی خۆی بە پاڵپشتی حیزبە ئیسلامییە دیموکراتییەکان. بەدەر لەم پەرەسەندنە، لە میسر سوپا دەسەڵاتی گرتەدەست، لەکاتێکدا کە شانشینی عەرەبیی سعوودی و تونس و جەزایر کەوتنە سەرکوتکردنی حیزبی برایانی موسڵمان (ئیخوان موسلیمین). تورکیاش، کە پشتگیری ئەو یاخیبووانە دەکات کە رۆژئاوا لەپشتیانە و بۆ گۆڕینی رژێمی سووریا شەڕ دەکەن، کەوتووەتە ئاستەنگەوە چونکە یاخیبووەکان لەپێش دەوڵەتی ئیسلامیدا هەرەسیان هێنا و کێشەی کوردیان ئاڵۆز کردووە. ئەو قەیرانی مرۆڤایەتییەی کردەوە دڕندانەکانی داعش خوڵقاندی، لەنێویاندا قەیرانی پەنابەرە سوورییەکان، لەپاڵ ئەو هەڵبژاردنە نایەکلاکەرەوەی کە تورکیا لە حوزێرانی 2015دا ئەنجامیدا، کێشەی کوردی بردە پێشی پێشەوەی سیاسەتی تورکیاوە، رەنگە ئەمەش لە دواجاردا کار بکاتە سەر گەلی کورد لە عێراق و سووریا و تەنانەت ئێرانیشدا (هەڵبەت دانیشتووانی کورد لە ئەرمینیا زۆر کەمن). دەستێوەردانی سەربازیی رووسیا لە بەرژەوەندیی رژێمی ئەسەد لە سووریادا لە ئێستادا نەگۆراوە.

دانوستانی چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپاوە یارمەتیی حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدانی داوە کە سوپا بخەنە ژێر کۆنترۆڵی مەدەنییەوە و کەمالییەکان پەراوێز بخەن، بەڵام کوردەکان نەیانتوانی ئامانجەکانیان بەدیبێنن سەرەڕای چەند گەڕێکی دیالۆگی نهێنی لە ناو گرووپە چەکدارە بە شەڕهاتووەکاندا، چونکە دەوڵەت هیچ پلانێکی کارای نیە بۆ ئاشتی. لە نێوان ساڵانی 2003 و 2009دا، پارتی داد و گەشەپێدان کێشە و گرفتەکانی پەیوەست بە کێشەی کوردەوە لەگەڵ عێراق و سووریادا چارەسەر کرد (لەنێویدا قبووڵکردنی حکومەتی هەرێمە کوردییەکە لە هەولێری عێراق) و چاکسازییەکی سادە و ساکاری لە مافە کولتوورییەکاندا ئەنجامدا لەپاش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی 2009دا. بەڵام لەهەمان کاتدا، دەستی واڵا کرد لە ئۆپەراسیۆنە پۆلیسییەکان دژ بە سیاسی و چالاکوانە کوردەکان، کە گرتن و زیندانیکردنی نزیکەی هەشت هەزار سیاسی و چالاکوانی کوردی لێکەوتەوە، لەنێویاندا پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی و رۆژنامەنووس و رۆشنبیر و ئەندامی سەندیکا و مامۆستا و خوێندکار و بگرە منداڵانیش. سەرۆک وەزیران ئەو رۆژنامەنووس و ستووننووسانەی سەرزەنشت دەکرد کەوا رەخنەیان لە سیاسەتی حکومەت دەگرت لەبەرانبەر کورددا. هەروەها رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنووریش ئیدیعای ئەوە دەکات کە لە ئێستادا تورکیا گەورەترین بەندیخانەیە لە جیهاندا بۆ رۆژنامەنووسان (کە زۆرینەیان کوردن)3. کاردانەوەی کوردەکان ئامێز کردنەوە بوو بۆ سیستەمی سیاسی و بردنەوەی کورسیی پەرلەمانی و شارەوانییەکان بوو، کە رێگەیەک بوو بە پێداگرییەوە بەردەوام بوون لەسەری سەرباری پرۆسەکانی دەرکردنی یەک لەدوای یەک و قدەغەکردنی یەک لەدوای یەکی پارتە سیاسییەکانیان و بەندکردنی چالاکوانەکان.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2013 دا، حکومەت گفتوگۆی لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکەدا دەستپێکردەوە (کە لە تەمووزی 2011 وە وەستابوو) و ئەحمەد تورک و ئایلا ئاکا ئەتا لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە BDP) لەگەڵ ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالی کۆبوونەوە. بەپێی ئەو تێکستەی دەوڵەت ئامادەی کردبوو ئۆجەلان لە شکست دەترسا: «ئێمە لەسەر ئەم مەسەلەیە ماوەی بیست ساڵە کاردەکەین و … ئەوان بە مەبەستی لەناوبردنم لێم نزیکدەبنەوە و پێموایە هەر بەردەوام دەبن لەسەری. هەندێک هەن دەیانەوێت ئەم پرۆسە نوێیە تێکبدەن و دوای هەر کۆبوونەوەیەک لێرە گوێبیستی ئەوە دەبین کە هەندێک لە گەریلاکانمان گیان لەدەستدەدەن و بەم رەنگە ئەوان پەیامەکەیان دەگەیاند»4. ئەوجا لە پاش هەفتەیەک (9ی کانوونی دووەم)، سێ ژنی چالاکوانی کورد لە پاریس تیرۆر کران کە – ساكينە جانسز (ئەندامی دامەزرێنەری پەکەکە و جەنگاوەری ئەفسانەیی لە زیندانی دیاربەکری سەربازی لە دوای کوودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980)، لەگەڵ فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز. لە ماوەی دوو هەفتەی راگەیاندنی گفتوگۆدا 35 گەریلای پەکەکە کوژران لە بۆردمانی هێزی ئاسمانیی تورکیادا بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراقدا. لەگەل ئەوەشدا، ئۆجەلان پێشنیازی کرد کە پەرلەمان کۆمیتەیەکی تەشریعی پێکبێنێت بۆ سەرپەرشتی کردنی کشانەوەی گەریلاکان، چەشنی کۆمیسیۆنی راستی یان ئاشتەوایی و بەدوایدا ئەنجومەنێکی پێکبێت بۆ رێگری کردن لە توندوتیژی دژ بە خەڵک. ئۆجەلان پانزە نامەی بۆ پەکەکە نووسی کە تێیاندا هانی کۆتاییهێنانی دەدا بە خەباتی چەکداری و رادەستکردنی کارەکە بۆ حیزبی سیاسیی نوێی کوردی و دیموکراتی و چەندین راگەیاندنی گشتیی دەرکرد بۆ پشتیوانیکردنی چارەسەری سیاسی.

ئۆجەلان، لە نامەیەکیدا بۆ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە KCK)، پێشنیازی کۆتاییهێنان بە چالاکیی سەربازی و پرۆسەیەکی یاسایی و دەستووری و ئاساییبوونەوەی کردبوو. پاشان، لە نامەیەکی دەسنووسی بیست و دوو لاپەڕەییدا سێ قۆناخی بەرەو ئاشتی دەستنیشان کردبوو بە ناوی «نەخشەی کارکردن بۆ ئاشتییەکی دیموکراتی» و لە شوباتی 2013دا دابوویە وەفدی دەوڵەت. هەروەها هانی هەردوولای دابوو کە هەر بە گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی سەرەتا بنەڕەتێیەکانەوە، «پێویستە لە حوزێرانی 2013دا پاشەکشەیەکی راستەقینە لە ناوچەکانی پێکدادان ئەنجامبدرێت»5. بەڵام دوای ئەوە پێشکەوتنێک بەدینەهات.

ئۆجەلان دەیویست دانوستان بکرێت لەسەر هەندێ بەندی کێشەلەسەری دەستوور، بەتایبەتی یاسای هەڵبژاردن و یاسای حیزبە سیاسییەکان و ئیمزاکردن لەسەر پەیماننامەی ئەوروپی بۆ حوکمکردنی ناوخۆیی و پێشنیازی گۆڕانکاریی کرد لە پێناسەکردنی هاوڵاتیبووندا بە سڕینەوەی گەڕانەوە بۆ سیفەتی ئیتنیکی و ئاینی و بواردان بە هەموو شوناسەکان کەوا «بە ئازادی گوزارش لەخۆیان بکەن» بۆ ئەوەی ئاساییبوونەوە مەیسەر ببێت. ئەو نێردەیەی نوێنەرایەتیی دەوڵەتی دەکرد لە کۆبوونەوەکانی ئیمرالیدا بەڵێنی کارکردنی دا لەسەر پرۆژە پلانەکەی ئۆجەلان، بەڵام کاتێ کە یەکەم گرووپەکانی گەریلا لە مایسی 2013 دا دەتیان کرد بە کشانەوە لە تورکیا، حکومەت پاشگەز بووەوە.

لە سێپتەمبەردا، پاش ئەوەی کەجەکە پاشەکشەی هێزەکانی گەریلای راوەستاند چونکە حکومەتی پارتی داد و گەشەپیدان (ئەکەپە AKP) رەتیکردەوە بەردەوام بێت لە پرۆسەی ئاشتیی ئەو چەند مانگەی کە تێیدا هەردوو رابەری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە HDP)، سەڵاحەین دەمیرتاش و پەروین بوڵدان، سەردانی ئیمراڵییان کرد بۆ ئەوەی ئۆجەلان لە دۆخەکە ئاگادار بکەنەوە. ئۆجەلان لۆمەی خۆی کرد لەبەر ئەوەی داوای پاشەکشەی کردووە بەبێ دەرکردنی یاسای پێویست بۆ ئەو کارە لە پەرلەماندا. دەمیرتاش رەخنەی لەو رێبازە گرت کە حکومەت لە میدیادا پەیڕەویی دەکرد و پاشان چیتر رێگەیان نەدا جارێکیتر چاوی بە ئۆجەلان بکەوێتەوە. ئەوجا حکومەت کەوتە دروستکردنی 189 بنکەی سەربازیی نوێ لە ناوچەی هەکاری و خۆی ئامادەکرد بۆ دروستکردنی سەدانی تر لە ناوچەی ئامەد (دیاربەکر) و دەرسیم (تونجەلی) و لەم سۆنگەیەوە هەدەپە حکومەتی بە نەخشەدانان بۆ قڕکردن و لەناوبردن تۆمەتبار کرد.

ئۆجەلان بەو هۆیەوە کە لە بەرپرسێکی حکوومیی ئاستبەرز لە پارتی داد و گەشەپێداندا پەیامێکی دڵنیایی پێگەیشتبوو، پێیوابوو بە هاتنی بەهاری ساڵی 2014 گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە. بەڵام رژێم بەردەوام بوو لە ئامادەکاریی سەربازی لە باکووری کورستاندا و بەهیوابوو لە رێگەی داعش و گرووپەکانی ترەوە کە هێرش بکەنە سەر رۆژئاڤا و کۆبانی بۆ گەمارۆدانی هێزەکانی گەریلا لە باکووری کوردستان و تورکیا، بۆ ئەوەی بە باڵادەستیی بگەڕێتەوە بۆ ئیمرالی. هێرش و پەلاماری سەرەتایی دژ بە کۆبانی لە تەمووزی 2014دا بەرپەرچ درایەوە، بەڵام لە سێپتەمبەردا، داعش دەستی بەسەر چەک و چۆڵێکی زۆردا گرت لە مووسڵ و زیاتر دڵڕەق و دڕندەی کرد. بەلام بەرگریی توند لە کۆبانی و راپەڕینەکانی 6 – 8ی ئۆكتۆبەری كوردستانی باکوور و توركيا و ئەو هەراوهوریایەی لە جیهاندا نایەوە و لەنیویاندا رۆژی جیهانیی کۆبانی (کە یەکی نۆڤەمبەرە)، ئەنقەرەی ناچار کرد چاو بە دۆخەکەدا بگێڕێتەوە و بۆی روونبووەوە کە ناتوانێت گفتوگۆی ئۆجەلان بۆ سەرکوتکردنی خەبات و تێکۆسانی کورد بەکاربێنێت.

لەگەڵ هەڵایسانی شەڕ لە کۆبانی، ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا لە 30 ئۆکتۆبەری 2014دا بڕیاری پەلەکردنی دا بۆ ئامادەکاری لە جەنگی گشتگیردا. ئۆجەلان، کە هێشتا هەر هیوای مابوو بە گەیشتنە چارەسەرێک، هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەر کۆبانی بکەوێت ئەوە چوار کانتۆنی تر رادەگەیەنێت لە ناوچەکانی ئامەد و بۆتان و سەرحەد. ئۆجەلان دەیویست کەوا پەرلەمان لیژنەیەک پێکبێنێت بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری ئەوەی کە بۆچی پەکەکە چەکی هەڵگرتووە و هەڵەکانی هەردوولا چین و پێشنیاز کردنی ئەو رێگایانەی ململانێی چەکداری کۆتایی پێدێنێت. حکومەت لە زینداندا ژوورێک و مێزێکی بازنەیی سازکرد و ئۆجەلان و کۆمیتەیەکی فراوانی هەدەپە و وەفدێکی حکومەت لە 9 ی کانوونی دووەمی 2015دا کۆبوونەوە. کاتێ کە وەفدی دەوڵەت سکاڵایان لەدەست هەندێ راگەیەنراوی کەجەکە کرد، ئۆجەلان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کەوا دوودڵیی دەوڵەت لە وەرگرتنی هەندێ هەنگاوی تۆکمە و کۆنکریتیدا کارەکەی زەحمەت کردووە و بەتایبەتی ئەو بەندییانەی کە تووشی نەخۆشیی ترسناک بوون هێشتا بەرنەدراون. هەڵبەت وەفدی پارتی هەدەپە ئیشارەتی بە وتاردانێکی سەرۆک وەزیران ئەحمەد داودئۆغڵوو کرد کە تێیدا دانی بە وەستاندنی بەردانی زیندانییان کردبوو.

لە کۆبوونەوەی دووەمدا، وا پێشنیاز کرا کە راگەیاندنێکی هاوبەش بۆ خەڵک دەربکرێت بەڵام ئەو رەشنووسانەی هەردوولا ئامادەیان کردبوو لەیەکترەوە نزیک نەبوون و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دۆکۆمێنتەکەی دەوڵەتی رەتکردەوە چونکە هاوجووتی ئەو مەسەلانە نەبوون کە گفتوگۆیان لەسەر کرابوو. دواتر دەمیرتاش ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە «ئەکەپە داوامان لێدەکەن فێڵ لە قەندیل و ئۆجەلان بکەین»6. کۆبوونەویەکی تر لە شوباتی 2015 دا هەردوو رەشنووسەکەی کرد بە راگەیاندنێکی هاوبەش و لە 28 ی شوباتدا لە کۆشکی دۆڵمە باخچە، کە بیرۆی سەرۆک وەزیرانە خوێندنەوەی بۆکرا7. بەهەرحاڵ، لە کاتێکی دواتردا ئەردۆغان وتی کەوا هیچ بیر و ئایدیایەکی لەسەر دەرکردنی ئەو راگەیاندنە نیە و پێیوایە بیروبۆچوونێکی خراپ بووە8. حکومەت هەر دە مادەکەی پشتگوێخست کە لە رێككەوتننامەکەدا هاتبوو و تەنها تیشکی خستەسەر چەک داماڵین. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی تورکیا، کوردەکان بەهیوابوون هەندێک کار و کردەوەی تایبەت لەپێش هەڵبژاردندا جێبەجێ بکرێت و ئەودواشی لەپاش هەڵبژاردن. بەڵام پێشبینی و چاوەڕوانییەکان وادەرنەچوون و بوون بە مایەی نائومێدی کاتێ کە حکومەت بەئاشکرا وتی کەوا هیچ دانوستان و راگەیاندنێک لەئارادا نەبووە.

میلیشیا کوردییەکان لە شەڕکردنی دەوڵەتی ئیسلامیدا خۆیان جیاکردەوە و کوردەکانی تورکیاش کەوتنە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە چەندین شاردا کاتێ کە داعش شارۆچکەی کۆبانیی کوردی سووریایان گەمارۆ دابوو لە ساڵی 2014 دا، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئەنقەرە کە جینۆساید راوەستێنێت، چونکە پۆلیس37 خۆپیشاندەری کوشتبوو. فشاری واشنتۆن ئەنقەرەی ناچار کرد کە بوار بە پێشمەرگەی عێراقی (میلیشیا) بدات بە خاکەکەیدا تێپەر ببن بۆ بەرگری کردن لە کۆبانی. لە تەمووزی 2014 دا، خۆکوژێکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی خۆی بە رێرەوێکی شاری سوروچی تورکیادا تەقاندەوە کە بەڕێوەبوون بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆبانی و لەئەنجامدا سی و سێ چالاکوانی کوردی کوشت. گرووپە کوردەکان ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە دەزگاکانی هەواڵگریی تورکیا یارمەتیی دەوڵەتی ئیسلامییان دەدا و حکومەتیش نکووڵیی لێدەکرد.
بێگومان لەسەر ئاستێکی بەرفراوان زانراوە کەوا ئەو یاخیبوونەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەپشتێتی دژ بە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا مەحاڵە بێ تێپەڕبوون «بە رێگەی خێرای جیهاد» بەسەر تورکیادا، کە لێیەوە جیهادییەکان و چەک و زەخیرە و پاڵپشتی لۆجستیکی دەگەیشتە نوسرە و گرووپەکانی تر، کەوا توانای لاوازی شەڕکردنیان بوو بە هۆی رادەستکردنی پارە و چەک و تفاقیان بە داعش.

لەهەمان کاتیشدا شانەکانی داعش کەوتنە سەرهەڵدان لە تورکیادا. هەڵبەت لەژێر فشاریشدا، ئەنقەرە رێگەی دا بە فڕۆکەی ئەمریکی کە هێرش بکاتە سەر داعش لە سووریادا. رێگەدان بە واشنتۆن کە بنکە ئاسمانییەکانی تورکیا بەکاربێنێت بۆ لێدانی داعش بوو بەهۆی ئەوەی کە رێکخراوێکی مارکسیی نەناسراو، بە ناوی بەرەی رزگاریی شۆڕشگێڕی خەڵک (DHKP-C)، لە ئابی 2015 دا هێرش بکاتە سەر کونسوڵییەتی ئەمریکا لە ئەستەمبووڵ. داعش داوای کرد هێرش بکرێتە سەر ئامانجە دەسنیشانکراوەکان لە تورکیا و گرتنی ئەستەمبووڵ. لە گەرمەی ئەم جەنگە هەرێمییەدا، لە 7ی حوزێرانی 2015 هەڵبژاردن لە تورکیادا بەڕێوەچوو و ئەکەپە بۆ یەکەمجار لە ماوەی سیانزە ساڵدا زۆرینەی پەرلەمانیی خۆی لەدەستدا، چونکە دەنگدەران پشتگیریی هەوڵی ئەردۆغانیان نەدەکرد بۆ قۆرخکردنی دەسەڵاتی زیاتر لە رێگەی وەرچەرخانەوە بۆ فۆرمی سەرۆکایەتی لە حوکمکردندا. پارتی گەلی دیموکراتیی (هەدەپە HDP)، کە پارتێکی چەپڕەوی لایەنداری پەکەکەیە زیاد لە 10 لە سەدی دەنگەکانی هێنا و لەڕووی یاساییەوە شایستەی ناردنی ئەندام بوو بۆ پەرلەمان و 80 کورسیی بردەوە (کە 13 لە سەدی دەنگەکان بوو)، بەهەمان شێوەش پارتی مەهەپەی MHP ناسیۆنالیستی توندڕەو. هەڵبەت پارتی گەلی کۆماریش (جەهەپە CHP) کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکییە 132 کورسیی بردەوە.

بایەخی سەرکەوتن و بردنەوەی پارتی گەلی دیموکراتی (هەدەپە) لەوەدایە کە رێژەیەکی زیاتر لە دەنگی پەکەکەی بۆ خۆی برد، چونکە ئەم حیزبە پشتگیریی ئەو تورکە چەپ و سێکولارانەشی بەدەستهێناوە کە نائومێد بوون لە شێوە و رێگەی دەسەڵاتخوازیی ئەردۆغان. ئەمەش خێر و بەرەکەتی ئۆجەلان بوو، کە دیلەک ئۆجەلانی خوشکەزای چووەتە پەرلەمانەوە و زۆرێک لە راگەیاندنە گشتییەکانی لە زیندانەوە دەگەیاندە ئەوێ لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتدا. ژنە بەربژێری بەناوبانگی هەدەپە لەیلا زانایە، کە بۆ یەکەمجار ساڵی 1991 بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا و ماوەی دە سال بەندکرا، لەبەر ئەوەی لە کاتی سوێندخواردندا بە زمانی کوردی تەنها یەک دێڕ بە زمانی کوردی قسەی کردووە و ئەو کاتە قسەکردن بە کوردی لە شوێنە گشتییەکاندا نایاسایی بووە.

هەڵبژاردنەکە وەک شۆکێک وابوو بۆ ئەردۆغان و شرۆڤەکاران دەڵێن کە ئەو بە ئەنقەست شکستی بە خۆی هێنا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەگەڵ پارتی گەلی کۆماریدا (جەهەپە) لە ماوەی 45 رۆژی دیاریکراودا بۆ سەپاندنی هەواڵشوناسییەکی کوتوپڕ (لە 1ی نۆڤەمبەری 2015دا) بە ئومێدی ئەوەی زۆرینەیەکی تەواو بەدەستبێنێت لە رێگەی رێکخستنی کەمپەینێکەوە لەبارەی «شەڕکردن لەدژ تێرۆری پەکەکە» و داوای کرد کاری یاسایی لەدژی سیاسییەکانی هەدەپە بکرێت لە پەرلەماندا، بە رواڵەت لەبەر پەیوەندییان بە پەکەکەوە، بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی بەرهەڵستییان بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرەسەندنی پاڵپشتی میللی بوو بۆیان.
هەر لە دەوروبەری ئەم کاتانەدا بوو، کە رەنگە لەبەر نائومێدی بووبێت لە لە دانوستانە ساختە و خاوەکان، پەکەکە بڕیاری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری دا، بە بیانووی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لە سرووچ. ئەمەش یارمەتیی ئەردۆغانی دا بۆ شێواندنی متمانەی هەدەپە و تێکدانی پرۆسەی ئاشتی. بەو پێیە بۆردمانی فڕۆکە و پێشڕەوی کردنی سەربازی بۆ کووری عێراق دەستی پێکرد دژ بە پەکەکە و وەڵامدانەوەی هاوشێوەی توندی ئەمیش، بوو بە هۆی ئەوەی شەڕ کار بکاتە سەر ژێرخانی وزە وەک بۆریی نەوت و گازی نیوان تورکیا و ئێران و هەرێمی کوردستان لە عێراقدا، کە بەو هۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بوو بۆریی نەوتی نێوان کەرکووک و جەیهان بۆ ماوەیەکی کورت دابخات (29 ی تەمووز – 5 ی ئاب).

بارودۆخەکە لە لایەن هەندێک لە ئەنجومەنە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی ویلایەتەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتدا تێکدرا بە هۆی بڕیاری گواستنەوەی بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ شوێنی تر لەبەر هۆکاری ئاسایش، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسا بوو. سەرکردەکانی هەدەپە وای لێکدەدەنەوە کە ئەمە فێڵێکە بۆ ئەوەی نەهێڵن نزیکەی چوارسەد هەزار دەنگدەری کورد (لە دياربەكر و مووش و شڕناخ و بەدليس و باتمان و ماردين و تونجەلی و شوینانی تر) دەنگ بدەن و بەمەش هەدەپە داببەزێننە خوار ئاستی یاسایی 10 لە سەدی دەنگەکان و بەمەش ئەکەپە دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبێنێت و دەستوور بگۆڕێت بە پێی حەز و ئارەزووی ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتییەکی جێبەجێکار.

سەرکردەکانی هەدەپە ترسیان لە ساختەکردنە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە پەلاماردانی ئەمدواییەی بارەگاکانی حیزبدا هەوڵی زۆریاندا بۆ سووتاندنی بەڵگەنامەکانی داواکاریی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردن. چاودێران پێیانوایە کە تەکتیکە بەهێزەکانی ئەردۆغان، وەک هێرشکردنە سەر گۆڕستانی شەهیدە کوردەکان و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و باڵادەستیی لەڕادەبەدەری پۆلیس لە شار و شارۆچکە کوردەکاندا و هێرشکردنە سەر ئەو رۆژنامەنووسانەی رەخنە لە حکومەت دەگرن ‌‌و دەستەواژەی سووکایەتی کردن و دابەزینە سەر هەدەپە رەنگە ئەنجامی ساختەی لێبکەوێتەوە. راپۆرتەکانی میدیا ئاماژە بە نیگەرانی دەکەن لە ناو ئەفسەرانی سوپادا کە رەزامەند نین بە دەستپێکردنەوەی شەڕی دژ بە پەکەکە لەکاتێکدا کە وڵات بەرەوڕووی هەڕەشەی مەترسیدار بووەتەوە و ئابووری فشەڵە و تووشی سستیی گەشەکردن بووە و بودجەش داتەپیوە9.

بە هەستکردن بە ناسکیی دۆخەکە، دەمیرتاشی هاوسەرۆکی هەدەپە هانی پەکەکەی دەدا کە شەڕ بوەستێنێت و لەگەڵ حکومەتدا گفتوگۆ دەستپێبکات لەپێناوی بەدرۆخستنەوەی تۆمەتبار کردنی ئەکەپە بەوەی گوایە حیزبەکەی ئەمانیش تێوەگلاوە لە کار و کردەوەی توندوتیژییەوە. لەم سەروبەندەدا سەرکردەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە MHP)10و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی مانيسا بار زەینەڵ بەڵکیز رایانگەیاند کە تەنانەت ئەگەر یەک کەسیش نەتوانێت دەنگ بدات بەهۆی گواستنەوەی بنکەکانی دەنگدانەوە، ئەوە دەبێت هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەوە مافی دەنگدەران خۆیانە کە دەنگیان بخەنە ئەو سندووقانەی هەڵبژاردنەوە کەوا لەو ناوچەیەدا دانراوە کە تێیدا دەژین.
*
چارەسەری مەسەلەی کورد تەنها لە رێگەی کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دەزگاییەوە دەبێت بۆ دامەزراندنی سەربەخۆییەکی سیاسی بەسەر خەڵکدا. شوناسی نەتەوەیی توند و لاسار چیتر گونجاو نییە، بە بەراورد بەو بڕە ئۆتۆنۆمییەی کوردەکان لە عێراقی دەراوسێدا هەیانە و توانادار کردنیان لەلایەن حکومەتی سووریی ئابڵووقەدراوەوە. پێویستە لەسەر ئەنقەرە ئێستا بێت یان دواتر لەوە تێبگات کە پەیوەندیی بازرگانی و دیبلۆماسی کە رۆژێک لە رۆژان ئاسایی بووە لەگەڵ سووریا و عێراقدا بە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی تووشی گرفت بووە، کە سووریای ناجێگیر کردووە و یەکسانیی لە نێوان سوننە و شیعە و کوردی تێکداوە لە عێراقدا. پشتیوانیی تورکیا بۆ یاخیبووانی دژە ئەسەد پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق و بەغدا تێکداوە و تەنانەت ئێرانیش کە پشتگیریی زۆرینەی شیعە دەکات لە عێراق و سووریادا. تاران نیگەرانە لەسەر رەزامەندیی ئەنقەرە لەبارەی هێنانی سیستەمەکانی راداری مووشەکەکانی سەر بە ناتۆ. هەموو ئەمانە ئەو رێککەوتنە زیمنییەی هەرەس پێهیناوە لەنێوان تورکیا و عێراق و سووریادا کە دژ بە کوردە و دەرفەتی بۆ کوردەکانی تورکیا رەخساندووە، چونکە کوردەکان لە عێراق و سووریادا بە کردار هێز و دەسەڵاتیان پەیداکردووە بە هۆی رووخانی سەددام حوسێن و دروستبوونی حکومەتێکی هەرێمیی کوردی لە وڵاتێکدا و هەڵکشانی داعش و پێزانین بۆ بوێری و ئازایەتیی کورد لە لایەکی ترەوە.

سەرچاوە
گۆڤاری شیکاریی ستراتیجی، ٢٠١٦، بەرگی ٤٠، ژمارە ١، ٦ – ١٣
ناوی بابەت «کوردستان: لە ئەتاتورکەوە بۆ ئۆجەلان»
نووسینی : *ساندهیا جەین (نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسییە و ستووننووسی دوو هەفتە جارێکە بۆ رۆژنامە پایۆنیر لە نیودەلهی، راوبۆچوونەکانی دەربڕینی شەخسی خۆیەتی).

Strategic Analysis, (2016), Vol. 40, No. 1, 6 -13,
Kurdistan: Ataturk to calan
Sandhya Jain *(is an author and political analyst and writes a fortnightly column for The Pioneer, New Delhi. The views expressed are personal).
www.dx.doi.org

تێبینی
1 – هشیار ئۆزسۆی، «پێشەکی: مەینەتیی کورد لەگەڵ تورکیادا لە رۆژهەڵاتێکی گۆڕاودا»، گۆڤاری ئەنترۆپۆڵۆجیای دیالێکتیک، مارتی 2013 ، 37: 103-111 ، لاپەڕە 105.

2 – هشیار ئۆزسۆی، «پێشەکی: مەینەتیی کورد لەگەڵ تورکیادا لە رۆژهەڵاتێکی گۆڕاودا»، گۆڤاری ئەنترۆپۆڵۆجیای دیالێکتیک، مارتی 2013 ، 37: 103-111 ، لاپەڕە 106.

3 – راگەیاندنێکی 19ی ديسەمبەری 2012ی پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت کەوا «زۆربەی رۆژنامەنووسە بەندکراوەکان نوێنەرانی میدیای کوردین و ئەم دۆخەش جارێکیتر جەخت لەو راستییە دەکاتەوە کە ئازادیی زانیاری لە تورکیادا بە توندی پەیوەستە بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ کێشەی کەمینەی کورد».
https://protect-us.mimecast.com/s/WDzdBRsQzavwiX http://en.rsf.org/turkey-turkey-world-s-biggest-prison-for-19-12-2012,43816.html

4 – کاتێ نوێنەرانی پەرلەمانی سەر بە پارتی بەدەپە BDP لە 3ی کانوونی دووەمی 2013، لە دوورگەی ئیمرالی چاویان بە ئۆجەلان کەوت، ئەم بێزاری و ناڕەزایی دەربڕی لەو شێوەیەی کە دەوڵەت مامەڵەی پێدەکرد لەگەڵ گفتوگۆکاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پێشنیازانەی دیاریکرد بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و دەیوت کەوا «ئەم پرۆسەیە لە سەردەمی ئۆزال و ئەربەکان و ئەجەویدەوە بەردەوامە و ئێمە بیست ساڵە کار لەسەر ئەمە دەکەین، بەڵام لە دوو ساڵ و نیوی رابوردووەوە وەستاوە. ئەوان ئەوە چواردە ساڵە دەیانەوێت من لەکاربخەن و دەیانەوێت لێم نزیک ببنەوە بۆ ئەوەی لەناوم ببەن و هەڵبەت بەردەوامیش دەبن لەسەری. هەندێک دەیانەوێت ئەم پرۆسە نوێیە تێکبدەن (رێک لەپاش هەفتەیەک لە درکاندنی ئەم رستەیە ساکینە جانسز و هەڤاڵەکانی لە پاریس کوژران). لە دوای هەر کۆبوونەوەیەک لێرە گوێبیستی ئەوە دەبین کە چەند گەریلایەک گیانیان لەدەستداوە و ئەوان بەم رێگە و شێوەیە پەیامەکانی خۆیان دەنێرن. ئەو کۆبوونەوانەی کە لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتدا دەیکەین گرنگن و نامەیەک دەنووسم لەبارەی پەرەسەندنی کۆبوونەوەکانمانەوە و لە کاتی ئامادەکردنی نامەکەمدا پێشنیازی مێتۆد و رێگەچارەیەک دەکەم. پێویستە کۆمیسیۆنێکی یاسادانان لە پەرلەماندا پێکبێت بۆ سەرپەرشتی کردنی کشانەوەی گەریلاکان و دەکرێت ناوبنرێت کۆمیسیۆنی راستی یان ئاشتەوایی … ئەوجا ئەگەر گەریلاکان کشانەوە، ئەوە دەبێت ئەنجومەنێکی ئاشتی پێکبێت بۆ پارستنی خەڵک لە توندوتیژی و ئازاردان». ئامەد ديجلە، «توێکاریی پرۆسەی چارەسەری کوردی – تورکی» – 1، 17ی ئابی .2015 (ئەم زنجیرەیە کە لە بنەڕەتدا لە چوار بەش پێکهاتووە لە سەر ANF بە زمانی تورکی).
Amed Dicle, «The Anatomy of the Kurdish-Turkish Solution Process» – 1, 17 August 2015 (This 4-part series was originally published on ANF in Turkish). https://protect-us.mimecast.com/s/ 0JzOBbfXd5okCV
http://www.kurdishinfo.com/the-anatomy-of-the-kurdish-turkish-solutionprocess-1

5 – «هەر کە هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی بنەما سەرەکییەکانەوە، ئەوە دەبێت پاشەکشەی راستەقینە ئەنجام بدرێت لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێ لە حوزێرانی 2013دا». ئامەد دیجلە، «توێکاریی پرۆسەی چارەسەری کوردی – تورکی» – 1، 17ی ئابی 2015 «
https://protect-us.mimecast.com/s/0JzOBbfXd5okCV
http://www.kurdishinfo.com/the-anat omy-of-the-kurdish-turkish-solution-process-1

6 – ئۆجەلان رابەرایەتیی پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکەی کرد لە زیندانەکەی خۆیەوە لە دوورگەی ئیمرالی. دەمیرتاشی هاوسەرۆکی هەدەپە HDP لە چاوپێکەوتنێکی رۆژی 28ی تەمووزی 2015 دا رەتکردنەوەی حکومەتی روونکردەوە لەبارەی پێدانی گەرەنتیی یاساییەوە بۆ بە سەلامەتی کشانەوەی گەریلاکانی پەکەکە و بنیاتنانی قەڵا سەربازییەکان ئاگربەسی لە تورکیادا کۆتایی پێهێنا. پرۆسەی ئاشتیی ئێستا ساڵی 2013 لە نەورۆزدا لە دیاربەکر راگەیەنرا، کاتێ کە وتارێکی ئۆجەلان خوێنرایەوە و تێیدا هاتبوو کەوا «سەردەمی خەباتی چەکداری تەواوبوو».

ئەم دیالۆگە رێککەوتننامەی دۆڵە باخچەی لێکەوتەوە و پێش ئەوەش مەسەلە ناسکەکە کشانەوەی ئەندامە چەکدارەکانی پەکەکە بوو لە تورکیا. وەفدی دەوڵەت بەڵێنی بە ئۆجەلان دابوو کە یاسایەک دەردەکرێت بۆ ئاسانکردنی ئەو کارە و دواتر ئەمەشی بۆ وەفدە کوردییەکە دووپات کردەوە. هەر ئەو دەمەش سەعدوڵا ئێرگینی وەزیری دادی تورکیا وتی کەوا شارەزایانی حکومەت کار لە سەر یاساکە دەکەن. وەفدی کوردیش پێشنیازی ئەوەی کرد کە شارەزایانی ئەمانیش هەمان شت بکەن و هەردوولا تێکستە ئامادەکراوەکان بدەنە پەرلەمان بۆ دەرکردنی یاسا پەیوەندیدارەکەی کشانەوە. دەميرتاش و ئەوانیتر رۆیشتنە قەندیل بۆ گەیاندنی مەسەلەکە بە گەریلاکان و موراد قەرەیەڵانی فەرماندەی باڵای پەکەکە بەڵێنی کشانەوەی خێرای دا بە دەرکردنی یاساکە. ئێرگینی وەزیری داد بەگەرمی کاری دەکرد بۆ تێپەراندنی یاساکە، بەڵام ئەردۆغانی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات دەرگای ئەو مەسەلەیەی لەسەر داخست و کاتێ وەفدی دەوڵەت چوونە ئیمرالی، ئۆجەلان مەترسیی کشانەوەکەی روونکردەوە بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی.

سەرەڕای مەترسییەکانیش کشانەوە دەستیپێکرد لەسەر داوای ئۆجەلان. بەڵام لەپاش چەند رۆژێکی کەم لە دەسپێکردنی پرۆسەکە، بوڵند ئارینجی وتەبێژی حکومەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: «خوام دەکرد دەچوونە دۆزەخ، لێگەڕێن چۆن پاشەکشە دەکەن با بیکەن». ئەمە قەنديلی راچڵەکاند، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پاشەکشە هەر بەردەوام بوو، بەڵام دواتر گەریلا وتیان کەوا لەو ناوچانەی کە چۆڵکراون حکومەت دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی پۆلیس لەسەر شێوەی قەڵا و بەنداو بۆ رێگرتن لە جموجووڵی گەریلا و هەروەها رێگەوبانی کۆنکریتی بەسەر شاخەکاندا تاوەکو ئۆتۆمبیلی سەربازی بتوانێت پێیاندا هاتوچۆ بکات. لەترسی توندوتیژی پاشەکشە خاوبووەوە و بەرگریی گەزی پارک Gezi Park هاوکات بوو لەگەڵ ئەم ماوەیەدا.

لە دۆڵمەباخچە دەبوو رێککەوتنی کۆتایی بکرێت چونکە بەشی زۆری پاسەکشەکە ئەنجامدرابوو و تەنها کۆمەڵێکی بچووکی گەریلا لە تورکیادا مابوونەوە. گفتوگۆ لەگەل ئیمرالیدا درێژەی کێشا و وەفدی دەولەت دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیشی لەخۆگرت (میت MT). پاشان وەفدێکی چاودێر لە دۆڵمەباخچە راگەیەنرا، کە بەزۆری ئەندامانی بریتیبوون لە رۆژنامەنووس و سیاسییەکانی سەر بە حکومەت. لە سەرەتای شوباتدا، وەفدەکەی هەدەپە رەزامەندیی دەربڕی لەسەر رەشنووسێک بۆ ئەوەی بەرزبکرێتەوە بۆ حکومەت، کە ئەمیش رەتیکردەوە و تێکستێکی هێنایە بەرباس کە داوای چەکداماڵینی دەکرد و بە هیچ شێوەیەک نەچووبوو بەلای باسی گفتوگۆ و دانوستاندا و قەندیلیش ئەمەی بەتەواوی رەتکردەوە. هەدەپە HDP و وەفدی دەوڵەت پێکەوە چوون بۆ ئیمرالی و هەردوو دەقەکەیان خستە بەردەستی ئۆجەلان و ئەمیش پێشنیازی دەقی ئەو رێککەوتنەی کرد کە لە 28ی شوباتدا لە دۆڵمەباخچە راگەیەنرا. دەسەڵاتدارانی حکومەت لەگەڵ سەرۆک کۆبوونەوە و وتی «ئەمە راگەیاندنێکە کە لە زۆر دەمێکەوە چاوەڕێی دەکەین و هەرچەندە دواکەوتووە بەڵام هۆکارێکە بۆ خۆشی دەربڕین».

حاڵی حازر سەرۆک یان سەرۆک وەزیران دەڵێت، «ئۆجەلان باگەشەی چەکدانانی کرد، بەڵام هەدەپە نەیهێشت». دەمیرتاشیش وتی کەوا حکومەت «بە شێوەیەکی سەرەکی داوای کردووە کە ئێمە ئۆجەلان و پەکەکە فریو بدەین». ئەکەپەش زۆر پەست و تووڕەبوو کاتێ پێیڕاگەیەنرا کە ئەمە زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت. دەمیرتاش ئەوەی روونکردەوە کە لە نێوان راگەیاندنی یەکەم و راگەیاندنی «رەزامەند نیم» دا، سەرۆک تەماشای کرد کەوا دەنگەکانی ئەکەپە زیادیان نەکردووە، بەڵکو لەڕاستیدا کەمیان کردووە و بەپێچەوانەوە دەنگەکانی هەدەپە زیادیان کردووە، بەپێی سەرچاوەکانی ناو ئەکەپە خۆی. بەم پێیە پلانی رۆیشتن بۆ ئیمرالی دانرا، کە ئۆجەلان لەوێوە بانگەشە بۆ چەکداماڵین بکات بەرەوڕووی ئاستەنگ بووەوە. ئەردۆغان دەیوت ناکرێت وەفدی چاودێری هەبێت، تەنانەت کاتێ کە ئامادەکردنی ناوەکانیش کۆتایی پێهاتبوو. کەچی راستەوخۆ دوای ئەوە و لە وەڵامدانەوەی پرسیارێکدا لە ئەستەمبووڵ، وتی: «من بە رێککەوتننامەی دۆڵمەباخچە رازی نیم».

“https://protect-us.mimecast.com/s/wXWmB3UaMYJ3HD”
http:// www.hurriyetdailynews.com/hdp-co-chair-demirtas-reveals-details-of-peace-process-.aspx?PageID=238&NID=86041&NewsCatID=338 Also ‘Erdoan under fire for change of stance on Dolmabahçe talks’, July 19, 2015.
“https://protect-us.mimecast.com/s/arG6BRuMWndNcG” http://www.todayszaman.com/anasayfa_erdogan-under-fire-for-change-of-stance-on-dolmabahce-talks_394016.html
هەروەها «ئەردۆغان رەخنەی توندی لێدەگیرێت بە هۆی گۆڕینی هەڵوێستیەوە لە گفتوگۆکانی دۆڵمەباخچە»، 19ی تەمووزی 2015.

7- ئامەد دیجلە، «توێکاریی پرۆسەی چارەسەری کوردی – تورکی»، 20ی ئابی 2015. “https://protect-us.mimecast.com/s/27lnBgUqodZbcx”
http://www.kurdishinfo.com/the-anat omy-of-the-kurdish-turkish-solution-process-4

8 – هەمان سەرچاوە.

9 – (1) چاودێرانی نێودەوڵەتی رەخنە لە بارودۆخی توندوتیژی و ترس دەگرن لەپێش هەڵبژاردندا و دەڵێن کەوا دۆخی ئاسایش و گرتنی چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن و سەرکوتکردنی ئازادیی رۆژنامەگەری هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی کە کەمپەینەکە بە ناڕەوا دابنرێت. «کەمپەینی هەڵبژاردنی تورکیا ناڕەوایە، وەک چاودێرە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن»، 2ی نۆڤەمبەری 2015.
https://protect-us.mimecast.com/s/6RQOBqhLY3orUe
http://www.theguardian.com/world/2015/nov/02/turkeys-elections-campaign-unfair-say-international-monitors
(2) لە 18ی سێپتەمبەردا، ئەنجومەنی هەڵبژاردنی ناوچەی جزیرە لە پارێزگای شرناخ بڕیاریداوە سندووقەکانی دەنگدان لە سێ گەڕەک و ژمارەیەکی زۆری گوند لەو ناوچانەی کە زۆرینە کوردن گواستراونەتەوە بۆ شوێنە سەنتراڵەکانی ناو شرناخ بەهۆی کردەوە توندوتیژەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکەدا. هەندێ لە ئەنجومەنەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆ لە ویلایەتەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتدا بڕیاریانداوە بنکەکانی دەنگدانیان لێ بگوێزنەوە بەهۆی نەبوونی باری ئاسایشەوە. پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەمە فێڵ و ساختەیە بۆ ئەوەی وابکرێت کە پارتی هەدەپەی سەر بە کورد لە خوار رێژەی لە سەدا 10 بێنێت لەو هەڵبژاردنە پێشوەختەی کە لە 1ی نۆڤەمبەردا بەڕێوەدەچێت. بەم پێیە نزیکەی چوارسەد هەزار دەنگدەر لە ژمارەیەکی زۆری گوند و گەڕەک لە پارێزگاکانی وەک دیاربەکر و مووش و شڕناخ و بەدلیس و باتمان و ماردین و تونجەلی ناچارن لە شوێنی تر دەنگ بدەن ئەگەر ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن رەزامەند بێت لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان.
https://protect-us.mimecast.com/s/NV68BwugdWKkCV http://www.todayszaman.com/anasayfa_ysk-rejects-another-proposal-to-move-polling-sites-in-southeast ern-kiziltepe-district_400431.html
(3) دوو بنکەی دەنگدان لە ویلایەتی شرناخی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا گواسترانەوە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان (YSK) بە رەتکردنەوەی گواستنەوەی سندووقەکانی لەبەر هۆکاری «ئاسایش».
https://protect-us.mimecast.com/s/bAlrB1UO23pmtw
http://www.hurriyetdailynews.com/two-polling-stations-moved-despite-ysks-rejection-in-turkeys-southeast.aspx? pageID=238&nID=89813&NewsCatID=338
(4) سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 4ی ئۆکتۆبەردا وای باس لە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد کە هەڵەیە پاش ئەوەی بانگەشەی رەتکردنەوەی گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدانی کردووە لە زۆرێکی ناوچەکانی رۆژهەلات و باشووری رۆژهەڵاتدا و دەیوت کە بەرپرس دەبێت لە هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو. «سەرۆک کاردانەوەی هەیە پاش ئەوەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا گۆڕانکارییەکانی بنکەکانی دەگدانی رەتکردەوە»، 4ی ئۆکتۆبەری 2015. «https://protect-us.mimecast.com/s/Jq6kBKioWbdAHR http://www.hurriyetdailynews.com/president-reacts-after-turkeys-election-body-rejects- polling-station-changes.aspx?PageID=238&NID=89355&NewsCatID=341
(5) «ئۆفیسەکانی پارتی هەدەپەی HDP تورکیی لایەنداری کوردلە ئەنقەرە هێرشیان کراوەتەسەر»، 8ی سێپتەمبەری2015.
https://protect-us.mimecast.com/s/X8vJBRuZW5KoUb http://www.bbc.com/news/world-europe34193733
(6) «سوپای توركيا گۆڕستان و مزگەوت و خانەی پەرستنی عەلەوییەکان لە کوردستان دەڕووخێنن»،21ی ئۆکتۆبەری 2015.
https://protect-us.mimecast.com/s/7GwOB4hDkdawtd https://rojavareport.wordpress.com/2015/10/21/turkeys-military-destroying-cemeteries-mosquesand-alevi-houses-of-worship-in-kurdistan/

10- پارتی میللییەتی هەرەکەت پارتیسی (مەهەپە MHP) بە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەناسرێت.

 

 

print

 287 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*