سەرەکی » مانشێت » ئەجێندا بڕیار لێدراوەكانی 2018

ئەجێندا بڕیار لێدراوەكانی 2018

بەشی هەواڵ و بەدواداچوون

ساڵی 2018 لەبەر دەرگایە. دووشەممە دەبێتە میوانی ماڵەكانمان. ئەم چەند رۆژەی ماوە بۆ دامەزراوەكان و كەسەكان وێستگەی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەن. هەشن ئەجێندا دادەنێن بۆ ساڵی داهاتوو. لە ئاستی كوردستاندا ئەم ئەجێندایانە وەكو هەواڵی چاوەڕوان كراون كە ساڵی نوێ دەقەومێن. بێگومان ئەگەر قەومانی وەك بوومەلەرزە، یان هێرشی حەشدی شەعبـی بهێڵن:

گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا
ساڵی نوێ یان سەرەتاكەی لەژێر گوشاری ئەمریكا و ئەوروپادا، گفتوگۆی نێوان بەغدا و كوردستان دەست پێدەكات. یان نیوەی ساڵ، دوای هەڵبژاردنی عیراق لە ئایاری 2018-دا، دەبێتە بەرواری ئەو گفتوگۆیە.
ئەگەر لەسەرەتای ساڵ بكرێت، كورد بە برین و لاوازیی خۆیەوە گفتوگۆ دەكات و عەبادی-ش لەژێر جەبری ململانێی هەڵبژاردندا پێداگری لەسەر ویستە شیعییەكان دەكات. ئەگەریش بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق. ئەوكاتە حكومەتی داهاتووی فیدرالی دەستی واڵا دەبێت بۆ گفتوگۆیەكی شێنەیی تر. بەتایبەتی ئەگەر تا ئەو كاتە هەڵبژاردنی كوردستان، پێش هی عیراق كرابێت.
حكومەتی داهاتووی كوردستانیش كە لەو كاتەدا هەڵبژاردنی كردووە، تەفویزێكی باشتری دەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق كە ئەویش تەفویزی نوێ كراوەتەوە. بەڵام لە هەموو حاڵێكدا دواكەوتنی گفتوگۆ بۆ نیوەی ساڵ. مانای وایە كوردستان هەر لەژێر كاریگەریی نەخۆشییەكانی بێ مووچەیی و بێ بودجەییدا دەمێنێتەوە.

ناڕەزایەتییەكان
بێ مووچەیی و بێ بودجەیی؛ بەتایبەتی ئەگەر بەشی كوردستان لە بودجەی داهاتووی عیراقدا جێگیر نەكرێت، مەزەندەی درێژبوونەوەی ناڕەزاییەكان بۆ ساڵی نوێش وەك ئەگەرێكی كراوە دەهێڵێتەوە. بە هەموو وردەكاریی شووشە شكاندن و توندوتیژیشەوە. چونكە تازە ئەوە بووە بە فەرهەنگمان. بەتایبەتی ئەگەر حكومەت دەستپێشخەریی نەكات و حزبەكان بە پێنج قۆڵی و بە دوو و سێ تازەكانیانەوە نەكەونە تەگبیری گفتوگۆ لەگەڵ یەك بۆ دۆزینەوەی كەشێكی سیاسیی ئارام كە بۆ هەڵبژاردنێكی دیموكراسی و خاوێن، پێویستە. هەڵبەتە ئەمە ئەگەر ململانێی هەڵبژاردن سەرنەكێشێ بۆ گرژیی میدیایی و تانە لێكدان. بە جۆرێك كەشی هەڵبژاردنیش ئالودە بكات.

چارەنووسی ئیدارەی كەركوك
جگە لە چارەنووسی سیاسیی كەركوك، ئەوی پەیوەستی لەسەرپێ خۆوەستانەوەی بزووتنەوەی كوردایەتی و دانوستانی هەرێم و بەغدایە كە داخۆ چەترێكی دەستووری بۆ دەبێت بە مادەی 140-ەوە یاخود نا، جگە لەمە چارەنووسی ئیدارەی كەركوكیش دەكەوێتە سەرەتای ساڵی 2018-ەوە. ماوەیەكی زۆرە دەستی دەستی بە كۆبوونەوەی پێویستی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكرێت لە وەختێكی هەستیاردا كە گرنگە كورد پۆستی پارێزگار بەدەست بهێنێتەوە. ئەم پۆستە بە ناوی كوردەوە دەبێتە دینگەی پتەو بۆ هەستانەوەی كورد لەو شارەدا. بەڵام سیاسەتی كوردستانی و ململانێكانی ناوی، كارێكی كردووە دۆسێی پارێزگاری كەركوك لە شوێنی خۆی پێكوتە بكات.

چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی
ساڵی 2018 ساڵی كۆنگرەی چەند ساڵ دواخراوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دەبێت. وا بڕیارە لە ئاداری داهاتوو ئەم كۆنگرەیە بكرێت. بەڵام پریشكی كێشەی لابەلا هەمیشە رۆڵی خۆی هەبووە لە دواخستنەكانی پێشوو. كێ گرەنتی دووبارە نەبوونەوەی دەدات؟
ئەگەر لەو وادەیەی بۆی دانراوە كۆنگرە نەكرێت. كێشە هەوكراوەكان چەند قات دەبن و یەكێتی دەكەوێتە لێواری تەنگژەی قووڵتر لە قووڵی ئێستا. بەهاری 2018 بەهارێكی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ یەكێتی.

هەڵبژاردنەكانی كوردستان و ئینجا جووت هەڵبژاردنی عیراقیش
هەڵبژاردنی كوردستانیش رووداوی گرنگی ساڵی 2018 دەبێت كە ئەویش دەرفەتی نوێبوونەوەی حكومەت و هەندێك دەڵێن حوكمڕانیش دەڕەخسێنێت. ئەو هەڵبژاردنە پڕۆسەی دیموكراسیش دەخاتەوە سەر شەمەندۆفێری خۆی لەجێی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ یەكتری لەسەر شەقام و كۆبوونەوەی چەند قۆڵی حزبەكان لە بەردەم كامێرادا. تیمی حكومەت و پەرلەمانی دوای هەڵبژاردنەكان ئەركی زۆری لەسەر شان دەبێت. ڕاسانی كوردستان بە شێوەیەكی دەستووری لە بەرامبەر بەغدا و چارەسەركردنی بە نەخشەی كێشەكانی ئیدارە و گوزەران لە وڵاتەكەماندا، بەپێی سندوقەكانی دەنگدان، لەجیاتی تەوەللاكردنی ئەم هێز و موزایەدەی ئەو هێز بەسەر خەڵك ‌و بەسەر پڕۆسەی سیاسییەوە. رەنگە مژدەیەكی ئیجابی بێت. هەڵبژاردنی عیراقیش، هی پارێزگاكان و هی ئەنجومەنی نوێنەران، كاریگەری لەسەر كوردستان دەبێت.

مۆندیالیش رووداوێكی كوردستانییە
وەك دەردەكەوێت رووداوە وەرزشییەكانی جیهانیش رەهەندی كوردستانییان هەیە. نموونەی كلاسیكۆی ئەمساڵ كە لە جەرگەی خۆپیشاندانەكاندا ئاوێكی بەم ئاگرەدا كرد و باڵانسی رۆحی وەرزشی بەرزكردەوە. ئاماژەشن بۆ ئەوەی كوردستان هێشتا بەشێكە لە دنیای سەردەم.
حوزەیرانی ساڵی داهاتوو مۆندیالی (21)ە، كە لە روسیای دوای هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی دەكرێت. ئەم رووداوە پێشبـینی كراوە و هەر دەقەومێت، چونكە لە بەڵێنی كات و شوێندا دنیا وەكو كوردستان نییە، پەیوەستی كات و شوێنی بڕیارلێدراوی رووداوەكانی خۆیەتی.
ئەگەر هەڵبژاردنی كوردستان و عیراق و لەو ناوەڕاستەشدا هەڵبژاردنی كەركوك بكرێت، یان نەكرێت، هیچ گومانی ناوێت مۆندیال هەر دەكرێت. كۆنگرەی یەكێتی یان تەنانەت هی گۆڕان و پارتیش بكرێت، یان نەكرێت، ئەم مۆندیالە هەر دەكرێت. هێندە هەیە ئەگەر مۆندیالە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق بكرێن. جەماوەری كوردستان، لە كەشێكی ئارامتردا، سەیری مۆندیالی جیهانیی دەكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*