سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » مانۆڕی دەریایی میسر ‌و فەرەنسا لە دەریای ناوەڕاست

مانۆڕی دەریایی میسر ‌و فەرەنسا لە دەریای ناوەڕاست

هاوكات لەگەڵ گرژییەكانی میسر ‌و فەرەنسا لەگەڵ توركیا سەبارەت كێشەی لیبیا ‌و گەڕان بە دوای نەوت ‌و غازی سروشتیدا لە دەریای سپی ناوەڕاستدا، هێزە دەریاییەكانی میسر ‌و فەرەنسا مانۆڕێكی دەریایی هاوبەشیان لەو دەریایەدا ئەنجامدا.

پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی ئاسایشی دەریایی ‌و سەقامگیری ‌و ئاشتییە
وتەبێژێكی سەربازیی میسر لە بەیاننامەیەكدا، رایگەیاند: ئامانجی مانۆڕەكە ئاڵوگۆڕی ئەزموونە لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی وڵاتانی دۆست ‌و هاوڕێ، هەروەك پاڵپشتیكردنی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هێزە چەكدارەكانی میسر ‌و فەرەنسا ‌و پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی ئاسایشی دەریایی ‌و سەقامگیری ‌و ئاشتییە لە دەریای ناوەڕاستدا.

سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن، كە مانۆڕە هاوبەشەكەی میسر و فەرەنسا چەند چالاكییەكی سەبازی لەخۆگرتووە لەوانە، خۆڕزگاركردن لە كاتی روبەڕوبونەوە سەربازییەكاندا، وەڵامدانەوە و خۆئامادەكردنی خێرا لە دەریادا، بەكارهێنانی تۆپخانەی دەریایی چۆنێتی چاودێریكردن و نزیكبوونەوە لە كەشتییە گومانلێكراوەكان ‌و گواستنەوەی تیمی سەربازی ‌و كەلوپەلی سەربازی لە كەشتییەكەوە بۆ كەشتییەكی تر.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی ئەنقەرە سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێی، بەنیازە كاری پشكنین و دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتی لەو ئاوانەی دەریای سپی ناوەڕاست دەستپێبكاتەوە.

مانۆڕەكەی میسر
رۆژی 9ی ئەم مانگەش، سوپای میسر مانۆڕێكی سەربازیی لە ناوچەی خۆرئاوای هاوسنوور لەگەڵ لیبیا ئەنجامدا، وەكو خۆسازدانی سەربازی بوو بەرامبەر توركیا، كە بەنیاز بوو رۆژی 12ی ئەم مانگە مانۆڕی دەریایی ‌و ئاسمانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە نزیك سنووری ئاویی لیبیا ئەنجام بدات.
مانۆڕە سەربازییەكەی میسر دوای نزیكەی سێ هەفتە لە لێدوانی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی ئەو وڵاتە هات، كە هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازیی كردبوو لە لیبیا، بۆ بەرگرتن لە شكستهێنانی سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرۆكایەتیی موشیر خەلیفە حەفتەر لە بەرامبەر هێزەكانی حكومەتی ویفاق كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن.

لەو مانۆڕەدا هەموو جۆرە یەكە سەربازییەكانی میسر بەشداربوون ‌و بە گەورەترین مانۆڕی سەربازیی دادەنرێت لە ناوچەی خۆرئاوادا، كە ئامانجی دەرخستنی سووربوونی دەستوەردانی قاهیرە بوو بە شێوازی سەربازی لە تەنگژەی لیبیادا، بەتایبەت بەرگرتن لە هێزەكانی حكومەتی ویفاق بۆ كۆنترۆڵكردنی هەردوو ناوچەی سرت ‌و جفرە، كە بەلای سیسی-یەوە هێڵی سوورن ‌و رێگە نادات حكومەتی تەرابلوس بە پشتیوانی ئەنقەرە دەستیان بەسەردابگرێت.

مانۆڕە سەربازییەكەی میسر هەفتەیەكی خایاند ‌و بە بەشداریی فەرماندە سەربازییە ناسراوەكانی میسر ئەنجامدرا ‌و تەنانەت سیناریۆی پێكدادان لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەهەند وەرگیرابوو، كە راستەوخۆ بە پشتیوانی ‌و زانیاری هێزەكانی حەفتەر رێكخرابوو.

مانۆڕێكی هاوبەشی دیكە
وەكو میدیاكانیش باسی دەكەن، ئەنجامدانی مانۆڕی دەریایی هاوبەشی میسر ‌و فەرەنسا چاوەڕوانكراوبوو، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت مانۆڕێكی هاوبەشی دیكە لەلایەن هێزەكانی فەرەنسا لەگەڵ ئیتالیا ‌و قوبرس ‌و یۆنان لە دەریای ناوەڕاست ئەنجام بدرێت.

پێگەی مۆدێرن دیپلۆماسی لە شیكارییەكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، كە ئەنقەرە لە بەردەم ئاستەنگێكدایە بە كردنەوەی جفرەی ئەو پەیامانەی لە هێزە نێودەوڵەتییەكانەوە ئاراستەی دەكرێن، بە تایبەتی دوای بۆردومانكردنی فڕۆكەخانەی وەتیە لە لیبیا كە زیانی مادی بە مانا رەمزییەكەی بەراورد ناكرێت بۆ ئەو گورزەی لە توركیا وەشێنرا، لە كاتێكدا ئەو وڵاتە سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوو بەهۆی سەركەوتنی مەیدانی بەسەر هێزەكانی حەفتەردا.

لەو كاتەوەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی سەربازی ‌و ئەمنی لە كۆتایی ساڵی رابردوودا لە نێوان تەرابلوس ‌و ئەنقەرە ئیمزاكراوە، توانا سەربازییەكانی حكومەتی ویفاق بەهێز بوو ‌و توانی بەشێكی زۆر لەو شوێنانە كۆنترۆڵ بكاتەوە، كە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حەفتەردا بوون ‌و هەوڵیش دەدات بەرە‌و ناوچەی سرت ‌و جەفرە پێشڕەوی بكات، ئەوەش ناڕەزایی ئەو لایەن و وڵاتانەی لێكەوتەوە كە پشتیوانی لە حەفتەر دەكەن ‌و بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵیدا یەكانگیرە.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

print

 187 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*