سەرەکی » ئاراستە » چەند تابلۆیەک لە هەرەوەزی دروێنەی ناوچەی باڵەکایەتی

چەند تابلۆیەک لە هەرەوەزی دروێنەی ناوچەی باڵەکایەتی

ئا: تێکۆشەر حسێن

گوندنشینەکان هەمیشە بەرهەمی ڕەنجی شان وباڵی خۆیان و ماندوێتی خۆیان دەچننەوە، هەیانە خەریکی بێستان کردنە وهەیانە توتنی چاندووە، هەشیانە تەماتە وهەندێکیشیان خەریکی ڕەز وباخداری وقۆخ وهەنگەوانی وخزمەتی گوێزەکانیانن، بەڵام هەریەکێک لەم بەرهەمە خۆماڵیانە کات ومەوسیمی خۆی هەیە، هەندێکیشیان لەمانگی پایزدا دەست دەکەن بەکێڵانی زەویەکانیان وتۆوکردنیان بۆ ڕواندنی گەنم وجۆ، ئەگەرچی جیاوازیەکی زۆر لەنێوان دەغل ودانی کوێستان وگەرمێن هەیە وەک وەرزی هاتنی دروێنە، بەبەراورد لەکوێستانەکان ئێستا وەرزی دروێنەیە، لەکاتێکدا نزیک مانگێک دەبێت لەوەرزی هاوین ڕۆیشتووە تازە دەست دەکرێت بەدروێنەی گەنم.

گوندنشینان لەبەیانی زوودا دەچنە نێو زەویەکانیان، هەموو ئەو شتانەی پێویستیانە لەشەودا ئامادەی دەکەن، هەر لەوێش لەدەوروبەری کاتژمێر 9 ی بەیانیدا نانێکی سادە دەخۆن، کە زیاتر ماست وپەنیر وژاژییە، چونکە پاڵە پێویستی بە پشووەدانەو ولەکاتی پشودانیشدا هەندێک نان دەخورێت، بۆئەوەی وزەیان بێتەوەبەرت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکجار بەدەم گۆرانی گوتن وقسە و دەمەتەقێ وقسەی شۆخیەوە دروێنە دەکەن، هەندێک جاریش لەکاتی دروێنەدا بانگ دەکەن با چا ئامادەبێت، کژی چا خواردنەوەیە، لەژێر سێبەرێکی ناوچەکە جێ قۆناغ هەیە، لەوێ تاوێکی خۆش سوعبەت و قسەی خۆش دەکەن بەدەم چایی خواردنەوە، لەگەلیشیدا هەر میوەجاتێک هەبوو نۆشی دەکەن. هەر لەگەل پشودانەکەش بەدەم دەمەتەقێوە سوین وتیژکردنەوەی داس ومەڵەغانەکانیان دەکەن.

لەهەرەوەزی دروێنەدا پاڵە وسەرپاڵە هەیە، ئەو ئامێرانەشی بەکاردێت لەدروێنەی گەنم وجۆدا هەریەک لە مەڵەغان وداس، هەریەک لەشەنە ودرمەغیش بۆکۆکردنەوە بەکاردەهێنرێت، سەرپاڵە کەسێکی خاوەن توانا وسەلیقەیەکی زۆرە وەک ڕێبەرێک پێشەنگی جەماعەتی دروێنەکە دەکات، هەندێکیشان لەدوای دروێنەوە کۆی دەکەنەوە و پێی دەوترێت «باقبێنە»، دوای تەواو بوونیش بەڕۆژێک یان چەند ڕۆژێک خەرمانکوتیان بۆ دێت، پێنج کەسێک لەخەرمان کوتی دەکەن، لەم خەرمانکوتەشدا تەنها شەنە بەکاردێت، پاشان گەنمەکەیان دەگەیەننە ماڵەوە وبەرهەمی «کا» بەرهەم دێت ئەویش بۆ ڕانە مەڕ وبزن ومانگا وەک ئالیک بەکاردێت لەوەرزی زستاندا.

ئەم هەرەوەزییەش لێرەدا دەبینرێت دروێنەی گەنمی مام عەبدوڵای مام مەحمودە لەهاوینەهەواری مەکێی ناحیەی وەرتێی باڵەکایەتی. مام عەبدوڵا کەخاوەنی زەویەکەیە، بەدەم سوینەوەی داسەکەی لێم پرسی لەکەیەوە خەریکی ئەم کەسابەتیەی؟

لەوەڵمدا مام عەبدوڵا گوتی؛ لەدوای ئەنفالەوە ئێمە ئەوە کەسابەتمانە. بەدەم سوینەوەی داسەکەی درێژەی دایە قسەکانی وگوتی بەڵام وەك هەموو جوتیارێک ساڵ هەیە بەرهەمی وامان دەستناکەوێت، بەڵام گەنجینە وخەزێنەی ئێمە هەندێک بەرهەمی تری لەگەڵدایە، وەک گوێز وسێو وقۆخ.

یادگار شێرکۆ ئەمیش گەنجێکی تابڵێی قسە خۆشە، سەرپاڵەیە، واتا ئەو پێشەنگاتی وڕێبەرێتی جەماعەتەکە دەکات، ورە وهێز وتوانیان پێدەدات تاوەکو ئیشەکە بەڕێک وپێکی بڕوات بەڕێوە. یادگار بەدەم ئیشی خۆیەوە گوتی من بەردە زوور وچەکوک وسندانیشم پێیە، بەردەزوو هەر لەنێو دەغڵەکە بەکاردێنێت بۆ تیژکردنەوە، بەڵام لەکاتی پشودانمدا چەکوچ وسندانیش بۆ کوتانی مەڵەغان بەکاردێنم، ئینجا گوتی دەبێت مەڵەغانەکەم دەرز دەرزبکەم بۆ ئەوەی دروێنەی باش بکەم.

پورە فاتمیش دەڵێت من لەبەیانیەوە خەریکی چای حازرکردن بووم، هەندێک جار بانگیان دەکەم دەڵێم وەرن وەختی چای خواردنەوەیە، لەگەل ئەوەشدا بەدەم ئیشی خۆیەوە گوتی چێشتەنگاویشم بۆیان حازرکرد و سێ جارانیش چایم بۆئامادەکردون.

 

print

 91 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*