بێرت فریشمان
و: كوردەوان محەمەد سەعید
نیكۆلاس كار نووسەری ئەمریكایی لە كتێبەكەیدا بە ناوی (ئینتەرنێت چی لە مێشكمان دەكات) سەرنجی هەموانی بۆ هەندێك پرسیار راكێشاوە، كە تا ئێستاش نەمانتوانیوە پەی پێ ببیەن، لەوانە: ئینتەرنێت دەبەنگو كەمهۆشمان دەكات؟ یان ئەم تەكنۆلۆژیایە دەبێتە هۆی پاشكەوتەییمان؟ ئەم نووسەرە گرنگیدانی خۆی لەسەر ئینتەرنێت چڕ كرۆدەوە، ئەو تەكنۆلۆژیایەی كە خۆی زیرەك نییە بەڵكو لە راستیدا ئامرازێكی دروستكراوی پەیوەندی كردنی ئەلەكترۆنییەو بڕێكی زۆر زانیاری دەخاتە بەردەستی بەكاربەرانی ئینتەرنێت.
لەو كاتەوەی كتێبەكەی خۆم بە ناوی (سەرلەنوێ دروستكردنەوەی مرۆڤ) بە هاوكاری ئیڤان سیلینگەر بڵاو كردۆتەوە، چەندان جار ئەو پرسیارەم لە خۆم كردووە، داخۆ تەكنۆلۆژیا زیرەكەو ئێمە دەبەنگ دەكات؟ لەمەوە چەند پرسیارێكی تازەم لا دروست بوو، وەك: تەكنۆلۆژیا بە راستی دەتوانێ زیرەك بێت؟ یاخود، پرسیاری راستەقینەی تۆ ئەوەیە كە بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا گیڵو گەوجو دەبەنگمان دەكات؟ یان مەبەست لە پرسیارەكە ئەوەیە كە كۆمپانیاكانی تەكنۆلۆژیا ئەو كارە دەكەن؟
لە كۆتاییدا گەڕامەوە سەر پرسیارە سەرەكییەكەو وەك مافپەروەرێك بۆ وەڵام گەڕام، بینیم پرسیارەكە بەڵێو نەخێریشی بۆ دەبێت، بەڵام پەیوەندی بە جۆری بەڵێو نەخێرەكەوە هەیە، بەر لە هەموو شتێكیش نابێ بابەتەكە بە رەشو سپی سەیر بكەین، چونكە تێڕوانینێكی تەسكەو بەهەڵەمان دەبات، لەبەر ئەوەی هۆشو زیرەكی جۆرو شێوازی زۆرەو كاریگەری تەكنۆلۆژیاش لەسەریان جۆراوجۆرە. دوای كەمێك بیركردنەوە وەڵامەكەم بەڵێ بوو. من پێم وایە كاتێك بیركردنەوەمان بە كەسانی دیكە دەسپێرین جگە لە تەممەڵی هیچی دیكە نییە، كاتێك سادەترین كاروباری ژیانمان بە تەكنۆلۆژیای زیرەك بسپێرین، ئەگەری زۆر ئەوەیە كە دەبینە هۆی كەمبوونەوەی زیرەكی خۆمان یان دەبەنگبوونی خۆمان.
ئینتەرنێت بڕێكی بێسنوور لە داتاو نووسینو وێنەو ڤیدیۆ لەخۆ دەگرێتو زانیاری ئەوانی دی دەخاتە بەردەستی ئێمەش، ئەمە لە رووی تیۆرییەوە وا دەردەكەوێ زانیاریمان پێ ببەخشێو ئاستی هۆشیاریو خوێندەواریو لێهاتووییمان بەرز بكاتەوە، شێوازی بیركردنەوەمان، هەڵسەنگاندنو جیاكاریمان، باشتر بكات. بەڵام لە راستیدا دەكرێ بپرسین، ئێمە ئەو سوودەمان لە ئینتەرنێت وەرگرتووە؟ كێو لە چ بوارێكدا لەو رێگەیەوە زیرەكتر بووە؟ من، ئێوە، ئەندامانی خێزانەكانمان، بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ داتاو زانیارییەكان كردووە كە زیرەكترمان بكات؟ یان رۆژ بە رۆژ كارەكانی خۆمان دەدەینە دەست ئەوانی دی؟ یاخود ئێمە بێ بیركردنەوە كۆدو نووسینەكانی كەسانی دی پەیڕەو دەكەین؟
زۆر ئاسانە وا بیربكەینەوە كە بەهۆی تەكنۆلۆژیاوە رۆژ بە رۆژ زیرەكتر دەبین، بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا وەهمێكە، وەهمێكی لە رادەبەدەرەو لە ریكلامە بازرگانییەكانەوە دروست بووە، كە كار لەسەر تێكشكاندنی ئێمە دەكات. كاتێك كەسێك دەڵێ مۆبایل مێشكی بەهێز كردووە، یان بە یارمەتی مۆبایلەكەی دەتوانێ بیر بكاتەوە، من دەپرسم ئەوە كێیە بیر دەكاتەوە، ئێوە یان تەكنۆلۆژیاكە؟ ئەم جۆرە كەسانە مێشكی خۆیانو زەینی خۆیان داوەتە دەست كەسانی دی. كاتێك تۆ سوود لە جی پی ئێس وەردەگریت، ئەوە كێیە كە رێگەتان بۆ دەستنیشان دەكات؟ كێ دەستی بە چ زانیارییەك دەگات؟ بە هاوكاری جی پی ئێس تۆ كەسێكی زیرەكتری؟ كاتێك رێگە دۆزینەوەو ناسینی چواردەوری خۆت بە كەسێكی دیكە دەسپێریت، چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر تواناكانی خۆت؟ گومان لەوەدا نییە گوگڵو سایتەكانی دیكە زانیاری لە بارەی ئێوەو دەوروبەرتان كۆ دەكاتەوە، رەنگە ئەمە خراپ بێت یان چاك، هەر كامێكیان بێت نابێتە هۆی بەهێزبوونی زەینو هۆشی ئێوە.
ئێستا هەموومان دەزانین كە زۆر لە كۆمپانیاكانی تەكنۆلۆژیای ئەلەكترۆنی زانیاری زۆریان لە بارەی ئێمەوە هەیە، كۆمپانیاكانی ریكلام، وەك كۆمپانیای كامبرێج ئانالیتیكاو پلاتفۆرمە گەورەكانی بواری ئینتەرنێتو لەو بابەتانە، زانیاری زۆر كۆ دەكەنەوەو بە تواناشن، بەڵام ئەوانە بە گشتی زانیاری خامیان لایەو بە بەكارهێنانی ئەو زانیارییە خاوەش زیرەكتر نابن. كۆمپانیاكانی بواری دیجیتاڵ گرنگی بە داتاكان دەدەنو توانای هەڵسەنگاندن بەدەست دەهێنن، زۆربەی ئەو داتایانەش لە بارەی چۆنێتی وەڵامی ئێمەیە بە سێرچەرە جۆراوجۆرەكان، هەر ئەو زانیارییانەش دەبنە سەرچاوە بۆ هێزو توانای كۆمپانیاكان.
ئەوان بە كۆكردنەوەی زانیاریو داتای كەڵەكەبووی زۆرو زەوەندە، كە لە رێگەی تەكنۆلۆژیای تۆڕە ئینتەرنێتییەكانەوە كۆبۆتەوە، دەستیان بە زانیاری بەسوود دەگات، هەر رووداو یان گۆڕانكارییەك لە ئینتەرنێتدا روو بدات، پەیوەندی، ئاڵوگۆری زانیاری، بە جۆرێك لە داتا ئەژمار دەكرێت، كەواتە هەموو چالاكییەكانی ئێمە داتا بەرهەم دەهێنن، كۆمپانیاكانیش بە كۆكردنەوەی ئەو هەموو داتایانە دەستیان بە زانیاری گرنگ دەگات، بۆ نموونە رەنگە لەسەر بنەمای زانیارییەكان خزمەتگوزارییەكانیان بە شێوەیەك دیزاین بكەن، كە كڕیارەكان وا لێ بكەن بە خواستی ئەوان رەفتار بكەن. یان لەوانەیە زانیاری لە بارەی رەفتاری بەكاربەرانەوە بە كۆمپانیاكانی دیكە بفرۆشنەوە، دەتوانن زۆر كار بكەنو سەرەنجامیش ئەوەیە كە كۆمپانیاكانی بواری دیجیتاڵ رۆژ لە دوای رۆژ زیرەكترو بەتواناتر دەبنو دەسەڵاتیان زیاد دەكات.
ئەی منو تۆ چی؟ ئێمەش زیرەكتر دەبین؟ ئێمەش زەینمان بەهێز دەكەینو سەرەنجام هۆشمەندترو كاراتر دەبین؟ شارەزاتر دەبین؟ كام شارەزاییو چ سوودێكی لێ وەردەگرین؟ ئەگەر وایە ئامانجەكە چییە؟ كام زانیاری بەسوودەو شێوازی ژیانتان بەرەوپێش دەبات؟
كە بیر دەكەمەوە، هێشتا دوودڵمو دڵنیا نیم، دیسانەوە مافپەروەرەكەی ناخم لێم قوت دەبێتەوەو ناتوانم بە هەڵسەنگاندنێكی تەواوەتی بگەم، تۆ بڵێی هۆكارەكەی لە بێتوانایی فیكری خۆمەوە بێت، یان بەهۆی نەبوونی بەڵگەی ئەزموونییەوە هەیە، یاخود هۆكاری تری هەیە؟
ئینتەرنێت بەڵێنی پێداین كە لە هەر كاتو شوێنێكدا بمانەوێت یەكسەر بەقەد كتێبخانە مەزنەكەی ئەسكەندەرییە زانستمان دەخاتە بەردەست، ئەمە چیرۆكەكەی فاوستمان بیر دەخاتەوە كە لە پێناوی زانستدا رۆحی خۆی بە ئیبلیس فرۆشت، دەی خۆ ئەگەر رۆحو مرۆڤایەتی خۆمان لەدەست بدەین ئەو كات نازانرێ تەنانەت زانستە بەڵێن پێدراوەكەی ئینتەرنێتیشمان وەرگرتووە یان نا، بە هەر حاڵ ئێستا وا دەردەكەوێ كە بە كاریگەریی تەكنۆلۆژیای زیرەك توانای فیكری زۆربەمان كەمترو كەمتر دەبێت.
257 جار بینراوە