سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەواڵنامەی ئەڵمانیا

منداڵان لە ناو پەرلەمان پرسیار لە وەزیرەکان دەکەن

پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا کە لەمەودوا رێگە بە منداڵانی وڵاتەکەیان بدرێت، تاکو ساڵی جارێک ئەو پرسیارانەی کە هەیانە لە کۆبوونەوەیەکی ناو پەرلەمان ئاراستەی وەزیرانی بکەن و وەڵام بدرێنەوە. ئەو پرۆسەیە بەشێوەی خولی دەبێت و ساڵانە پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینە بەڕێوەدەچێت.

ڤاکسینی دژە کۆرۆنا گەیشتە قۆناغێکی هەستیار

کۆمپانیای بیونتێکی ئەڵمانی کە چەند مانگێکە خەریکی دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایە، ئاشکرایکرد: تاقیکردنەوەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و ئەگەر سەرکەوتن بهێنن، لە کۆتایی ئەمساڵدە دەکەوێتە بەردەست. لای خۆیەوە Anja Karliczek وەزیری توێژینەوە زانستییەکانی ئەڵمانیا رایگەیاند: دەبێت وایدابنێین کە تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو ناکەوێتە بەردەست، چونکە هێشتا گەرەنتی نییە و دەبێت جارێ پشت بە رێکارەکان ببەستن تا بە تەواوی ڤاکسینەکە بەرهەم دەهێنرێت.

ئەڵمانیا باشترینە

دامه‌زراوه‌ی گالوب راپرسییەکی کردووە، بەپێی ئەوە ئه‌ڵمانیا ‌پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لە سەرکەوتنی لە سەرکردایەتیکردنی وڵات و بەڕێوەبردنی، ئەمەش سێیەم ساڵە ئەو وڵاتە یەکەم دەردەچێ و لە ئەمریکا دەباتەوە.

سەرۆکی پێشووتری سۆسیال دیموکرات کۆچی دوایی کرد

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، هانز یوگن ڤۆگل سەرۆکی پێشووتری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەو پیاوە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا سیاسییەکی باڵا بووە و چەند پۆستێکی حزبی و حکومی هەبووە، لەوانە، وەزیری داد و بینا و پارێزگاری میونشن و بەرلین و سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمان.

ئەڵمانیا دژی گەڕانەوەی روسیایە بۆ G7

هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا راگەیاند: هیچ هەلێک بۆ گەڕانەوەی روسیا بۆ کۆمەڵەی وڵاتانی G7 بەدیناکات، چونکە ئەو وڵاتە نیمچە دورگەی قرمی لە ئۆکرانیا داگیر کردووە و هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە تا وەربگیرێتەوە و پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایان بۆ گەڕانەوەی روسیا بۆ گروپەکە ڕەتکردۆتەوە.

ژمارەیەکی تری کۆچەران گەیەنرانە ئەڵمانیا

لە چوارچێوەی پلانی ئەوروپا بۆ یارمەتیدانی منداڵانی بێ سەرپشتیار و لێقەوماوی ناو کەمپەکانی یۆنان، لە چەند رۆژی رابردوودا فڕۆکەیەک کە 83 کۆچەری منداڵ و کەسوکاریانی هەڵگرتبوو، لە یۆنانەوە گەیشتە ئەڵمانیا و بە سەر کەمپەکانی پەنەبەراندا دابەشکران.

کەشتی نەفەرهەڵگر دەستی بە گەشت کردەوە

لە ژێر چاودێرییەکی وردی تەندروستیدا، ئێوارەی هەینی، کەشتی My Ship 2 ی ئەڵمانی بە 900 سەرنشینەوە گەشتێکی لە دەریای باکوور دەستپێکرد و لە هامبۆرگەوە بە ناو دەریاکەدا دوو شەو و دوو رۆژ پیاسەیەکی بە سەرنشینەکانی کرد و گەڕایەوە شوێنی خۆی.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەو کەشتییە 4 مانگ بوو گەشتی پێ نەکرابوو.

سەرباز دەنێردرێتە لیبیا

بۆ چاودێریکردنی ئەو گەمارۆی چەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر لیبیای داناوە، حکومەتی ئەڵمانیا هێزی سەربازی رەوانەی کەناراوەکانی لیبیا دەکات.

بیانییەکان لە ئەڵمانیا بوونەتە چارەکی کۆمەڵگە

دوێنێ نووسینگەی ئاماری ئەڵمانیا ئاشکرایکرد: رەچەڵەک بیانییەکان لە ناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیادا کۆتایی ساڵی پار ژمارەیان گەیشتۆتە 21,2 ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە رێژەی %26ی هەموو کۆمەڵگەی ئەڵمانی. لەوانە 62٪یان هی وڵاتانی ئەوروپی و 22 ٪ شیان هی ئاسیا “ئەفغانستان و سوریا و عیراق”، 5٪یان ئەفریقی و 3٪ شیان ئوسترالی و ئەمریکین.

فڕۆکەیەکی بچووک کەوتە خوارەوە

هەفتەی رابردوو لە گوندی Wesel لە هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن، فڕۆکەیەکی بچووک بە سەر ماڵیکدا کەوتە خوارەوە و ئاگری لە نهۆمی سەرەوە بەردا.
لەم رووداوەدا دوو کەسی ناو تەیارەکە و خاوەن ماڵ گیانیان لەدەستدا و منداڵیکیش بریندار بوو.

سەرچاوە و فۆتۆکان، میدیای ئەڵمانیا

print

 217 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*