سەرەکی » مانشێت » كوردسات بۆ هه‌میشه‌ ده‌نگی‌ هه‌مووانه‌

مۆمی 18 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی كاركردنی داده‌گیرسێنێت

كوردسات بۆ هه‌میشه‌ ده‌نگی‌ هه‌مووانه‌

كوردسات بۆ هه‌میشه‌ ده‌نگی‌ هه‌مووانه‌

كوردسات 17 ساڵی كاركردنی به‌ڕێده‌كات‌و مۆمی 18 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی خۆی داده‌گیرسێنێت‌و جیاواز له‌ ساڵانی رابردوو هیچ بۆنه‌یه‌كی بۆ رێك ناخرێت، رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ-ش وێڕای پیرۆزبایی بۆ هاوكارانی له‌و كه‌ناڵه‌ به‌راپۆرتێك ئاوڕێكی كورت له‌ 17 ساڵی خزمه‌تكردنیان ده‌داته‌وه‌،به‌تایبه‌ت كه‌ كوردسات، ده‌نگ و ره‌نگی‌ راسته‌قینه‌ی‌ گه‌له‌.

سه‌ره‌تا هه‌ڵگورد جه‌لال لێپرسراوی كوردسات نیوز له‌ لێدوانێكیدا به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند:پیرۆزبایی له‌هاوكارانمان ده‌كه‌ین، به‌ بۆنه‌ی یادی 18 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ده‌زگای میدیایی كوردسات، ئه‌م قه‌یرانانه‌ی ئێستا له‌ كوردستان دروستبووه‌ وه‌ك پێویست نه‌مانتوانیووه‌ هه‌نگاوی باش بنێین به‌رنامه‌‌و پرۆژه‌ی نوێترمان هه‌بێت، دیاره‌ كاره‌كانمان جوانن به‌ڵام ده‌مانه‌وێت جوانتری بكه‌ین، ره‌نگه‌ له‌م ساڵیشدا نه‌توانین وه‌رزێكی نوێمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ساڵێكی تری ته‌مه‌نی كوردساتدا، كوردسات نیوز زیاتر كار له‌سه‌ر هه‌واڵ ده‌كه‌ین‌و روماڵی گۆڕانكارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و عیراق‌و جیهان ده‌كه‌ین، به‌پێی رووداوه‌كانیش هه‌وڵمانداوه‌ ده‌ورمان هه‌بێت‌و روماڵی بكه‌ین‌و له‌گه‌ڵ نه‌هج‌و سیاسه‌تی كه‌ناڵه‌كه‌مان بگونجێت.

پابه‌ندبوون به‌ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی
هه‌ڵگورد جه‌لال وتیشی:» له‌كاتی روداوه‌كانیشدا هه‌وڵمانداوه‌ به‌ پێی سیاسه‌تی كه‌ناڵه‌كه‌مان به‌شرۆڤه‌ی بابه‌تیانه‌ی بكه‌ین‌و كه‌سانی پسپۆر‌و شاره‌زاش بێنیین قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، به‌ درێژای ته‌مه‌نی كوردسات له‌سه‌ر هه‌موو روداوه‌كان قسه‌مان بووه‌‌و كارمان له‌سه‌ر كردووه‌، پابه‌ندبوون به‌یاسا‌و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی‌و پابه‌ندبوون به‌ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان كارمان كردووه‌.»
ده‌شڵێت: ئێمه‌ له‌هه‌موو روداوه‌كان كه‌مپینمان كردووه‌‌و به‌ڵام ئێستا بارودۆخێك دروستبووه‌ ناتوانین هه‌ندێ كه‌مپین رابگه‌ێنین بۆ ئه‌و روداوانه‌ی كه‌ هه‌بوون، خه‌ڵكی داوای كاری زیاتر له‌ كوردسات نیوز ده‌كات‌و به‌هی خۆیان ده‌زانن‌و هه‌میشه‌ كوردسات ماڵی هه‌موانه‌. ئه‌گه‌ر بته‌وێـت به‌ به‌رنامه‌یه‌ك هه‌موو كۆمه‌ڵگا له‌خۆت رازی بكه‌یت ئه‌وه‌ ناكرێت هیچ كه‌ناڵێك ناتوانی ئه‌وه‌ بكات هه‌وڵمانداوه‌ به‌رنامه‌كانمان په‌یوه‌ندی به‌ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌بێت خه‌ڵكیش سه‌رنجی هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌كانمان‌و تیبینیشیان پێداوین‌و باشتری ده‌كه‌ین.
لێپرسراوی كوردسات نیوز له‌كۆتایی قسه‌كانیدا وتی:»  هیوای به‌رده‌وامی بۆ هاوكاره‌كانم ده‌خوازم هیوادارم به‌هه‌مومان ئه‌و لۆگۆی كوردساته‌ له‌هه‌موو ماڵه‌كاندا هه‌یه‌، لۆگۆیه‌كی خۆشه‌ویسته‌ بیپارێزین‌و له‌و پێگه‌ییه‌ی خۆیدا بیهێلینه‌وه‌، ئه‌م ساڵیش به‌هۆی كۆچی مامی گه‌وره‌مانه‌وه‌‌و ئه‌و بارودۆخه‌ ئابورییه‌ش ئه‌م ساڵ هیچ مه‌راسیمێكی تایبه‌ت بۆ كوردسات ناگێڕین سوپاستان ده‌كه‌م.»

كوردسات چۆن دروست بوو
سامان سه‌لام-یش لێپرسراوی به‌شی ئه‌رشیف‌و ته‌نسیقی كوردسات به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌چۆنێتی دامه‌زراندنی كوردسات ده‌كات‌و ده‌ڵێت: كه‌ناڵی كوردسات له‌ 1-1-2000 بێگومان سه‌عات 11:50 ده‌ستی كردووه‌ به‌ په‌خش‌و سه‌ره‌تاش له‌سه‌ر مانگی ده‌ستكردی هۆتبێرد په‌خشی كردووه‌ هه‌وڵی داوه‌ له‌سه‌رجه‌م مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانی تر په‌خش بكات، یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ خاك له‌ بینایه‌ك كارمان ده‌ركرد‌و دواتر بیر له‌وه‌ كرایه‌وه‌ بینایه‌ك بۆ كوردسات دروست بكرێت، له‌ 1-6-2001 ئه‌م بینایه‌مان بۆ دروستكراوه‌‌و مامی گه‌وره‌ بیناكه‌ی بۆ كردینه‌وه‌ چه‌ند ستۆدیۆیه‌كی باشمان هه‌یه‌‌و یه‌كه‌م كه‌ناڵ بووین له‌م ناوچه‌یه‌ بتوانین ستۆدیۆی هه‌واڵ دروست بكه‌ین، ئه‌ویش به‌هیمه‌تی كارمه‌ندانی خۆمان، كوردسات چه‌ندین به‌شیشمان هه‌یه‌.
كوردسات ده‌نگی هه‌مووانه‌
ئه‌و ده‌شڵێت: سه‌ره‌تا كوردسات بۆ كاری نه‌ته‌وه‌یه‌یی دامه‌زرا، دروشمه‌كانمان دیاره‌ كوردسات ده‌نگی ئه‌نفاله‌، كوردسات ده‌نگی شه‌هیدانه‌، كوردسات ده‌نگی هه‌مووانه‌. كوردسات له‌سه‌ره‌تادا بۆ گه‌یاندنی په‌یام‌و ده‌نگی كورد به‌دونیا دامه‌زرا، پاشان لق‌و په‌لی تری بۆ دروستكرا، تاكه‌ كه‌ناڵین سوچێكی هونه‌رمان گرتووه‌ زۆرترین كلیپی هونه‌ریمان به‌رهه‌م هێناوه‌، دوای بیرمان كرده‌وه‌ بینه‌ر پێویستی به‌ دراما هه‌یه‌، یه‌كه‌م كه‌ناڵبووین  درامای كوردیمان په‌خش كرد ‌و 11 به‌رنامه‌شمان هه‌یه‌، جگه‌ له‌و به‌رنامانه‌ی رۆژانه‌ په‌خش ده‌كرێت.

هه‌ست به‌ جیاوازی ده‌كه‌یت
ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری كه‌ناڵی كوردسات بكه‌یت هه‌ست به‌ جیاوازی ده‌كه‌یت له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، لێپرسراوی ئه‌رشیف‌و ته‌نسیق وتیشی:» تاكه‌ كه‌ناڵین كه‌ توانیومان ئه‌نفال به‌دیكۆمێنت بكه‌ین، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌نفال ده‌ربازبوون چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كراوه‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌، له‌ بواری كه‌لتوری‌و فه‌رهه‌نگی زۆر كامان كردووه‌، له‌شاشه‌ی كوردسات هه‌موو چین‌و توێژه‌كان جێیان ببێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت منداڵان، كاری باشمان بۆ كردون له‌ رێگه‌ی به‌رنامه‌‌و كۆنسێرته‌كانمان بۆ منداڵان، به‌رنامه‌ی ته‌رفیهیمان زۆر بوو به‌درێژایی 10 ساڵ به‌رنامه‌ی به‌رنامه‌مان هه‌بوو، دیارده‌ ناقۆڵه‌كانیان ده‌كرد به‌ ته‌مسیل، له‌ كه‌لتوریش به‌رنامه‌ی باشمان كردووه‌ بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی مۆسیقا له‌ رابردودا تاكه‌ كه‌ناڵیشین به‌رنامه‌یه‌كی جیهانی كورد ئایدڵمان به‌شیوازێكی زۆر یاسایی‌و ئاسایی په‌خش كردووه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌رشیفی شۆڕشی نوێمان تۆماركردووه‌ له‌ رێگه‌ی به‌رنامه‌ی بۆ مێژوو، ئه‌نفال‌و مقاوه‌مه‌ت، ئه‌و رۆژانه‌ی ئه‌مڕۆیان دروستكرد،هه‌ر چه‌نده‌ بارودۆخی ئابوری كاریگه‌ری هه‌بووه‌ به‌ڵام وازمان له‌ ئامانج‌و كاری خۆمان نه‌هێناوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی ئاماده‌كردن‌و دۆبلاجكردنی ئه‌و فلیمانه‌ی له‌كوردسات په‌خش ده‌كرێت، سامان سه‌لام وتی:» له‌ كه‌ناڵی كوردساتدا هیچ به‌رنامه‌‌و فلمێك په‌خش ناكرێت تا به‌ فلته‌ردا نه‌ڕوات، لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن‌و لایه‌نی هونه‌ریمان هه‌یه‌، ئێمه‌ هیچ كاتێك گرنگیمان نه‌داوه‌ به‌وه‌ی لایه‌نه‌ هونه‌رێكه‌ی زاڵ بێت، ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ناوه‌ڕوك كار ده‌كه‌ین ره‌چاوی لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ین‌و بینه‌ریش دركی به‌وه‌ كردووه‌‌و زۆر خۆشحاڵین. به‌داخیشه‌وه‌ بۆ وه‌رزی تازه‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌كمان نابێت‌و هیوادارم توانیبێتمان كارێكی وامان كردبێت كه‌ كوردانی هه‌ر چوارپارچه‌كه‌مان له‌ خۆمان كۆكردبێته‌وه‌.»

ساڵێكی سه‌خت بوو
ئه‌وه‌ی بینیمان له‌كاتی ئاماده‌كردنی راپۆرته‌كه‌دا، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ داراییه‌ی كوردستان‌و كه‌ناڵی كوردساتیشی تێكه‌وتووه‌، وه‌ستانێك له‌كاره‌كانیاندا به‌دی ده‌كراو بێتاقه‌تیه‌ك به‌ كارمه‌ندانه‌وه‌ دیار بوو، ئه‌وان تموحیان زۆره‌‌و فكره‌ی جوان له‌ مێشكیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام تواناكانیان سنورداره‌، راسان موختار لێپرسراوی به‌رنامه‌كانی كوردسات نیوز‌و كوردسات، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی:» وه‌ك هه‌موو ساڵه‌كانی تر سڵاو له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان‌و خه‌ڵكی كورستان ده‌كه‌م، ئه‌م ساڵ ساڵێكی زۆر ناخۆش‌و سه‌خت بوو له‌ رووی داراییه‌وه‌، راسته‌ كوردسات توانیویه‌تی به‌رنامه‌یه‌كی باشی وه‌ك ئایدڵ بكات، به‌ڵام له‌خواستی خۆشماندا نه‌بوو، نه‌مانتوانی ئه‌م ساڵ به‌رنامه‌كانمان تازه‌ بكه‌ینه‌وه‌‌و پلانی تازه‌مان هه‌بێـت، چونكه‌ میدیا به‌ بێ پاره‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت، كۆڵه‌كه‌ی ئه‌ساسی میدیا داهاته‌، له‌دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ نه‌ به‌ریكلام توانیمان كوردسات باش بكه‌ین نه‌ به‌و یارمه‌تییه‌ی  بۆمان ده‌هات، ته‌نها به‌شی مووچه‌ بكات یان نا، به‌و شێوه‌یه‌ش میدیا له‌ جێگه‌ی خۆی ده‌چه‌قێ، بۆیه‌ هیوادارین له‌ 2018 به‌شێك له‌و كێشانه‌مان چاره‌سه‌ر بكرێت.»

كوردسات بۆ خۆی قوتابخانه‌یه‌ك بووه‌
راسان موختار وتیشی:»  ده‌زگایه‌كی وه‌ك كوردسات خزمه‌تێكی زۆری كردووه‌ له‌بواری كه‌لتوری، سیاسی، هه‌واڵدا، كۆمه‌ڵێك كادری باشی په‌روه‌رده‌ كردووه‌ ئێستا له‌ كه‌ناڵه‌كانی تردا جێ په‌نجه‌یان دیاره‌، كوردسات بۆ خۆی قوتابخانه‌یه‌ك بووه‌، ناكرێت له‌ساڵی داهاتودا شاهیدی مه‌رگی بین، ئه‌ترسین ساڵی داهاتوو شاهیدی مه‌رگی ئه‌م كه‌ناڵه‌ بین،  وابڕوات ئه‌م كه‌ناڵه‌ ده‌مرێـت، داوا ده‌كه‌ین ئه‌و كه‌سانه‌ی كوردسات به‌ڕیوه‌ ده‌بات‌و هاوكاری كوردساتیان كردووه‌، بیرێكی جدی لێبكه‌نه‌وه‌  ئه‌م كه‌ناڵه‌ نه‌مرێت، نه‌مانی كوردسات نه‌مانی پێشكه‌وتن‌و كه‌لتوری كوردییه‌، كوردسات خزمه‌تی كردووه‌ به‌كه‌لتور‌و هونه‌ر‌و سیاسیه‌تی كورد، حه‌یفه‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ ئیفلیج ده‌بێت.

نه‌مانتوانی له‌فۆڕما خۆمان تازه‌ بكه‌ینه‌وه‌
لێپرسراوی به‌رنامه‌كان ده‌شڵێت: ساڵانی پێشوش كوردسات، پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌به‌ر ده‌ست نه‌بوو، به‌ڵام شتێك پاره‌ ده‌مایه‌وه‌ ده‌مانتوانی شتێكی پێ بكه‌ین داهێنان بكه‌ین به‌راستی ئه‌م ساڵ هیچمان بۆ نه‌كرا ئه‌وه‌ی هه‌مان بوو توانیمان ته‌نها كورد ئایدڵی پێبكه‌ین، ئه‌ویش به‌ پاره‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌، ره‌نگه‌ له‌ئاستی چاوه‌ڕوانی خۆمان نه‌بووبێت، ئه‌م ساڵ نه‌مانتوانی له‌فۆڕما خۆمان تازه‌ بكه‌ینه‌وه‌ بۆیه‌ له‌سه‌ری ساڵدا هیچ جیاوازییه‌ك نابینین، جاران ده‌مانتوانی له‌ هه‌موو دونیاوه‌ میوان وه‌ربگرین شرۆڤه‌ی كۆمه‌ڵێك شت بكه‌ین، هه‌مووئه‌وانه‌ پاره‌ی ده‌وێت، به‌راستی پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر وابیت كوردسات بكه‌وێت، راسته‌ كادری زۆر باشمان هه‌یه‌‌و توانای به‌شه‌ریمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و توانا به‌شه‌رییه‌ پێویستی به‌ پشگیری مادی‌و مه‌عنه‌وی هه‌یه‌، یه‌ك دونیا ئه‌جیندای باشمان هه‌یه‌ بۆ به‌رنامه‌ ته‌ماشای كه‌ناڵه‌كانی تر بكه‌ بیرۆكه‌كانی كوردسات ده‌به‌ن‌و ده‌یكه‌ن به‌ به‌رنامه‌ ته‌نها كادره‌ دڵسۆزه‌كان كاره‌كان به‌ڕیوه‌ ده‌به‌ن.

كۆمه‌ڵگاكه‌مان پێویستیان به‌ كه‌مپینه‌
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌ ساڵانی رابردودا كه‌ناڵی كوردسات چه‌ندین كه‌مپینی راگه‌یاند نمونه‌ش بۆ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌‌و كۆبانێ‌و چه‌ندین كه‌مپینی تر: راسان موختار وتی:» ئێمه‌ ده‌توانیین كه‌مپین رابگه‌ێنین، به‌ڵام كۆمه‌ڵگاكه‌مان خۆیان پێویستیان به‌ كه‌مپینه‌، چاره‌كه‌ موچه‌ هه‌یه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ پێویستیان به‌یارمه‌تییه‌ وه‌ك میدیا ئه‌و راستییه‌ ببینین سه‌رمایه‌ش له‌ وڵاتدا نه‌ماوه‌، چه‌ندین كۆمپانیا مایه‌ پوچ بوون كاتی خۆی ئێمه‌ كه‌مپینمان بۆ نه‌خۆشی شێر په‌نجه‌، راگه‌یاندن خه‌ڵكی زۆر به‌شدار بوو. هیوادارم ساڵی داهاتوو وڵاتمان ئاسوده‌ بێـت ئه‌و كێشانه‌ی هه‌بوو نه‌مێنی دۆخی  كوردستان سه‌قامگیربێت به‌ ئاشتی بتوانین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین وه‌ك میدیاش بتوانین هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌ین.

پێكهاته‌ی‌ كوردسات
ئێستا ده‌زگای میدیایی كوردسات پێك دێت له‌دوو كه‌ناڵی ئاسمانی، كوردسات نیوز‌و كوردساتی دایك ده‌گرێته‌وه‌، دوو رادیۆ رادیۆیی ده‌نگی كوردسات‌و زه‌ ڤۆیس كوردسات كه‌ به‌زمانی ئینگلیزی په‌خش ده‌كات، دوو ماڵپه‌ر، ماڵپه‌ری كوردسات نیوزو كوردبین زیاتر تایبه‌ته‌ به‌ په‌خشی به‌رنامه‌‌و فه‌رهه‌نگ‌و به‌رنامه‌ كه‌لتوریه‌كان.
به‌ناوی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێشه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌ ده‌زگای میدیایی كوردسات ده‌كه‌ین، به‌هیواین هه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ خزمه‌تكردنی‌ كۆمه‌ڵگاو بۆ هه‌میشه‌ ده‌نگی‌ هه‌مووان بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*