سەرەکی » دۆسێ » چیرۆكی‌ رفاندن و ئازادكردنی‌ ژنه‌ چالاكوانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ له‌ به‌غدا

لێکدانه‌وه‌ی‌ جیاوازی‌ بۆ ده‌كرێت

چیرۆكی‌ رفاندن و ئازادكردنی‌ ژنه‌ چالاكوانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ له‌ به‌غدا

هێلا مویس ژنه‌ چالاكوانی‌ ئه‌ڵمانی‌ كه‌ له‌ رێكخراوی‌ گۆتێی‌ ئه‌ڵمانی‌ كاریی‌ ده‌كرد، له‌ كاتژمێر هه‌شتی‌ ئێواره‌ی‌ 20ی‌ ته‌مموزی‌ 2020، له‌یه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌بو نه‌واس له‌ كه‌ڕاده‌ی‌ شاری‌ به‌غدا رفێنرا، دوای‌ چه‌ند رۆژێك له‌ رووداوه‌كه‌، له‌لایه‌ن وته‌بێژی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراقه‌وه‌ ئازادكردنی‌ راگه‌یه‌ندرا.

رووداوه‌كه‌ كه‌ سێ‌ رۆژ بووه‌ جێگه‌ی‌ باس و خواسی‌ میدیاكان، لێكدانه‌وه‌ی‌ جیاجیا هه‌ڵده‌گرێت و راوبۆچوونی‌ جیاوازی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌خرێته‌ڕوو.

رووداوی‌ رفاندنه‌كه‌
ئاژانسی فرانس پرێس له‌ 21ی‌ ته‌مموزی‌ 2020 بڵاویكرده‌وه‌«شه‌وی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو هێلا مۆیس به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كلتوری په‌یمانگه‌ی گۆتێی ئه‌ڵمانییان له‌ شه‌قامی ئه‌بونه‌واس رفاند».

هیلا میوس له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ له‌ عیراق نیشته‌جێیه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی پشتیوانی ڕۆشنبیری گه‌نجان كردوووه‌ و «گۆتێ‌«ش ئه‌و په‌یمانگه‌ كلتوریه‌ ئه‌ڵمانییه‌یه‌ كه‌ 159 نوسینگه‌ی له‌ 98 وڵاتی جیهاندا هه‌یه‌.

هه‌ڵوێستی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عیراق
به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر ڕفاندنی ژنه‌ چالاكوانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌رله‌ئێواره‌ی 20ی‌ ته‌مموزی‌ 2020، دوای ئه‌وه‌ی له‌ نوسینگه‌كه‌ی له‌ به‌غدا هاتبووه‌ده‌ر.

لیوا سه‌عد مه‌عن، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق له‌ 21ی‌ ته‌مموزی‌ 2020 به‌ ئاژانسی ده‌نگوباسی ئه‌ڵمانی (DBI)ی راگه‌یاندبوو:”به‌رده‌وه‌امن له‌ گه‌ڕان و پشكنین بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نوسی هیلا مۆیس ئه‌و ژنه‌ ئه‌ڵمانییه‌ی ونبووه‌ كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ری له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌برد بۆ پشتیوانی له‌ هونه‌رمه‌نده‌ بچوك و لێهاتووه‌كان”.

به‌ وته‌ی مه‌عن:”تائێستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌شوێن ئه‌و هاووڵاتییه‌ ئه‌ڵمانیه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ دوێنێ‌ شه‌و له‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی به‌غدادا دیارنه‌ما”.

مه‌عن ده‌ڵێت:”بایه‌خێكی ئه‌منی گه‌وره‌ هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن عوسمان غانمی وه‌زیری ناوخۆوه‌ فه‌رمان به‌ هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كراوه‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ گه‌ڕان به‌شوێنیدا چڕبكه‌نه‌وه‌”.

سه‌عد مه‌عن ڕایگه‌یاندبوو كه‌ هێلا هاوكارێكی خۆشه‌ویستی ئه‌وانه‌ و جێگه‌ی ڕێزه‌ له‌لایه‌ن هه‌موانه‌وه‌ و كاری زۆری له‌پێناو عیراقدا كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی ئه‌وانه‌ به‌شوێندا بگه‌ڕێن و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش له‌ شه‌وی ڕابردووه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامه‌.

وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ هێلا میڤیس ژنه‌ چالاكوانی ئه‌ڵمانی له‌ به‌غدا ڕفێنرا، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ ئازاد كرا.

ئازادكردنی‌
دوای‌ 3 رۆژ له‌ رفاندنی‌، لیوا یه‌حیا ڕه‌سوڵ وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق له‌ 24ی‌ ته‌مموزی‌ 2020، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو»به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا هێلا مۆیس ژنه‌ چالاكوانی ئه‌ڵمانیان له‌ به‌غدا ئازادكرد».

به‌ وته‌ی‌ یه‌حیا ره‌سوڵ»دواتر ورده‌كاری زیاتری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و هاووڵاتیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌«.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئاژانسی‌ (فرانس پرێس) له‌ 25ی‌ ته‌مموزی‌ 2020 بڵاویكرده‌وه‌، ئازادكردنی‌ هێلا مۆس، دوای‌ رێكه‌وتن بووه‌ له‌گه‌ڵ گروپێكی‌ چه‌كدار و له‌به‌رانبه‌ر ئازادكردنی‌ تۆمه‌تبارێك بووه‌ كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

له‌ 20ی‌ ته‌مموزی‌ 2020، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی به‌غدا هێلا مۆیس كه‌ له‌ بواره‌كانی كلتور و ڕۆشنبیریدا كارده‌كات به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كلتوری‌ په‌یمانگای “Goethe-Institut Irak”ی ئه‌ڵمانییه‌ له‌ عیراق، رفێنرا.

«نامه‌یه‌ك بۆ كۆمپانیای‌ سیمنس».
هه‌ندێك له‌ میدیا عیراقییه‌كان ئاماژه‌یان به‌ زانیاریی‌ سه‌ره‌تایی‌ كردبوو له‌باره‌ی‌ هۆكاریی‌ رفاندنی‌ ژنه‌ چالاكوانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ و رایانگه‌یاندبوو كه‌ هێلا مۆیس به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یمانگه‌ی‌ گۆتێی‌ ئه‌ڵمانی‌ له‌ عیراق، له‌ كرده‌وه‌یه‌كی‌ تاوانكاریدا رفێنرا و رفاندنه‌كه‌شی‌ نایه‌ك بووه‌ بۆ كۆمپانیای‌ سیمنسی‌ ئه‌ڵمانی‌ له‌پێناو وازهێنان له‌ پرۆژه‌كانی‌ په‌ره‌پێدانی‌ كاره‌با له‌ عیراق.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر ئۆڵ دیڵ باڵیۆزی‌ ئه‌ڵمانیا له‌ به‌غدا له‌ 9ی‌ ته‌مموزی‌ 2020 به‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ رایگه‌یاندبوو»ئه‌مریكا ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م كاریی‌ سیمنس له‌ عیراقدا دروستده‌كات.

هه‌ڵوێستی‌ كه‌تیبه‌كانی‌ حزبوڵڵا
ئه‌بو عه‌لی‌ عه‌سه‌كه‌ری‌ وته‌بێژی‌ كه‌تیبه‌كانی‌ حزبوڵڵای‌ عیراقی‌، له‌ 21ی‌ ته‌مموزی‌ 2020 رایگه‌یاندبوو»بانده‌كانی‌ كازمی‌ ده‌ستییان له‌ شاردنه‌وه‌ی‌ هێلا مۆیس ژنه‌ چالاكوانی‌ ئه‌ڵمانیین.

به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن عه‌سه‌كه‌رییه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌«شاردنه‌وه‌ی‌ هێلا مۆیس ژنه‌ چالاكوانی‌ ئه‌ڵمانی‌، جێ‌ په‌نجه‌ی‌ بانده‌ سته‌مكاره‌كانی‌ كازمی‌ پێوه‌دیاره‌، هۆكاریی‌ ئه‌مه‌ش بۆ هاندانی‌ ڕای‌ گشتی‌ و رۆڵه‌كانی‌ گه‌ڵی‌ عیراقه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ نه‌ریتی‌ عه‌ره‌بی‌ ره‌سه‌ندا ناگونجێن».

به‌ وته‌ی‌ شاتحاڵه‌كان، هیلا مۆیس پایسكله‌كه‌ی‌ لێده‌خوڕی‌ كاتێك دوو ئۆتۆمبێل نزیكبوونه‌وه‌ لێی‌ و پاشان ناچارییان كرد سواری‌ یه‌كێكیان ببێت.

ئه‌و شاسه‌تحاڵانه‌ ده‌ڵێن، رووداوی‌ رفاندنه‌كه‌ له‌ نزیكه‌ ناوه‌ندێكی‌ پۆلیسه‌وه‌ بووه‌، یه‌كێك له‌ پۆلیسه‌كانیش رووداوه‌كه‌ی‌ بنیوه‌، به‌ڵام هیچ هه‌وڵێكی‌ بۆ رزگاركردنی‌ نه‌دا و بێ‌ هه‌ڵوێست بووه‌.

عه‌سكه‌ری‌ له‌و ده‌مه‌دا رایگه‌یاندبوو، «ئه‌وان كه‌مێك چاوه‌ڕوان ده‌بن، تا ئازادی‌ ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ناوی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ بانده‌كه‌ و هه‌ندێك له‌ كاره‌ قێزه‌ونه‌كانیان ئاشكراده‌كات، وه‌ك بۆردومانی‌ مۆنۆمێنتی‌ سه‌ربازی‌ نه‌ناسراو له‌گه‌ڵ ناوی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ فه‌رمانی‌ پێكردوون تا ئه‌و كاره‌ چه‌په‌ڵه‌ ئه‌نجام بده‌ن».

رفاندنی‌ هاووڵاتیانی‌ بیانی‌
له‌مساڵدا رووداوه‌كانی‌ رفاندنی‌ هاووڵاتیانی‌ بیانی‌ له‌ عیراق، به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو ڕوویان له‌ زیادبوون كرد.

مۆبایله‌كه‌ی‌ مۆیس له‌ سه‌رله‌ئێواره‌ی‌ 20ی‌ ته‌مموزدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ بوو، باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌ڵمانیاش له‌و ده‌مه‌دا ره‌تیكردبۆوه‌ هه‌ڵوێست له‌باره‌ی‌ كاریی‌ رفاندنه‌كه‌وه‌ بخاته‌ڕوو.

له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌، دوو رۆژنامه‌نوسی‌ فه‌ره‌نسایی‌ بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ندان رۆژ رفێنران، وێڕای‌ رفاندنی‌ دوو چالاكوانی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ كه‌ له‌ دوای‌ دوو مانگ ده‌ستبه‌سه‌ركردن ئازادكران كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ عیراقییه‌كدا له‌ گه‌ڕه‌كی‌ كه‌ڕاده‌ رفێنرابوون.

له‌و ده‌مه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ ده‌ستیانپێكرد، له‌و ده‌مه‌شه‌وه‌ ده‌یان چالاكوان رووبه‌ڕووی‌ تیرۆر یان رفاندن بوونه‌وه‌ كه‌ تائێستاش ژماره‌یه‌كیان بێسه‌روشوێنن.

له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییداهیشام هاشمی‌ توێژه‌ری‌ عیراقی‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ به‌غدا تیرۆركرا، ئه‌مه‌ش قۆناغی‌ تیرۆركردنه‌ سیاسییه‌كانی‌ له‌ وڵاتدا وه‌بیرهێنایه‌وه‌.

هێلا ژنه‌ چالاكوانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ زۆرجار له‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر و له‌ نزیك «هێڵی‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌« ده‌بینرا و پشتیوانی‌ له‌ هیوای‌ لاوانی‌ به‌غدا ده‌كرد و پشتگیریی‌ لێده‌كردن.

print

 321 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*