سەرەکی » زانست » باخی سه‌وزه‌ له‌ سلێمانیدا

باخی سه‌وزه‌ له‌ سلێمانیدا

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

خواردنی سه‌وزه‌ داده‌نرێت به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ ڤیتامین و كانزاكان، له‌وانه‌ ڤیتامین G،A وه‌ پۆتاسێۆم و مغنیسێۆم. هه‌روه‌ها بوونی ڕیشاڵی سللیلۆز،كه‌ هه‌رس ناكرێت له‌ گه‌ده‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌ست به‌ برسێتی نا‌كرێ، وه‌ یارمه‌تی جوڵه‌ی ڕێخۆڵه‌كان ده‌دات.

سه‌وزه‌ هه‌ندێكیان گه‌ڵاكانیان ده‌خوڕێ وه‌ك سڵق، كاهوو، كه‌له‌رم، كه‌ره‌وز، مه‌عده‌نوس، ته‌ڕه‌تیزه‌، كه‌وه‌ر، نه‌عنا، ته‌رخون، جاتره‌، ڕێحانه‌ی سه‌وز، پونگه‌. هه‌ندێكیش به‌ره‌كه‌ی له‌وانه‌ بامێ، باینجان، كوله‌كه‌، ته‌ماته‌، بیبه‌ر. هه‌ندێكیش ڕه‌گه‌كه‌ی، تور، شێلم، گێزه‌ر، چه‌وه‌نده‌ر، سێوی بن ئه‌رز، سیر و پیاز
بۆ شاره‌زابوون له‌ مێژووی ‌چاندن و به‌كارهێنانی سه‌وزه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی گه‌ڵاكانیان ده‌خورێ له‌ شاری سلێمانیدا، سه‌ردانی به‌ڕێز (حاجی قادر سڵێمان مەحمود ) مان كرد كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خۆی نزیكه‌ی 60ساڵه‌ له‌م بواره‌دا كارده‌كات شاره‌زایی له‌ باوانیه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێزیان ئاگاداریان كردین كه‌ له‌ ساڵی 1840 دا باپیری باوكی كه‌ناوی عارف شابه‌دین بووه‌، خاوه‌ن چه‌ند وڵاخی به‌رزه‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ كاروان چی و بازرگانان به‌ڕێده‌كه‌وت بارده‌بات بۆ به‌غدا، له‌وێ ئه‌وجۆره‌ سه‌وزانه‌ ده‌بینێ كه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێ له‌بازاڕا، ئیتر ده‌كه‌وێته‌ پرسیار ده‌رباره‌یان و جۆری تۆوو چاندنیان، دوای دابین كردنی زه‌وی بۆچاندنی له‌ كاروانێكی تردا، بڕێكی گونجاو له‌ تۆو له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ.

به‌ ئاوی ئه‌و كارێزانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ ناو هه‌ردوو مزگه‌وتی بنته‌به‌ق دان، ‌شوێنی بازاڕی نه‌قیب و سینه‌ما سیروان به‌ره‌وخواریان هه‌روا جێگای ئێستای كاسیۆمۆڵ وبینای تۆفیق قه‌زاز و خوارتریش له‌گه‌ڵ محمودی كوڕی، ده‌كاته‌باخ، تا سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م (ساڵی گرانیه‌كه‌) له‌و ده‌مانه‌دا سه‌وزه‌ پێخۆڕیكی باشبووه‌ له‌گه‌ڵ نان بۆ هه‌ژاران ،دواتر محمودو سڵێمانی نه‌وه‌ی،كه‌ حاجی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ ناوی ناوه‌، سلێمان له‌ساڵی 1918دا شوێنی ئێستای بازاڕی جگه‌ره‌كه‌ و كازیوه‌ی سه‌رشه‌قام تا تێرمیناڵی شاره‌زوور، له‌ شێخان به‌كرێ وه‌رده‌گرێ كه‌ نزیكه‌ی 35 دۆنم بووه‌، به‌سودوه‌رگرتن له‌چه‌م وكارێزانه‌ی ئه‌واناوه‌ سه‌وزه‌ی جۆراو جۆری تیا به‌رهه‌م دێنن، وه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی قه‌یسه‌ری نه‌قیبدا دوكانی فرۆشتتنی سه‌وزه‌ داده‌نێت. هاوكات هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌ك كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن جیا ده‌بنه‌وه‌و باخی تایبه‌تی خۆیان درووست ده‌كه‌ن.

كه‌ ئاوه‌ڕۆی سلێمانی كۆده‌كرێته‌وه‌و دواتر به‌هۆی هێنانی ئاوی سه‌رچنار بۆ سلێمانی، بڕی ئاوی ئاوه‌ڕۆ زیاد ده‌كا، هه‌ندێك له‌كارێزه‌كانیش تێكه‌ڵ ئاوه‌ڕۆ بوون،بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو ی باراناو، حاجی قادر به‌ربه‌ست درووست ده‌كات تا دواتر به‌كاری بێنن.

به‌هۆی فراوان بوونی شاره‌وه‌ ورده‌ ورده‌ ئه‌وزه‌ویانه‌ ده‌كرێن به‌ خانو شه‌قام تا له‌ ساڵی 1965 حاجی قادر باخداریه‌كه‌ی ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ ولوبه‌ تاساڵی 1991.

سه‌باره‌ت به‌ بڕی ئه‌و سه‌وزه‌یه‌ی كه‌ له‌بازاڕدا ده‌فرۆشراو ده‌خورا، له‌و ده‌مانه‌دا له‌نێوان ساڵانی 1980 و1990 دا باسیان له‌ هێنانی 10000تا 15000 ده‌سك سه‌وزه‌ ده‌كرد بۆ بازاڕ ڕۆژانه‌ له‌ نیوه‌ی مانگی نیسانه‌وه‌، وه‌ 500 تا 700 كیلۆ پاقله‌ و 200 تا 600 كیلۆ باینجان و كوله‌كه‌ ڕۆژانه‌ له‌مانگه‌كانی مایس و حوزه‌یراندا، وه‌ فرشتنی نزیه‌كه‌ی 120 كیلۆ بامێ هه‌روه‌ها سیرو پیاز وتۆو ڕه‌ش و خلیسكه‌، گوڵ و ڕێحانه‌ ڕه‌شه‌ هه‌روه‌ها شێلم وتور و گێزه‌ر و چه‌نه‌وه‌ر، له‌كۆتای پایز و زستانا …. هتد.

سه‌باره‌ت كات و شێوه‌ی چاندنی سه‌وزه‌، وتیان كه‌ له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌م زه‌ویان به‌ مه‌كینه‌ ده‌كێڵا، دواتر بۆ تۆووكردن به‌ هۆی وڵاخه‌وه‌ جارێكیتر ده‌یانكێڵایه‌وه‌ بڕێكی زۆر په‌ینی سروشتیان به‌كارده‌هێنا دواتریش سودیان له‌ پاشماوه‌ی كێڵگه‌كانی په‌له‌وه‌ر وه‌رده‌گرت، ڕۆژانه‌ 10تا 15 كرێكاری ژن بۆ بژار و سه‌وزه‌ دورین و دووتا سێ كرێكاری دایمی پیاو بۆ ئاودان به‌كارده‌هێنا و خۆشیان هاوكاریان ده‌بوون. وه‌بۆئه‌وه‌ی زوو به‌رهه‌مه‌كانیان بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌ شه‌تڵی باینجان و كوله‌كه‌ و….هتد له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌هێنا كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر خاسه‌ زوو دایان ده‌چاند.له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی بازاڕدا، چاندن چه‌ند جاره‌ ده‌كرایه‌وه‌.به‌كێڵانه‌وه‌و تۆو كردنی.
سه‌باره‌ت به‌رهه‌می سه‌وزه‌ ئاگاداریان كردین كه‌ كه‌ره‌وز نزیكه‌ی 20جار ده‌دورا له‌مانگی نیسانه‌وه‌ هه‌روا سڵق 6جار وه‌ باسیان له‌ هاڕه‌یه‌ك كرد، كه‌ له‌ ساڵی 1981دا زۆربه‌ی كێڵگه‌كانی له‌ناو بردووه‌، به‌ڵام ئه‌مان به‌هۆی به‌ئاگایی و گوێنه‌دان به‌خه‌رجی، توانیان ده‌رمانی پێویست دابین بكه‌ن و باخه‌كه‌یان بپارێزن.

فرۆشتن له‌كۆندا زۆربه‌ی به‌ گۆڕینه‌وه‌ بوو ئێمه‌ خام و چیتمان له‌به‌رامبه‌ر سه‌وزه‌دا وه‌رگرتووه‌. ئیجاری زه‌ویه‌كانمان به‌دابینكردنی سه‌وزه‌و گۆشتی ڕۆژانه‌ بووه‌ بۆ خاوه‌نی. باتمان به‌كارهاتووه‌ بۆ پێوا‌نه‌ كه‌ شه‌ش هۆقه‌یه‌و 21 كیلۆ ده‌كات.

سه‌باره‌ت پاراستنی سه‌وزه‌، ‌نابێ سه‌وزه‌ گه‌رم ببێ دوای به‌ده‌سك كردنی ده‌بێت به‌ئاوی سارد بشۆڕێته‌وه‌، نابێت نه‌عناو ته‌رخون ته‌ڕبكرێ. ئاوی ئاوه‌ڕۆی ئێستا بۆ ئاودان نابێت چونكه‌ پڕه‌ له‌ ماده‌ی كیمیای.
به‌رهه‌می باخداری حاجی قادر تا ساڵی 2005 به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌هۆی به ‌موچه‌خۆركردن كه‌س ئاماده‌نابێت كاربكات، گه‌ر سێیه‌كی به‌رهه‌مه‌كه‌شی پێبدرێ، له‌ئێستادا دوكانه‌كه‌ی له‌ ناوه‌ندی بازاڕدا بۆ شاگرده‌كانی جێهێشتووه‌. ئێستا سه‌وزه‌ له‌دوره‌وه ‌دێت و زۆری خراپ ده‌بێت.

وه‌ك باسیكرد له‌ سه‌ردانیدا بۆ ئه‌ڵمانیا، سه‌رنجیدا باخی بچوك له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كاندا هه‌بوون،كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌فرۆشت.
ئاخۆ چیده‌بێت گه‌ر هه‌ندێ له‌ و زه‌ویانه‌ی بۆ باخچه‌ ته‌رخانكراون له‌جیاتی گوڵ و چیمه‌ن ، بكرێنه‌ باخی سه‌وزه‌ به‌ كرێ بدرێنه‌ خوازیاری به‌مه‌رج، هه‌م سه‌وزه‌و ژینگه‌ی له‌باره‌ هه‌م تازه‌و به‌سوده‌ جه‌نجاڵی عه‌لوه‌و بازاڕكه‌م ده‌كاته‌وه‌.

print

 163 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*