سەرەکی » راپۆرت » رێكەوتنی هەرێم و بەغدا

شرۆڤەی رۆژ

رێكەوتنی هەرێم و بەغدا

هەواڵ و بەدواداچوون

دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامە و پێدەچێت هەفتەی داهاتوو وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە سەردانی بەغدا بكات، سەردانی ئەمجارەی وەفدی هەرێم ئەگەری ئەوەی هەیە جیاوازتر بێت و بە ئیمزاكردن لەسەر رێكەوتنێكی كاتی بگەڕێنەوە.

كێشە چارەسەرنەكراوەكانی هەرێم و بەغدا، قسەی خێری تێداكراوە، بەغدا ئێستا چاوی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمە، چونكە بۆ ئەوان نەوت بەهۆی دابەزینی نرخەكەیەوە ناتوانێت كورتهێنانی بودجە و داهات پڕ بكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانیش «لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان بەغدا و هەرێمدا هاتۆتەئاراوە بە ئامانجی رێكەوتن لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولاوە بەتایبەت لەبارەی پرسی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێمەوە». هەموو ئاماژەكانیش بەو ئاڕاستەیەن، ئەگەر هەردوولایەن بگەنە رێكەوتن، ئەوا رێكەوتنەكە كاتیی دەبێت و تەنها بۆ ئەم چەند مانگەی داهاتوو دەبێت تا كۆتایی ساڵ. رێكەوتنێك كە ئەگەر ئیمزای لەسەر بكرێت، رەنگە بۆ ساڵی داهاتوو هەڵبەت ئەگەر دۆخی سیاسی و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان نەچێتە قۆناغێك كێشەی دیكەی بەدواوە بێت، ئەوا دەبێتە خاڵی یاریدەدەر بۆ رێكەوتنێكی گشتگیرتر.
لێپرسراوانی باڵای هەرێمی كوردستان و بەغدا بەردەوام لە لێدوانەكانیاندا تەئكید لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور دەكەنەوە، بەڵام ئەوەی ماتەوە وردەكاریی رێكەوتنەكەیە.

ئەوەی كە تائێستا لە لێدوانەكاندا باسی لێوە دەكرێت، ئەوەیە كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، نایەوێت هاوشێوەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەستكراوە بێت، ئەوەندەی لە كەناڵەكانی راگەیاندن و سەرچاوەی ناڕەسمییەكانەوە باس دەكرێت، ئەو بڕە پارەیەی كە بەغدا دەیەوێت مانگانە رەوانەی هەرێمی كوردستانی بكات، ناگاتە 400 ملیار دینار. بۆیە لێدوانەكان بەوجۆرەن «گفتوگۆ لەمبارەیەوە بەردەوامە».

هەرێم دەیەوێت بەغدا بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی رەوانە بكات، بەغداش قسەی دیكەی لەمبارەیەوە هەیە، لەو نێوەندەشدا وەك هەردوولا تەئكیددەكەنەوە «دەستوور بنەما بێت»، لەسەر ئەم بنەمایەش درێژە بە گفتوگۆ و دانوستان دەدەن و لێدوانەكان لەهەردوولاوە ئاماژەن بۆ ئەوەی «لێكتێگەیشتنی باش بە ئامانجی رێكەوتن هاتۆتەئاراوە».

 580 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*