سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید ئاراس و داستانی چیا

شه‌هید ئاراس و داستانی چیا

حه‌یده‌ر مه‌نتك

ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ لاوێكی‌ خوێن گه‌رم وخوێن شیرینی‌ گوندی‌ (شیوه‌جان)ی‌ لانكه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ شۆڕشی‌ نوێی‌ گه‌له‌كه‌مان، بێ‌ گوێدانه‌ ترس و تۆقاندنه‌كانی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ فاشی‌ به‌وپه‌ری‌ جه‌سوورییه‌و نامه‌نوشته‌ سیاسییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ شۆڕشگێڕانی‌ له‌ شاخه‌وه‌ ده‌گه‌یانده‌ كۆیه‌و ته‌قته‌ق بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ دوژمن هه‌ست به‌كاره‌كانی‌ بكات، ئه‌و له‌ماوه‌ی‌ كاره‌ نهێنیه‌كانی‌ زۆر سه‌ركه‌وتووبوو، به‌ڵام زه‌روریه‌تی‌ چوونی‌ بۆشاخ و له‌سه‌ر بڕیاری‌ شۆڕش له‌ ساڵی‌ 1986دا په‌یوه‌ندی‌ به‌ شاخه‌وه‌كرد و بووه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ تیپی‌ 93ی كۆیه‌.

هه‌ڤاڵ چاپووك شێخ عومه‌ر پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین، ده‌رباره‌ی‌ شه‌هید ئاراس وتی‌: شه‌هید ئاراس خه‌ڵكی‌ گوندی‌ شیوه‌جان بوو، له‌ ساڵی‌ 1986 به‌ر له‌ وه‌ی‌ ببێته‌ پێشمه‌رگه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌بوو به‌رێكخستنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ شۆڕشگێڕانی‌ كوردستانه‌وه‌، له‌ ساڵی‌ 1984 له‌گه‌ڵ نه‌به‌زی‌ ئامۆزای‌ كۆبونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌نجام داون، هه‌ردووكیان تا بڵێی‌ رێكوپێك و گورج وگۆڵ و هێمن و به‌ ئیلتزام بوون، دوای‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م هه‌ردووكیان بوونه‌ پێشمه‌رگه‌.

له‌ ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ شه‌هید ئاراس رۆڵه‌یه‌كی‌ به‌وه‌فاو بوێرو دلێر بوو، ئه‌ركه‌كانی‌ سه‌رشانی‌ به‌دڵسۆزییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برد.
شه‌وی‌ 8\9/1/1987 له‌ بناری‌ چیای‌ هه‌یبه‌سوڵتان پێشمه‌رگه‌كانی تیپی 93ی كۆیه‌ رووبه‌ڕووی هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ دوژمن بوونه‌وه‌ و له‌ چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ شه‌ڕێكی نا به‌رامبه‌ر ده‌ستیپێكرد، پێشمه‌رگه‌ به‌رگرییه‌كی‌ كه‌موێنه‌یان كرد و هێزی دوژمنیان هه‌راسانكرد، به‌داخه‌وه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا كاكه‌ ئاراس شه‌هید بوو. به‌نده‌ش یه‌كێ‌ بووم له‌و پێشمه‌رگانه‌ و شاهێدحاڵی‌ ئازایه‌تی‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌م به‌ شه‌هید ئاراسیشه‌وه‌.

ئه‌و شه‌وه‌ به‌هه‌زاران سه‌ربازو خۆفرۆش به‌تانك وتۆپه‌وه‌ له‌ كۆیه‌وه‌ تا گوندی كانی‌ كورده‌ هێرشیان ده‌هێنا، له‌و دیوی‌ چیاوه‌ له‌ دوكانیشه‌وه‌ هه‌ر هێرشیان ده‌هێنایه‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ داستانێكی قاره‌مانانه‌یان تۆماركردو خوێنی ئاراس شیوه‌جانیش بووه‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هیدی نه‌مر ئاراس مامه‌ند عوسمان حه‌مه‌د ناسراو به‌ ئاراس شیوه‌جانی‌، له‌دایكبووی ساڵی‌ 1968ی گوندی شیوه‌جانی ناحیه‌ی‌ ته‌قته‌ق له‌ قه‌زای‌ كۆیه‌. له‌ رووی خوێندنه‌وه‌ تا پۆلی یه‌كه‌می‌ ناوه‌ندیی‌ خوێندووه‌، ساڵی‌ 1983 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی‌ شۆڕشگێڕانی‌ كوردستانه‌وه‌ كه‌ باڵێكی ی.ن.ك بوو.

مانگی پێنجی ساڵی‌ 1986 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌رتی 3ی تیپی‌ 93ی‌ ده‌شتی‌ كۆیه‌.

شه‌هید ئاراس به‌شداریی‌ زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ سنووری‌ تیپی‌ 93ی‌ ده‌شتی‌ كۆیه‌ی كردووه‌، له‌وانه‌: داستانی قه‌یوان- ماوه‌ت، لێدانی‌ بیره‌نه‌وتیه‌كانی‌ سنووری‌ كه‌ركوك، شه‌ڕه‌كانی‌ جاده‌ی‌ دووكان- سلێمانی‌، شه‌ڕه‌كانی‌ شاخی‌ كه‌لكه‌ سماق، چه‌ندین شه‌ڕی‌ تری‌ ناوشار بۆ ته‌مبێكردنی‌ جاش و جاسوسه‌كان.

به‌داخه‌وه‌ له‌ شه‌وی‌ 8\9/1/1987 له‌ بناری چیای هه‌یبه‌سوڵتان شه‌هیدكرا.

print

 213 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*