دوای داخستنیان بۆ چەند مانگێك، بە بڕیاری رەسمی حكومەتی تاران، دوێنێ هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران كرایەوە و هاتوچۆی بازرگانان و گەشتیاران ئاسایی بۆوە.
ئەمجارە بەفەرمیە
ئەحمەد كەلاری ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیو نوێنەری بازرگانان لەكەلار رایگەیاندوە: بەرەبەیانی دوێنێ دووی كانوونی دووەمی 2018، دەروازەی سنووریی پەروێزخان بەفەرمی بەڕووی بازرگانانو هاووڵاتیاندا كرایەوە و لە سەعات هەشتی بەیانییەوە ئاسایی بۆتەوە.
وتیشی:»كردنەوەی ئەمجارە بەفەرمیە و هیچ كاتێكی دیكە داناخرێتو بۆ چەند سەعاتێك نییە كە كرابێتەوە بە تەواوی هاتوچۆ ئاسایی بۆتەوە».
ئاماژەی بەوەشداوە: تائێستا بەڕێوەبردنی مەرزەكان هەر بەو كارمەندانە بەڕێوە دەچێت كە پێشتر كاریان تێدا كردووە.
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری مەرزی حاجی ئۆمەران رایگەیاند: بەشێوەیەكی فەرمی مەرزی حاجی ئۆمەران كراوەتەوەو بازرگانان دەتوانن دەست بە جموجۆڵی بازرگانی بكەن.
دەروازەی حاجی ئۆمەران
جەوهەر مەحمود، بەڕێوەبەری مەرزی حاجی ئۆمەران راگەیاندوە: دوای بڕیاری كرانەوەی مەرزەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێرانو هەرێمی كوردستان، لە دوێنێ-وە مەرزی حاجی ئۆمەران بەشێوەیەكی فەرمی كراوەتەوەو هاتوچۆ تیایدا ئاساییە.
وتیشی:»ئێستادا جموجۆڵی بازرگانیو هاتوچۆ لە مەرزی حاجی ئۆمەران هیچ كێشەیەكی نییە، تەنها نالەباریو خراپی كەشوهەوا نەبێت ئەویش گرفت لەبەردەم جموجۆڵی بازرگانی دروست ناكات، چونكە تیمەكان لە كاركردنن بۆ پاككردنەوەی رێگاكان لەبەفەر».
هاوكات، عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانو ئێران، لەحكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندوە: لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ئاگاداركراوەتەوە كە هەردوو خاڵی سنووری پەروێزخانو حاجی ئۆمەران دەكرێنەوە.
هەروەها ئاماژەشی بەوەكرد، هەردوو دەروازەكە بەڕووی هاتوچۆی خەڵكو بازرگانیشەوە كراونەتەوە، بەوتەی بەرپرسی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستانو ئێران، لەحكومەتی هەرێم، «كۆنترۆڵی دەروازەكان لەدەستی هەرێمە».
262 جار بینراوە