سەرەکی » دۆسێ » عیراق،داهاتی مانگانەی نەوت وخاڵە سنوورییەكانی روو لە زیادبوونە

حكومەت سوورە لەسەر چاكسازییەكان

عیراق،داهاتی مانگانەی نەوت وخاڵە سنوورییەكانی روو لە زیادبوونە

عیراق مانگانە داهاتی بەدەستهاتووی نەوت و خاڵە سنورییەكان ئاشكرا دەكات، ئەمەش وەك بڕوابوون بە خستنەڕووی پرۆسەكانی هەناردە و داهات لە وڵات و بۆ بەئاگابوونی گەل بەرانبەر بەو پارانەی دەخرێنە سەر خەزێنەی دەوڵەت، دادەنێت.

خستنەڕووی داهاتی بەدەستهاتووی نەوت و «خاڵە سنورییەكان» كە ماوەیەكە ڕووی لە زیدابوون كردووە، دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو چاكسازیانەی حكومەتەكەی مستەفا كازمی ئەنجامیان دەدات و سورە لەسەر جێبەجێكردنیان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دەزگای خاڵە سنورییەكانی عیراق ڕایگەیاندووە، لەماوەی یەك مانگدا داهاتی مەرزە سنورییەكان گەیشتە نزیكەی 500 ملیار دینار، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن سوپاوە كۆنترۆڵكران.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لە 17ی ئابی 2020 لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لە كۆبوونەوەی نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و دەزگای خاڵە سنورییەكان، باس لەو گۆڕانكارییانە كرا كە لە دوای كۆنترۆڵكردنی مەرزەكان لەلایەن سوپاوە دروستبوون و ڕێخۆشكەر بوون بۆ خولقاندنی كەشێكی لەبار بۆ كاریی مەرزە سنورییەكان”.

ڕاگەیەندراوەكە لە زاری سەرۆكی دەزگای خاڵە سنورییەكانی عیراقەوە بڵاویكردەوە”بوونی هێزە ئەمنییەكان و سوپا، كاریگەریی گەورەیان لەسەر ڕەخساندنی ژینگەیەكی ئەمنی لەبار لە مەرزەكاندا دروستكردووە و بۆتە مایەی زیادبوونی داهاتی نیشتمانی بە نزیكەی 500 ملیار دینار لەماوەی مانگێكدا، وێڕای ڕێگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی”.

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەڵێت”لە كۆبوونەوەكەدا، ئاماژە بە ڕێكارە نوێیەكان كراوە كە بەشێوەیەكی ڕوون كاریگەرییان هەبووە لەسەر ڕێگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی لەڕێی بەرگرتن لە 1073 سەرپێچی، وێڕای دەركردنی چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەك كە دەبنە مایەی پتەوكردنی ئاسایش لە مەرزە سنورییەكان و زەمینەسازیی بۆ كردنەوەی مەرزەكانی تر كە بەهۆی ڕەوشی ئەمنییەوە داخرابوون”.

لەلایەكی ترەوە وەزارەتی نەوتی عیراق، لە سەرەتای مانگی ئابی 2020 بڕی هەناردە و داهاتی بەدەستهاتووی مانگی تەمموزی ڕابردووی راگەیاندبوو، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئامارێكی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ).

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندبوو”لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوودا، بڕی (85) ملیۆن و (663) هەزار (290) بەرمیل نەوت هەنارەكراوە و داهاتەكەشی گەیشتۆتە زیاتر لە (3) ملیار و (487) ملیۆن و (139) هەزار دۆلار».

بە وتەی عاسم جیهاد»وێڕای كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەم و هەناردەكردن، وەك پابەندبوون بە رێكەوتنی (ئۆپیك پڵەس)، داهاتی دارایی فرۆشتنی نەوت بەراورد بە مانگی رابردوو بەرزبۆتەوە، كۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو بۆ مانگی تەمموز لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق گەیشتۆتە (82) ملیۆن و (700) هەزار و (381) بەرمیل، لە كێڵگەكانی كەركوكیشەوە بۆ بەندەری جەیهان بڕی هەناردەكراو گەیشتۆتە (2) ملیۆن و (701) هەزاز و (15) بەرمیلن بڕی هەناردەكردنیش بۆ ئەردەن گەیشتۆتە زیاتر لە (261) هەزار و (894) بەرمیل».

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت»رێژەی هەناردەی رۆژانە گەیشتۆتە (2) ملیۆن و (763) هەزار بەرمیل، بەجۆرێك كە رێژەی هەناردەی رۆژانە لە بەندەرەكانی بەسرەوە (2) ملیۆن و (668) هەزار بەرمیل بووە، هەناردەی رۆژانە لە جەیهانەوە (87) هەزار بەرمیل بووە، بۆ ئەردەنیش رۆژانە (8) هەزار بەرمیل هەناردەكراوە».

تێكڕای فرۆشتنی یەك بەرمیلیش گەیشتۆتە (40.708) دۆلار.

 776 جار بینراوە