سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیپەڕە 1

له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی

خۆش نییە دوای لەژیان نەمانی کەسێک بیرەوەریەک باس بکەیت و کەسی تریش ئاگادارنەبێ، بەڵام ئەوەی باسی دەکەم زیاد لە 150 کەس ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.
رۆژی 18/2/1999 جه‌نابی مام جه‌لال کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئێمە (سکرتاریەتی ئەوکاتی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان و بەرپرسی هەموو بەشی رێکخراوە دیموکراتیەکانی مەڵبەندەکان و مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکانیش) رێکخست.
دەمێک بوو گلەییەکمان لە مام هەبوو، بە دەرفەتمان زانی لەوێ ئەو گلەییەی لێ بکەین. سکرتاریەت لەناوخۆ رێککەوتن من گلەییەکە رووبەرووی مام بکەمەوە، برادەرێک لە مەکتەبی رێکخراوەکان گوتی:
پێمخۆش نییە شیلان ئەوە بکا، دەترسم مام توڕەبێ و بۆ کچ ناخۆشە لەناو زیاد لە سەد کەسێک بشکێتەوە، ئەو برادەرە لەوێش منی جیاکردەوە و گوتی: بە قسەی کاکی خۆت بکە، با نەشکێیەوە قسە مەکە، با کوڕێک قسەبکا.
من سووربووم کە نەکشێمەوە و قسەی خۆم بکەم، دەمزانی مام زۆر لەوە گەورەترە رەخنە وەرنەگرێ بەتایبەتی لە ئێمەی خوێندکار، کە زۆر نازی پێ دەداین و هەر خۆشی فێری ئازادیی و ئازایەتیی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتنی کردبوین، ئیتر لەچی بترسم؟
مام گوتی: من زۆر قسە ناکەم، زیاتر گوێتان لێ دەگرم، کۆنگرەتان لەپێشە، سەرەتا ئێوە قسە بکەن، کێ دەیەوێ قسەبکا؟
من دەستم هەڵبڕی، گوتی: دەی..دەی فەرموو، باشە یەکەم کەسمان کچە.
گوتم: مامە، من پرسیارێک و گلەییەکم لە جەنابت هەیە، پرسیارەکەم کرد و بە وردی وەڵامی دامەوە ، گوتم: گلەییەکەشم ئه‌وه‌یه‌، ماوەیەکە دەبیستینەوە، جەنابت لە کۆبوونەوە لەگەڵ نووسەران و هونەرمەندان باسی سکرتێری خوێندکارانت کردووە گوایا بڕی نەسریە و موچەی لێتان شاردۆتەوە، لە راستیشدا هەموو نەسریەی بەردەستی سکرتێر 500 دینارە ئەویش قەت دینارێکمان بۆی نەهێشتۆتەوە، هەمووی لە سکرتاریەت سەرف دەکەین.
ئێستا لە دەمی جەنابتەوە، بەشی رێکخراوەکانی مەڵبەندەکان و نووسەران و هونەرمەندان ئەو قسەیەی تۆمان بەچاو دادەدەنەوە کە راستیش نییە، هەقە جەنابت لەو حالەتانە پشت بە راپۆرتی دارایی مەکتەبی رێکخراوەکان ببەستیت، نەک بە زانیاری لاوەکی ناراست و برواشبکەیت.
هۆڵەکە هەمووی بێدەنگ بوو، هەستمکرد زۆریان چاوەڕێ بوون مام کاردانەوەی تری بۆ ئەو رەخنە وشک و بێ پێشەکی و زەقەی من هەبێ.
مامیش زۆر بە وردی و بێدەنگی گوێی لێگرتم، زۆریش بە ئارامی گوتی:
راستە، زانیاری هەڵەیان پێداوم، خوێندکاران ببوورن.
گەورەیی مام لەوەدابوو، بەبەرچاوی زیاد لە سەد و ئەوەندە کەسە داوای لێبوردنی لە خوێندکاران کرد، ئێمەش ئەو ڕوانینە هەڵەیەی لای زۆر لە بەشەکان و رێکخراوەکانی تریش دروست بووبوو رەواندمانەوە.
سکرتاریەت و لق و کادیران و ئەندامانیشمان بە هەیبەت و ورە و ناوێکی ترەوە دابەزینەوە ناو ئۆرگانەکانیانەوە.
مام گەورە بوو، بە سادەیی و رۆحی جوانی ئێمەشی گەورەکرد، ئێمەی نەدەشکاند وەک ئەو برادەرە لێی چاوەڕێ بوو، ئەو سەریخستین، هەمیشە هاندەر و رێ نیشانده‌ر بوو بۆمان.
زۆر کادیری باشی دروستکرد و بەداخەوە ئێستا دەبینم زۆر لەوان بە سەری لووتی کوتلەبازەکانەوە گیرساونەتەوە و گەورەیی خۆیان لەژێر پێیان ناوە، رێبازی مامیشیان ونکردووه‌، هه‌مووش ده‌زانن بچنە ناو هەر حزب و لایەنێکیش ئەو رێز و گەورەییەیان نابێ وەک لەناو یەکێتی هەیانبووە و هەیانە، هەموومان بەو رێبازە و لەسەر ئەو رێبازە ناسراین و گەورەبووین، هەق نییە کەسمان لە سێبەری خۆمان بڕوانین و واهەستبکەین هەر ئاوا بوین یا هەر ئاوا دەبین.

 278 جار بینراوە