سەرەکی » زانست » گواستنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا پێویستی بە سەدان فڕۆكەیە

گواستنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا پێویستی بە سەدان فڕۆكەیە

یەكێتی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانیی ئاشكرای دەكات، گواستنەوەی ئەو ڤاكسینانەی كە پەسەند دەكرێن بۆ وڵاتانی جیهان گەورەترین ئاڵنگاریی مێژووی فڕۆكەوانی دەبێت.

ئەو یەكێتییە ئاشكرایدەكات،پرۆسەی گواستنەوەی ڤاكسینەكە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان پێویستیی بە(٨٠٠٠) فڕۆكەی زەبەلاحی جۆری بۆینگ(747) دەبێت و ئەمەش دەبێتە گەورەترین ئاڵنگاریی لە مێژووی فڕۆكەوانی جیهانیدا.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ ڤاكسینێك بۆئەو پەتایە نەدۆزراوەتەوە كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڤید-19 ەوە تووشی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی جیهان بووە، بەڵام یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی جیهانیی وەك ئامادەكارییەكی پێشوەختە بە تەواوی كەوتووەتە خۆی و لەگەڵ كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی و فڕۆكەخانەكان و دامەزراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەكان‌و كۆمپانیاكانی دەرماندا كار بۆ دروستكردنی پردێكی ئاسمانیی جیهانیی دەكات.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە ئەو دەزگا نێودەڵەتییە خستویەتییەڕوو گریمانەی ئەوە دانراوە كە هەر كەسێك پێویستی بە بڕێكی كەمی ئەو ڤاكسینە هەیە.

(ئەلیكسندەر دی جونیاك) سەرۆكی جێبەجێكاری یەكێتییەكە وتی» گەیاندنی سەلامەتی ڤاكسینەكە یەكێك دەبێت لە ئەركە گرنگەكانی ئەم سەدەیەی بواری پیشەسازیی باركردنی ئاسمانی نێودەوڵەتیی، ئەمەش ناكرێت گەر پێشوەخت پلانێكی بۆ دانەنرێت و كاتی گونجاوی بۆ تەرخان نەكرێت».

سەرەڕای ئەوەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی ئێستا سەرنجیان لەسەر گواستنەوەی شمەكە لەكاتێكدا گواستنەوەی سەرنشین زۆر كەمبووەتەوە، بەڵام باركردنی ڤاكسین یەكێكە لە كارە زۆر قورس و ئاڵۆزەكان.

بە پێی ناوەندە زانستییە پسپۆڕەكان، گواستنەوەی دەرمان پێویستی بە پاراستنی پلەی گەرمایە لە نێوان (٢-٨(سەدییدا، هەندێك ڤاكسینی تریش پێویستی بە پلەیەكی گەرمای زۆر نزم هەیە كە دەگاتە پلەی بەستن، لەمەشدا هەموو فڕۆكەیەك ناتوانێت ئەو ڤاكسینانە بگوێزێتەوە.

لەمبارەیەوە (گلین هیوز)لێپرسراوی باركردن لە یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانیی وتی» ئەوەی دەبێت بیكەین بەرفراوانكردنی مەودای گواستنەوەكانمانە بۆ ئاستی پێویست، چونكە گەشتی ئاسمانی بۆ هەندێك ناوچەی دیاریكراوی جیهان، لەوانەش هەندێك ناوچەی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، زۆر پێویست دەبێت، چونكە ئەو ناوچانە ناتوانن هیچ جۆرە ڤاكسینێك بەرهەم بهێنن».

یەكێتی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانیی دەڵێت»بە ڕەچاوكردنی لاوازیی باركردن و قەبارەی ناوچەكە و ڕێوشوێنە دژوارەكان لەڕێرەوە سنوورییەكاندا، دابەشكردنی ڤاكسین لە هەموو ئەفریقادا زۆر ئەستەم دەبێت، لەبەر ئەوەی گواستنەوە پێویستی بە وردەكاریی زۆر و بوونی دامەزراوەی ساردكردنەوە هەیە لە ڕێگەی تۆڕێك لە شوێنی هەمباركردن بۆ ڤاكسینەكە».

ئێستا نزیكەی (١٤٠)ڤاكسین لە قۆناغە جیاجیاكانی گەشەپێداندان و(١٤)یان لەسەر مرۆڤ تاقیدەكرێنەوە.

هەر بۆیە یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانیی داوای لە حكومەتی وڵاتانی جیهان كردووە پلانێكی ورد دابنێن بۆ ئەوەی تا سەركەوتنی ئەو ڤاكسینانە و بە دەستهێنانی ڕەزامەندیی بڵاوكردنەوەیان وڵاتان ئامادە بن بۆ وەرگرتنی بەشی پێویستی خۆیان.

یەكێتییەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە هاوشانی گرەنتی مامەڵەكردنی سەلامەتانە لەگەڵ ڤاكسینەكە لە ڕووی تەندروستییەوە، پێویستە حكومەتەكان كار بۆ ئەمنییەتی پاراستنی ئەو ڤاكسینانەش بكەن، چونكە ڤاكسینەكە وەك شمەكێكی زۆر گرانبەها وایە و پێویستە ڕێوشوێنی پاراستنیان بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو ڤاكسینانە نەدزرێن و مامەڵەی نایاساییان پێوەنەكرێت.

سەرچاوە: BBC

print

 89 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*