سەرەکی » کەلتوور » دەیەیەكی نوێ‌ لە پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە

دەیەیەكی نوێ‌ لە پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە

د.موحسین ئەحمەد*

پەتای كۆرۆنا (كۆڤید19) بەردەوامە لە تووش كردنی ڕۆژانەی دەیان هەزار كەس لە دانیشتوانی سەر زەوی،كە جگە لە زیانی مرۆیی و گیان لە دەست دانی ڕێژیەك لە تووشبووان لێكەوتە ئابووریكانی ئەم پەتایە بەپێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ هەردوو ساڵی 2020 و 2021 بە نۆ ترلیۆن دۆلار مەزندە ئەكرێت كە ئەكاتە كۆی توانای ئابووری دوو ووڵاتی پێشكەوتووی وەكو یابان و ئەڵمانیا.

پێش بەڵای كۆرۆنا گەلانی جیهان بایەخێكی ئەوتۆیان بە نەخۆشیە گواستراوەكان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ نە ئەدا، لە چەند حاڵەتێكی كەم نەبێت وەكو نەخۆشیەكانی ئەنفلۆنزای باڵندە و شێتی مانگا و سارس كە ئەمانەش بڵاو بوونەوەیان بە ڕێژەی كەم و سنور دار بوون، لەگەڵ ئەو زیانە مرۆیی و ئابوری یە مەزنەی بوونە لێكەوتەی پەتای كۆرنا هێشتا ساڵانە یەك ملیۆن مرۆڤ بە هۆی نەخۆشی دیكەی پشت گوێ‌ خراوی گواستراوە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گیان لە دەست ئەدەن! وەكو سیلی مانگا، دەردەهاری و ئەسكەڵە پیسە،جگە لە زیانی ئابووری ئەم نەخۆشیانەش كە ساڵانە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار مەزندە ئەكرێت.

ڕاپۆرتی هاوبەشی نێوان پڕۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە و پەیمانگای نێو دەوڵەتی بۆ توێژینەوەی سامانی ئاژەڵ هۆشداری توند ئەدات لە دەركەوتنی پەتای نوێ‌ لە ئاژەڵە وە بۆ مرۆڤ ئەگەر دەوڵەتان رێ‌ و شوێنی پێویست نەگرنە بەر، چونكەپێویستی زۆری مرۆڤایەتی بە پڕۆتینی ئاژەڵی وای كردوە لە پەنجا ساڵی ڕابردوو دا بەرهەم هێنای گۆشتی سور بە رێژەی %260 وە شیر %90 وە هێلكە %360 زیاد بكات،كەچی بەكارهێنانی پڕۆتینی ڕووەكی لە سەرچاوەی پاقلەمەنیەكان هاوتەریبی زیاد بوونی ڕێژەی دانیشتوان بووە، ئەم زیاد بوونەش بە تایبەتی لە ووڵاتانی هەژار و تازە گەشە سەندوو دیاردەی نەشیاوی بە دوای خۆیدا هێناوە، وەكو نزیك بوونی پڕۆژەكانی پەلەوەر و ئاژەڵداری لە نزیك شارەكان و شوێنی نیشتەجێ‌ بوونی چڕ، خۆپارێزی لاواز لە لایەن ئەو كەسانەی لەو بورارانەدا كار ئەكەن،نەبوونی مامەڵەی زانستی و گونجاو لە گەڵ پاشماوە ئاژەڵیەكان لە دەرهاویشتەكانی وەكو میز و پاشەڕۆ و پاشەڵی دوای سەربڕین لە خوێن و ناوسك و پێست،بەكارهێنانی هەڕەمەكیانەی دەرمانەكانی دژە زیندە بۆ ئاژەڵەكان لە ئەنجامی خراپی هەل و مەرجی بەخێو كردنیان و بوونی چەندها تووش بوونی میكرۆبی، لە وڵاتانی پێشكەوتووشپەرەسەندی ڕیگەو بان و بڕینەوەی دارستانەكان و جموجوڵی مرۆڤ وای كردوە ئاژەڵی ماڵی نزیك ببێتەوە لە ئاژەڵی كێوی، جگە لەوەش پەرەسەندنی ڕاو كردن و تێكەڵ بوونی كەم وێنەی خودی مرۆڤ لە گەڵ ئاژەڵی كێوی تەنانەت جگە لە ڕاو كردن گرتنی جۆرها ئاژەڵ و باڵندەی زیندوو لە سروشت و ناو ئەشكەوتەكانەوە بە مەبەستی ڕام كردن و ڕاگرتنیان لە ناو ماڵ و باخچەی ئاژەڵان!هەموو ئەمانش هۆكارن بۆ ئەوەی لە 40 ساڵی ڕابردوو دا %50 ی هەموو نەخۆشی و ئازارەكانی مرۆڤ پەیوەندی بە ئاژەڵەوە هەبوو بێت!!

چاودێران پیان وایە كیشوەری ئەفریقا ئەو هەلەی لە بەردەست دایە ببێتە سەرمەشقی جیهان لە ڕوو بەڕوو بوونەوەی پەتاكان، بە تێڕوانین بۆ ئەو ئەزموونەی وڵاتانی ئەو كیشوەرە هەیان بووە لە گەڵ دەردە كوشندەكان وەكو نەخۆشی ئیبۆلا لە هەردوو وڵاتی كۆنگۆی دیموكراتی و ئۆگەندا، كە ئەم وڵاتانە ئەتوانن دەست پێش خەر بن بۆ وڵاتانی دیكەی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بە مەبەستی دانانی ستراتیج و ڕێگە چارەی گونجاو بۆ رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری نەخۆشیە مرۆڤەژەڵیەكان و كۆتایی پێ‌ هینانیان، كە هەموو ئەمانەش دوبارە گەڕانەوەیە بۆ چەمكی (یەك تەندروستی) كە بریتیە لە تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ و خاوێنی ژینگە كە ئەمەش بە هەماهەنگی نێوان دەزگانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و ژینگە پارێزی دێتە دی.

كۆڤیدی نۆزد ئەوەی پیشان داین هەركاتێك شیرازەی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ تێك چوو پەتا و نەخۆشی لێوە دروست ئەبێت، بۆیە ئەم دەیە نوێ‌ یەی ژیانی مرۆڤایەتی كە لە بەردەم ماندایە پێویستی بە تێڕوانین و كردەی نوێ‌ هەیە لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵ و ژینگە.

*پزیشكی پسپۆری نەخۆشیزانی ڤێتێرنەری.

print

 101 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*