سەرەکی » راپۆرت » هەڵبژاردنی پێشوەختە

شرۆڤەی ڕۆژ

هەڵبژاردنی پێشوەختە

هەواڵ و بەدواداچوون

گفتوگۆكان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق كە بڕیارە رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، گەرمتر دەبن، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش ئێستا بە چەند مەرجێك ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، بەڵام ئەوەی تائێستا كێشەوبەرەی لە نێوان لایەنەكاندا دروستكردووە، مادەی 15ی یاسای هەڵبژاردنەكانە كە باس لە سیستمی فرە بازنەیی دەكات. ئەنجومەنی نوێنەران هێشتا لەسەر ئەم كێشەیە نەگەیشتۆتە دەرەنجامێكی یەكلاكەرەوە، چونكە مادەكە وەك ئەوەی گلەیی و گازندەی لەسەرە، لە بەرژەوەندیی زۆرێك لە لایەنەكاندا نییە.

ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان لە دوای بڕیاری دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن مستەفا كازمی-یەوە، لە هەوڵدایە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە لە كاتی خۆیدا. بۆ ئەوەش لە هەوڵی ئەوەدایە بە پێشنیازكردنی رێگەچارەیەك كە هەموولایەك لەسەری تەبابن، دەرگا بەڕووی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا، بكاتەوە.

كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی نێوان نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و مەرجەعی باڵای شیعەكان پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی گەرمتركردووە. ئێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە دوای راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، جەخت لە ئامادەیی خۆی بۆ ئامادەكاریی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە دەكاتەوە.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی داهاتوو كە یەكێك بوو لە خواستی خۆپیشاندەرانی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عیراق، بە یەكێك لە «هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكان» دادەنرێت، هەروەك بە دەروازەیەكیش بۆ گۆڕانكاریی لە عیراق دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پرسیارە سەرەكییەكەی پشت هەڵبژاردنە پێشوەختەكە ئەوەیە، كە لەم دۆخ و هەلومەرجە ناهەموارەی عیراقدا، ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت چی چارەسەر بكات؟.

یەكێك لەو پرسانەی كە پێدەچێت رەنگ و روویەكی دیكە بە هەڵبژاردنەكە بدات، ئەگەری دەركەوتنی هێزی نوێیە، بەڵام هەر خۆی ئەم دەركەوتە نوێیە رەنگە ئاڕاستەكەی بەجۆرێك بشكێتەوە كە خۆی ببێتەوە بەشێك لە قەیرانێكی نوێتر لە شەقامی سیاسیی عیراقدا.

لە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراقدا ئەوەی گرنگە، دەنگ و هەڵوێستی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانە و لەوبارەیەوە تەئكید لە «یەكهەڵوێستیی كورد لە پرسی هەڵبژاردنەكاندا» دەكرێتەوە.

print

 99 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*